لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 1:23-49

لۆقا 1:23-49 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئینجا هه‌موو كۆمه‌ڵه‌كه‌یان هه‌ستان و بردییانه‌ لای پیڵاتوس. ده‌ستیانكرد به‌ سكاڵاكردن لێی، وتیان: “بینیمان ئه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌كه‌مان چه‌واشه‌ ده‌كات و قه‌ده‌غه‌ له‌ سه‌رانه‌دان ده‌كات بۆ قه‌یسه‌ڕ و خۆی به‌ مه‌سیحێكی پاشا ناوده‌بات”. پیڵاتوس لێی پرسی وتی: “تۆ پاشای جووی؟” وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “تۆ وتته‌وه‌”. پیڵاتوسیش به‌ كاهینانی باڵا و كۆمه‌ڵانه‌كه‌ی وت: “هیچ تاوانێک له‌م پیاوه‌ نابینم”. به‌ڵام مكوڕ بوون و وتیان: “گه‌ل ده‌وروژێنێت، له‌ هه‌موو ئیهوود خه‌ڵک فێرده‌كات، ده‌ستپێک له‌ گلیلاوه‌ تاكو ئێره‌”. كاتێ پیڵاتوس ناوی گلیلای بیست، پرسی كرد “ئاخۆ پیاوه‌كه‌ گلیلاییه‌؟”. كه‌ زانی له‌ ده‌سه‌ڵاتی هیڕوودسه‌، بۆ هیڕوودسی نارد، كه‌ له‌و ڕۆژانه‌دا ئه‌ویش له‌ یروشلایم بوو. كاتێ هیڕوودس ئیشۆعی بینی، زۆر دڵخۆش بوو، چونكه‌ ده‌مێک بوو ده‌یه‌ویست بیبینێت، چونكه‌ زۆر شتی ده‌رباره‌ی بیستبوو و به‌ ئومێد بوو ببینێت په‌رجوێک به‌هۆی ئه‌و ببێت. جۆره‌ها پرسی لێكرد، به‌ڵام هیچ وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌. كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان ڕاوه‌ستان و به‌ توندی سكاڵایان لێی ده‌كرد. هیڕوودس و سه‌ربازانی سووكایه‌تی و گاڵته‌یان پێیكرد. جلێكی بریسكه‌دارای له‌به‌ری كرد و ناردیه‌وه‌ بۆ پیڵاتوس. پیڵاتوس و هیڕوودس له‌و ڕۆژه‌دا له‌گه‌ڵ یه‌كتری بوونه‌ دۆست، چونكه‌ پێشتر دوژمنی یه‌كتر بوون. پیڵاتوس كاهینانی باڵا و پێشه‌وایان و گه‌لی بانگكرد و پێی وتن: “ئه‌م پیاوه‌تان هێنایه‌ لام وه‌ک یه‌كێک خه‌ڵک تێكبدات، ئه‌وه‌تا منیش له‌به‌رده‌متان لێم كۆڵییه‌وه‌ و هیچ تاوانێكم له‌م پیاوه‌دا نه‌بینی له‌وه‌ی سكاڵای لێده‌كه‌ن. نه‌ هیڕوودسیش، چونكه‌ بۆ لای ئێمه‌ی ناردۆته‌وه‌. ئه‌وه‌تا هیچ شتێكی نه‌كردووه‌ شایانی مه‌رگ بێت. بۆیه‌ ته‌مبێی ده‌كه‌م و ئازادی ده‌كه‌م”. ناچار بوو له‌ هه‌موو جه‌ژنێكدا یه‌كێكیان بۆ ئازاد بكات. به‌ڵام تێكڕا هاواریان كرد، “ئه‌مه‌ ببه‌! به‌ڕئه‌ببامان بۆ ئازاد بكه‌!” ئه‌وه‌ی له‌به‌ر ئاژاوه‌یه‌ک كه‌ له‌ شاردا ڕوویدابوو و له‌به‌ر كوشتن فڕێدرابووه‌ زیندانه‌وه‌. پیڵاتوس دیسان بانگیكردن، ده‌یویست ئیشۆع ئازاد بكات. به‌ڵام هاواریان كرد و وتیان: “له‌خاچی بده‌! له‌خاچی بده‌!” سێیه‌مجار پێی وتن: “ئه‌مه‌ چ خراپه‌یه‌كی كردووه‌؟ تاوانێكی تێدا نابینم كه‌ سزاكه‌ی مه‌رگ بێت. بۆیه‌ ته‌مبێی ده‌كه‌م و ئازادی ده‌كه‌م”. به‌ڵام پێیانداگرت و به‌ ده‌نگی به‌رز داوایان كرد له‌خاچ بدرێت، جا ده‌نگییان و ده‌نگی كاهینانی باڵا به‌هێز بوو. پیڵاتوسیش بڕیاری دا داواكارییه‌كه‌یان جێبه‌جێ بكرێت. ئه‌وه‌ی له‌به‌ر ئاژاوه‌ و كوشتن فڕێدرابووه‌ زیندانه‌وه‌ ئازادی كرد، ئه‌وه‌ی داوایان كرد، ئیشۆعیشی ڕاده‌ستی خواستی ئه‌وانی كرد. كاتێ بردییان، شیمعونی قه‌ورینێیان گرت كه‌ له‌ كێڵگه‌ ده‌هاته‌وه‌، خاچه‌كه‌یان خسته‌ كۆڵی تاكو به‌دوای ئیشۆعه‌وه‌ هه‌ڵیبگرێت. جه‌ماوه‌رێكی زۆری گه‌ل و ئه‌و ژنانه‌ی شیوه‌نیان ده‌كرد و بۆی ده‌گریان دوای كه‌وتن. ئیشۆع ئاوڕی لێ دانه‌وه‌، فه‌رمووی: “كچانی یروشلایم، بۆ من مه‌گریێن، به‌ڵكو بۆ خۆتان و منداڵه‌كانتان بگریێن. ئه‌وه‌تا ڕۆژانێک دێت، تیایدا ده‌ڵێن: خۆزگه‌ به‌ نه‌زۆک و به‌و سكانه‌ی منداڵیان نه‌بووه‌ و به‌و مه‌مكانه‌ی شیریان نه‌داوه‌! ئه‌وسا به‌ شاخه‌كان ده‌ڵێن: به‌سه‌رماندا بكه‌ون! به‌ گرده‌كانیش: دامانپۆشن! چونكه‌ ئه‌گه‌ر وا به‌ داری سه‌وز بكه‌ن، بۆ وشک چی ده‌بێت؟”. دوو تاوانباری دیكه‌شیان هێنا تاكو له‌گه‌ڵ ئه‌ودا بكوژرێن. كاتێ گه‌یشتنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی به‌ {كاسه‌سه‌ر} ناوده‌برا، له‌وێ له‌گه‌ڵ دوو تاوانباره‌كه‌ له‌خاچیان دا، یه‌كێک له‌لای ڕاستی و ئه‌وی دیكه‌ له‌لای چه‌پ. ئیشۆعیش فه‌رمووی: “باوكه‌، لێیان خۆش به‌، چونكه‌ نازانن چی ده‌كه‌ن”. ئینجا به‌ تیروپشک كراسه‌كه‌یان دابه‌ش كرد. گه‌ل ڕاوه‌ستابوون سه‌یریان ده‌كرد، سه‌رۆكه‌كان گاڵته‌یان پێ ده‌كرد و ده‌یانووت: “خه‌ڵكی دیكه‌ی ڕزگار كرد، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ مه‌سیحی ده‌ستنیشانكراوی خودایه‌، با خۆی ڕزگار بكات!” سه‌ربازانیش گاڵته‌یان پێ ده‌كرد و ده‌هاتنه‌ لای و سركه‌یان پێ ده‌دا، ده‌یانووت: “ئه‌گه‌ر تۆ پاشای جوویت، خۆت ڕزگار بكه‌!” نووسراوێكیش له‌ ژوور سه‌ریه‌وه‌ هه‌بوو به‌ پیتی یۆنانی و ڕۆمانی و عیبڕانی نووسرابوو: “ئه‌مه‌ پاشای جووه‌”. یه‌كێک له‌ تاوانباره‌ هه‌ڵواسراوه‌كان، كفری دژی ده‌كرد و ده‌یووت: “ئه‌گه‌ر تۆ مه‌سیحه‌كه‌یت، خۆت و ئێمه‌ش ڕزگار بكه!” ئه‌وی دیكه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و سه‌رزه‌نشتی كرد، وتی: “له‌ خودا ناترسی، كه‌ تۆش هه‌مان سزات به‌سه‌ر دراوه‌؟ سزای ئێمه‌ دادپه‌روه‌رانه‌یه‌، له‌ جیاتی كردارمانه‌ وه‌ریده‌گرین، به‌ڵام ئه‌مه‌ هیچ شتێكی ناشیاوی نه‌كردووه‌”. ئینجا به‌ ئیشۆعی وت: “په‌روه‌ردگار منت له‌یاد بێت كاتێ له‌ پاشایه‌تیه‌كه‌ی خۆت دێی”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “ڕه‌وات پێ ده‌ڵێم: ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ من له‌ به‌هه‌شتدا ده‌بیت”. نزیكی كاژێر شه‌ش، تاریكایی به‌سه‌ر هه‌موو زه‌وییه‌وه‌ بوو، تاكو كاژێر نۆ، خۆر تاریک بوو. په‌رده‌ی په‌رستگاش شه‌قبوو و بووه‌ دوو پارچه‌. ئیشۆع به‌ ده‌نگێكی مه‌زن هاواری كرد و فه‌رمووی: “باوكه‌، ڕووحی خۆم به‌ ده‌ستی تۆ ده‌سپێرم”. ئه‌مه‌ی فه‌رموو و ڕووحی سپارد. كاتێ سه‌رپه‌له‌كه‌ ئه‌م شتانه‌ی بینی كه‌ ڕوویدا، خودای شكۆدار كرد، وتی: “به‌ ڕاستی ئه‌م پیاوه‌ بێتاوان بوو!”. هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكه‌ی بۆ ئه‌م دیمه‌نه‌ كۆببوونه‌وه‌، كاتێ ئه‌وه‌یان بینی كه‌ ڕوویدا، به‌ سنگكوتانه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌. هه‌موو ناسیاو و ئه‌و ژنانه‌ی له‌ گلیلاوه‌ دوای كه‌وتبوون، له‌ دووره‌وه‌ ڕاوه‌ستابوون و ته‌ماشای ئه‌م شتانه‌یان ده‌كرد.

هاوبەشی بکە
لۆقا 23 بخوێنەوە

لۆقا 1:23-49 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئینجا هەموو کۆمەڵەکە هەستان و عیسایان بردە لای پیلاتۆس. دەستیان بە سکاڵا لێکردنی کرد و دەیانگوت: «بینیمان ئەمە گەلەکەمان چەواشە دەکات، هەروەها هانی خەڵکەکە دەدات کە سەرانە بە قەیسەر نەدەن و خۆی بە مەسیحی پاشا ناودەبات.» پیلاتۆس لێی پرسی: «تۆ پاشای جولەکەی؟» وەڵامی دایەوە: «خۆت گوتت.» پیلاتۆسیش بە کاهینانی باڵا و خەڵکەکەی گوت: «هیچ تاوانێک لەم پیاوە نابینم.» بەڵام ئەوان پێداگرییان کرد و گوتیان: «گەل دەوروژێنێت، لە هەموو یەهودیا خەڵک فێردەکات، دەستپێک لە جەلیلەوە هەتا ئێرە.» کاتێک پیلاتۆس ئەمەی بیست، پرسیاری کرد ئاخۆ پیاوەکە جەلیلییە. کە زانی عیسا سەر بەو ناوچەیە کە هێرۆدس حوکمڕانی دەکرد، ناردی بۆ لای هێرۆدس، کە لەو ڕۆژانەدا ئەویش لە ئۆرشەلیم بوو. کاتێک هێرۆدس عیسای بینی، زۆر دڵخۆش بوو، چونکە دەمێک بوو دەیویست بیبینێت لەبەر ئەوەی زۆر شتی لەبارەیەوە بیستبوو و بەو هیوایە بوو کە یەکێک لە پەرجووەکانی ببینێت. جۆرەها پرسیاری لێکرد، بەڵام هیچ وەڵامی نەدایەوە. کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەوراتیش ڕاوەستان و بە توندی سکاڵایان لێی دەکرد. هێرۆدس و سەربازەکانی سووکایەتی و گاڵتەیان پێی دەکرد. کەوایەکی بریسکەداریان لەبەری کرد و ناردیانەوە بۆ لای پیلاتۆس. پیلاتۆس و هێرۆدس پێشتر دوژمنی یەکتری بوون، بەڵام لەو ڕۆژەدا لەگەڵ یەکتری بوونە دۆست. پیلاتۆس کاهینانی باڵا و پێشەوایان و گەلی بانگکرد و پێی گوتن: «ئەم پیاوەتان هێنایە لام وەک یەکێک خەڵک بۆ یاخیبوون هانبدات. ئەوەتا منیش لەبەردەمتان لێم کۆڵییەوە و هیچ تاوانێکم لەم پیاوەدا نەبینی لەوەی سکاڵای لێدەکەن. نە هێرۆدسیش، چونکە بۆ لای ئێمەی ناردووەتەوە. هەروەک دەبینن، هیچ شتێکی وای نەکردووە کە شایانی سزای مردن بێت. لەبەر ئەوە تەمبێی دەکەم و ئازادی دەکەم.» [ ناچار بوو لە هەموو جەژنێکدا کەسێکیان بۆ ئازاد بکات.] بەڵام تێکڕا هاواریان کرد، «ئەمە ببە! باراباسمان بۆ ئازاد بکە!» ئەوەی لەبەر ڕاپەڕینێک کە لە شاردا ڕوویدابوو و لەبەر کوشتن فڕێدرابووە بەندیخانەوە. پیلاتۆس دیسان بانگی کردن، دەیویست عیسا ئازاد بکات. بەڵام هاواریان دەکرد: «لە خاچی بدە! لە خاچی بدە!» بۆ جاری سێیەم پێی گوتن: «بۆ؟ ئەمە چ خراپەیەکی کردووە؟ من تاوانێکی تێدا نابینم کە سزایەکەی مردن بێت. لەبەر ئەوە تەمبێی دەکەم و ئازادی دەکەم.» بەڵام ئەوان پێداگرییان کرد و بە دەنگی بەرز داوایان دەکرد لە خاچ بدرێت، جا بەمە قسەکەیان سەرکەوت. پیلاتۆسیش بڕیاری دا داواکارییەکەیان جێبەجێ بکرێت. ئەوەی لەبەر ڕاپەڕین و کوشتن فڕێدرابووە زیندانەوە ئازادی کرد، ئەوەی داوایان کرد، عیساشی دایە دەست خواستی ئەوان. کاتێک بردیان، شیمۆنی کورێنییان گرت کە لە کێڵگە دەهاتەوە، خاچەکەیان خستە سەر شانی تاکو بەدوای عیساوە هەڵیبگرێت. خەڵکێکی لە ڕادەبەدەر زۆر دوای کەوتبوون، هەروەها چەند ژنێک شینیان دەکرد و دەگریان‏. عیسا ئاوڕی لێ دانەوە، فەرمووی: «کچانی ئۆرشەلیم بۆ من مەگریێن، بۆ خۆتان و منداڵەکانتان بگریێن. ئەوەتا ڕۆژانێک دێت، تێیدا دەڵێن، خۆزگە دەخوازرێت بە نەزۆک و بەو سکانەی منداڵیان نەبووە و بەو مەمکانەی شیریان نەداوە. ئەو کاتە «﴿بە چیاکان دەڵێن، ”بەسەرماندا بڕووخێن!“ بە گردەکانیش دەڵێن، ”دامانپۆشن!“﴾ ئەگەر ئەم شتانە بە داری سەوز بکەن، ئەی کە وشک بێت، چی دەبێت؟» دوو تاوانباری دیکەشیان هێنا تاکو لەگەڵ ئەودا بکوژرێن. کاتێک گەیشتنە ئەو شوێنەی بە کاسەسەر ناودەبردرا، لەوێ لەگەڵ تاوانبارەکان لە خاچیان دا، یەکێک لەلای ڕاستی و ئەوەی دیکەش لەلای چەپی. عیساش فەرمووی: «باوکە، لێیان خۆشبە، چونکە نازانن چی دەکەن.» ئینجا بە تیروپشک جلەکانیان دابەش کرد. خەڵکەکە ڕاوەستابوون سەیریان دەکرد، ڕابەرەکان گاڵتەیان پێ دەکرد و دەیانگوت: «خەڵکی دیکەی ڕزگار کرد، ئەگەر ئەمە مەسیحی خودایە، هەڵبژێردراوی خودایە، با خۆی ڕزگار بکات!» سەربازانیش دەهاتنە لای و گاڵتەیان پێ دەکرد، سرکەیان پێدەدا و دەیانگوت: «ئەگەر تۆ پاشای جولەکەیت، خۆت ڕزگار بکە!» تەختەیەکیش لەژوور سەرییەوە داکوترابوو کە لەسەری نووسرابوو، «ئەمە پاشای جولەکەیە.» یەکێک لە تاوانبارە هەڵواسراوەکان، کفری لە دژی دەکرد و دەیگوت: «ئایا تۆ مەسیح نیت؟ دەی خۆت و ئێمەش ڕزگار بکە.» بەڵام ئەوی دیکە وەڵامی دایەوە و سەرزەنشتی کرد: «لە خودا ناترسی، کە تۆش هەمان سزات بەسەردا دراوە؟ سزای ئێمە دادپەروەرانەیە، لە جیاتی کردارەکانمان وەریدەگرین، بەڵام ئەم پیاوە هیچ هەڵەیەکی نەکردووە.» ئینجا گوتی: «عیسا منت لەیاد بێت کاتێک وەک پاشا دێیتە ناو شانشینەکەتەوە.» پێی فەرموو: «ڕاستیت پێ دەڵێم: ئەمڕۆ لەگەڵ من لە بەهەشتدا دەبیت.» نزیکی کاتژمێر دوازدە، هەتا کاتژمێر سێ تاریکی باڵی بەسەر هەموو زەویدا کێشا، چونکە ڕۆژ تاریک بوو. پەردەی پەرستگاش شەق بوو و بوو بە دوو پارچەوە. عیسا بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «باوکە، ڕۆحی خۆم بە دەستی تۆ دەسپێرم.» ئەمەی فەرموو و گیانی سپارد. سەرپەلەکە ئەم شتانەی بینی کە ڕوویدا، ستایشی خودای کرد و گوتی: «بەڕاستی ئەم کەسە بێتاوان بوو.» هەموو ئەو خەڵکەی بۆ ئەم دیمەنە کۆببوونەوە، کاتێک ئەوەیان بینی کە ڕوویدا، بە سنگکوتانەوە دەگەڕانەوە. بەڵام هەموو ناسیاوەکانی و ئەو ژنانەی لە جەلیلەوە دوای کەوتبوون، لە دوور ڕاوەستابوون و تەماشای ئەم شتانەیان دەکرد.

هاوبەشی بکە
لۆقا 23 بخوێنەوە