لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 14:11-54

لۆقا 14:11-54 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئیشۆع شه‌یتانێكی ده‌رده‌كرد كه‌ لاڵ بوو، كاتێ شه‌یتانه‌كه‌ ده‌ركرا، لاڵه‌كه‌ قسه‌ی كرد و خه‌ڵكه‌كه‌ سه‌رسام بوون. به‌ڵام هه‌ندێكیان وتیان: “به‌ به‌عله‌زبولی سه‌رۆكی شه‌یتانه‌كان، شه‌یتانان ده‌رده‌كات”. هه‌ندێكی دیكه‌ش تاقییان ده‌كرده‌وه‌، داوای په‌رجوێكیان لێی كرد له‌ ئاسمانه‌وه‌. ئه‌ویش به‌ بیركردنه‌وه‌یانی زانی، پێی فه‌رموون: “هه‌ر پاشایه‌تیێک دووبه‌ره‌كی تێبكه‌وێت وێران ده‌بێت، ماڵیش دوو به‌ش بێت تێكده‌چێت. ئه‌گه‌ر شه‌یتانیش دوو به‌ش بێت چۆن پاشایه‌تیه‌كه‌ی خۆی ڕاده‌گرێت؟ چونكه‌ ئێوه‌ ده‌ڵێن: من به‌ به‌عله‌زبول شه‌یتانه‌كان ده‌رده‌كه‌م. ئه‌گه‌ر من به‌ به‌عله‌زبول شه‌یتانان ده‌ربكه‌م، ئه‌ی ڕۆڵه‌كانتان به‌ كێ ده‌ریان ده‌كه‌ن؟ بۆیه‌ ئه‌وان حوكمتان ده‌ده‌ن! به‌ڵام ئه‌گه‌ر من به‌ په‌نجه‌ی خودا شه‌یتانه‌كان ده‌ربكه‌م، ئه‌وا پاشایه‌تی خودا هاتۆته‌ سه‌رتان. كاتێ مرۆڤی به‌ هێز و چه‌كدار پارێزگاری له‌ ماڵه‌كه‌ی ده‌كات، ماڵه‌كه‌ی پارێزراوه‌. به‌ڵام كاتێک یه‌كێكی له‌ خۆی به‌هێزتر بێته‌ سه‌ری ده‌یبه‌زێنێت، چه‌كه‌كانی لێ ده‌ستێنێ كه‌ پشتی پێی به‌ستبوو، ده‌سكه‌وته‌كانیش دابه‌ش ده‌كات. ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵم نییه‌ دژی منه‌، ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵم كۆناكاته‌وه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌. كاتێ ڕووحی گڵاو له‌ مرۆڤ ده‌رده‌چێت، له‌ ناوچه‌ وشكانییه‌كان به‌دوای حه‌وانه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێت و ده‌ستی ناكه‌وێت. ئینجا ده‌ڵێت: ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی خۆم كه‌ لێی ده‌رچووم. كاتێ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ده‌بینێت گسک دراوه‌ و ڕێكخراوه‌. ئه‌وسا ده‌چێت و حه‌وت ڕووحی له‌ خۆی به‌دكارتر ده‌هێنێت، ده‌چنه‌ ژووره‌وه‌، له‌وێ نیشته‌جێ ده‌بن، ئینجا كۆتاییه‌كانی ئه‌و مرۆڤه‌ له‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی خراپتر ده‌بێت!”. كاتێ ئیشۆع ئه‌مانه‌ی ده‌ووت، ژنێک له‌نێو كۆمه‌ڵه‌كه‌وه‌ ده‌نگی به‌رز كرده‌وه‌ و پێی وت: “به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌و سكه‌ی هه‌ڵیگرتووی و به‌و مه‌مكه‌ی شیری پێداوی”. ئه‌ویش فه‌رمووی: “به‌ڵكو به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ گوێ له‌ وشه‌ی خودا ده‌گرن و ده‌یپارێزن”. كاتێ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ جه‌نجاڵ ببون، فه‌رمووی: “ئه‌م نه‌وه‌یه‌ به‌دكاره‌. داوای په‌رجو ده‌كات، به‌ڵام هیچ په‌رجوێكی نادرێتێ، جگه‌ له‌ په‌رجوی یۆنه‌نی پێغه‌مبه‌ر. چۆن یۆنه‌ن بۆ خه‌ڵكی نه‌ینه‌وا بووه‌ په‌رجو، ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش بۆ ئه‌م نه‌وه‌یه‌ ئاوا ده‌بێت. له‌ لێپرسینه‌وه‌دا شاژنی باشوور له‌گه‌ڵ پیاوانی ئه‌م نه‌وه‌یه‌ هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌ و تاوانباریان ده‌كات، چونكه‌ له‌وپه‌ڕی زه‌وییه‌وه‌ هات بۆ گوێگرتن له‌ دانایی شلیمون. ئه‌وه‌تا مه‌زنتر له‌ شلیمون لێره‌یه‌! پیاوانی نه‌ینه‌واش له‌ لێپرسینه‌وه‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌م نه‌وه‌یه‌ هه‌ڵده‌ستن و تاوانباری ده‌كه‌ن، چونكه‌ به‌ بانگه‌وازه‌كه‌ی یۆنه‌ن تۆبه‌یان كرد، ئه‌وه‌تا مه‌زنتر له‌ یۆنه‌ن لێره‌یه‌!” “كه‌س چرا هه‌ڵناكات و له‌ جێیه‌كی شاراوه‌ یان له‌ ژێر ته‌شت دایبنێت، به‌ڵكو له‌سه‌ر چرادان، تاكو ئه‌وانه‌ی دێنه‌ ژووره‌وه‌ ڕووناكییه‌كه‌ ببینن. چاو چرای له‌شه‌. كاتێ چاوت ساغ بێت ئه‌وا له‌شت هه‌مووی ڕووناكییه‌، كه‌ نه‌ساغ بێت ئه‌وا له‌شت هه‌مووی تاریكییه‌. كه‌واته‌ ئاگاداربه‌ ئه‌و ڕووناكییه‌ی له‌ تۆ دایه‌ تاریكی نه‌بێت. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر هه‌موو له‌شت ڕووناک بێت و هیچ به‌شێكی تاریكی نه‌بێت، ئه‌وا هه‌مووی ڕووناک ده‌بێت، وه‌ک چرایه‌ک كه‌ به‌ تیشكی ڕووناكیت بۆ بدات”. كاتێ ئیشۆع قسه‌ی ده‌فه‌رموو، په‌ڕیشییه‌ک بۆ چێشتخواردن داوه‌تی كرد. ئه‌ویش چووه‌ ژووره‌وه‌ و دانیشت. به‌ڵام په‌ڕیشییه‌كه‌ كه‌ بینی ئیشۆع پێش نانخواردن ده‌ستی نه‌شوشت، سه‌ری سوڕما. په‌روه‌ردگاریش پێی فه‌رموو: “ئێوه‌ی په‌ڕیشی ده‌ره‌وه‌ی جام و قاپ پاكده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ناختان پڕه‌ له‌ چڵێسی و به‌دكاری. گێلینه‌، ئایا ئه‌وه‌ی ده‌ره‌وه‌ی دروستكردووه‌ ناوه‌وه‌شی دروست نه‌كردووه‌؟ جا ئه‌وه‌ی هه‌تانه‌ بیده‌نه‌ هه‌ژاران، ئه‌وه‌تا هه‌موو شتێک بۆتان پاكده‌بێت. به‌ڵام وه‌ی به‌حاڵتان ئه‌ی په‌ڕیشییه‌كان! ئێوه‌ ده‌یه‌كی پونگ و ڕازیانه‌ و هه‌موو سه‌وزه‌وات ده‌ده‌ن، به‌ڵام ڕه‌وا و خۆشویستنی خودا پشتگوێ ده‌خه‌ن. ده‌بوایه‌ ئه‌مانه‌ بكه‌ن و ئه‌وانه‌ش پشتگوێ نه‌خه‌ن. وه‌ی به‌حاڵتان ئه‌ی په‌ڕیشییه‌كان! چونكه‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ی كه‌نیشت و سڵاوكردنی بازاڕتان خۆشده‌وێ. وه‌ی به‌حاڵتان، ئه‌ی ته‌وراتزان و په‌ڕیشیه‌ ڕووپاماكان! چونكه‌ ئێوه‌ له‌و گۆڕه‌ نادیارانه‌ ده‌چن كه‌ خه‌ڵكی بێ ئه‌وه‌ی بزانن به‌سه‌ریاندا ده‌ڕۆن!”. یه‌كێكی ته‌وراتزان وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی وت: “ڕابی، به‌ وتنی ئه‌مانه‌، ئێمه‌ش سووک ده‌كه‌یت!”. فه‌رمووی: “وه‌ی به‌حاڵی ئێوه‌ی ته‌وراتزانیش! بارێک له‌ خه‌ڵكی ده‌ده‌ن كه‌ هه‌ڵگرتنی زه‌حمه‌ته‌، به‌ڵام خۆتان په‌نجه‌یه‌كیش له‌ باره‌كه‌ ناده‌ن. وه‌ی به‌حاڵتان، چونكه‌ گۆڕی پێغه‌مبه‌ران هه‌ڵده‌به‌ستن، كه‌ باوباپیرانتان كوشتوویانن. كه‌واته‌ ئێوه‌ گه‌واهیده‌رن و كرده‌وه‌ی باوباپیرانتان لا په‌سه‌نده‌، چونكه‌ ئه‌وان كوشتیانن و ئێوه‌ش گۆڕه‌كانیان بۆ هه‌ڵده‌به‌ستن. بۆیه‌ دانایی خودا فه‌رمووی: من پێغه‌مبه‌ر و په‌یامبه‌ریان بۆ ده‌نێرم، به‌ڵام لێیان ده‌كوژن و قاویان ده‌ده‌ن، تاكو خوێنی هه‌موو پێغه‌مبه‌ران كه‌ له‌ دامه‌زراندنی جیهانه‌وه‌ ڕژاوه‌ له‌م نه‌وه‌یه‌ داوا بكرێت، له‌ خوێنی هاویله‌وه‌ تاكو خوێنی زخه‌ریا كه‌ له‌نێوان قوربانگا و په‌رستگادا له‌ناوبردرا. به‌ڵێ، پێتان ده‌ڵێم: له‌م نه‌وه‌یه‌ داوا ده‌كرێت! وه‌ی به‌حاڵتان ئه‌ی ته‌وراتزانان! چونكه‌ كلیلی زانیاریتان برد، خۆتان نه‌چوونه‌ ژووره‌وه‌ و ڕێتان له‌وانه‌ش گرت كه‌ ده‌چوونه‌ ژووره‌”. كاتێ ئیشۆع ئه‌مه‌ی ده‌فه‌رموو، ته‌وراتزان و په‌ڕیشییه‌كان ده‌ستیان پێكرد ته‌نگی پێ هه‌ڵچنن و له‌ زۆر بابه‌ت پرسی لێ بكه‌ن، خۆیان لێ مات كردبوو تاكو به‌ وشه‌یه‌كی ده‌می خۆی تووشی بكه‌ن.

هاوبەشی بکە
لۆقا 11 بخوێنەوە

لۆقا 14:11-54 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

عیسا ڕۆحێکی پیسی دەردەکرد کە لاڵ بوو، کاتێک ڕۆحە پیسەکە دەرکرا، لاڵەکە قسەی کرد و خەڵکەکە سەرسام بوون. بەڵام هەندێکیان گوتیان: «بە بەعل‌زەبولی شای ڕۆحە پیسەکان، ڕۆحی پیس دەردەکات.» هەندێکی دیکەش تاقییان دەکردەوە، داوای نیشانەیەکی ئاسمانییان لێی کرد. ئەویش بە بیرکردنەوەیانی زانی، پێی فەرموون: «هەر شانشینێک دووبەرەکی تێبکەوێت وێران دەبێت، هەر ماڵێکیش دووبەرەکی تێبکەوێت تێکدەچێت. ئەگەر شەیتان دووبەرەکی تێبکەوێت، ئیتر چۆن شانشینەکەی خۆی ڕادەگرێت؟ چونکە دەڵێن: ”من بە بەعل‌زەبول ڕۆحی پیس دەردەکەم.“ باشە ئەگەر من بە بەعل‌زەبول ڕۆحی پیس دەربکەم، ئەی شوێنکەوتەکانی ئێوە بە کێ دەریاندەکەن؟ لەبەر ئەوە ئەوان حوکمتان دەدەن. بەڵام ئەگەر من بە پەنجەی خودا ڕۆحی پیس دەربکەم، ئەوا پاشایەتی خودا هاتووەتە سەرتان. «کاتێک پیاوێکی بەهێز و چەکدار پارێزگاری لە ماڵەکەی دەکات، ماڵەکەی پارێزراوە. بەڵام کاتێک یەکێکی لە خۆی بەهێزتر بێتە سەری دەیبەزێنێت، چەکەکانی لێ دەستێنێ کە پشتی پێی بەستبوو، تاڵانییەکەش دابەش دەکات. «ئەوەی لەگەڵ من نییە لە دژی منە، ئەوەش لەگەڵ من کۆناکاتەوە، بڵاو دەکاتەوە. «کاتێک ڕۆحی پیس لە مرۆڤێک دەردەچێت، لە شوێنە وشکەکاندا بەدوای حەوانەوەدا دەگەڕێت و دەستی ناکەوێت. ئینجا دەڵێت: ”دەگەڕێمەوە بۆ ئەو ماڵەی کە بەجێمهێشت.“ کاتێک دەگەڕێتەوە، دەبینێت گسکدراوە و ڕێکخراوە. ئەوسا دەچێت و حەوت ڕۆحی پیسی دیکە لە خۆی خراپتر دەهێنێت، دەچنەوە نێو مرۆڤەکە و لەناویدا دەژین، ئینجا کۆتایی ئەو مرۆڤە لە جاران خراپتر دەبێت.» کاتێک عیسا ئەمانەی دەگوت، ژنێک لەناو خەڵکەکەوە دەنگی بەرز کردەوە و پێی گوت: «خۆزگە دەخوازرێت بەو سکەی هەڵیگرتووی و بەو مەمکەی شیری پێداوی.» ئەویش فەرمووی: «بەڵکو خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە گوێ لە پەیامی خودا دەگرن و کاری پێدەکەن.» کاتێک خەڵکەکە زیاتر کۆدەبوونەوە، عیسا دەستی کرد بە قسەکردن و فەرمووی: «ئەم نەوەیە نەوەیەکی بەدکارە، داوای نیشانە دەکات، بەڵام نیشانەی نادرێتێ، جگە لە نیشانەی یونس. هەروەک چۆن یونس بۆ خەڵکی نەینەوا بوو بە نیشانە، کوڕی مرۆڤیش بۆ ئەم نەوەیە ئاوا دەبێت. شاژنی باشوور لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا لەگەڵ ئەم نەوەیە لە مردن هەڵدەستێتەوە و تاوانباری دەکات، چونکە لەوپەڕی زەوییەوە هات بۆ گوێگرتن لە دانایی سلێمان. ئەوەتا لە سلێمان مەزنتر لێرەیە. خەڵکی نەینەوا لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا لەگەڵ ئەم نەوەیە لە مردن هەڵدەستنەوە و تاوانباری دەکەن، چونکە تۆبەیان کرد کاتێک یونس پەیامی خودای ڕاگەیاند. ئەوەتا لە یونس مەزنتر لێرەیە. «کەس چرا هەڵناکات و لە جێیەکی شاراوە یان لەژێر تەشت دایبنێت، بەڵکو لەسەر چرادان، تاکو ئەوانەی دێنە ژوورەوە ڕووناکییەکە ببینن. چاوت چرای جەستەتە. کاتێک چاوت ساغ بێت ئەوا جەستەت هەمووی ڕووناکییە، بەڵام کە نەساغ بێت ئەوا جەستەت هەمووی تاریکییە. کەواتە ئاگاداربە ئەو ڕووناکییەی لە تۆدایە نەبێت بە تاریکی. لەبەر ئەوە ئەگەر هەموو لەشت پڕبێت لە ڕووناکی و هیچ بەشێکی تاریکی تێدا نەبێت، ئەوا هەمووی پڕدەبێت لە ڕووناکی، وەک چرایەک کە بە تیشکی ڕووناکیت بۆ بدات.» کاتێک عیسا قسەی دەکرد، فەریسییەک بۆ نانخواردن داوەتی کرد. ئەویش چووە ژوورەوە و دانیشت. فەریسییەکە کە بینی عیسا پێش نانخواردن دەستی نەشوشت، سەری سوڕما. ئینجا مەسیحی خاوەن شکۆ پێی فەرموو: «ئێوەی فەریسی دەرەوەی جام و قاپ پاک دەکەنەوە، بەڵام ناختان پڕە لە چاوچنۆکی و بەدکاری. گێلینە، ئایا ئەوەی دەرەوەی دروستکردووە ناوەوەشی دروستنەکردووە؟ بەڵام ئێوە ئەوەی هەتانە بیدەنە هەژاران، ئیتر هەموو شتێک بۆتان پاک دەبێت. «بەڵام قوڕبەسەرتان فەریسییەکان، ئێوە دەیەکی پونگ و ڕازیانە و هەموو سەوزەوات دەدەن، بەڵام دادپەروەری و خۆشەویستی خودا پشتگوێ دەخەن. پێویستە ئەمانە پەیڕەو بکەن و ئەوانەی دیکەش پشتگوێ نەخەن. «قوڕبەسەرتان فەریسییەکان، چونکە حەزتان لە ڕیزی پێشەوەی کەنیشت و سڵاو لێکردنتانە لە بازاڕدا. «قوڕبەسەرتان، ئێوە لەو گۆڕە نادیارانە دەچن کە خەڵکی بێ ئەوەی بزانن بەسەریاندا دەڕۆن.» تەوراتناسێک وەڵامی دایەوە: «مامۆستا، بە گوتنی ئەمانە، ئێمەش سووک دەکەیت.» عیسا فەرمووی: «قوڕبەسەر ئێوەی تەوراتناسیش، بارێک دەخەنە سەر شانی خەڵکی کە هەڵگرتنی زەحمەتە، بەڵام خۆتان بە هیچ شێوەیەک لە هەڵگرتنی بارەکاندا یارمەتییان نادەن. «قوڕبەسەرتان، چونکە ئێوە گۆڕی پێغەمبەران هەڵدەبەستن، کە باوباپیرانتان کوشتوویانن. کەواتە ئێوە شایەتن و بە کردەوەی باوباپیرانتان ڕازین، ئەوان پێغەمبەرانیان کوشت و ئێوەش گۆڕەکانیان بۆ هەڵدەبەستن. لەبەر ئەوە دانایی خودا فەرمووی: ”من پێغەمبەر و نێردراویان بۆ دەنێرم، بەڵام لێیان دەکوژن و دەیانچەوسێننەوە،“ تاکو خوێنی هەموو پێغەمبەران کە لە دامەزراندنی جیهانەوە ڕژاوە لەم نەوەیە داوا بکرێت، لە خوێنی هابیلەوە هەتا خوێنی زەکەریا کە لەنێوان قوربانگا و پیرۆزگادا لەناوبردرا. بەڵێ پێتان دەڵێم، لەم نەوەیە داوا دەکرێت. «قوڕبەسەرتان تەوراتناسان، چونکە کلیلی زانیاریتان برد، خۆتان نەچوونە ژوورەوە و ڕێتان لەوانەش گرت کە دەچوونە ژوورە.» کاتێک عیسا ئەوێی بەجێهێشت، مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان دەستیان کرد بە تەنگ پێ هەڵچنینی و لە زۆر بابەت پرسیاری لێ بکەن، چاوەڕێیان دەکرد بە وشەیەکی دەمی خۆی تووشی بکەن.

هاوبەشی بکە
لۆقا 11 بخوێنەوە