لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 1:20-47

لۆقا 1:20-47 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ڕۆژێكیان له‌ په‌رستگا ئامۆژگاریی خه‌ڵكی ده‌كرد و موژده‌ی ده‌دا، كاهینانی باڵا و ته‌وراتزان له‌گه‌ڵ پیران له‌وێدا وه‌ستان، پێیان وت: “پێمان بڵێ: به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێک ئه‌مانه‌ ده‌كه‌یت؟ كێ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌ تۆ داوه‌؟” وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “منیش پرسێكتان لێ ده‌كه‌م. پێم بڵێن: عه‌مادكردنی یوخه‌ننه‌ن، له‌ ئاسمانه‌وه‌ بوو یان له‌ مرۆڤه‌وه‌؟” له‌نێو خۆیاندا ڕاوێژیان كرد و وتیان: “ئه‌گه‌ر بڵێین: له‌ ئاسمانه‌وه‌ بوو، ده‌ڵێت بۆ باوه‌ڕتان پێی نه‌هێنا؟ ئه‌گه‌ریش بڵێن له‌ مرۆڤه‌وه‌ بوو، ئه‌وا هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ردبارانمان ده‌كه‌ن، چونكه‌ دڵنیان كه‌ یوخه‌ننه‌ن پێغه‌مبه‌ره‌”. وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ كه‌ نازانن له‌كوێوه‌ بووه‌. ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “منیش پێتان ناڵێم به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێک ئه‌مانه‌ ده‌كه‌م”. ئینجا ئه‌م په‌نده‌ی بۆ گه‌له‌كه‌ گێڕایه‌وه‌: “كابرایه‌ک ڕه‌زێكی چاند و به‌ ڕه‌زه‌وانانی سپارد، ماوه‌یه‌كی زۆر گه‌شتی كرد. له‌ وه‌رزی خۆی كۆیله‌یه‌كی بۆ ڕه‌زه‌وانه‌كان نارد، تاكو له‌ به‌رهه‌می ڕه‌زه‌كه‌ی بده‌نێ، به‌ڵام ڕه‌زه‌وانه‌كان لێیان دا و به‌ ده‌ستی به‌تاڵ ناردییانه‌وه‌. كۆیله‌یه‌كی دیكه‌شی نارد، به‌ڵام له‌مه‌شیان دا و سووكایه‌تییان پێكرد و به‌ ده‌ستی به‌تاڵ ناردییانه‌وه‌. سێیه‌میشی نارد، ئه‌مه‌شیان بریندار كرد و ده‌ریانكرد. خاوه‌ن ڕه‌زه‌كه‌ وتی: چی بكه‌م؟ كوڕه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌م ده‌نێرم، له‌وانه‌یه‌ كاتێ بیبینن ڕێزی لێ بگرن! به‌ڵام كه‌ ڕه‌زه‌وانه‌كان بینییان، نێوان خۆیان پیلانیان گێڕا و وتیان: ئه‌وه‌تا میراتگر! با بیكوژین، تاكو میراته‌كه‌ بۆ ئێمه‌ بێت! جا بردییانه‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕه‌زه‌كه‌ و كوشتیان. ئیتر ده‌بێت خاوه‌ن ڕه‌زه‌كه‌ چییان لێ بكات؟ دێت و ئه‌و ڕه‌زه‌وانانه‌ ده‌كوژێت و ڕه‌زه‌كه‌ ده‌داته‌ خه‌ڵكی دیكه‌”. كاتێ گوێیان لێبوو وتیان: “حاشا!” ئه‌ویش سه‌یری كردن و فه‌رمووی: “كه‌واته‌ ئه‌مه‌ی نووسراوه‌ چییه‌: {ئه‌و به‌رده‌ی بنیادنه‌ران ڕه‌تیان كرده‌وه‌، بووه‌ به‌ردی قولینچك} ؟ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر به‌رده‌كه‌دا بكه‌وێت تێكده‌شكێت، ئه‌وه‌ش كه‌ به‌سه‌ریدا بكه‌وێت وردوخاشی ده‌كات!” ته‌وراتزانه‌كان و كاهینانی باڵا هه‌وڵیان دا له‌و كاته‌ ده‌ستگیری بكه‌ن، به‌ڵام له‌ گه‌له‌كه‌ ترسان، چونكه‌ زانییان له‌و په‌نده‌یه‌ مه‌به‌ستی ئه‌وان بوو. ئینجا چاودێرییان كرد و سیخوڕیان نارد كه‌ خۆیان به‌ خوداناس ده‌رده‌خست، تاكو به‌ قسه‌ی خۆی تووشی بكه‌ن و ڕاده‌ستی حوكم و ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌وای بكه‌ن. پرسیان لێكرد و وتیان: “ڕابی، ده‌زانین له‌ قسه‌كردن و ئامۆژگاریتدا ڕه‌وایت، جوداخوازی كه‌سیش ناكه‌یت، به‌ڵكو ڕێگای خودا به‌ ڕه‌وا فێر ده‌كه‌یت. ئایا دروسته‌ سه‌رانه‌ بده‌ینه‌ قه‌یسه‌ڕ یان نا؟” به‌ فێڵه‌كه‌یانی زانی و پێی فه‌رموون: “بۆچی تاقیم ده‌كنه‌وه‌؟ دینارێكم پیشان بده‌ن. ئه‌م وێنه‌ و نووسینه‌ هی كێیه‌؟” وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و وتیان: “هی قه‌یسه‌ڕه‌”. ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “كه‌واته‌ هی قه‌یسه‌ڕ بده‌نه‌ قه‌یسه‌ڕ، هی خوداش بده‌نه‌ خودا”. نه‌یانتوانی له‌به‌رده‌م گه‌ل به‌ قسه‌كه‌ی تووشی بكه‌ن، سه‌رسامیش بوون له‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی و بێده‌نگ بوون. هه‌ندێک زادوقی هاتن، ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕییان به‌ هه‌ستانه‌وه‌ نییه‌، لێیان پرسی: وتیان: “ڕابی، مووشێ بۆی نووسیوین: ئه‌گه‌ر یه‌كێک برای بمرێت كه‌ ژنی هه‌بێت و منداڵی نه‌بێت، با‌ براژنه‌كه‌ی بهێنێت و وه‌چه‌ بۆ براكه‌ی بخاته‌وه‌. ئینجا حه‌وت برا هه‌بوون، یه‌كه‌میان ژنی هێنا و به‌ وجاخكوێری مرد. دووه‌میش هێنای و به‌ وجاخكوێری مرد، سێیه‌میش خواستی، هه‌ر حه‌وتیان به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌ وجاخكوێری مردن. له‌دوای هه‌موویان ژنه‌كه‌ش مرد. ئایا له‌ هه‌ستانه‌وه‌دا ژنه‌كه‌ بۆ كامیان ده‌بێت؟ چونكه‌ ژنی هه‌ر حه‌وتیان بووه‌!” ئیشۆعیش وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “خه‌ڵكی ئه‌م ڕۆژگاره‌ ژن ده‌هێنن و شوو ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی داده‌نرێن شایانی گه‌یشتنن به‌و ڕۆژگار و به‌ هه‌ستانه‌وه‌ی نێو مردووان، ژن ناهێنن و شوو ناكه‌ن. ئیتر ناتوانن بمرن، چونكه‌ وه‌ک فریشته‌ن و ڕۆڵه‌ی خودان كه‌ ڕۆڵه‌ی هه‌ستانه‌وه‌ن. به‌ڵام مردووان هه‌ڵده‌ستنه‌وه‌، مووشێش له‌ ده‌وه‌نه‌كه‌دا ڕایگه‌یاند، هه‌روه‌ک ده‌ڵێ: {په‌روه‌ردگار خوداوه‌ندی ئه‌وڕاهه‌م و خوداوه‌ندی ئسخه‌ق و خوداوه‌ندی یاقووه‌} . خوداوه‌ندی مردووان نییه‌، به‌ڵكو خوداوه‌ندی زیندووانه‌، چونكه‌ لای ئه‌و هه‌موو زیندوون”. هه‌ندێک ته‌وراتزان وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و وتیان: “ڕابی، باشت وت!”. ئیتر نه‌یانوێرا هیچی دیكه‌ی لێ بپرسن. ئینجا پێی فه‌رموون: “چۆن ده‌ڵێن مه‌سیح ڕۆڵه‌ی داویده‌؟ خودی داوید له‌ سیپاره‌ی په‌سنیه‌كاندا ده‌ڵێت: {په‌روه‌ردگار به‌ په‌روه‌ردگارمی فه‌رموو: له‌لای ڕاستم دانیشه تاكو دوژمنانت بخه‌مه‌ ژیر پێت} . ئه‌گه‌ر داوید پێی بڵێ په‌روه‌ردگار، ئیتر چۆن ڕۆڵه‌ی ئه‌وه‌؟”. كاتێ هه‌موو گه‌ل گوێیان ده‌گرت، به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “ئاگاداری ته‌وراتزانه‌كان بن، كه‌ حه‌زده‌كه‌ن به‌ جلی شۆڕ بگه‌ڕێن و پێیان خۆشه‌ له‌ بازاڕدا سڵاویان لێ بكرێت، له‌ كه‌نیشته‌كان ڕیزی پێشه‌وه‌ بگرن و له‌ ڕیزی سه‌ره‌وه‌ی میوانداریدا بن. ماڵی بێوه‌ژن ده‌خۆن، بۆ ده‌رخستن نوێژ درێژ ده‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌وانه‌ سزای مه‌زنتر وه‌رده‌گرن!”.

هاوبەشی بکە
لۆقا 20 بخوێنەوە

لۆقا 1:20-47 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ڕۆژێکیان عیسا لە حەوشەکانی پەرستگا خەڵکی فێردەکرد و مزگێنیی دەدا، کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات لەگەڵ پیران هاتنە لای، پێیان گوت: «پێمان بڵێ، بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەیت؟ کێ ئەم دەسەڵاتەی بە تۆ داوە؟» وەڵامی دانەوە: «منیش پرسیارێکتان لێ دەکەم. پێم بڵێن: لەئاوهەڵکێشانی یەحیا، لە ئاسمانەوە بوو یان لە مرۆڤەوە؟» لەناو خۆیاندا ڕاوێژیان کرد و گوتیان: «ئەگەر بڵێین، ”لە ئاسمانەوە،“ دەڵێت، ”بۆچی باوەڕتان پێی نەکرد؟“ ئەگەریش بڵێین، ”لە مرۆڤەوە بوو،“ هەموو خەڵکەکە بەردبارانمان دەکەن، چونکە دڵنیان کە یەحیا پێغەمبەرە.» وەڵامیان دایەوە کە نازانن لەکوێوەیە. عیساش پێی فەرموون: «منیش پێتان ناڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم.» ئینجا دەستی کرد بە هێنانەوەی ئەم نموونەیە بۆ خەڵکەکە: «کابرایەک ڕەزێکی چاند و بە ڕەزەوانانی سپارد و بۆ ماوەیەکی زۆر گەشتی کرد. لە‏ وەرزی بەروبووم کۆکردنەوەدا کۆیلەیەکی بۆ لای ڕەزەوانەکان نارد، تاکو لە بەرهەمی ڕەزەکەی بدەنێ، بەڵام ڕەزەوانەکان لێیاندا و بە دەستی بەتاڵ ناردییانەوە. کۆیلەیەکی دیکەشی نارد، بەڵام لەمەشیان دا و سووکایەتییان پێکرد و بە دەستبەتاڵی ناردییانەوە. سێیەمیشی نارد، ئەمەیان بریندار کرد و دەریانکرد. «خاوەن ڕەزەکە گوتی: ”چی بکەم؟ کوڕە خۆشەویستەکەم دەنێرم، لەوانەیە ڕێزی بگرن.“ «بەڵام کە ڕەزەوانەکان بینییان، تەگبیریان لەگەڵ یەکتری کرد و گوتیان: ”ئەوەتا میراتگر، با بیکوژین، تاکو ببینە میراتگر.“ ئینجا بردیانە دەرەوەی ڕەزەکە و کوشتیان. «ئیتر دەبێت خاوەنی ڕەزەکە چییان لێ بکات؟ دێت و ئەم ڕەزەوانانە لەناودەبات و ڕەزەکە دەداتە خەڵکی دیکە.» کاتێک گوێیان لێبوو گوتیان: «خودا نەکات!» ئەویش سەیری کردن و فەرمووی: «کەواتە ئەمەی نووسراوە چییە: «﴿ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە، بوو بە گرنگترین بەردی بناغە‏﴾؟ ئەوەی بەسەر بەردەکەدا بکەوێت تێکدەشکێت، ئەوەش کە بەردەکە بەسەریدا بکەوێت وردوخاشی دەکات.» لەو کاتەدا مامۆستایانی تەورات و کاهینانی باڵا هەوڵیان دا بیگرن، چونکە زانییان ئەو نموونەیەی لەسەر ئەوان هێنایەوە، بەڵام لە خەڵکەکە ترسان. ئینجا چاودێریی عیسایان کرد و سیخوڕیان نارد کە خۆیان بە ڕاستودروست دەردەخست، تاکو بە قسەی خۆی تووشی بکەن و بیدەنە دەست حوکم و دەسەڵاتی فەرمانڕەوا. ئیتر سیخوڕەکان پرسیاریان لێکرد: «مامۆستا، دەزانین لە قسەکردن و فێرکرنتدا ڕاستی، لایەنگری کەسیش ناکەیت، بەڵکو ڕێگای خودا بە ڕاستی فێر دەکەیت. بۆ ئێمە دروستە سەرانە بدەینە قەیسەر یان نا؟» عیسا کە بە فێڵەکەیانی دەزانی، پێی فەرموون: «دینارێکم نیشان بدەن. ئەم وێنە و نووسینە هی کێیە؟» گوتیان: «هی قەیسەرە.» ئەویش پێی فەرموون: «هی قەیسەر بدەنە قەیسەر، هی خوداش بدەنە خودا.» ئیتر نەیانتوانی لەبەردەم خەڵکدا بە قسەکەی تووشی بکەن، سەرسامیش بوون لە وەڵامەکەی و بێدەنگ بوون. هەندێک سەدوقی هاتن، ئەوانەی دەڵێن هەستانەوە نییە، لێیان پرسی: «مامۆستا، موسا بۆی نووسیوین، ئەگەر یەکێک براکەی بە وەجاخکوێری مرد و ژنەکەی لەپاش خۆی بەجێهێشت، ئەوا براژنەکەی دەخوازێتەوە و وەچە بۆ براکەی دەخاتەوە. ئینجا حەوت برا هەبوون، یەکەمیان ژنی هێنا و بە وەجاخکوێری مرد. دووەمیش و سێیەمیش خواستیانەوە، هەر حەوتیان بە هەمان شێوە بە وەجاخکوێری مردن. لەدوای هەموویان ژنەکەش مرد. ئایا لە ڕۆژی زیندووبوونەوەدا دەبێتە ژنی کامیان؟ چونکە ژنی هەر حەوتیان بووە.» عیساش پێی فەرموون: «خەڵکی ئەم دنیایە ژن دەهێنن و شوو دەکەن، بەڵام ئەوانەی شایانی گەیشتنن بەو دنیا و هەستانەوەی نێو مردووان، ژن ناهێنن و شوو ناکەن. هەروەها ناتوانن بمرن، چونکە وەک فریشتەن و کوڕی خودان کە کوڕی هەستانەوەن. تەنانەت موساش لە چیرۆکی دەوەنەکە ڕوونی دەکاتەوە کە مردووان هەڵدەستنەوە، چونکە یەزدانی ناوبرد بە ﴿خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوب.﴾ ئەو خودای مردووان نییە، بەڵکو هی زیندووانە، چونکە لای ئەو هەموو زیندوون.» هەندێک لە مامۆستایانی تەورات وەڵامیان دایەوە: «مامۆستا، باشت فەرموو.» ئیتر نەیانوێرا هیچی دیکەی لێ بپرسن. عیسا پێی فەرموون: «باشە چۆن دەڵێن کە مەسیح کوڕی داودە؟ داود خۆی لە پەڕتووکی زەبووردا دەڵێت: «﴿یەزدان بە خاوەن شکۆی منی فەرموو: ”لە دەستەڕاستم دابنیشە هەتا دوژمنانت دەکەمە تەختەپێ بۆ پێیەکانت.“﴾ ئەوەتا داود پێی دەڵێ ”خاوەن شکۆ“، ئیتر چۆن دەبێتە کوڕی؟» کاتێک هەموو خەڵکەکە گوێیان گرتبوو، بە قوتابییەکانی فەرموو: «ئاگاداری مامۆستایانی تەورات بن، حەز دەکەن بە جلی شۆڕەوە بگەڕێن و پێیان خۆشە لە بازاڕدا سڵاویان لێ بکرێت، لە کەنیشتەکان ڕیزی پێشەوە بگرن و لە میوانیشدا لای سەرەوە. ماڵی بێوەژن هەڵدەلووشن و بۆ خۆدەرخستن نوێژەکانیان درێژ دەکەنەوە. ئەمانە سزایان گەورەترە.»

هاوبەشی بکە
لۆقا 20 بخوێنەوە