لۆقا 1:24-53
لۆقا 1:24-53 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)
له سه‌ره‌تای هه‌فته، له به‌ره‌به‌یاندا، ئه‌و بۆنوبه‌رامه‌ی ئاماده‌یان كردبوو هێنایان و له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی دیكه‌وه هاتنه سه‌ر گۆڕه‌كه. بینییان به‌رده‌كه له‌سه‌ر گۆڕه‌كه گلۆر كراوه‌ته‌وه. چوونه ژووره‌وه و جه‌سته‌ی ئیشۆعی په‌روه‌ردگاریان نه‌دۆزییه‌وه. كاتێ له‌مه سه‌رسام بوون، دوو پیاو به جلی بریسكه‌داره‌وه له ته‌نیشتیان ڕاوه‌ستان. كه ترسان و سه‌ریان داگرتبووه سه‌ر زه‌وی، پێیان وتن: “بۆچی له‌نێو مردووان به‌دوای زیندووه‌كه‌دا ده‌گه‌ڕێن!؟ لێره نییه، به‌ڵكو هه‌ستایه‌وه! به بیرتان بێته‌وه كه هێشتا له گلیلا بوو چۆن قسه‌ی بۆ فه‌رموون:” “ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بێت بدرێته ده‌ست خه‌ڵكی گوناهبار، له‌خاچ بدرێت و له ڕۆژی سێیه‌مدا هه‌ستێته‌وه”. ئینجا فه‌رمووده‌كه‌یان هاته‌وه یاد. له گۆڕه‌كه هاتنه‌وه و هه‌واڵی هه‌موو ئه‌م شتانه‌یان به یازده‌كه و هه‌موو ئه‌وانی دیكه دا. مه‌ریه‌می مه‌گدانی و یۆوه‌نا و مه‌ریه‌می دایكی یاقوو و ئه‌وانی دیكه‌ی له‌گه‌ڵیان بوون، ئه‌م شتانه‌یان به په‌یامبه‌ران وت. قسه‌كه‌یان له‌لای ئه‌وان وه‌ک وڕێنه بوو، باوه‌ڕیان پێ نه‌كردن. په‌تڕۆس هه‌ستا و به‌ره‌و گۆڕه‌كه ڕایكرد، دانه‌ویه‌وه بینی كفنه‌كه به ته‌نها دانراوه، ڕۆیشت و سه‌رسام بوو له‌وه‌ی ڕوویداوه. هه‌ر له‌و ڕۆژه‌دا، دووان له‌وان ده‌چوونه گوندێكی دوور كه شه‌ست تیرهاوێژ له یروشلایم دوور بوو، ناوی عه‌مائوس بوو. له‌گه‌ڵ یه‌كتری باسی هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه‌یان ده‌كرد. كاتێ قسه و گفتوگۆیان ده‌كرد، خودی ئیشۆع لێیان نزیكبووه‌وه و له‌گه‌ڵیان ڕێی ده‌كرد، به‌ڵام چاویان له ناسینی به‌سترا. پێی فه‌رموون: “ئه‌وه به‌ڕێوه به ڕووگرژیه‌وه باسی چی ده‌كه‌ن؟”. یه‌كێكیان ناوی قه‌لیوپا بوو وه‌ڵامی دایه‌وه و پێی وت: “ئایا ته‌نیا تۆ له یروشلایم بیانی و ئاگات له‌و شتانه نییه كه له‌م ڕۆژانه‌دا تیایدا ڕوویداوه؟” پێی فه‌رموون: “چییه؟” پێیان وت: “ده‌رباه‌ری ئیشۆعی ناسڕه‌تی، كه پێغه‌مبه‌رێكی توانادار بوو له فه‌رمووده و كرداردا، له‌به‌رده‌م خودا و هه‌موو گه‌ل. چۆن كاهینانی باڵا و فه‌رمانڕه‌واكانمان ڕاده‌ستی سزای مه‌رگیان كرد و له‌خاچیان دا. ئێمه‌ش هیوادار بووین ئه‌و ئیسڕائیل بكڕێته‌وه. به‌ڵام، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا، ئه‌مڕۆ سێیه‌م ڕۆژه ئه‌مه ڕوویداوه. كه‌چی هه‌ندێک له ژنانمان سه‌رسامیان كردین، به‌ره‌به‌یان له‌سه‌ر گۆڕه‌كه بوونه، كه جه‌سته‌كه‌یان نه‌بینیووه، هاتنه‌وه وتیان: دیمه‌نی فریشته‌مان بینیوه ده‌ڵێن ئه‌و زیندووه. هه‌ندێكی ئێمه‌ش چوونه سه‌ر گۆڕه‌كه و بینییان وایه، وه‌ک ژنه‌كان وتیان، به‌ڵام ئه‌ویان نه‌بینیبوو”. ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “ئه‌ی گێل و دڵخاوه‌كان له باوه‌ڕهێنان به هه‌موو ئه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ران باسیان كردووه! نه‌ده‌بووایه مه‌سیح ئازار بچێژێت و بچێته نێو شكۆمه‌ندییه‌كه‌ی خۆی؟” ئه‌وسا ده‌ستی پێكرد له مووشێ و له هه‌موو پێغه‌مبه‌رانه‌وه ئه‌و شتانه‌ی ده‌رباره‌ی خۆی بوو له هه‌موو سیپاره‌كاندا بۆیان ڕاڤه كرد. كاتێ نزیكی ئه‌و گونده بوون كه بۆی ده‌چوون، ئیشۆع وای پیشان دا كه بۆ شوێنێكی دوورتر ده‌چێت. زۆر لێی پاڕانه‌وه، وتیان: “له‌لامان بمێنه‌وه، چونكه وا ئێواره‌یه و ڕۆژ له ئاوابووندایه”. جا چووه ژووره‌وه تاكو له‌گه‌ڵیان بمێنێته‌وه. كاتێ له‌گه‌ڵیان دانیشتبوو، نانێكی هه‌ڵگرت، سوپاسی كرد و له‌تیكرد، پێی‌دان. ئینجا چاویان كرایه‌وه و ناسیانه‌وه، ئیتر له‌به‌رچاویان نه‌ما. به یه‌كتریان وت: “ئه‌رێ كاتێ له ڕێگا قسه‌ی بۆ ده‌كردین و سیپاره‌كانی بۆمان ڕوون ده‌كرده‌وه، دڵمان له نێوماندا گڕی نه‌گرتبوو؟” ئینجا یه‌كسه‌ر هه‌ستان و هاتنه‌وه یروشلایم، بینییان یازده‌كه و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیاندان كۆبوونه‌ته‌وه و ده‌ڵێن: “به ڕاستی په‌روه‌ردگار هه‌ستاوه‌ته‌وه و بۆ شیمعون ده‌ركه‌وتووه!”. ئه‌مانیش باسی ڕووداوی ڕێگایان كرد، چۆن له نان له‌تكردنه‌كه‌دا ئه‌ویان ناسیوه. كه باسی ئه‌مه‌یان ده‌كرد، خودی ئیشۆع له‌ناوه‌ڕاستیان ڕاوه‌ستا و پێی فه‌رموون: “ئاشتی بۆ ئێوه”. سام دایگرتن و ترسان، وایانزانی ڕووحێک ده‌بینن. پێی فه‌رموون: “بۆچی شڵه‌ژاون؟ بۆچی گومان ده‌كه‌وێته دڵتان؟” سه‌یری ده‌ست و پێم بكه‌ن: ئه‌وه خۆمم! ده‌ستم لێ بده‌ن و ببینن، چونكه ڕووح گۆشت و ئێسقانی نییه وه‌ک ده‌مبینن”. كه ئه‌مه‌ی فه‌رموو، ده‌ست و پێی پیشاندان. له خۆشی و سه‌رسوڕماندا باوه‌ڕیان نه‌ده‌كرد، پێی فه‌رموون: “لێره خواردنتان هه‌یه؟” ئه‌وانیش پارچه‌یه‌ک ماسی برژاویان پێ دا. وه‌ریگرت و له‌به‌رچاویان خواردی. ئینجا پێی فه‌رموون: “ئه‌م قسانه‌م بۆ كردن كاتێ له‌گه‌ڵتان بووم: كه پێویسته هه‌موو ئه‌وانه‌ی له ته‌وراتی مووشێ و پێغه‌مبه‌ران و په‌سنیه‌كاندا ده‌رباره‌ی من نووسراون بێته دی”. ئینجا هزری كردنه‌وه، تاكو سیپاره‌كان تێبگه‌ن. پێی فه‌رموون: “ئاوا نووسراوه، كه مه‌سیح ئازار ده‌چێژێت و له ڕۆژی سێیه‌مدا له‌نێو مردووان هه‌ڵده‌ستێته‌وه، به ناوی ئه‌ویش تۆبه‌كردن بۆ لێخۆشبوونی گوناه بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان ڕابگه‌یێندرێت، ده‌ستپێک له یروشلایمه‌وه. ئێوه‌ش گه‌واهیده‌ری ئه‌م شتانه‌ن. ئه‌وه‌تا من به‌ڵێنه‌كه‌ی باوكمتان بۆ ده‌نێرم. جا له شاری یروشلایم بمێننه‌وه، تاكو له به‌رزاییه‌وه هێزتان له‌به‌ر ده‌كرێت”. ئینجا ئه‌وانی بۆ بتعه‌نیا برده ده‌ره‌وه، ده‌ستی به‌رز كرده‌وه و داڕشتی كردن. كاتێ داڕشتی ده‌كردن، لێیان جیابووه‌وه و به‌رزكرایه‌وه ئاسمان. ئه‌وانیش كڕنۆشیان بۆ برد و به شادییه‌كی مه‌زنه‌وه گه‌ڕانه‌وه یروشلایم. به‌رده‌وام له په‌رستگا بوون و ستایش و داڕشتی خودایان ده‌كرد. ئامین.
لۆقا 1:24-53 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)
لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا، بەیانی زوو، ژنەکان ئەو بۆنوبەرامەی ئامادەیان کردبوو هێنایان و هاتنە سەر گۆڕەکە. بینییان بەردەکە لەسەر گۆڕەکە گلۆر کراوەتەوە. چوونە ژوورەوە، بەڵام تەرمەکەی عیسای خاوەن شکۆیان نەدۆزییەوە. هێشتا لەمە سەرسام بوون، لەپڕ دوو پیاو بە جلی بریسکەدارەوە لەتەنیشتیان ڕاوەستان. ترسان و کڕنۆشیان برد و سەریان خستە سەر زەوی، پیاوەکان پێیان گوتن: «بۆچی لەنێو مردووان بەدوای زیندووەکەدا دەگەڕێن؟ ئەو لێرە نییە، بەڵکو هەستایەوە! بیهێننەوە بیرتان کە هێشتا لە جەلیل بوو چۆن قسەی بۆ کردن، فەرمووی: ”کوڕی مرۆڤ دەبێت بدرێتە دەست خەڵکی گوناهبار، لە خاچ بدرێت و لە ڕۆژی سێیەم هەستێتەوە.“» ئینجا قسەکانیان هاتەوە یاد. کاتێک لە گۆڕەکە هاتنەوە، هەواڵی هەموو ئەم شتانەیان بە یازدە قوتابییەکە و هەموو ئەوانی دیکە دا. مریەمی مەجدەلی و یوەنا و مریەمی دایکی یاقوب و ئەوانی دیکەی لەگەڵیان بوون، ئەم شتانەیان بە نێردراوان گوت. قسەکەیان لەلای ئەوان وەک وڕێنە بوو، باوەڕیان پێ نەکردن. بەڵام پەترۆس هەستا و بەرەو گۆڕەکە ڕای‌کرد. کە دانەوییەوە، بینی کەتانەکە بە تەنها دانراوە، ئینجا ڕۆیشت و سەرسام بوو لەوەی ڕوویدابوو. هەر لەو ڕۆژەدا دووان لەوان دەچوونە گوندێک بە ناوی ئەمواس کە شەست تیرهاوێژ لە ئۆرشەلیم دوور بوو. لەگەڵ یەکتری باسی هەموو ئەو شتانەیان دەکرد کە ڕوویدابوو. کاتێک قسە و گفتوگۆیان دەکرد، عیسا خۆی لێیان نزیک بووەوە و لەگەڵیان دەڕۆیشت، بەڵام چاویان لە ناسینی بەسترا. پێی فەرموون: «ئەوە بەڕێوە باسی چی دەکەن؟» بە ڕووێکی خەمناکەوە ڕاوەستان. یەکێکیان ناوی کلیۆپاس بوو وەڵامی دایەوە: «ئایا تەنها تۆ لە ئۆرشەلیم نامۆیت و ئاگات لەو شتانە نییە کە لەم ڕۆژانەدا تێیدا ڕوویداوە؟» پێی فەرموون: «چی ڕوویداوە؟» وەڵامیان دایەوە: «باسی عیسای ناسیرەیی، کە پێغەمبەرێکی توانادار بوو لە قسە و کرداردا، لەلای خودا و هەموو گەل، چۆن کاهینانی باڵا و فەرمانڕەواکانمان دایانە دەست سزای مردن و لە خاچیان دا. بەڵام ئێمە هیوادار بووین کە ئەمە ئەو کەسە بێت کە ئیسرائیل دەکڕێتەوە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەمڕۆ سێیەم ڕۆژە ئەمە ڕوویداوە. کەچی هەندێک لە ژنانمان سەرسامیان کردین، بەیانی زوو لەسەر گۆڕەکە بوون و تەرمەکەیان نەبینیبوو، هاتنەوە گوتیان، فریشتەمان بینیوە دەڵێن ئەو زیندووە. هەندێک لە ئێمە چوونە سەر گۆڕەکە و بینییان وایە، وەک ژنەکان گوتیان، بەڵام ئەویان نەبینیبوو.» ئەویش پێی فەرموون: «ئەی گێل و دڵخاوەکان لە باوەڕکردن بە هەموو ئەوەی پێغەمبەران باسیان کردووە! نەدەبووایە مەسیح ئەم شتانە بچێژێت و بچێتە ناو شکۆمەندییەکەی خۆی؟» ئەوسا دەستی کرد بە ڕوونکردنەوەی ئەو شتانەی دەربارەی خۆی بوو لە هەموو نووسراوە پیرۆزەکاندا، هەر لە تەوراتی موساوە هەتا هەموو پەڕتووکەکانی پێغەمبەران. کاتێک نزیکی ئەو گوندە بوون کە بۆی دەچوون، عیسا وای نیشان دا کە بۆ شوێنێکی دوورتر دەچێت. ئەوانیش زۆر لێی پاڕانەوە و گوتیان: «لەلامان بمێنەرەوە، چونکە وا ئێوارەیە و ڕۆژ لە ئاوابوونە.» جا چووە ژوورەوە تاکو لەگەڵیان بمێنێتەوە. کاتێک لەگەڵیان دانیشتبوو، نانێکی هەڵگرت، سوپاسی خودای کرد، پاشان لەتی کرد و پێی‌دان. ئینجا چاویان کرایەوە و ناسیانەوە، ئیتر لەبەرچاویان نەما. بە یەکتریان گوت: «ئەرێ کاتێک لە ڕێگا قسەی بۆ دەکردین و نووسراوە پیرۆزەکانی بۆمان ڕوون دەکردەوە، دڵمان لە ناخماندا گڕی نەگرتبوو؟» ئینجا دەستبەجێ هەستان و هاتنەوە ئۆرشەلیم، بینییان یازدە قوتابییەکە و ئەوانەی لەگەڵیاندان کۆبوونەتەوە و دەڵێن: «بە ڕاستی مەسیحی خاوەن شکۆ هەستاوەتەوە و بۆ شیمۆن دەرکەوتووە.» ئەمانیش باسی ئەو شتانەیان کرد کە لە ڕێگا بەسەریان هاتبوو، هەروەها لە کاتی نانلەتکردنەکەدا چۆن مەسیحیان ناسییەوە. کە باسی ئەمەیان دەکرد، عیسا خۆی لە ناوەڕاستیان ڕاوەستا و پێی فەرموون: «سڵاوتان لێ بێت.» سام دایگرتن و ترسان، وایان دەزانی خێو دەبینن. پێی فەرموون: «بۆچی شێواون؟ بۆچی گومان دەکەوێتە دڵتان؟ سەیری دەست و پێم بکەن. بڕوا بکەن، منم! دەستم لێ بدەن و ببینن، چونکە خێو گۆشت و ئێسقانی نییە وەک دەبینن من هەمە.» کە ئەمەی فەرموو، دەست و پێی نیشاندان. لە خۆشی و سەرسوڕماندا هێشتا باوەڕیان نەدەکرد، پێی فەرموون: «لێرە خواردنتان هەیە؟» ئەوانیش پارچەیەک ماسی برژاویان دایێ. وەریگرت و لەبەرچاویان خواردی. ئینجا پێی فەرموون: «ئەم قسانەم بۆ کردن کاتێک لەگەڵتان بووم: پێویستە هەموو ئەوانەی لە تەوراتی مو‌سا و پێغەمبەران و زەبووردا دەربارەی من نووسراون بێنە دی.» ئینجا مێشکی کردنەوە، تاکو نووسراوە پیرۆزەکان تێبگەن. پێی فەرموون: «ئاوا نووسراوە، کە مەسیح ئازار دەچێژێت و لە ڕۆژی سێیەم لەنێو مردووان هەڵدەستێتەوە، بە ناوی ئەویش تۆبەکردن بۆ لێخۆشبوونی گوناه بۆ هەموو گەلان جاڕبدرێت، ئەمەش لە ئۆرشەلیمەوە دەستپێدەکات. ئێوە شایەتی ئەم شتانەن. وا من بەڵێنەکەی باوکمتان بۆ دەنێرم. بەڵام لە شار بمێننەوە، هەتا لە ئاسمانەوە پڕ دەکرێن لە هێز.» ئینجا ئەوانی بۆ گوندی بێت‌عەنیا بردە دەرەوە، دەستی بەرز کردەوە و بەرەکەتداری کردن. کاتێک بەرەکەتداری دەکردن، لێیان جیا بووەوە و بەرزکرایەوە بۆ ئاسمان. ئەوانیش کڕنۆشیان بۆ برد و بە شادییەکی گەورەوە گەڕانەوە ئۆرشەلیم. بەردەوام لە پەرستگا بوون و ستایشی خودایان دەکرد.