لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 14:22-38

لۆقا 14:22-38 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

كه‌ كاته‌كه‌ هات پاڵیدایه‌وه‌، دوانزه‌ په‌یامبه‌ره‌كانیش له‌گه‌ڵی بوون. پێی فه‌رموون: “زۆر ئاره‌زووم كرد پێش ئازار چێژتنم ئه‌م په‌سخه‌تان له‌گه‌ڵ بخۆم. چونكه‌ پێتان ده‌ڵێم: ئیتر لێی ناخۆم تاكو له‌ پاشایه‌تیی خودا دێته‌ دی”. جامێكی هه‌ڵگرت و سوپاسی كرد، فه‌رمووی: “ئه‌مه‌ بگرن و له‌نێو خۆتان به‌شی بكه‌ن. چونكه‌ پێتان ده‌ڵێم: ئیتر له‌ به‌رهه‌می مێو ناخۆمه‌وه‌ تاكو پاشایه‌تیی خودا دێت”. نانێكی هه‌ڵگرت، سوپاسی كرد و له‌تیكرد، پێیدان و فه‌رمووی: “ئه‌مه‌ له‌شی منه‌، كه‌ له‌ پێناوی ئێوه‌ به‌خت ده‌كرێت. ئه‌مه‌ بۆ یاده‌وه‌ریم بكه‌ن”. جامه‌كه‌ش ئاوا دوای شێو، فه‌رمووی: “ئه‌م جامه‌ په‌یمانی نوێیه‌ به‌ خوێنی من، كه‌ له‌ پێناوی ئێوه‌ ده‌ڕژێت. به‌ڵام ئه‌وه‌تا ده‌ستی ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستم ده‌كات له‌گه‌ڵ من له‌سه‌ر خوانه‌. ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی بۆی دانراوه‌ ده‌ڕوات، به‌ڵام وه‌ی به‌حاڵ ئه‌و كه‌سه‌ی ڕاده‌ستی ده‌كات!”. ئیتر له‌نێو خۆیان پرسیان كرد: “ئاخۆ كامیان خه‌ریكه‌ ئه‌مه‌ بكات؟”. هه‌روه‌ها ده‌مه‌قاڵه‌یه‌ک له‌نێویان بوو، كامیان به‌ گه‌وره‌ دابنرێت. پێی فه‌رموون: “پاشایانی نه‌ته‌وه‌كان گه‌ورایه‌تییان ده‌كه‌ن و ده‌سه‌ڵاتدارانیش به‌سه‌ریانه‌وه‌ به‌ چاكه‌كار ناوده‌برێن. به‌ڵام بۆ ئێوه‌ ئاوا نییه‌. به‌ڵكو با گه‌وره‌تان وه‌ک بچووک و ڕابه‌ر وه‌ک ڕاژه‌وان بێت. چونكه‌ كێ گه‌وره‌یه‌، ئه‌وه‌ی پاڵی داوه‌ یان ئه‌وه‌ی ڕاژه‌ ده‌كات؟ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ پاڵی داوه‌؟ به‌ڵام من له‌نێوانتان وه‌ک ئه‌وه‌م كه‌ ڕاژه‌ ده‌كات. ئێوه‌ كه‌ له‌ تاقیكردنه‌وه‌كانمدا له‌گه‌ڵم جێگیر بوون. منیش پاشایه‌تیه‌كتان بۆ داده‌نێم، وه‌ک باوكم بۆی داناوم، تاكو له‌ پاشایه‌تیه‌كه‌مدا له‌سه‌ر خوانه‌كه‌م بخۆن و بخۆنه‌وه‌، له‌سه‌ر ته‌خته‌كان داده‌نیشن و دوازده‌ هۆزه‌كه‌ی ئیسڕائیل حوكم ده‌ده‌ن”. جا په‌روه‌ردگار فه‌رمووی: “شیمعون، شیمعون، ئه‌وه‌تا شه‌یتان داوای كردوون، تاكو وه‌ک گه‌نم له‌ بێژنگتان بدات! به‌ڵام له‌پێناوی تۆ نوێژم كرد تاكو باوه‌ڕت له‌ناونه‌چێت. تۆش كه‌ ده‌گه‌ڕێیته‌وه‌ برایانت جێگیر بكه‌”. ئه‌ویش پێی وت: “په‌روه‌ردگار، من ئاماده‌م له‌گه‌ڵتدا بۆ زیندان‌ و بۆ مه‌رگیش بچم!”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “په‌تڕۆس پێت ده‌ڵێم، ئه‌مڕۆ كه‌ڵه‌شێر ناقوولێنێت، تاكو تۆ سێ جار نكۆڵی نه‌كه‌یت كه‌ من ده‌ناسیت”. ئینجا پێی فه‌رموون: “كاتێ ئێوه‌م به‌بێ جزدان و توره‌گه‌ و سۆل نارد، ئایا پێویستتان به‌ هیچ بوو؟” وتیان: “نه‌خێر”. پێی فه‌رموون: “به‌ڵام ئێستا، ئه‌وه‌ی جزدانی هه‌یه‌ با بیبات، توره‌گه‌ش. ئه‌وه‌ش كه‌ نییه‌تی با جله‌كانی بفرۆشێت و شمشێرێک بكڕێت. چونكه‌ پێتان ده‌ڵێم: ئه‌مه‌ی نووسراوه‌: {له‌ ڕیزی تاوانباران دانرا} . پێویسته‌ له‌ مندا بێته‌ دی، چونكه‌ شته‌كانی ده‌رباره‌ی من كاتیان هات‌”. وتیان: “په‌روه‌ردگار، ئه‌وه‌تا دوو شمشێر لێره‌یه‌”. پێی فه‌رموون: “ئیتر به‌سه‌!”.

هاوبەشی بکە
لۆقا 22 بخوێنەوە

لۆقا 14:22-38 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

کە کاتی نانخواردن هات، عیسا لەسەر خوان دانیشت، نێردراوانیش لەگەڵی بوون. پێی فەرموون: «زۆر ئارەزووم کرد پێش ئازارچێژتنم ئەم نانەی پەسخەتان لەگەڵ بخۆم، چونکە پێتان دەڵێم: ئیتر نانی پەسخە ناخۆم هەتا لە شانشینی خودا بە تەواویی دێتە دی.» جامێکی هەڵگرت و سوپاسی خودای کرد، فەرمووی: «ئەمە بگرن و لەنێوان خۆتان بەشی بکەن. پێتان دەڵێم: ئیتر لە بەرهەمی مێو ناخۆمەوە هەتا شانشینی خودا دێت!» نانێکی هەڵگرت، سوپاسی خودای کرد و لەتی کرد، پێیدان و فەرمووی: «ئەمە جەستەی منە، کە لە پێناوی ئێوە بەخت دەکرێ. ئەمە بۆ یادکردنەوەی من بکەن.» بە هەمان شێوە پاش نانخواردن، جامەکەی هەڵگرت و فەرمووی: «ئەم جامە پەیمانی نوێیە بە خوێنی من، کە لە پێناوی ئێوە دەڕژێت. بەڵام ئەو دەستەی کە بە گرتنم دەدات لەگەڵ من لەسەر خوانە. کوڕی مرۆڤ بەگوێرەی ئەوەی بۆی دانراوە دەڕوات، بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی ناپاکی لێدەکات.» ئیتر لەناو خۆیان کەوتنە مشتومڕ، ئاخۆ کامیان خەریکە ئەمە بکات. هەروەها دەمەقاڵەیەک کەوتە نێوانیان، لەسەر ئەوەی کە کامیان پایەبەرزترە. عیسا پێی فەرموون: «پاشایانی نەتەوەکانی دیکە فەرمانڕەواییان بەسەردا دەکەن و دەسەڵاتدارانیش بەسەریانەوە بە ”چاکەکار“ ناودەبردرێن. بەڵام ئێوە ئاوا مەبن. بەڵکو با پایەبەرز لەنێوتاندا ببێتە بچووک و ئەوەش کە ڕابەرایەتی دەکات وەک خزمەتکار بێت. کێ پایەبەرزترە، ئەوەی لەسەر خوان دانیشتووە یان ئەوەی خزمەت دەکات؟ بێگومان ئەوەی کە لەسەر خوان دانیشتووە. بەڵام من لەنێوتان وەک ئەوەم کە خزمەت دەکات. ئێوە ئەوانەن کە لە تاقیکردنەوەکانمدا لەگەڵم مانەوە. منیش شانشینێکتان بۆ دادەنێم، هەروەک باوکم بۆی داناوم، تاکو لە شانشینەکەمدا لەسەر خوانەکەم بخۆن و بخۆنەوە، لەسەر تەخت دادەنیشن و دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیل حوکم دەدەن. «شیمۆن، شیمۆن، شەیتان داوای کردوون تاقیتان بکاتەوە، وەک گەنم لە بێژنگتان بدات. بەڵام من نوێژم بۆ کردیت تاکو باوەڕت لەدەست نەدەیت. تۆش کە دەگەڕێیتەوە برایانت بەهێز بکە.» ئەویش پێی گوت: «گەورەم، من ئامادەم لەگەڵ تۆدا بۆ زیندان و بۆ مردنیش بچم.» کەچی عیسا فەرمووی: «پەترۆس پێت دەڵێم، ئەمڕۆ پێش خوێندنی کەڵەشێر، تۆ سێ جار نکۆڵی لە ناسینی من دەکەیت.» ئینجا پێی فەرموون: «کاتێک ئێوەم بەبێ جزدان و توورەکە و پێڵاو نارد، ئایا پێویستتان بە هیچ بوو؟» گوتیان: «نەخێر.» پێی فەرموون: «بەڵام ئێستا ئەوەی جزدان و توورەکەی هەیە با بیبات لەگەڵ خۆی. ئەوەش کە شمشێری نییە، با جلەکانی بفرۆشێت و شمشێر بکڕێت. من پێتان دەڵێم: ئەمەی نووسراوە: ﴿لەگەڵ یاخیبووان ژمێردرا،﴾ پێویستە لە مندا بێتە دی، چونکە ئەو شتانەی لەبارەی منەوە نووسراون دێنە دی.» گوتیان: «گەورەم، ئەوەتا دوو شمشێر لێرەیە.» پێی فەرموون: «بەسە.»

هاوبەشی بکە
لۆقا 22 بخوێنەوە