لۆقا 7:22-62
لۆقا 7:22-62 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)
ڕۆژی فه‌تیره هات، كه پێویست بوو په‌سخه‌ی تێدا سه‌رببڕدرێت. جا په‌تڕۆس و یوخه‌ننه‌نی نارد و فه‌رمووی: “بڕۆن په‌سخه‌مان بۆ ئاماده بكه‌ن تا بیخۆین”. پێیان وت: “ده‌ته‌وێ له‌كوێ ئاماده‌ی بكه‌ین؟” پێی فه‌رموون: “كاتێ ده‌چنه نێو شار، تووشی پیاوێک ده‌بن گۆزه‌یه‌ک ئاوی هه‌ڵگرتووه، دوای بكه‌ون بۆ ئه‌و ماڵه‌ی ده‌چیته ژووره‌وه‌ی. ئینجا به خاوه‌ن ماڵه‌كه بڵێن: ڕابی پێت ده‌ڵێت: كوا ماڵه‌كه تاكو له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانم په‌سخه‌ی تێدا بخۆم؟ ئه‌ویش له نهۆمی سه‌ره‌وه ژوورێكی گه‌وره و ڕاخراوتان پیشان ده‌دات، له‌وێ ئاماده‌ی بكه‌ن”. جا ڕۆیشتن، هه‌روه‌ک پێی فه‌رمووبوون بینییان و په‌سخه‌یان ئاماده كرد. كه كاته‌كه هات پاڵیدایه‌وه، دوانزه په‌یامبه‌ره‌كانیش له‌گه‌ڵی بوون. پێی فه‌رموون: “زۆر ئاره‌زووم كرد پێش ئازار چێژتنم ئه‌م په‌سخه‌تان له‌گه‌ڵ بخۆم. چونكه پێتان ده‌ڵێم: ئیتر لێی ناخۆم تاكو له پاشایه‌تیی خودا دێته دی”. جامێكی هه‌ڵگرت و سوپاسی كرد، فه‌رمووی: “ئه‌مه بگرن و له‌نێو خۆتان به‌شی بكه‌ن. چونكه پێتان ده‌ڵێم: ئیتر له به‌رهه‌می مێو ناخۆمه‌وه تاكو پاشایه‌تیی خودا دێت”. نانێكی هه‌ڵگرت، سوپاسی كرد و له‌تیكرد، پێی‌دان و فه‌رمووی: “ئه‌مه له‌شی منه، كه له پێناوی ئێوه به‌خت ده‌كرێت. ئه‌مه بۆ یاده‌وه‌ریم بكه‌ن”. جامه‌كه‌ش ئاوا دوای شێو، فه‌رمووی: “ئه‌م جامه په‌یمانی نوێیه به خوێنی من، كه له پێناوی ئێوه ده‌ڕژێت. به‌ڵام ئه‌وه‌تا ده‌ستی ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستم ده‌كات له‌گه‌ڵ من له‌سه‌ر خوانه. ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی بۆی دانراوه ده‌ڕوات، به‌ڵام وه‌ی به‌حاڵ ئه‌و كه‌سه‌ی ڕاده‌ستی ده‌كات!”. ئیتر له‌نێو خۆیان پرسیان كرد: “ئاخۆ كامیان خه‌ریكه ئه‌مه بكات؟”. هه‌روه‌ها ده‌مه‌قاڵه‌یه‌ک له‌نێویان بوو، كامیان به گه‌وره دابنرێت. پێی فه‌رموون: “پاشایانی نه‌ته‌وه‌كان گه‌ورایه‌تییان ده‌كه‌ن و ده‌سه‌ڵاتدارانیش به‌سه‌ریانه‌وه به چاكه‌كار ناوده‌برێن. به‌ڵام بۆ ئێوه ئاوا نییه. به‌ڵكو با گه‌وره‌تان وه‌ک بچووک و ڕابه‌ر وه‌ک ڕاژه‌وان بێت. چونكه كێ گه‌وره‌یه، ئه‌وه‌ی پاڵی داوه یان ئه‌وه‌ی ڕاژه ده‌كات؟ ئه‌وه نییه كه پاڵی داوه؟ به‌ڵام من له‌نێوانتان وه‌ک ئه‌وه‌م كه ڕاژه ده‌كات. ئێوه كه له تاقیكردنه‌وه‌كانمدا له‌گه‌ڵم جێگیر بوون. منیش پاشایه‌تیه‌كتان بۆ داده‌نێم، وه‌ک باوكم بۆی داناوم، تاكو له پاشایه‌تیه‌كه‌مدا له‌سه‌ر خوانه‌كه‌م بخۆن و بخۆنه‌وه، له‌سه‌ر ته‌خته‌كان داده‌نیشن و دوازده هۆزه‌كه‌ی ئیسڕائیل حوكم ده‌ده‌ن”. جا په‌روه‌ردگار فه‌رمووی: “شیمعون، شیمعون، ئه‌وه‌تا شه‌یتان داوای كردوون، تاكو وه‌ک گه‌نم له بێژنگتان بدات! به‌ڵام له‌پێناوی تۆ نوێژم كرد تاكو باوه‌ڕت له‌ناونه‌چێت. تۆش كه ده‌گه‌ڕێیته‌وه برایانت جێگیر بكه”. ئه‌ویش پێی وت: “په‌روه‌ردگار، من ئاماده‌م له‌گه‌ڵتدا بۆ زیندان و بۆ مه‌رگیش بچم!”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “په‌تڕۆس پێت ده‌ڵێم، ئه‌مڕۆ كه‌ڵه‌شێر ناقوولێنێت، تاكو تۆ سێ جار نكۆڵی نه‌كه‌یت كه من ده‌ناسیت”. ئینجا پێی فه‌رموون: “كاتێ ئێوه‌م به‌بێ جزدان و توره‌گه و سۆل نارد، ئایا پێویستتان به هیچ بوو؟” وتیان: “نه‌خێر”. پێی فه‌رموون: “به‌ڵام ئێستا، ئه‌وه‌ی جزدانی هه‌یه با بیبات، توره‌گه‌ش. ئه‌وه‌ش كه نییه‌تی با جله‌كانی بفرۆشێت و شمشێرێک بكڕێت. چونكه پێتان ده‌ڵێم: ئه‌مه‌ی نووسراوه: {له ڕیزی تاوانباران دانرا} . پێویسته له مندا بێته دی، چونكه شته‌كانی ده‌رباره‌ی من كاتیان هات”. وتیان: “په‌روه‌ردگار، ئه‌وه‌تا دوو شمشێر لێره‌یه”. پێی فه‌رموون: “ئیتر به‌سه!”. ئینجا ده‌رچوو و وه‌ک هه‌موو جارێک چووه كێوی زه‌یتوون، قوتابییه‌كانیش دوای كه‌وتن. كاتێ گه‌یشته شوێنه‌كه، پێی فه‌رموون: “نوێژ بكه‌ن نه‌وه‌ک بكه‌ونه تاقیكردنه‌وه”. ئینجا نزیكه‌ی به‌ردهاوێژێک لێیان دووركه‌وته‌وه، چۆكی دادا و نوێژی ده‌كرد. فه‌رمووی: “باوكه، ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت ئه‌م جامه‌م له‌سه‌ر لاببه، به‌ڵام نه‌ک به خواستی من، به‌ڵكو به خواستی خۆت بێت”. فریشته‌یه‌كیش له ئاسمانه‌وه بۆی ده‌ركه‌وت به‌هێزی ده‌كرد. كه له ململانێدا بوو، به پێداگرتنێكی توند نوێژی ده‌كرد، ئاره‌قه‌كه‌ی وه‌ک دڵۆپی خوێن ده‌كه‌وته سه‌ر زه‌وی. ئینجا له نوێژه‌كه هه‌ستا و هاته لای قوتابییه‌كانی، بینی له خه‌مان خه‌ویان لێ كه‌وتووه. پێی فه‌رموون: “بۆچی خه‌وتوون؟ هه‌ستن، نوێژ بكه‌ن نه‌وه‌ک بكه‌ونه تاقیكردنه‌وه”. كاتێ قسه‌ی ده‌فه‌رموو كۆمه‌ڵێک په‌یدابوون، ئه‌وه‌ی پێی ده‌ووترا ئیهوودا و یه‌كێكه له دوازده‌كه پێشیان كه‌وتووه، له ئیشۆع نزیكبووه‌وه تاكو ماچی بكات. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ئیهوودا، به ماچێک ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ڕاده‌ست ده‌كه‌یت؟” ئه‌وانه‌ی ده‌وروپشتی كه ئه‌وه‌یان بینی خه‌ریكه ڕووبدات، وتیان: “په‌روه‌ردگار، شمشێر بوه‌شێنین؟” جا یه‌كێكیان له كۆیله‌ی كاهینی باڵا دا و گوێی ڕاستی بڕی. به‌ڵام ئیشۆع فه‌رمووی: “واز له‌مه بهێنن!” ئینجا ده‌ستی له گوێی دا و چاكیكرده‌وه. ئینجا ئیشۆع به كاهینانی باڵا و فه‌رمانده‌ی په‌رستگا و پیرانی فه‌رموو: “هه‌روه‌ک بۆ گرتنی دزێک به شمشێر و كوته‌كه‌وه هاتوون! هه‌موو ڕۆژێک له په‌رستگا له‌گه‌ڵتان بووم ده‌ستتان درێژ نه‌كرده سه‌رم. به‌ڵام ئه‌مه كاتی ئێوه‌یه و ده‌سه‌ڵاتی تاریكییه”. ئیتر گرتییان، بردییان و هێنایانه ماڵی كاهینی باڵا. به‌ڵام په‌تڕۆس دووربه‌دوور دوای كه‌وت. كاتێ له ناوه‌ڕاستی حه‌وشه‌دا ئاگریان كرده‌وه و پێكه‌وه دانیشتن، په‌تڕۆسیش له‌نێویاندا دانیشت. كه‌نیزه‌یه‌ک ئه‌وی بینی له‌به‌ر ئاگره‌كه دانیشتووه، تێی‌ڕووانی و وتی: “ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵی بوو!”. ئه‌وه‌یش نكۆڵی كرد و وتی: “نه‌خێر خانم، نایناسم!”. دوای كه‌مێک، یه‌كێكی دیكه بینی، وتی: “تۆش له‌وانیت!” په‌تڕۆس وتی: “كاكه، من نیم!” دوای نزیكه‌ی كاژێرێک، یه‌كێكی دیكه مكوڕ بوو، وتی: “به ڕاستی ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵی بوو، چونكه ئه‌مه‌ش گلیلاییه!”. په‌تڕۆس وتی: “كاكه، نازانم چی ده‌ڵێی!”. هه‌ر له‌و كاته‌دا كه قسه‌ی ده‌كرد، كه‌ڵه‌شێر قولاندی. په‌روه‌ردگاریش ئاوڕی دایه‌وه و سه‌یری په‌تڕۆسی كرد، ئینجا په‌تڕۆس فه‌رمووده‌كه‌ی په‌روه‌ردگاری بیركه‌وته‌وه كه پێی فه‌رموو: “پێش ئه‌وه‌ی كه‌ڵه‌شێر بقوولێنێت، تۆ سێ جار نكۆڵیم لێ ده‌كه‌یت”. ئیتر په‌تڕۆس چووه ده‌ره‌وه و به‌كوڵ گریا.
لۆقا 7:22-62 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)
ڕۆژی فەتیرە هات، ئەوەی پێویست بوو بەرخی پەسخەی تێدا بکرێتە قوربانی. عیسا پەترۆس و یۆحەنای نارد و فەرمووی: «بڕۆن نانی پەسخەمان بۆ ئامادە بکەن تاکو بیخۆین.» لێیان پرسی: «دەتەوێ لەکوێ ئامادەی بکەین؟» پێی فەرموون: «کاتێک دەچنە ناو شار، تووشی پیاوێک دەبن گۆزەیەک ئاوی هەڵگرتووە، دوای بکەون بۆ ئەو ماڵەی کە بۆی دەچێت. ئینجا بە خاوەن ماڵەکە بڵێن: ”مامۆستا دەفەرموێت: کوا دیوەخانەکە تاکو لەگەڵ قوتابییەکانم نانی پەسخەی تێدا بخۆم؟“ ئەویش لە نهۆمی سەرەوە ژوورێکتان پیشان دەدات، گەورەیە و ڕاخراوە، لەوێ ئامادەی بکەن.» جا ڕۆیشتن، هەموو شتێکیان دۆزییەوە، هەروەک عیسا پێی فەرمووبوون. ئینجا نانی پەسخەیان ئامادە کرد. کە کاتی نانخواردن هات، عیسا لەسەر خوان دانیشت، نێردراوانیش لەگەڵی بوون. پێی فەرموون: «زۆر ئارەزووم کرد پێش ئازارچێژتنم ئەم نانەی پەسخەتان لەگەڵ بخۆم، چونکە پێتان دەڵێم: ئیتر نانی پەسخە ناخۆم هەتا لە شانشینی خودا بە تەواویی دێتە دی.» جامێکی هەڵگرت و سوپاسی خودای کرد، فەرمووی: «ئەمە بگرن و لەنێوان خۆتان بەشی بکەن. پێتان دەڵێم: ئیتر لە بەرهەمی مێو ناخۆمەوە هەتا شانشینی خودا دێت!» نانێکی هەڵگرت، سوپاسی خودای کرد و لەتی کرد، پێی‌دان و فەرمووی: «ئەمە جەستەی منە، کە لە پێناوی ئێوە بەخت دەکرێ. ئەمە بۆ یادکردنەوەی من بکەن.» بە هەمان شێوە پاش نانخواردن، جامەکەی هەڵگرت و فەرمووی: «ئەم جامە پەیمانی نوێیە بە خوێنی من، کە لە پێناوی ئێوە دەڕژێت. بەڵام ئەو دەستەی کە بە گرتنم دەدات لەگەڵ من لەسەر خوانە. کوڕی مرۆڤ بەگوێرەی ئەوەی بۆی دانراوە دەڕوات، بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی ناپاکی لێدەکات.» ئیتر لەناو خۆیان کەوتنە مشت‌ومڕ، ئاخۆ کامیان خەریکە ئەمە بکات. هەروەها دەمەقاڵەیەک کەوتە نێوانیان، لەسەر ئەوەی کە کامیان پایەبەرزترە. عیسا پێی فەرموون: «پاشایانی نەتەوەکانی دیکە فەرمانڕەواییان بەسەردا دەکەن و دەسەڵاتدارانیش بەسەریانەوە بە ”چاکەکار“ ناودەبردرێن. بەڵام ئێوە ئاوا مەبن. بەڵکو با پایەبەرز لەنێوتاندا ببێتە بچووک و ئەوەش کە ڕابەرایەتی دەکات وەک خزمەتکار بێت. کێ پایەبەرزترە، ئەوەی لەسەر خوان دانیشتووە یان ئەوەی خزمەت دەکات؟ بێگومان ئەوەی کە لەسەر خوان دانیشتووە. بەڵام من لەنێوتان وەک ئەوەم کە خزمەت دەکات. ئێوە ئەوانەن کە لە تاقیکردنەوەکانمدا لەگەڵم مانەوە. منیش شانشینێکتان بۆ دادەنێم، هەروەک باوکم بۆی داناوم، تاکو لە شانشینەکەمدا لەسەر خوانەکەم بخۆن و بخۆنەوە، لەسەر تەخت دادەنیشن و دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیل حوکم دەدەن. «شیمۆن، شیمۆن، شەیتان داوای کردوون تاقیتان بکاتەوە، وەک گەنم لە بێژنگتان بدات. بەڵام من نوێژم بۆ کردیت تاکو باوەڕت لەدەست نەدەیت. تۆش کە دەگەڕێیتەوە برایانت بەهێز بکە.» ئەویش پێی گوت: «گەورەم، من ئامادەم لەگەڵ تۆدا بۆ زیندان و بۆ مردنیش بچم.» کەچی عیسا فەرمووی: «پەترۆس پێت دەڵێم، ئەمڕۆ پێش خوێندنی کەڵەشێر، تۆ سێ جار نکۆڵی لە ناسینی من دەکەیت.» ئینجا پێی فەرموون: «کاتێک ئێوەم بەبێ جزدان و توورەکە و پێڵاو نارد، ئایا پێویستتان بە هیچ بوو؟» گوتیان: «نەخێر.» پێی فەرموون: «بەڵام ئێستا ئەوەی جزدان و توورەکەی هەیە با بیبات لەگەڵ خۆی. ئەوەش کە شمشێری نییە، با جلەکانی بفرۆشێت و شمشێر بکڕێت. من پێتان دەڵێم: ئەمەی نووسراوە: ﴿لەگەڵ یاخیبووان ژمێردرا،﴾ پێویستە لە مندا بێتە دی، چونکە ئەو شتانەی لەبارەی منەوە نووسراون دێنە دی.» گوتیان: «گەورەم، ئەوەتا دوو شمشێر لێرەیە.» پێی فەرموون: «بەسە.» پاشان عیسا وەک جاران چوو بۆ کێوی زەیتوون، قوتابییەکانیش دوای کەوتن. کاتێک گەیشتە شوێنەکە، پێی فەرموون: «نوێژ بکەن، تاکو نەکەونە ناو تاقیکردنەوەوە.» ئینجا نزیکەی بەردهاوێژێک لێیان دوور کەوتەوە، چۆکی دادا و نوێژی دەکرد. فەرمووی: «باوکە، ئەگەر دەتەوێت ئەم جامەم لەسەر لاببە، بەڵام نەک بە خواستی من، بەڵکو بە خواستی خۆت بێت.» فریشتەیەکیش لە ئاسمانەوە بۆی دەرکەوت بەهێزی دەکرد. کە لە ململانێدا بوو، زۆر بە گوڕتر نوێژی دەکرد و ئارەقەکەی وەک دڵۆپی خوێنی لێهات دەکەوتە سەر زەوی. ئینجا لە نوێژەکە هەستا و هاتە لای قوتابییەکان، بینی لە خەمان خەویان لێ کەوتووە. پێی فەرموون: «بۆچی خەوتوون؟ هەستن و نوێژ بکەن، تاکو نەکەونە ناو تاقیکردنەوەوە.» هێشتا ئەو قسەی دەکرد کۆمەڵێک پەیدابوون، ئەو کەسەش کە پێی دەگوترا یەهوزا و یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە پێشیان کەوتبوو، لە عیسا نزیک بووەوە تاکو ماچی بکات. عیساش پێی فەرموو: «ئەی یەهوزا، بە ماچێک کوڕی مرۆڤ بە گرتن دەدەیت؟» ئەوانەی دەوروپشتی کاتێک بینییان وا خەریکە شتێک ڕوودەدات، گوتیان: «گەورەم، شمشێر بوەشێنین؟» جا یەکێکیان لە کۆیلەی سەرۆکی کاهینانی دا و گوێی ڕاستی بڕی. بەڵام عیسا فەرمووی: «ئیدی بەسە!» ئینجا دەستی لە گوێی دا و چاکیکردەوە. پاشان عیسا بە کاهینانی باڵا و فەرماندەی پەرستگا و پیرانی فەرموو: «ئایا من کەسێکی یاخیبووم کە بە کوتەک و شمشێرەوە هاتوون بمگرن؟ ڕۆژانە لە حەوشەکانی پەرستگا لەگەڵتان بووم دەستتان لێ نەدام. بەڵام ئەمە کاتی ئێوەیە، کاتی دەسەڵاتی تاریکییە.» ئیتر گرتییان، بردیان و هێنایانە ماڵی سەرۆکی کاهینان. پەترۆسیش دووربەدوور دوای کەوت. هەندێک کەس لە ناوەڕاستی حەوشەکەدا ئاگریان کردبووەوە و پێکەوە دانیشتبوون، پەترۆسیش لەگەڵیان دانیشتبوو. کارەکەرێک ئەوی بینی لەبەر ڕووناکی دانیشتووە، تێیڕوانی و گوتی: «ئەمەش لەگەڵی بوو.» بەڵام نکۆڵیی کرد و گوتی: «نەخێر خانم، نایناسم.» دوای کەمێک، یەکێکی دیکە بینی و گوتی: «تۆش لەوانیت.» بەڵام پەترۆس گوتی: «نەخێر کاکە، من لەوان نیم.» دوای نزیکەی کاتژمێرێک، یەکێکی دیکە مکوڕ بوو و گوتی: «بەڕاستی ئەمەش لەگەڵی بوو، چونکە ئەمەش جەلیلییە.» بەڵام پەترۆس گوتی: «کاکە، نازانم چی دەڵێیت.» هەر لەو کاتەدا کە قسەی دەکرد، کەڵەشێر خوێندی. مەسیحی خاوەن شکۆش ئاوڕی دایەوە و سەیری پەترۆسی کرد، ئینجا پەترۆس قسەکەی مەسیحی بیرکەوتەوە کە پێی فەرموو: «ئەمڕۆ پێش ئەوەی کەڵەشێر بخوێنێت، سێ جار نکۆڵیم لێ دەکەیت.» ئیتر چووە دەرەوە و بەکوڵ گریا.