لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 1:2-17

لۆقا 1:2-17 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

له‌و ڕۆژانه‌دا له‌ ئۆگستۆس قه‌یسه‌ڕه‌وه‌ فه‌رمانێک ده‌رچوو، كه‌ هه‌موو جیهان ناونووس بكرێت. ئه‌مه‌ یه‌كه‌م ناونووسین بوو، كاتێ كیرینیۆس فه‌رمانڕه‌وای سوریا بوو. ئیتر هه‌ریه‌كه‌ بۆ ناونووسین ده‌چووه‌ شاری خۆی. یۆسپیش له‌ گلیلا له‌ شاری ناسڕه‌ته‌وه‌ به‌ره‌و ئیهوود سه‌ركه‌وت، بۆ شاره‌كه‌ی داوید كه‌ پێی ده‌ووترێ بێتلخم، چونكه‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ و هۆزی داوید بوو، تاكو له‌گه‌ڵ مه‌ریه‌م ناونووس بكرێن كه‌ ماره‌ی بڕیبوو و سكی هه‌بوو. كاتێک له‌وێ بوون، كاتی منداڵبوونی هات. جا كوڕه‌ نۆبه‌ره‌كه‌ی بوو، قۆنداغی كرد و له‌ ئاخوڕێكدا داینا، چونكه‌ له‌ خانه‌كه‌دا شوێنیان نه‌بوو. له‌و ده‌ڤه‌ره‌ شوان هه‌بوون له‌ ده‌شت ده‌مانه‌وه‌ و شه‌وان ئێشكیان له‌ مێگه‌له‌كه‌یان ده‌گرت. فریشته‌ی په‌روه‌ردگار له‌به‌رده‌میان ڕاوه‌ستا و شكۆی په‌روه‌ردگار له‌ ده‌وریان دره‌وشایه‌وه‌، جا ترسێكی زۆریان لێ نیشت. فریشته‌كه‌ پێی فه‌رموون: “مه‌ترسن! ئه‌وا موژده‌ی خۆشییه‌كی مه‌زنتان ده‌ده‌مێ كه‌ بۆ هه‌موو گه‌له‌: ئه‌مڕۆ له‌ شاری داوید ڕزگاریده‌رێكتان بۆ له‌دایكبوو، مه‌سیحی په‌روه‌ردگاره‌. ئه‌مه‌ش نیشانه‌یه‌ بۆتان: منداڵێكی قۆنداغكراو ده‌بینن له‌نێو ئاخوڕێک دانراوه‌”. له‌ پڕێكدا له‌گه‌ڵ فریشته‌كه‌ كۆمه‌ڵێک له‌شكری ئاسمانی ده‌ركه‌وت و ستایشی خودایان ده‌كرد و ده‌یانفه‌رموو: “شكۆ بۆ خودا له‌ به‌رزایی، له‌سه‌ر زه‌ویش ئاشتی، بۆ خه‌ڵكیش شادی”. كاتێ فریشته‌كان به‌ره‌و ئاسمان به‌جێیان هێشتن، شوانه‌كان به‌ یه‌كتریان وت: “با ئێستا بڕۆینه‌ بێتلخم و ئه‌م شته‌ی ڕوویداوه‌ ببینین كه‌ په‌روه‌ردگار پێی ڕاگه‌یاندین”. خێرا هاتن و مه‌ریه‌م و یۆسپ و ئه‌و منداڵه‌ی له‌ ئاخوڕه‌كه‌دا دانرابوو دۆزییانه‌وه‌. كاتێ بینییان، ئه‌و قسه‌یه‌یان وته‌وه‌ كه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌م منداڵه‌ پێیان وترابوو.

هاوبەشی بکە
لۆقا 2 بخوێنەوە

لۆقا 1:2-17 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

لەو ڕۆژانەدا لە ئۆگستۆس قەیسەرەوە فەرمانێک دەرچوو، کە هەموو دانیشتووانی ئیمپراتۆریەتیەکەی ناونووس بکرێت. ئەمە یەکەم ناونووسین بوو، کاتێک کیرینیۆس فەرمانڕەوای سوریا بوو. ئیتر هەرکەس بۆ ناونووسین دەچووە شاری خۆی. یوسفیش لە جەلیل لە شاری ناسیرەوە بەرەو یەهودیا سەرکەوت بۆ شارەکەی داود کە پێی دەگوترێ بێت‌لەحم، چونکە لە بنەماڵە و تیرەی داود بوو، تاکو لەگەڵ مریەم ناونووس بکرێن کە دەستگیرانی بوو و سکی هەبوو. کە لەوێ بوون، کاتی منداڵبوونی هات. جا کوڕە نۆبەرەکەی بوو، قۆنداغی کرد و لە ئاخوڕێکدا داینا، چونکە هیچ ژوورێکیان بۆ نوستن دەست نەکەوت. لەو ناوچەیە شوان هەبوون لە دەشت دەمانەوە و شەوان ئێشکیان لە مێگەلەکەیان دەگرت. فریشتەیەکی یەزدان بۆیان دەرکەوت و شکۆمەندی یەزدان لە دەوریان درەوشایەوە، بەمە ترسێکی زۆریان لێ نیشت. فریشتەکە پێی گوتن: «مەترسن، ئەوا مژدەی خۆشییەکی گەورەتان دەدەمێ کە بۆ هەموو گەلە. ئەمڕۆ لە شاری داود ڕزگارکەرێکتان بۆ لەدایک بوو، ئەویش مەسیحی خاوەن شکۆیە. ئەمەش نیشانەیە بۆتان، مەلۆتکەیەک دەبینن لەناو ئاخوڕێک دانراوە.» لەناکاو لەگەڵ فریشتەکە لەشکرێکی گەورەی ئاسمانی دەرکەوت و ستایشی خودایان دەکرد و دەیانگوت: «شکۆ بۆ خودا لە ئاسمان، لەسەر زەویش ئاشتی بۆ ئەوانەی جێی ڕەزامەندی ئەون.» کاتێک فریشتەکان بەرەو ئاسمان بەجێیان هێشتن، شوانەکان بە یەکتریان گوت: «دەی با بڕۆینە بێت‌لەحم و ئەم شتەی ڕوویداوە بیبینین کە یەزدان پێی ڕاگەیاندین.» خێرا هاتن و مریەم و یوسف و ئەو مەلۆتکەیەی لە ئاخوڕەکەدا دانرابوو دۆزییانەوە. کاتێک بینییان، ئەو قسەیەیان بڵاو کردەوە کە دەربارەی ئەم منداڵە پێیان گوترابوو.

هاوبەشی بکە
لۆقا 2 بخوێنەوە