لۆقا 17:21-38
لۆقا 17:21-38 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)
له‌پێناوی ناوی من هه‌مووان ڕقیان لێتان ده‌بێته‌وه. به‌ڵام موویه‌كی سه‌رتان نافه‌وتێت. به خۆڕاگرتنتان خۆتان ده‌به‌نه‌وه. كاتێ ده‌بینن به سوپا ده‌وری یروشلایم دراوه، ئه‌وسا بزانن ڕووخانی نزیک بۆته‌وه. ئه‌و كاته با ئه‌وانه‌ی له ئیهوود دان هه‌ڵبێن بۆ چیاكان و ئه‌وانه‌ی له‌نێویدان ده‌ربچن، ئه‌وانه‌ی له دێیه‌كاندان نه‌یه‌نه نێوی، چونكه ئه‌مانه ڕۆژانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ن، تاكو هه‌رچی نووسراوه بێته دی. له‌و ڕۆژانه‌دا وه‌ی به‌حاڵ دووگیان و شیرده‌ران! چونكه ناخۆشییه‌كی گه‌وره به‌سه‌ر زه‌ویدا دێت و تووڕه‌ییش به‌سه‌ر ئه‌م گه‌له. به زه‌بری شمشێر ده‌كه‌ون و بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان ڕاپێچ ده‌كرێن، یروشلایم له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌كانه‌وه پێشێل ده‌كرێت، تاكو كاته‌كانی نه‌ته‌وه‌كان ته‌واو ده‌بێت. له خۆر و مانگ و ئه‌ستێره‌كان په‌رجو ده‌بێت، له‌سه‌ر زه‌ویش كۆستێكی سه‌رگه‌ردانی گه‌لان، ده‌ریا و شه‌پۆڵه‌كان هاژه‌یان دێت. له ترس و چاوه‌ڕوانی ئه‌و شتانه‌ی به‌سه‌ر جیهاندا دێن، خه‌ڵكی بێ هۆش ده‌بن، چونكه هێزه‌كانی ئاسمان ده‌هه‌ژێن. ئه‌وسا ڕۆڵه‌ی مرۆڤ به هێز و شكۆیه‌كی گه‌وره‌وه به‌سه‌ر هه‌وره‌وه ده‌بینن دێت. كه ئه‌م شتانه ده‌ستپێده‌كات، هه‌ستن و سه‌ر به‌رز بكه‌نه‌وه، چونكه ڕزگاربوونتان نزیک ده‌بێته‌وه”. په‌ندێكی بۆ هێنانه‌وه: “بڕواننه دارهه‌نجیر و هه‌موو داره‌كان. كاتێ ده‌بینن وا گه‌ڵای كردووه، له خۆتانه‌وه ده‌زانن كه هاوین نزیكه. ئێوه‌ش كه ده‌بینن ئه‌مانه ڕووده‌دات، بزانن پاشایه‌تی خودا نزیكه. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌م نه‌وه‌یه به‌سه‌ر ناچێت، تاكو هه‌مووی ده‌بێت. ئاسمان و زه‌وی له‌ناوده‌چن، به‌ڵام وشه‌كانم له‌ناوناچن. ئاگاداری خۆتان بن، نه‌وه‌ک دڵتان له‌سه‌ر ڕابواردن و سه‌رخۆشی و خه‌فه‌تی ژیان بێت و ئه‌و ڕۆژه له‌ناكاو به‌سه‌رتاندا بدات. چونكه وه‌ک ته‌ڵه دێته سه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر ته‌واوی ڕووی زه‌وی دانیشتوون. كه‌واته هه‌موو كاتێ بێداربن و نزا بكه‌ن، تاكو بتوانن له هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی خه‌ریكه ڕووده‌دات ڕزگارتان بێت و له‌به‌رده‌م ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ڕاوه‌ستن”. به ڕۆژ له په‌رستگادا ئامۆژگاریی ده‌كرد، شه‌وانیش ده‌رده‌چوو له‌و ده‌شتوده‌ره ده‌مایه‌وه كه پێی ده‌ووترا كێوی زه‌یتوون. هه‌موو خه‌ڵک زوو له په‌رستگا ده‌هاتنه لای، تاكو گوێی لێ بگرن.
لۆقا 17:21-38 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)
لەبەر ناوی من هەمووان ڕقیان لێتان دەبێتەوە. بەڵام مووێکی سەرتان نافەوتێت. بە دانبەخۆداگرتن ژیانتان دەبەنەوە. «کاتێک دەبینن بە سوپا دەوری ئۆرشەلیم دراوە، ئەوسا بزانن ڕووخانی نزیک بووەتەوە. ئینجا ئەوانەی لە هەرێمی یەهودیا نیشتەجێن با هەڵبێن بۆ چیاکان و ئەوانەی لەناو شارەکەدان بچنە دەرەوە، هەروەها دانیشتووانی گوندەکان نەچنە ناو شار، چونکە ئەمانە ڕۆژانی تۆڵەسەندنەوەن، تاکو هەرچی نووسراوە بێتە دی. لەو ڕۆژانەدا قوڕبەسەر دووگیان و شیردەر، چونکە ناخۆشییەکی گەورە بەسەر زەویدا دێت و تووڕەییش بەسەر ئەم گەلە. بە شمشێر دەکوژرێن و بۆ نێو هەموو نەتەوەکان ڕاپێچ دەکرێن. ئۆرشەلیم لەلایەن ناجولەکەکانەوە پێشێل دەکرێت، هەتا ڕۆژگاری ناجولەکەکان تەواو دەبێت. «لە خۆر و مانگ و ئەستێرەکان نیشانە دەردەکەون، لەسەر زەویش سەرسامی گەلان، شێوانی هاژەی دەریا و شەپۆل. لە ترس و چاوەڕوانی ئەو شتانەی بەسەر جیهاندا دێن، خەڵکی بێ هۆش دەبن، چونکە خۆر و مانگ و ئەستێرەکانی ئاسمان دەهەژێن. ئەوسا کوڕی مرۆڤ دەبینن کە بە هێز و شکۆیەکی گەورەوە لەناو هەورەوە دێت. کاتێک ڕوودانی ئەم شتانە دەستی پێ‌کرد، هەستن و سەر بەرز بکەنەوە، چونکە ڕزگاریتان نزیک دەبێتەوە.» ئینجا نموونەیەکی بۆ هێنانەوە: «سەیری دار هەنجیر و هەموو دارەکان بکەن. کاتێک دەبینن ئەوا گەڵای کردووە، خۆتان دەزانن کە هاوین نزیکە. بە هەمان شێوە، کاتێک ئێوەش دەبینن ئەم شتانە ڕوودەدات، بزانن کە پاشایەتی خودا نزیکە. «ڕاستیتان پێ دەڵێم، ئەم نەوەیە بەسەرناچێت، هەتا هەموو ئەمانە نەیەنە دی. ئاسمان و زەوی بەسەردەچن، بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن.» «ئاگاداری خۆتان بن، نەوەک دڵتان لەسەر ڕابواردن و سەرخۆشی و خەم و خەفەتی ژیان بێت و ئەو ڕۆژە لەناکاو وەک تەڵە بەسەرتاندا بدات، چونکە دێتە سەر هەموو ئەوانەی لەسەر تەواوی ڕووی زەوی دانیشتوون. کەواتە ئێشک بگرن و هەموو کاتێک نوێژ بکەن، تاکو بتوانن لە هەموو ئەو ڕووداوانە دەرباز بن کە تووشتان دەبن و لەبەردەم کوڕی مرۆڤ ڕاوەستن.» عیسا بە ڕۆژ لە پەرستگا خەریکی فێرکردن دەبوو، شەوانیشی لەو کێوە بەسەردەبرد کە پێی دەگوترا زەیتوون. هەموو خەڵک لە بەرەبەیان دەهاتنە پەرستگا بۆ ئەوەی گوێی لێ بگرن.