لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 25:10-42

لۆقا 25:10-42 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ته‌وراتزانێک هه‌ستا تاكو تاقی بكاته‌وه‌، وتی: “ڕابی، چی بكه‌م تاكو ژیانی جاویدانی به‌ میرات بگرم؟” ئه‌ویش پێی فه‌رموو: “له‌ ته‌وراتدا چی نووسراوه‌؟ چۆن ده‌یخوێنیته‌وه‌؟” وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “په‌روه‌ردگار خوداوه‌ندت به‌ هه‌موو دڵ و هه‌موو ده‌روون و هه‌موو توانا و هه‌موو بیرته‌وه‌ خۆشبووێ، هه‌روه‌ها نزیكه‌كه‌ت وه‌ک خۆت خۆشبووێ”. پێی فه‌رموو: “وه‌ڵامه‌كه‌ت ڕاسته‌، ئه‌مه‌ بكه‌ ده‌ژیت”. به‌ڵام ویستی پاكانه‌ بۆ خۆی بكات، به‌ ئیشۆعی وت: “نزیكه‌كه‌م كێیه‌؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “مرۆڤێک له‌ یروشلایمه‌وه‌ بۆ ئه‌ریخو ده‌چوو، كه‌وته‌ ده‌ست جه‌رده‌، ڕووتیان كرده‌وه‌ و برینداریان كرد، ئینجا به‌ نیوه‌مری به‌جێیان هێشت و ڕۆیشتن. وا ڕێككه‌وت كاهینێک به‌و ڕێگایه‌دا ده‌ڕۆیشت، كاتێ بینی، له‌وبه‌ره‌وه‌ تێپه‌ڕی. لیوییه‌كیش ئاوا گه‌یشته‌ شوێنه‌كه‌، هات و سه‌یری كرد و له‌وبه‌ره‌وه‌ تێپه‌ڕی. به‌ڵام شمرنیه‌كی ڕێبوار هاته‌ سه‌ری، بینی و دڵی پێی سووتا، چووه‌ پێش و برینه‌كانی پێچایه‌وه‌، ڕۆن و مه‌یی به‌سه‌ردا كرد، سواری وڵاغه‌كه‌ی خۆی كرد و بردییه‌ خانێک و چاودێری كرد. ڕۆژی پاشتر دوو دیناری ده‌رهێنا و دایه‌ خانچییه‌كه‌ و وتی: چاودێری بكه‌ و هه‌رچی زیاترت خه‌رج كرد، كه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ ده‌تده‌مه‌وه‌. كام له‌م سێیانه‌ به‌ نزیک ده‌زانیت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌وته‌ ده‌ست جه‌رده‌كان؟” وتی: “ئه‌وه‌ی به‌زه‌یی پێیدا هاته‌وه‌”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “تۆش بڕۆ ئاوا بكه‌”. كاتێ ڕێیان ده‌كرد چووه‌ گوندێک، ژنێک له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی پێشوازی لێكرد ناوی مه‌رتا بوو. خوشكێكی هه‌بوو ناوی مه‌ریه‌م بوو، له‌به‌رپێی ئیشۆع دانیشت و گوێی له‌ فه‌رمووده‌كانی ده‌گرت. به‌ڵام مه‌رتا له‌به‌ر زۆری ڕاژه‌كردن شپرزه‌بوو، ڕاوه‌ستا و وتی: “په‌روه‌ردگار، باكت نییه‌ خوشكم به‌ ته‌نیا به‌جێیهێشتووم و ڕاژه‌ ده‌كه‌م؟ پێی بفه‌رموو با یارمه‌تیم بدات!” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “مه‌رتا، مه‌رتا، تۆ خه‌م له‌ زۆر شت ده‌خۆیت و په‌شۆكاویت، به‌ڵام یه‌ک شت پێویسته‌، مه‌ریه‌م به‌شه‌ چاكه‌كه‌ی هه‌ڵبژارد كه‌ لێی ناسه‌ندرێته‌وه‌”.

هاوبەشی بکە
لۆقا 10 بخوێنەوە

لۆقا 25:10-42 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

تەوراتناسێک هەستا بۆ ئەوەی عیسا تاقی بکاتەوە و گوتی: «مامۆستا چی بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە میرات وەربگرم؟» ئەویش پێی فەرموو: «لە تەوراتدا چی نووسراوە؟ چۆن دەیخوێنیتەوە؟» وەڵامی دایەوە: «﴿بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و بە هەموو توانا و هەموو بیرتانەوە یەزدانی پەروەردگاری خۆتان خۆشبوێت،﴾ هەروەها ﴿نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.﴾» عیسا پێی فەرموو: «وەڵامەکەت ڕاستە، ئەمە بکە، ژیانی هەتاهەتایی بەدەستدەهێنیت.» بەڵام تەوراتناسەکە ویستی پاکانە بۆ خۆی بکات، بە عیسای گوت: «نزیکەکەم کێیە؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «پیاوێک لە ئۆرشەلیمەوە بۆ ئەریحا دەچوو، کەوتە دەست جەردە، ڕووتیان کردەوە و برینداریان کرد، ئینجا بە نیوەمردوویی بەجێیان هێشت و ڕۆیشتن. وا ڕێککەوت کاهینێک بەو ڕێگایەدا دەڕۆیشت، کاتێک ئەوی بینی لەو بەرەوە تێپەڕی. هەروەها کابرایەکی لێڤیش بە هەمان شێوە گەیشتە شوێنەکە، هات و سەیری کرد و لەو بەرەوە تێپەڕی. بەڵام سامیرەییەکی ڕێبوار هاتە سەری، بینی و دڵی پێی سووتا، لێی چووە پێش و ڕۆن و شەرابی بەسەر برینەکاندا کرد و پێچایەوە، سواری وڵاخەکەی خۆی کرد و بردییە خانێک و چاودێری کرد. ڕۆژی پاشتر دوو دیناری دەرهێنا و دایە خانچییەکە و گوتی: ”چاودێری بکە و هەرچی زیاترت خەرجکرد، کە گەڕامەوە دەتدەمەوە.“ «کام لەم سێ کەسە بە نزیک دەزانیت بۆ ئەو پیاوەی کە کەوتە دەست جەردەکان؟» تەوراتناسەکە گوتی: «ئەوەی بەزەیی پێیدا هاتەوە.» عیساش پێی فەرموو: «تۆش بڕۆ و بەو شێوەیە بکە.» کاتێک عیسا و قوتابییەکانی بەرەو ئۆرشەلیم دەچوون، عیسا لایدا گوندێک، ژنێک لە ماڵەکەی خۆی پێشوازی لێکرد ناوی مەرسا بوو. خوشکێکی هەبوو ناوی مریەم بوو، لەبەرپێی مەسیح دانیشت و گوێی لە فەرمایشتەکانی دەگرت. بەڵام مەرسا لەبەر زۆری خزمەتکردن شڵەژا بوو، ڕاوەستا و گوتی: «گەورەم، باکت نییە خوشکم بە تەنها بەجێی هێشتووم و خزمەت دەکەم؟ پێی بفەرموو با یارمەتیم بدات.» مەسیح وەڵامی دایەوە: «مەرسا، مەرسا، تۆ خەم لە زۆر شت دەخۆیت و ناڕەحەتیت. بەڵام یەک شت پێویستە، مریەم شتە باشەکەی هەڵبژاردووە کە لێی ناسەنرێتەوە.»

هاوبەشی بکە
لۆقا 10 بخوێنەوە