لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 13:12-34

لۆقا 13:12-34 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

یه‌كێكی نێو كۆمه‌ڵه‌كه‌ پێی وت: “ڕابی، به‌ براكه‌م بفه‌رموو میراتم له‌گه‌ڵ به‌ش بكات”. ئه‌ویش پێی فه‌رموو: “كابرا، كێ منی كردووه‌ به‌ دادوه‌ر یان به‌شكار به‌سه‌رتانه‌وه‌؟” به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی فه‌رموو: “ئاگاداربن و خۆتان له‌ چڵێسی بپارێزن، چونكه‌ ژیانی مرۆڤ به‌ زۆری سامانه‌كه‌ی نییه‌”. ئینجا په‌ندێكی بۆ هێنانه‌وه‌ و فه‌رمووی: “مرۆڤێكی ده‌وڵه‌مه‌ند، زه‌وییه‌كه‌ی به‌رهه‌مێكی زۆری دا. له‌ دڵی خۆیدا وتی: چی بكه‌م كه‌ شوێنم نه‌بێ به‌رهه‌مه‌كه‌می لێ كۆبكه‌مه‌وه‌؟ جا وتی: وا ده‌كه‌م، عه‌مباره‌كانم تێكده‌ده‌م و گه‌وره‌تری ده‌كه‌م، له‌وێدا هه‌موو دانه‌وێڵه‌ و ماڵه‌كه‌م كۆده‌كه‌مه‌وه‌. به‌ خۆشم ده‌ڵێم: ئه‌ی گیانم، ئه‌وه‌تا ماڵێكی زۆرت هه‌ڵگرتووه‌، بۆ چه‌ندین ساڵ. بحه‌سێوه‌ و بخۆ و بخۆوه‌ و دڵشادبه‌! به‌ڵام خودا پێی فه‌رموو: ئه‌ی گه‌مژه‌! هه‌ر ئه‌م شه‌و گیانت ده‌رده‌چێت. باشه‌ ئه‌وه‌ی ئاماده‌ت كردووه‌، بۆ كێ ده‌بێت؟ به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی بۆ خۆی كۆده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام له‌لای خودا ده‌وڵه‌مه‌ند نییه‌”. به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “بۆیه‌ پێتان ده‌ڵێم: بۆ ژیان خه‌م مه‌خۆن چی ده‌خۆن، بۆ له‌ش چی ده‌پۆشن. ژیان له‌ خواردن باشتره‌ و له‌شیش له‌ پۆشاک. بڕواننه‌ قه‌له‌ڕه‌ش: نه‌ تۆو ده‌كات و نه‌ دروێنه‌ ده‌كات، نه‌ خانووی هه‌یه‌ و نه‌ كۆگا، به‌ڵام خودا به‌خێوی ده‌كات. ده‌بێ ئێوه‌ چه‌ند له‌ باڵنده‌ باشتربن! كێ له‌ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر خه‌می خوارد، ده‌توانێت یه‌ک كاژێر له‌ ته‌مه‌نی خۆی زیاد بكات؟ جا كه‌ ئێوه‌ بۆ شتێكی بچووک تواناتان نییه‌، بۆچی خه‌می شته‌كانی ده‌خۆن؟ بڕواننه‌ گوڵاڵه‌ چۆن گه‌شه‌ ده‌كات: نه‌ ماندوو ده‌بێت و نه‌ ده‌ڕێسێت. به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم: ته‌نانه‌ت شلیمونیش له‌وپه‌ڕی شكۆمه‌ندیدا وه‌ک یه‌كێک له‌وانه‌ی نه‌پۆشیوه‌. ئه‌گه‌ر خودا گیا ئاوا بپۆشێت، كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ كێلگه‌دایه‌ و سبه‌ینێ ده‌خرێته‌ ته‌نووره‌وه‌. ده‌بێ ئێوه‌ چه‌ند باشتربن، ئه‌ی كه‌م باوه‌ڕینه‌؟ جا داوا مه‌كه‌ن چی بخۆن و چی بخۆنه‌وه‌، نیگه‌رانیش مه‌بن. هه‌موو ئه‌مانه‌ نه‌ته‌وه‌كانی جیهان داوای ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئێوه‌ باوكتان ده‌زانێت پێویستتان به‌مانه‌ هه‌یه‌. به‌ڵكو داوای پاشایه‌تی خودا بكه‌ن، هه‌موو ئه‌مانه‌تان بۆ زیاد ده‌بێت. مه‌ترسه‌ ئه‌ی مێگه‌لی بچووک، چونكه‌ باوكتان خۆشحاڵه‌ پاشایه‌تیه‌كه‌تان بداتێ. ئه‌وه‌ی هه‌تانه‌ بیفرۆشن و بیبه‌خشن. بۆ خۆتان تووره‌گه‌یه‌ک كه‌ له‌ناونه‌چێت و گه‌نجینه‌یه‌ک له‌ ئاسماندا كه‌ له‌بن نایه‌ت دروست بكه‌ن، له‌وێ نه‌ دز لێی نزیک ده‌بێته‌وه‌ و نه‌ مۆرانه‌ لێی ده‌دات. چونكه‌ گه‌نجینه‌تان له‌كوێ بێت، دڵیشتان له‌وێ ده‌بێت.

هاوبەشی بکە
لۆقا 12 بخوێنەوە

لۆقا 13:12-34 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

یەکێکی ناو خەڵکەکە پێی گوت: «مامۆستا، بە براکەم بفەرموو میراتم لەگەڵ بەش بکات.» بەڵام ئەو پێی فەرموو: «کابرا، کێ منی کردووە بە دادوەر یان بەشکەر بەسەرتانەوە؟» بە خەڵکەکەی فەرموو: «ئاگاداربن و خۆتان لە هەموو جۆرە چاوچنۆکییەک بپارێزن، چونکە ژیانی مرۆڤ بە زۆری سامانەکەی نییە.» ئینجا نموونەیەکی بۆ هێنانەوە: «مرۆڤێکی دەوڵەمەند، زەوییەکەی بەرهەمێکی زۆری دا. لە دڵی خۆیدا گوتی: ”چی بکەم کە شوێنم نەبێ بەرهەمەکەمی لێ کۆبکەمەوە؟“ «جا گوتی: ”وا دەکەم، ئەمبارەکانم تێکدەدەم و گەورەتری دەکەم، لەوێدا هەموو دانەوێڵە و ماڵەکەم کۆدەکەمەوە. بە خۆشم دەڵێم: ’ئەی گیانم، ئەوەتا ماڵێکی زۆرت هەڵگرتووە کە بەشی چەندین ساڵ دەکات. بحەسێوە و بخۆ و بخۆوە و دڵشادبە.‘ “ «بەڵام خودا پێی فەرموو: ”ئەی گێلە، هەر ئەمشەو گیانت دەردەچێت. باشە ئەوەی کۆت کردووەتەوە، بۆ کێ دەبێت؟“ «بە هەمان شێوە دەبێ ئەو کەسەی گەنجینە بۆ خۆی کۆدەکاتەوە بەڵام لەلای خودا دەوڵەمەند نییە.» بە قوتابییەکانی فەرموو: «خەم بۆ ژیانتان مەخۆن کە چی بخۆن، هەروەها بۆ جەستەتان کە چی بپۆشن. ژیان لە خواردن گرنگترە و جەستەش لە جلوبەرگ. سەیری قەلەڕەش بکەن کە نە تۆو دەکات و نە دروێنە، نە ئەمباری هەیە و نە کۆگا، بەڵام خودا بەخێوی دەکات. باشە ئێوە چەند لە باڵندە بەنرخترن! کێ لە ئێوە ئەگەر خەم بخوات، دەتوانێت یەک کاتژمێر لە تەمەنی خۆی زیاد بکات؟ ئەگەر ئەو شتە بچووکانە لە توانای ئێوەدا نەبێت، بۆچی بۆ شتەکانی دیکە خەم دەخۆن؟ «سەیری گوڵی سەوسەن بکەن چۆن گەشە دەکات، نە خۆی ماندوو دەکات و نە دەڕێسێت. بەڵام پێتان دەڵێم: تەنانەت سلێمانیش لەوپەڕی شکۆمەندیدا وەک یەکێک لەوانەی نەپۆشیوە. ئەی کەم باوەڕینە، ئەگەر خودا ئەو گیایەی کە ئەمڕۆ لە کێڵگەیە و بەیانی دەخرێتە تەنوورەوە بەو شێوەیە بپۆشێت، ئیتر چەند زیاتر ئێوە پۆشتە دەکات؟ جا گرنگی بەوە مەدەن کە چی بخۆن و چی بخۆنەوە، خەم مەخۆن. هەموو ئەمانە بێباوەڕانی جیهان هەوڵی بۆ دەدەن، باوکیشتان دەزانێت پێویستتان بەمانە هەیە. بەڵکو داوای پاشایەتی ئەو بکەن، هەموو ئەمانەتان بۆ دابین دەکرێت. «مەترسە ئەی مێگەلی بچووک، چونکە باوکتان خۆشحاڵە شانشینەکەتان بداتێ. ئەوەی هەتانە بیفرۆشن و بە خێر بیبەخشن. بۆ خۆتان جزدانێک دابین بکەن کە نەفەوتێت، سامانێک لە ئاسمان کە لەبن نایەت. لەوێ نە دز لێی نزیک دەبێتەوە و نە مۆرانە لێی دەدات، چونکە سامانت لەکوێ بێت، دڵیشت لەوێ دەبێت.

هاوبەشی بکە
لۆقا 12 بخوێنەوە