لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 3:15-32

لۆقا 3:15-32 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئه‌ویش ئه‌م په‌نده‌ی بۆ هێنانه‌وه‌: “كامه‌تان ئه‌گه‌ر سه‌د كاوڕی هه‌بێت و دانه‌یه‌كی لێ ون بێت، ئایا نه‌وه‌د و نۆكه‌ له‌ ده‌شت به‌جێ ناهێڵێت و به‌دوای ونبووه‌كه‌دا ناچێت تاكو ده‌یدۆزێته‌وه‌؟ كاتێ دۆزییه‌وه‌ش، به‌ خۆشییه‌وه‌ ده‌یخاته‌ سه‌ر شانی و دێته‌وه‌ ماڵ، هاوڕێ و دراوسێیه‌كان بانگ ده‌كات و پێیان ده‌ڵێت: له‌گه‌ڵم دڵشادبن! كاوڕه‌ ونبووه‌كه‌م دۆزییه‌وه‌!. پێتان ده‌ڵێم: له‌ ئاسمانیش شادیی ئاوا ده‌بێت بۆ گوناهبارێک تۆبه‌ بكات له‌ نه‌وه‌د و نۆ بێتاوان كه‌ پێویستیان به‌ تۆبه‌كردن نییه‌. یان چ ژنێک ده‌ درهه‌می هه‌بێت و یه‌ک درهه‌می ون بكات، چرا هه‌ڵناكات و ماڵه‌كه‌ گسک بدات و به‌ وردی بگه‌ڕێت، تاكو ده‌یدۆزێته‌وه‌؟ كه‌ دۆزییه‌وه‌، هاوڕێ و دراوسێیه‌كانی بانگ ده‌كات و ده‌ڵێت: له‌گه‌ڵم دڵشادبن، ئه‌و درهه‌مه‌ی ونم كردبوو، دۆزیمه‌وه‌. پێتان ده‌ڵێم: به‌ تۆبه‌كردنی گوناهبارێک، ئاوا لای فریشته‌كانی خودا ده‌بێته‌ شادی”. ئینجا فه‌رمووی: “كابرایه‌ک دوو كوڕی هه‌بوو. بچووكه‌كه‌یان به‌ باوكی وت: باوكه‌، به‌شی خۆمم له‌ میراته‌كه‌ بده‌رێ. ئه‌ویش ماڵه‌كه‌ی بۆ دابه‌شكردن. دوای چه‌ند ڕۆژێكی كه‌م، كوڕه‌ بچووكه‌كه‌ هه‌موو شته‌كانی كۆكرده‌وه‌ و به‌ره‌و وڵاتێكی دوور ڕۆیشت، له‌وێ ماڵه‌كه‌ی له‌سه‌ر ڕابواردن دانا. له‌دوای ئه‌وه‌ی هه‌مووی خه‌رج كرد، برسێتیه‌كی توند كه‌وته‌ ناوچه‌كه‌، جا ده‌ستی به‌ نه‌بوونی كرد. ئیتر چووه‌ پاڵ هاوڵاتییه‌كی ناوچه‌كه‌، ئه‌ویش ناردییه‌ كێڵگه‌كانی بۆ له‌وه‌ڕاندنی به‌راز. حه‌زی ده‌كرد به‌و خڕنووكه‌ برسیێتی بشكێنێت كه‌ به‌رازه‌كان ده‌یانخوارد و كه‌سیش پێی نه‌ده‌دا. ئینجا به‌ هۆش خۆی هاته‌وه‌ و وتی: ئاخۆ چه‌ند كرێكاری باوكم نانیان له‌به‌ر ده‌مێنێته‌وه‌، منیش لێره‌ وا له‌ برسان ده‌مرم! هه‌ڵده‌ستم ده‌چمه‌وه‌ لای باوكم، پێی ده‌ڵێم: باوكه‌، دژی ئاسمان و به‌رامبه‌ری تۆ گوناهم كرد. ئیتر شایانی ئه‌وه‌ نیم به‌ كوڕی تۆ بانگ بكرێم، بمكه‌ كرێكارێكی خۆت. جا هه‌ستا و گه‌ڕایه‌وه‌ لای باوكی، هێشتا دوور بوو باوكی ئه‌وی بینی و دڵی بۆی سووتا، ڕایكرد و له‌ باوه‌شی كرد و ماچیكرد. كوڕه‌ش پێی وت: باوكه‌، دژی ئاسمان و به‌رامبه‌ری تۆ گوناهم كرد، ئیتر شایانی ئه‌وه‌ نیم به‌ كوڕی تۆ بانگ بكرێم. به‌ڵام باوكه‌كه‌ به‌ كۆیله‌كانی خۆی وت: باشترین به‌رگ بهێنن و بیپۆشن، ئه‌نگوستیله‌یه‌ک بكه‌نه‌ په‌نجه‌ی و پێڵاویش بۆ پێی. گوێره‌كه‌ دابه‌ستییه‌كه‌ش بهێنن و سه‌ری ببڕن، با بخۆین و دڵخۆش بین. چونكه‌ ئه‌م كوڕه‌م مردوو بوو و زیندووبووه‌وه‌، ونببوو و دۆزرایه‌وه‌. جا ده‌ستیان پێكرد دڵخۆش ده‌بوون. كوڕه‌ گه‌وره‌كه‌ له‌ كێڵگه‌ بوو، كه‌ ده‌هاته‌وه‌ و له‌ ماڵ نزیكبووه‌وه‌، گوێی له‌ مۆسیقا و هه‌ڵپه‌ڕكێ بوو. یه‌كێک له‌ ڕاژه‌وانانی بانگكرد و پرسی كرد، ئه‌مه‌ چییه؟ پێی وت: براكه‌ت گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، باوكیشت گوێره‌كه‌ دابه‌ستییه‌كه‌ی سه‌ربڕی، چونكه‌ به‌ ساغی وه‌ریگرته‌وه‌. تووڕه‌ بوو و نه‌یویست بچێته‌ ژووره‌وه‌. ئیتر باوكی هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و تكای لێكرد. ئه‌ویش وه‌ڵامی باوكی دایه‌وه‌: ئه‌وه‌تا ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ ڕاژه‌ت ده‌كه‌م و هه‌رگیز له‌ ڕاسپارده‌ت ده‌رنه‌چووم، ته‌نانه‌ت كاریله‌یه‌كت نه‌دامێ تاكو له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كانم پێی دڵخۆش بم. به‌ڵام كاتێ ئه‌م كوڕه‌ت هاته‌وه‌، ئه‌وه‌ی ماڵه‌كه‌تی له‌گه‌ڵ داوێنپیسان خوارد، گوێره‌كه‌ دابه‌ستییه‌كه‌ت بۆی سه‌ربڕی! ئه‌ویش پێی وت: ڕۆڵه‌، تۆ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ منی، هه‌رچیم هه‌یه‌ هی تۆیه‌. به‌ڵام پێویسته‌ دڵخۆش و شاد بین، چونكه‌ ئه‌م برایه‌ت مردوو بوو و زیندووبووه‌وه‌، ونببوو و دۆزرایه‌وه‌”.

هاوبەشی بکە
لۆقا 15 بخوێنەوە

لۆقا 3:15-32 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

عیساش ئەم نموونەیەی بۆ هێنانەوە: «کامەتان ئەگەر سەد سەر مەڕی هەبێت و دانەیەکی لێ ون بێت، نەوەد و نۆیەکە لە دەشت بەجێناهێڵێت و بەدوای ونبووەکەدا ناچێت هەتا دەیدۆزێتەوە؟ کاتێک دۆزییەوە بە خۆشییەوە دەیخاتە سەر شانی و دێتەوە ماڵ، هاوڕێ و دراوسێکان بانگ دەکات و پێیان دەڵێت: ”لەگەڵم دڵشاد بن! مەڕە ونبووەکەم دۆزییەوە.“ پێتان دەڵێم، لە ئاسمانیش شادی زیاتر دەبێت سەبارەت بە گوناهبارێک تۆبە بکات لە نەوەد و نۆ ڕاستودروست کە پێویستیان بە تۆبەکردن نییە. «یان چ ئافرەتێک دە درهەمی هەبێت و یەک درهەمی ون بکات، چرا هەڵناکات و ماڵەکە گسک نادات و بە وردی ناگەڕێت، هەتا دەیدۆزێتەوە؟ کە دۆزییەوە، هاوڕێ و دراوسێکانی بانگ دەکات و دەڵێت: ”لەگەڵم دڵشاد بن، ئەو درهەمەی ونم کردبوو، دۆزیمەوە.“ پێتان دەڵێم: بە هەمان شێوە، فریشتەکانی خودا دڵشاد دەبن کاتێک گوناهبارێک تۆبە دەکات.» ئینجا فەرمووی: «کابرایەک دوو کوڕی هەبوو. بچووکەکەیان بە باوکی گوت: ”باوکە، چیم بەردەکەوێ لە بەشە میراتی خۆم، بمدەرێ.“ ئەویش ماڵەکەی بۆ دابەشکردن. «دوای چەند ڕۆژێک، کوڕە بچووکەکە هەموو شتەکانی کۆکردەوە و بەرەو وڵاتێکی دوور ڕۆیشت، لەوێ ماڵەکەی لەسەر ڕابواردن دانا. لەدوای ئەوەی هەمووی خەرجکرد، قاتوقڕی گەورە کەوتە ناوچەکە، لەبەر ئەوە تووشی نەبوونی هات. ئیتر هانای بۆ هاوڵاتییەکی ناوچەکە برد، ئەویش ناردییە کێڵگەکانی بۆ لەوەڕاندنی بەراز. حەزی دەکرد بەو خڕنووکە سکی خۆی تێر بکات کە بەرازەکان دەیانخوارد بەڵام کەس هیچی پێنەدەدا. «ئینجا بە هۆش خۆی هاتەوە و گوتی: ”ئاخۆ چەند کرێکاری باوکم نانیان لەبەر دەمێنێتەوە، منیش لێرە وا لە برسان دەمرم. هەڵدەستم دەچمەوە لای باوکم، پێی دەڵێم: باوکە، لە دژی ئاسمان و بەرامبەری تۆ گوناهم کرد. ئیتر شایانی ئەوە نیم بە کوڕی تۆ بانگ بکرێم، بمکە بە کرێکارێکی خۆت.“ جا هەستا و گەڕایەوە لای باوکی. «هێشتا دوور بوو باوکی ئەوی بینی و دڵی بۆی سووتا، ڕایکرد و باوەشی پێداکرد و ماچی کرد. «کوڕەش پێی گوت: ”باوکە، لە دژی ئاسمان و بەرامبەری تۆ گوناهم کرد، ئیتر شایانی ئەوە نیم بە کوڕی تۆ بانگ بکرێم.“ «بەڵام باوکەکە بە خزمەتکارانی خۆی گوت: ”خێرا باشترین جلوبەرگ بهێنن و لەبەری بکەن، ئەنگوستیلەیەک بکەنە پەنجەی و پێڵاویش بۆ پێی. گوێرەکە قەڵەوەکەش بهێنن و سەری ببڕن، با بخۆین و دڵخۆش بین، چونکە ئەم کوڕەم مردوو بوو و زیندوو بووەتەوە، ون ببوو و دۆزراوەتەوە.“ جا دەستیان بە ئاهەنگ گێڕان کرد. «کوڕە گەورەکە لە کێڵگە بوو، کە هاتەوە و لە ماڵ نزیک بووەوە، گوێی لە مۆسیقا و هەڵپەڕکێ بوو. یەکێک لە خزمەتکارانی بانگکرد و پرسیاری کرد، ”ئەمە چییە؟“ پێی گوت: ”براکەت گەڕاوەتەوە، باوکیشت گوێرەکە قەڵەوەکەی سەربڕی، چونکە بە ساغ و سەلامەتی گەڕاوەتەوە.“ «کوڕە گەورەکە تووڕە بوو و نەیویست بچێتە ژوورەوە. ئیتر باوکی هاتە دەرەوە و تکای لێکرد. بەڵام ئەو وەڵامی باوکی دایەوە: ”ئەوەتا ئەو هەموو ساڵە کۆیلایەتیت بۆ دەکەم و هەرگیز لە فەرمانت دەرنەچووم، تەنانەت کاریلەیەکت نەدامێ تاکو لەگەڵ هاوڕێیەکانم پێی دڵخۆش بم. بەڵام کاتێک ئەم کوڕەت هاتەوە، ئەوەی ماڵەکەتی لەگەڵ لەشفرۆشان لووش دا، گوێرەکە قەڵەوەکەت بۆی سەربڕی.“ «ئەویش پێی گوت: ”کوڕم، تۆ هەمیشە لەگەڵ منی، هەرچیم هەیە هی تۆیە. بەڵام پێویستە دڵخۆش و شاد بین، چونکە ئەم برایەت مردوو بوو و زیندوو بووەتەوە، ون ببوو و دۆزراوەتەوە.“»

هاوبەشی بکە
لۆقا 15 بخوێنەوە