لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 41:12-59

لۆقا 41:12-59 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

په‌تڕۆس پێی وت: “په‌روه‌ردگار، ئه‌م په‌نده‌ به‌ ئێمه‌ ده‌ڵێی یان به‌ هه‌مووانیش؟” په‌روه‌ردگار فه‌رمووی: “ئه‌و سه‌ركاره‌ دڵسۆز و دانایه‌ كێیه‌ كه‌ گه‌وره‌كه‌ی له‌سه‌ر ڕاژه‌وانه‌كانی دایده‌نێت، تاكو له‌ كاتی خۆیدا به‌شه‌ خۆراكیان بداتێ؟ به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌و كۆیله‌یه‌، ئه‌وه‌ی كاتێ گه‌وره‌كه‌ی دێته‌وه‌ ده‌بینێت ئاوا ده‌كات! ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: به‌سه‌ر هه‌موو ماڵه‌كه‌یدا دایده‌نێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و كۆیله‌ له‌ دڵی خۆیدا وتی: گه‌وره‌كه‌م دره‌نگ دێته‌وه‌، ئیتر ده‌ست بكات به‌ لێدانی كۆیله‌كان و كاره‌كه‌ران، هه‌روه‌ها بخوات و بخواته‌وه‌ و سه‌رخۆش بێت، ئه‌وسا گه‌وره‌ی ئه‌و كۆیله‌یه‌ له‌ ڕۆژێكدا دێته‌وه‌ كه‌ مه‌زه‌نده‌ی ناكات و له‌ كاژێرێک كه‌ نایزانێت، ئینجا پارچه‌ پارچه‌ی ده‌كات و به‌شی له‌گه‌ڵ ناپاكان ده‌بێت. ئه‌و كۆیله‌ش كه‌ خواستی گه‌وره‌كه‌ی ده‌زانێت، ئاماده‌ش نابێت و به‌ خواستی ئه‌و ناكات، زۆری لێ ده‌درێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی نازانێت و كرده‌وه‌كه‌ی شایانی لێدانه‌، ئه‌وا كه‌می لێ ده‌درێ. ئه‌وه‌ی زۆری دراوه‌تێ داوای زۆری لێ ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش زۆری له‌لا دانراوه‌ داوای زیاتری لێ ده‌كرێت. هاتووم تاكو ئاگر هه‌ڵده‌مه‌ سه‌ر زه‌وی، چه‌نده‌ ده‌خوازم گڕی گرتبێت! عه‌مادی ئازارم هه‌یه‌ ده‌بێ پێیدا تێپه‌ڕم، چه‌ند ناڕه‌حه‌تم تاكو ته‌واو ده‌بێت. واده‌زانن من هاتووم ئاشتی بهێنمه‌ سه‌ر زه‌وی؟ نه‌خێر، پێتان ده‌ڵێم: به‌ڵكو دووبه‌ره‌كی. چونكه‌ له‌مه‌وپاش له‌ ماڵێكدا پێنجی تێدا ده‌بێت جیا ده‌بنه‌وه‌، سێ له‌ دوو و دوو له‌ سێ. باوک له‌ كوڕ و كوڕ له‌ باوک، دایک له‌ كچ و كچ له‌ دایک، خه‌سوو له‌ بووک و بووک له‌ خه‌سوو جیا ده‌بنه‌وه‌”. ئینجا به‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ی فه‌رموو: “كاتێ هه‌ورێک ده‌بینن له‌ خۆرئاواوه‌ به‌ده‌رده‌كه‌وێت، خێرا ده‌ڵێن: بارانی به‌ده‌مه‌وه‌یه‌، ئاواش ده‌بێت. كاتێكیش ده‌بینن بای باشوور هه‌ڵده‌كات، ده‌ڵێن: گه‌رم ده‌بێت، ئاواش ده‌بێت. ئه‌ی ڕووپاماكان! ده‌زانن ڕووی زه‌وی و ئاسمان بناسنه‌وه‌، چۆن نازانن ئه‌م سه‌رده‌مه‌ بناسنه‌وه‌؟ هه‌روه‌ها بۆچی بۆ خۆتان به‌ ڕه‌وا حوكم ناده‌ن؟ كاتێ له‌گه‌ڵ ناحه‌زه‌كه‌ت به‌ ڕێگاوه‌ی بۆ لای دادوه‌ر، له‌ ڕێگا هه‌وڵبده‌ له‌گه‌ڵی ببڕێنیته‌وه‌، ئه‌گینا ڕاتده‌كێشێته‌ لای فه‌رمانڕه‌وا و فه‌رمانڕه‌واش ڕاده‌ستی دادوه‌رت ده‌كات و داده‌وه‌ریش فڕێت ده‌داته‌ زیندان. پێت ده‌ڵێم: له‌وێ ده‌رناچیت تاكو دوایین پوول نه‌ده‌یته‌وه‌”.

هاوبەشی بکە
لۆقا 12 بخوێنەوە

لۆقا 41:12-59 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

پەترۆس گوتی: «گەورەم، ئەم نموونەیە بە ئێمە دەڵێی یان بە هەمووان؟» مەسیح فەرمووی: «ئەو سەرکارە دڵسۆز و ژیرە کێیە کە گەورەکەی دەیکاتە چاودێری کۆیلەکانی تاکو لە کاتی خۆیدا بەشە خۆراکیان بداتێ؟ خۆزگە دەخوازرێت بەو کۆیلەیە، ئەوەی کاتێک گەورەکەی دێتەوە دەبینێت ئاوا دەکات. ڕاستیتان پێ دەڵێم: بەسەر هەموو ماڵەکەیەوە دایدەنێت. بەڵام وای دابنێ کە ئەو کۆیلەیە لە دڵی خۆیدا دەڵێ: ”گەورەکەم دوادەکەوێت،“ ئیتر دەست دەکات بە لێدانی کۆیلە و کارەکەرەکانی دیکە، هەروەها دەخوات و دەخواتەوە و سەرخۆش دەبێت. ئیتر گەورەی ئەو کۆیلەیە لە ڕۆژێکدا دێتەوە کە چاوەڕێی ناکات و لە کاتژمێرێک کە نایزانێت، ئەوسا پارچەپارچەی دەکات و بەشی لەگەڵ بێباوەڕان دەبێت. «ئەو کۆیلەیەش کە خواستی گەورەکەی دەزانێت، ئامادە نابێت و بە خواستی ئەو ناکات، زۆری لێ دەدرێت. بەڵام ئەوەی نازانێت و کردەوەکەی شایانی لێدانە، ئەوا کەمی لێ دەدرێ. ئەوەی زۆری دراوەتێ داوای زۆری لێ دەکرێت، ئەوەش زۆری لەلا دانراوە داوای زیاتری لێ دەکرێت. «هاتووم تاکو ئاگر هەڵدەمە سەر زەوی، چەندە خوازیارم پێشوەخت گڕی گرتبێت! بەڵام ئازارێکم لە ڕێگایە و دەبێت پێیدا تێبپەڕم، چەند ناڕەحەتم هەتا تەواو دەبێت. وا دەزانن من هاتووم ئاشتی بهێنمە سەر زەوی؟ پێتان دەڵێم: نەخێر، بەڵکو دووبەرەکی. لەمەودوا لە ماڵێکدا پێنجی تێدا دەبێت جیا دەبنەوە، سێ لە دوو و دوو لە سێ. باوک لە کوڕ و کوڕ لە باوک، دایک لە کچ و کچ لە دایک، خەسوو لە بووک و بووک لە خەسوو جیا دەبنەوە.» دیسان بە خەڵکەکەی فەرموو: «کاتێک هەورێک دەبینن لە ڕۆژئاواوە بەدەردەکەوێت، خێرا دەڵێن: ”بارانی بەدەمەوەیە،“ هەر بەو شێوەیەش دەبێت. کاتێکیش بای باشوور هەڵدەکات، دەڵێن: ”گەرم دەبێت،“ ئاواش دەبێت. ئەی دووڕووان، دەزانن ڕووی زەوی و ئاسمان بخوێننەوە، چۆن نازانن ئەم سەردەمە بخوێننەوە؟ «هەروەها بۆچی بۆ خۆتان بە ڕاستی حوکم نادەن؟ کاتێک لەگەڵ ڕکابەرەکەت بە ڕێگاوەی بۆ لای دادوەر، لە ڕێگا هەوڵ بدە کێشەکەت لەگەڵی ببڕێنیتەوە، ئەگینا ڕاتدەکێشێتە لای دادوەر و دادوەریش دەتداتە دەست پۆلیس، پۆلیسیش فڕێتدەداتە بەندیخانە. پێت دەڵێم: لەوێ دەرناچی هەتا دوایین فلس نەدەیتەوە.»

هاوبەشی بکە
لۆقا 12 بخوێنەوە