لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 26:23-56

لۆقا 26:23-56 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

كاتێ بردییان، شیمعونی قه‌ورینێیان گرت كه‌ له‌ كێڵگه‌ ده‌هاته‌وه‌، خاچه‌كه‌یان خسته‌ كۆڵی تاكو به‌دوای ئیشۆعه‌وه‌ هه‌ڵیبگرێت. جه‌ماوه‌رێكی زۆری گه‌ل و ئه‌و ژنانه‌ی شیوه‌نیان ده‌كرد و بۆی ده‌گریان دوای كه‌وتن. ئیشۆع ئاوڕی لێ دانه‌وه‌، فه‌رمووی: “كچانی یروشلایم، بۆ من مه‌گریێن، به‌ڵكو بۆ خۆتان و منداڵه‌كانتان بگریێن. ئه‌وه‌تا ڕۆژانێک دێت، تیایدا ده‌ڵێن: خۆزگه‌ به‌ نه‌زۆک و به‌و سكانه‌ی منداڵیان نه‌بووه‌ و به‌و مه‌مكانه‌ی شیریان نه‌داوه‌! ئه‌وسا به‌ شاخه‌كان ده‌ڵێن: به‌سه‌رماندا بكه‌ون! به‌ گرده‌كانیش: دامانپۆشن! چونكه‌ ئه‌گه‌ر وا به‌ داری سه‌وز بكه‌ن، بۆ وشک چی ده‌بێت؟”. دوو تاوانباری دیكه‌شیان هێنا تاكو له‌گه‌ڵ ئه‌ودا بكوژرێن. كاتێ گه‌یشتنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی به‌ {كاسه‌سه‌ر} ناوده‌برا، له‌وێ له‌گه‌ڵ دوو تاوانباره‌كه‌ له‌خاچیان دا، یه‌كێک له‌لای ڕاستی و ئه‌وی دیكه‌ له‌لای چه‌پ. ئیشۆعیش فه‌رمووی: “باوكه‌، لێیان خۆش به‌، چونكه‌ نازانن چی ده‌كه‌ن”. ئینجا به‌ تیروپشک كراسه‌كه‌یان دابه‌ش كرد. گه‌ل ڕاوه‌ستابوون سه‌یریان ده‌كرد، سه‌رۆكه‌كان گاڵته‌یان پێ ده‌كرد و ده‌یانووت: “خه‌ڵكی دیكه‌ی ڕزگار كرد، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ مه‌سیحی ده‌ستنیشانكراوی خودایه‌، با خۆی ڕزگار بكات!” سه‌ربازانیش گاڵته‌یان پێ ده‌كرد و ده‌هاتنه‌ لای و سركه‌یان پێ ده‌دا، ده‌یانووت: “ئه‌گه‌ر تۆ پاشای جوویت، خۆت ڕزگار بكه‌!” نووسراوێكیش له‌ ژوور سه‌ریه‌وه‌ هه‌بوو به‌ پیتی یۆنانی و ڕۆمانی و عیبڕانی نووسرابوو: “ئه‌مه‌ پاشای جووه‌”. یه‌كێک له‌ تاوانباره‌ هه‌ڵواسراوه‌كان، كفری دژی ده‌كرد و ده‌یووت: “ئه‌گه‌ر تۆ مه‌سیحه‌كه‌یت، خۆت و ئێمه‌ش ڕزگار بكه!” ئه‌وی دیكه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و سه‌رزه‌نشتی كرد، وتی: “له‌ خودا ناترسی، كه‌ تۆش هه‌مان سزات به‌سه‌ر دراوه‌؟ سزای ئێمه‌ دادپه‌روه‌رانه‌یه‌، له‌ جیاتی كردارمانه‌ وه‌ریده‌گرین، به‌ڵام ئه‌مه‌ هیچ شتێكی ناشیاوی نه‌كردووه‌”. ئینجا به‌ ئیشۆعی وت: “په‌روه‌ردگار منت له‌یاد بێت كاتێ له‌ پاشایه‌تیه‌كه‌ی خۆت دێی”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “ڕه‌وات پێ ده‌ڵێم: ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ من له‌ به‌هه‌شتدا ده‌بیت”. نزیكی كاژێر شه‌ش، تاریكایی به‌سه‌ر هه‌موو زه‌وییه‌وه‌ بوو، تاكو كاژێر نۆ، خۆر تاریک بوو. په‌رده‌ی په‌رستگاش شه‌قبوو و بووه‌ دوو پارچه‌. ئیشۆع به‌ ده‌نگێكی مه‌زن هاواری كرد و فه‌رمووی: “باوكه‌، ڕووحی خۆم به‌ ده‌ستی تۆ ده‌سپێرم”. ئه‌مه‌ی فه‌رموو و ڕووحی سپارد. كاتێ سه‌رپه‌له‌كه‌ ئه‌م شتانه‌ی بینی كه‌ ڕوویدا، خودای شكۆدار كرد، وتی: “به‌ ڕاستی ئه‌م پیاوه‌ بێتاوان بوو!”. هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكه‌ی بۆ ئه‌م دیمه‌نه‌ كۆببوونه‌وه‌، كاتێ ئه‌وه‌یان بینی كه‌ ڕوویدا، به‌ سنگكوتانه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌. هه‌موو ناسیاو و ئه‌و ژنانه‌ی له‌ گلیلاوه‌ دوای كه‌وتبوون، له‌ دووره‌وه‌ ڕاوه‌ستابوون و ته‌ماشای ئه‌م شتانه‌یان ده‌كرد. پیاوێک ناوی یۆسپ بوو، كابرایه‌كی چاک و خوداناس بوو. به‌ ڕا و كرده‌وه‌یان ڕازی نه‌بوو. خه‌ڵكی ڕه‌متا بوو كه‌ شارێكی ئیهووده‌، ئه‌ویش چاوه‌ڕوانی پاشایه‌تیی خودای ده‌كرد. چووه‌ لای پیڵاتوس و داوای ته‌رمی ئیشۆعی كرد. دایگرت و به‌ كه‌تان پێچایه‌وه‌، له‌ گۆڕێكی له‌ به‌رد هه‌ڵكه‌ندراو داینا كه‌ هه‌رگیز كه‌سی تێدا دانه‌نرابوو. ئه‌و ڕۆژه‌ خۆ ئاماده‌كردن بوو، شه‌ممه‌ش به‌ده‌رده‌كه‌وت. ئه‌و ژنانه‌ی له‌ گلیلاوه‌ له‌گه‌ڵی هاتبوون، دوای یۆسپ كه‌وتن، گۆڕه‌كه‌ و جه‌سته‌كه‌یان بینی چۆن دانرا. ئینجا گه‌ڕانه‌وه‌ و بۆنوبه‌رامیان ئاماده‌ كرد، به‌ پێی ڕاسپارده‌كه‌ له‌ شه‌ممه‌ پشوویان دا.

هاوبەشی بکە
لۆقا 23 بخوێنەوە

لۆقا 26:23-56 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

کاتێک بردیان، شیمۆنی کورێنییان گرت کە لە کێڵگە دەهاتەوە، خاچەکەیان خستە سەر شانی تاکو بەدوای عیساوە هەڵیبگرێت. خەڵکێکی لە ڕادەبەدەر زۆر دوای کەوتبوون، هەروەها چەند ژنێک شینیان دەکرد و دەگریان‏. عیسا ئاوڕی لێ دانەوە، فەرمووی: «کچانی ئۆرشەلیم بۆ من مەگریێن، بۆ خۆتان و منداڵەکانتان بگریێن. ئەوەتا ڕۆژانێک دێت، تێیدا دەڵێن، خۆزگە دەخوازرێت بە نەزۆک و بەو سکانەی منداڵیان نەبووە و بەو مەمکانەی شیریان نەداوە. ئەو کاتە «﴿بە چیاکان دەڵێن، ”بەسەرماندا بڕووخێن!“ بە گردەکانیش دەڵێن، ”دامانپۆشن!“﴾ ئەگەر ئەم شتانە بە داری سەوز بکەن، ئەی کە وشک بێت، چی دەبێت؟» دوو تاوانباری دیکەشیان هێنا تاکو لەگەڵ ئەودا بکوژرێن. کاتێک گەیشتنە ئەو شوێنەی بە کاسەسەر ناودەبردرا، لەوێ لەگەڵ تاوانبارەکان لە خاچیان دا، یەکێک لەلای ڕاستی و ئەوەی دیکەش لەلای چەپی. عیساش فەرمووی: «باوکە، لێیان خۆشبە، چونکە نازانن چی دەکەن.» ئینجا بە تیروپشک جلەکانیان دابەش کرد. خەڵکەکە ڕاوەستابوون سەیریان دەکرد، ڕابەرەکان گاڵتەیان پێ دەکرد و دەیانگوت: «خەڵکی دیکەی ڕزگار کرد، ئەگەر ئەمە مەسیحی خودایە، هەڵبژێردراوی خودایە، با خۆی ڕزگار بکات!» سەربازانیش دەهاتنە لای و گاڵتەیان پێ دەکرد، سرکەیان پێدەدا و دەیانگوت: «ئەگەر تۆ پاشای جولەکەیت، خۆت ڕزگار بکە!» تەختەیەکیش لەژوور سەرییەوە داکوترابوو کە لەسەری نووسرابوو، «ئەمە پاشای جولەکەیە.» یەکێک لە تاوانبارە هەڵواسراوەکان، کفری لە دژی دەکرد و دەیگوت: «ئایا تۆ مەسیح نیت؟ دەی خۆت و ئێمەش ڕزگار بکە.» بەڵام ئەوی دیکە وەڵامی دایەوە و سەرزەنشتی کرد: «لە خودا ناترسی، کە تۆش هەمان سزات بەسەردا دراوە؟ سزای ئێمە دادپەروەرانەیە، لە جیاتی کردارەکانمان وەریدەگرین، بەڵام ئەم پیاوە هیچ هەڵەیەکی نەکردووە.» ئینجا گوتی: «عیسا منت لەیاد بێت کاتێک وەک پاشا دێیتە ناو شانشینەکەتەوە.» پێی فەرموو: «ڕاستیت پێ دەڵێم: ئەمڕۆ لەگەڵ من لە بەهەشتدا دەبیت.» نزیکی کاتژمێر دوازدە، هەتا کاتژمێر سێ تاریکی باڵی بەسەر هەموو زەویدا کێشا، چونکە ڕۆژ تاریک بوو. پەردەی پەرستگاش شەق بوو و بوو بە دوو پارچەوە. عیسا بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «باوکە، ڕۆحی خۆم بە دەستی تۆ دەسپێرم.» ئەمەی فەرموو و گیانی سپارد. سەرپەلەکە ئەم شتانەی بینی کە ڕوویدا، ستایشی خودای کرد و گوتی: «بەڕاستی ئەم کەسە بێتاوان بوو.» هەموو ئەو خەڵکەی بۆ ئەم دیمەنە کۆببوونەوە، کاتێک ئەوەیان بینی کە ڕوویدا، بە سنگکوتانەوە دەگەڕانەوە. بەڵام هەموو ناسیاوەکانی و ئەو ژنانەی لە جەلیلەوە دوای کەوتبوون، لە دوور ڕاوەستابوون و تەماشای ئەم شتانەیان دەکرد. ئەوە بوو ئەندامێکی ئەنجومەن ناوی یوسف بوو، کابرایەکی چاک و ڕاستودروست بوو، لە ئەنجومەن و کردارەکەیان ڕازی نەبوو. خەڵکی ڕامە بوو کە شارێکی یەهودیایە، چاوەڕوانی شانشینی خودا بوو. ئەم چووە لای پیلاتۆس و داوای تەرمەکەی عیسای کرد. دایگرت و بە کەتان پێچایەوە، لە گۆڕێکی لە تاشەبەرد هەڵکەنراو داینا کە هەرگیز کەسی تێدا دانەنرابوو. ئەو ڕۆژە خۆ ئامادەکردن بوو، ئەوەندەی نەمابوو بۆ ڕۆژی شەممە. ئەو ژنانەی لە جەلیلەوە لەگەڵ عیسا هاتبوون، دوای یوسف کەوتن، گۆڕەکە و تەرمەکەیان بینی چۆن دانرا. ئینجا گەڕانەوە و بۆنوبەرامیان ئامادە کرد، بەڵام لە ڕۆژی شەممە بەگوێرەی ڕاسپاردەکە پشوویان دا.

هاوبەشی بکە
لۆقا 23 بخوێنەوە