لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 1:6-49

لۆقا 1:6-49 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

له‌ شه‌ممه‌دا ئیشۆع به‌ نێو ده‌غڵاندا تێده‌په‌ڕی، قوتابییه‌كانی گوڵه‌گه‌نمیان لێده‌كرده‌وه‌، له‌نێو ده‌ستیان ده‌یانپڕواند و ده‌یانخوارد. هه‌ندێک په‌ڕیشی پێیان وتن: “بۆچی ئه‌وه‌ی له‌ شه‌ممه‌دا دروست نییه‌ ده‌یكه‌ن؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “نه‌تانخوێندۆته‌وه‌ داوید كاتێ برسی بوو چی كرد، خۆی و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون؟ چۆن چووه‌ ماڵی خودا و نانی ته‌رخانكراوی برد و خواردی، دایه‌ ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵی بوون، ئه‌وه‌ی دروست نییه‌ بخورێت ته‌نها بۆ كاهینان نه‌بێت؟” ئینجا پێی فه‌رموون: “ڕۆڵه‌ی مرۆڤ په‌روه‌ردگاری شه‌ممه‌شه‌”. له‌ شه‌ممه‌یه‌كی دیكه‌، چووه‌ نێو كه‌نیشت و ئامۆژگاریی ده‌كرد. پیاوێک له‌وێ بوو ده‌ستی ڕاستی وشک بوو. ته‌وراتزان و په‌ڕیشییه‌كان سه‌یری ئیشۆعیان ده‌كرد، ئاخۆ له‌ شه‌ممه‌دا چاكده‌كاته‌وه‌، تاكو سكاڵایه‌كی له‌سه‌ر بدۆزنه‌وه‌. به‌ڵام به‌ بیركردنه‌وه‌یانی زانی، به‌ پیاوه‌ ده‌ست وشكه‌كه‌ی فه‌رموو: “هه‌سته‌ و له‌ناوه‌ڕاست ڕاوه‌سته‌”. ئه‌ویش هه‌ستا و ڕاوه‌ستا. ئینجا ئیشۆع پێی فه‌رموون: “پرسێكتان لێ ده‌كه‌م، ئایا له‌ شه‌ممه‌دا كردنی چاكه‌ دروسته‌ یان خراپه‌؟ ڕزگاركردنی كه‌سێک یان له‌ناوبردنی؟” چاوی به‌ هه‌موویاندا گێڕا، به‌ پیاوه‌كه‌ی فه‌رموو: “ده‌ستت درێژ بكه‌”. ئه‌ویش كردی و ده‌ستی چاكبووه‌وه‌ وه‌ک ئه‌و ده‌سته‌كه‌ی دیكه‌ی. به‌ڵام ئه‌وان پڕبوون له‌ گێلی و له‌گه‌ڵ یه‌كتری گفتوگۆیان ده‌كرد چی له‌ ئیشۆع بكه‌ن. له‌و ڕۆژانه‌دا ئیشۆع چووه‌ چیا تاكو نوێژ بكات، شه‌وه‌كه‌ی هه‌موو به‌ نوێژكردن بۆ خودا به‌سه‌ربرد. كه‌ ڕۆژ‌بووه‌وه‌، قوتابییه‌كانی بانگكرد، دوازده‌ی لێ هه‌ڵبژاردن و ناوی نان “په‌یامبه‌ران”: شیمعون كه‌ ناوی لێنا په‌تڕۆس، له‌گه‌ڵ ئه‌ندراوسی برای، یاقوو و یوخه‌ننه‌ن، پیلیپوس و به‌رتولمه‌ی، مه‌تته‌ی و تۆما، یاقووی كوڕی خه‌لپه‌ی و شیمعون كه‌ ناسراوبوو به‌ دڵگه‌رم، ئیهوودای برای یاقوو و ئیهوودای ئه‌سخه‌ریوتی كه‌ ڕاده‌ستی كرد. ئینجا له‌گه‌ڵیان هاته‌ خواره‌وه‌ و له‌ شوێنێكی ته‌ختایی ڕاوه‌ستا، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێک له‌ قوتابییه‌كانی و كۆمه‌ڵانێكی گه‌ل، كه‌ له‌ هه‌موو ئیهوود و یروشلایم و كه‌ناری سووڕ و سه‌یده‌ن، ئه‌وانه‌ی هاتن گوێی لێ بگرن و له‌ نه‌خۆشییه‌كانیان چاكببنه‌وه‌، ئه‌وانه‌ش كه‌ به‌ ده‌ست ڕووحه‌گڵاوه‌كان ده‌یانناڵاند چاكبوونه‌وه‌. هه‌موو كۆمه‌ڵه‌كه‌ش هه‌وڵیان ده‌دا ده‌ستی لێ بده‌ن، چونكه‌ هێزێكی لێ ده‌رده‌چوو و هه‌مووانی چاكده‌كرده‌وه‌. ئینجا چاوی بۆ قوتابییه‌كانی هه‌ڵبڕی و فه‌رمووی: “به‌خته‌وه‌ری بۆ ئێوه‌، ئه‌ی هه‌ژاران، چونكه‌ پاشایه‌تیی خودا هی ئێوه‌یه‌. به‌خته‌وه‌ری بۆ ئێوه‌ كه‌ ئێستا برسین، چونكه‌ تێر ده‌بن. به‌خته‌وه‌ری بۆ ئێوه‌ كه‌ ئێستا ده‌گریێن، چونكه‌ پێده‌كه‌نن. به‌خته‌وه‌ری بۆ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر خه‌ڵک ڕقی لێتان ببێته‌وه‌ و جیاتان بكه‌نه‌وه‌ و جنێوتان پێ بده‌ن و به‌ به‌دكار ناوتان ببه‌ن، له‌پێناوی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ. له‌و ڕۆژه‌دا دڵخۆش بن و شاد بن، چونكه‌ له‌ ئاسماندا پاداشتتان مه‌زنه‌، چونكه‌ باوكانیان ئاوایان به‌ پێغه‌مبه‌ران ده‌كرد. به‌ڵام وه‌ی به‌حاڵتان ئه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندان، چونكه‌ دڵنه‌وایی خۆتان وه‌رگرتووه‌. وه‌ی به‌حاڵتان ئه‌ی تێره‌كان، چونكه‌ برسی ده‌بن. وه‌ی به‌حاڵتان ئه‌ی ئه‌وانه‌ی ئێستا پێده‌كه‌نن، چونكه‌ خه‌م ده‌خۆن و ده‌گریێن. وه‌ی به‌حاڵتان كاتێ هه‌موو خه‌ڵک ستایشتان ده‌كات، چونكه‌ باوكانیان ئاوایان به‌ پێغه‌مبه‌ره‌ درۆزنه‌كان كردووه‌. به‌ڵام ئه‌ی گوێگران پێتان ده‌ڵێم: “دوژمنه‌كانتان خۆشبووێ، چاكه‌ بكه‌ن بۆ ئه‌وانه‌ی ڕقیان لێتان ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وانه‌ی نه‌فره‌تتان لێده‌كه‌ن داوای داڕشتیان بۆ بكه‌ن، نوێژ بكه‌ن له‌پێناوی ئه‌وانه‌ی خراپه‌تان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ی له‌ ڕوومه‌تت ده‌دات، لایه‌كه‌ی دیكه‌شی بۆ ڕابگره‌. ئه‌وه‌ی چاكه‌ته‌كه‌ت ده‌بات، لاریت نه‌بێت بۆ كراسه‌كه‌شت. كێ داوای لێكردیت بیده‌رێ. ئه‌وه‌ش كه‌ شتێكت لێ ده‌بات لێی داوا مه‌كه‌وه‌. وه‌كو ده‌تانه‌وێ خه‌ڵكی چیتان بۆ بكه‌ن، ئێوه‌ش ئاوایان بۆ بكه‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌تان خۆشبووێ كه‌ ئێوه‌یان خۆشده‌وێت، چ چاكه‌یه‌كتان كردووه‌؟ ته‌نانه‌ت گوناهبارانیش ئه‌وانه‌یان خۆشده‌وێت كه‌ خۆشیان ده‌وێن. ئه‌گه‌ر چاكه‌ بكه‌ن بۆ ئه‌وانه‌ی چاكه‌تان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، چ چاكه‌یه‌كتان كردووه‌؟ گوناهبارانیش ئاوا ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر قه‌رز بده‌نه‌ ئه‌وانه‌ی هیوادارن لێیان وه‌ربگرنه‌وه‌، چ چاكه‌یه‌كتان كردووه‌؟ گوناهبارانیش قه‌رز ده‌ده‌نه‌ گوناهباران تاكو ئه‌وه‌نده‌ وه‌ربگرنه‌وه‌. به‌ڵام دوژمنه‌كانتان خۆشبووێ، چاكه‌ بكه‌ن و قه‌رز بده‌ن، چاوه‌ڕێی وه‌رگرتنه‌وه‌ش مه‌كه‌ن، به‌مه‌ پاداشتتان مه‌زن ده‌بێت و ده‌بنه‌ ڕۆڵه‌ی خودای هه‌ره‌به‌رز، چونكه‌ ئه‌و له‌گه‌ڵ سوپاسگوزار و به‌دكاران به‌خششكاره‌. به‌ به‌زه‌یی بن، وه‌ک باوكتان به‌ به‌زه‌ییه‌. حوكم مه‌ده‌ن، حوكم نادرێن. كه‌س تاوانبار مه‌كه‌ن تاوانبار ناكرێن. ببه‌خشن ده‌به‌خشرێن. بده‌ن، پێتان ده‌درێت، پێوانه‌یه‌كی چاكی په‌ستێنراوی هه‌ژێندراوی لێڕژاوتان ده‌خرێته‌ باوه‌ش، چونكه‌ به‌و پێوانه‌یه‌ی ده‌پێون بۆتان ده‌پێورێته‌وه‌”. په‌ندێكی بۆ هێنانه‌وه‌: “ئایا كوێر ده‌توانێت ڕابه‌رایه‌تی كوێر بكات؟ هه‌ردووكیان ناكه‌ونه‌ چاڵه‌وه‌؟ قوتابی له‌ ڕابیه‌كه‌ی به‌رزتر نییه‌، به‌ڵكو هه‌ر كه‌سێک ته‌واو فێربێت، وه‌ک ڕابیه‌كه‌ی لێدێت. بۆچی پووشی نێو چاوی براكه‌ت ده‌بینیت، به‌ڵام تێبینی كاریته‌كه‌ی نێو چاوی خۆت ناكه‌یت؟ یان چۆن ده‌توانی به‌ براكه‌ت بڵێی: برام با پووشه‌كه‌ی نێو چاوت ده‌ربهێنم كه‌ كاریته‌كه‌ی نێو چاوی خۆت نابینیت؟ ئه‌ی ڕووپاما! یه‌كه‌مجار كاریته‌كه‌ی نێو چاوت ده‌ربهێنه‌، ئینجا باش ده‌بینیت بۆ ده‌رهێنانی پووشه‌كه‌ی نێو چاوی براكه‌ت. چونكه‌ هیچ دارێكی باش به‌رهه‌می خراپ نادات و داری خراپیش به‌رهه‌می باش نادات. هه‌ر دارێک به‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ی ده‌ناسرێته‌وه‌. نه‌ هه‌نجیر له‌ دڕک ده‌ڕنرێت و نه‌ ترێش له‌ ده‌وه‌ن. مرۆڤی چاک له‌ گه‌نجینه‌ی دڵی چاكی، چاكه‌ ده‌رده‌هێنێت، مرۆڤی خراپیش له‌ گه‌نجینه‌ی دڵی خراپی، خراپه‌ ده‌رده‌هێنێت. چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌ دڵ هه‌ڵده‌قوڵێت ده‌م پێی ده‌دوێت. بۆ بانگم ده‌كه‌ن په‌روه‌ردگار، په‌روه‌ردگار، كه‌چی ئه‌وه‌ی ده‌یڵێم نایكه‌ن؟ ئه‌وه‌ی بۆ لام دێت و گوێ له‌ وته‌كانم ده‌گرێت و كاری پێ ده‌كات، پیشانتان ده‌ده‌م له‌ كێ ده‌چێت. له‌ مرۆڤێک ده‌چێت خانوویه‌ک دروست ده‌كات، جا هه‌ڵیكه‌ند و قووڵی كرد و بناغه‌كه‌ی له‌سه‌ر به‌رد دانا، كاتێ لافاو هه‌ستا و ڕووبار له‌ خانووه‌كه‌ی دا، نه‌یتوانی بیهه‌ژێنێت، چونكه‌ له‌سه‌ر به‌رد بنیاد نرابوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ی گوێی ده‌گرێت و په‌یڕه‌وی ناكات، له‌ مرۆڤێک ده‌چێت بێ بناغه‌ خانووی له‌سه‌ر زه‌وی دروستكرد. ڕووبار لێیدا و یه‌كسه‌ر كه‌وت، وێرانی خانووه‌كه‌ش مه‌زن بوو”.

هاوبەشی بکە
لۆقا 6 بخوێنەوە

لۆقا 1:6-49 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

لە ڕۆژێکی شەممەدا عیسا بەناو دەغڵدا تێدەپەڕی، قوتابییەکانی گوڵەگەنمیان لێدەکردەوە، لەناو دەستیان دەیانپرواند و دەیانخوارد. هەندێک فەریسی لێیان پرسین: «بۆچی ئەوەی لە ڕۆژی شەممەدا دروست نییە دەیکەن؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «ئایا نەتانخوێندووەتەوە داود چی کرد، کاتێک خۆی و ئەوانەی لەگەڵی بوون برسییان بوو؟ چۆن چووە ماڵی خودا و نانی تەرخانکراوی برد و خواردی، دایە ئەوانەش کە لەگەڵی بوون، ئەو نانەی کە دروست نییە بخورێت بۆ کاهینان نەبێت؟» ئینجا پێی فەرموون: «کوڕی مرۆڤ گەورەی ڕۆژی شەممەیە.» لە ڕۆژی شەممەیەکی دیکەدا، چووە ناو کەنیشت و خەڵکی فێردەکرد. پیاوێک لەوێ بوو دەستی ڕاستی وشک ببوو. مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان سەیری عیسایان دەکرد، ئاخۆ لە ڕۆژی شەممەدا خەڵکی چاک دەکاتەوە، تاکو شتێکی لێ بدۆزنەوە و تاوانباری بکەن. بەڵام عیسا بە بیرکردنەوەیانی زانی، بە پیاوە دەست وشکبووەکەی فەرموو: «هەستە و لە ناوەڕاستدا ڕابوەستە.» ئەویش هەستا و ڕاوەستا. عیسا پێی فەرموون: «لێتان دەپرسم، ئاخۆ لە ڕۆژی شەممەدا چی دروستە، کردنی کاری چاک یان کاری خراپ؟ ڕزگارکردنی ژیانی کەسێک یان لەناوبردنی؟» چاوی بە هەموویاندا گێڕا، بە پیاوەکەی فەرموو: «دەستت درێژ بکە.» ئەویش کردی و دەستی چاک بووەوە. بەڵام ئەوان زۆر تووڕە بوون و لەگەڵ یەکتری گفتوگۆیان دەکرد چی لە عیسا بکەن. لەو ڕۆژانەدا عیسا چووە سەر شاخێک تاکو نوێژ بکات، شەوەکەی هەموو بە نوێژکردن بۆ خودا بەسەربرد. کە ڕۆژ بووەوە، قوتابییەکانی بانگکرد، دوازدەی لێ هەڵبژاردن و ناوی لێنان نێردراوان: شیمۆن کە ناوی لێنا پەترۆس، لەگەڵ ئەندراوسی برای، یاقوب، یۆحەنا، فیلیپۆس، بەرتۆلماوس، مەتا، تۆماس، یاقوبی کوڕی حەلفی، شیمۆن کە ناسراوبوو بە دڵگەرم، یەهوزای کوڕی یاقوب و یەهوزای ئەسخەریوتی کە ناپاک دەرچوو. ئینجا عیسا لەگەڵ دوازدە قوتابییەکان هاتە خوارەوە و لە شوێنێکی تەخت ڕاوەستا. زۆرێک لە قوتابییەکانی لەوێ بوون، هەروەها خەڵکێکی ئێجگار زۆر کە لە هەموو یەهودیا و ئۆرشەلیم و کەناری سور و سەیداوە هاتبوون، هەموویان بۆ ئەوە هاتبوون تاکو گوێی لێ بگرن و لە نەخۆشییەکانیان چاکببنەوە. ئەوانەی کە بە دەست ڕۆحە پیسەکان دەیانناڵاند چاکبوونەوە. هەموو خەڵکەکەش هەوڵیان دەدا دەستی لێ بدەن، چونکە هێزی لێ دەهاتە دەرەوە و هەمووانی چاک دەکردەوە. ئینجا چاوی بۆ قوتابییەکانی هەڵبڕی و فەرمووی: «خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە، ئەی هەژاران، چونکە شانشینی خودا بۆ ئێوەیە. خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کە ئێستا برسین، چونکە تێر دەبن. خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کە ئێستا دەگریێن، چونکە پێدەکەنن. خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کاتێک خەڵکی لەبەر کوڕی مرۆڤ ڕقیان لێتان دەبێتەوە و جیاتان دەکەنەوە و جنێوتان پێدەدەن و بە بەدکار ناوتان دەبەن. «لەو ڕۆژەدا دڵخۆش بن و لە خۆشیدا هەڵپەڕن، لەبەر ئەوەی لە ئاسمان پاداشتتان گەورەیە، چونکە باوباپیرانیشیان ئاوایان بە پێغەمبەران کردووە. «بەڵام قوڕبەسەرتان ئەی دەوڵەمەندان، چونکە خۆشگوزەرانی خۆتان لێرە وەرگرتووە. قوڕبەسەرتان ئەی ئەوانەی ئێستا تێرن، چونکە ئێوە برسی دەبن. قوڕبەسەرتان ئەی ئەوانەی ئێستا پێدەکەنن، چونکە ئێوە ماتەم دەگێڕن و دەگریێن. قوڕبەسەرتان کاتێک هەموو خەڵک ستایشتان دەکات، چونکە باوباپیرانیان ئاوایان بۆ پێغەمبەرە درۆزنەکان کردووە. «بەڵام ئەی گوێگران پێتان دەڵێم: دوژمنەکانتان خۆشبوێ، چاکە بکەن لەگەڵ ئەوانەی ڕقیان لێتان دەبێتەوە، ئەوانەی نەفرەتتان لێدەکەن داوای بەرەکەتیان بۆ بکەن، نوێژ بکەن بۆ ئەوانەی خراپەتان لەگەڵ دەکەن. ئەگەر یەکێک لە ڕوومەتت بدات، لایەکەی دیکەشی بۆ شل بکە. ئەگەر یەکێک چاکەتەکەت ببات، لاریت نەبێت بۆ کراسەکەشت. هەرکەسێک داوای شتێکی لێکردیت بیدەرێ. ئەوەش کە شتێکت لێ دەبات لێی داوا مەکەوە. چۆن دەتانەوێ خەڵکی هەڵسوکەوتتان لەگەڵ بکەن، ئێوەش بەو شێوەیە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکەن. «ئەگەر ئەوانەتان خۆشبوێ کە ئێوەیان خۆشدەوێت، ئایا چ چاکەیەکی بۆ ئێوە تێدایە؟ تەنانەت گوناهبارانیش ئەوانەیان خۆشدەوێت کە خۆشیان دەوێن. ئەگەر باش بن لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵتان باشن، ئایا چ چاکەیەکی بۆ ئێوە تێدایە؟ تەنانەت گوناهبارانیش هەمان شت دەکەن. ئەگەر قەرز بدەنە ئەوانەی کە بەو هیوایەن لێیان وەربگرنەوە، ئایا چ چاکەیەکی بۆ ئێوە تێدایە؟ تەنانەت گوناهبارانیش قەرز دەدەنە گوناهباران تاکو ئەوەندە وەربگرنەوە. بەڵام ئێوە دوژمنەکانتان خۆشبوێ، چاکە بکەن و قەرز بدەن، چاوەڕێی وەرگرتنەوەش مەکەن، بەمە پاداشتتان گەورە دەبێت و دەبنە ڕۆڵەی خودای هەرەبەرز، چونکە ئەو لەگەڵ بەدنمەک و بەدکاران نەرم و نیانە. بە بەزەیی بن، هەروەک چۆن باوکتان بە بەزەییە. «حوکم مەدەن، بۆ ئەوەی خودا حوکمتان نەدات. خەڵکی تاوانبار مەکەن، بۆ ئەوەی خودا تاوانبارتان نەکات. لە خەڵکی خۆش بن، خودا لێتان خۆش دەبێت. ببەخشن، پێتان دەبەخشرێت، پێوانەیەکی چاکی پەستێنراوی هەژێنراوی لێڕژاوتان دەخرێتە باوەش، چونکە بەو پێوانەیەی ئێوە بۆ خەڵک دەیپێون، خودا بۆتان دەپێوێتەوە.» نموونەیەکی بۆ هێنانەوە: «ئایا کوێر دەتوانێت ڕێنمایی کوێر بکات؟ هەردووکیان ناکەونە چاڵەوە؟ قوتابی لە مامۆستاکەی زیاتر نییە، بەڵام هەرکەسێک تەواو فێربێت، وەک مامۆستاکەی لێ دێت. «بۆچی سەرنج لە پووشی ناو چاوی براکەت دەدەیت، بەڵام ئاگات لە کاریتەکەی ناو چاوی خۆت نییە؟ چۆن دەتوانی بە براکەت بڵێی: ”برام با پووشەکەی ناو چاوت دەربهێنم“ لەکاتێکدا کاریتەکەی ناو چاوی خۆت نابینیت؟ ئەی دووڕوو، یەکەم جار کاریتەکەی ناو چاوت دەربهێنە، ئینجا باش دەبینیت بۆ دەرهێنانی پووشەکەی ناو چاوی براکەت. «هیچ دارێکی باش بەری خراپ نادات و داری خراپیش بەری باش نادات. هەر دارێک بە بەرەکەی دەناسرێتەوە. هەنجیر لە دڕک لێ ناکرێتەوە، لە تووتڕکیش ترێ ناڕنرێتەوە. مرۆڤی چاک لە گەنجینە چاکەکەی دڵ، چاکە دەردەهێنێت، مرۆڤی خراپیش لە خراپەوە خراپە دەردەهێنێت، چونکە ئەوەی لە دڵ هەڵدەقوڵێت دەم پێی دەدوێت. «بۆچی بە ”پەروەردگارم، پەروەردگارم!“ ناوم دەبەیت، کەچی ئەوەی دەیفەرمووم کاری پێ ناکەیت؟ ئەوەی بۆ لام دێت و گوێ لە فەرمایشتەکانم دەگرێت و کاری پێ دەکات، نیشانتان دەدەم لە کێ دەچێت. لە مرۆڤێک دەچێت خانووێک دروستدەکات، جا زەوییەکەی هەڵکەند و قووڵی کرد و بناغەکەی لەسەر بەرد دانا، لافاو هەستا و لە خانووەکەی دا، بەڵام نەیتوانی بیجوڵێنێت، چونکە لەسەر بەرد بنیاد نرابوو. بەڵام ئەوەی گوێی لێ بێت و پەیڕەوی نەکات، لە مرۆڤێک دەچێت کە خانووێکی بێ بناغەی لەسەر زەوی دروستکردبێت. کاتێک لافاو هات و لە خانووەکەی دا، دەستبەجێ بە تەواوی ڕووخا.»

هاوبەشی بکە
لۆقا 6 بخوێنەوە