لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 1:11-30

مەتا 1:11-30 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

پاش ئه‌وه‌ی ئیشۆع له‌ ڕێنمایی دوازده‌ قوتابییه‌كه‌ی ته‌واو بوو، له‌وێ ڕۆیشت و چوو بۆ فێركردن و موژده‌دان له‌ شاره‌كانیان. كاتێ یوخه‌ننه‌ن له‌ زیندانه‌كه‌‌دا كاره‌كانی مه‌سیحی بیست، دوو له‌ قوتابییه‌كانی خۆی نارد و پێی وت: “تۆی ئه‌وه‌ی دێت، یان چاوه‌ڕێی یه‌كێكی دیكه‌ بكه‌ین؟” ئیشۆعیش وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “بڕۆن، ئه‌وه‌ی ده‌یبیستن و ده‌یبینن به‌ یوخه‌ننه‌نی ڕابگه‌یه‌نن: كوێره‌كان ده‌بینن، شه‌له‌كان ڕێ ده‌كه‌ن، گوله‌كان بێگه‌رد ده‌بنه‌وه‌، كه‌ڕه‌كان ده‌بیستن، مردووان هه‌ڵده‌ستنه‌وه‌ و هه‌ژاران موژده‌یان پێ ده‌درێت”. به‌خته‌وه‌ریش به‌وه‌ی ساتمه‌م لێ ناكات. كاتێ ده‌ڕۆیشتن، ئیشۆع سه‌باره‌ت به‌ یوخه‌ننه‌ن بۆ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ ده‌ستیكرد به‌ قسه‌كردن و فه‌رمووی: “بۆ بینینی چی ده‌رچوونه‌ ده‌شتوده‌ر؟ قامیشێک كه‌ با ده‌یجووڵێنێ؟ ئه‌ی بۆ بینینی چی ده‌رچوون؟ مرۆڤێک كه‌ به‌رگی نه‌رمی پۆشیوه‌؟ ئه‌وه‌تا ئه‌وانه‌ی به‌رگی نه‌رم ده‌پۆشن له‌ ماڵی پاشایاندان. بۆ بینینی چی ده‌رچوون؟ پێغه‌مبه‌رێک؟ به‌ڵێ، پێتان ده‌ڵێم، له‌ پێغه‌مبه‌ریش باشتر. ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌رباره‌ی نووسراوه‌: {ئه‌وه‌تا فریشته‌كه‌م له‌پێشته‌وه‌ ده‌نێرم، ئه‌وه‌ی ڕێگات بۆ ئاماده‌ ده‌كات} . ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: له‌نێو له‌ژنبوواندا، كه‌س له‌ یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكار مه‌زنتر نه‌بووه‌، به‌ڵام بچووكترینی ئه‌وه‌ی له‌ پاشایه‌تیی ئاسماناندایه‌ له‌و مه‌زنتره‌. له‌ ڕۆژانی یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكاره‌وه‌ تا ئێستا پاشایه‌تیی ئاسمانان به‌ هێز تێده‌كۆشێت، تێكۆشه‌رانیش ده‌یڕفێنن. چونكه‌ هه‌موو پێغه‌مبه‌ران و ته‌ورات، تاكو هاتنی یوخه‌ننه‌ن پێشبینییان كردووه‌. ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ په‌سه‌ندی بكه‌ن، ئه‌مه‌ ئیلییایه‌ كه‌ خه‌ریكبوو بێت. ئه‌وه‌ی دوو گویێ هه‌یه‌ بۆ بیستن با ببیستێت! ئه‌م نه‌وه‌یه‌ له‌ چی بچووێنم؟ له‌و كوڕانه‌ ده‌چن كه‌ له‌ بازاڕه‌كاندا دانیشتوون و بانگی هاوڕێكانیان ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: زوڕنامان بۆ لێدان سه‌ماتان نه‌كرد! شیوه‌نمان بۆ گێڕان و له‌ خۆتان نه‌دا! چونكه‌ یوخه‌ننه‌ن هات نه‌ ده‌خوات و نه‌ ده‌خواته‌وه‌، ده‌ڵێن: شه‌یتانی تێدایه‌. ڕۆڵه‌ی مرۆڤ هات، ده‌خوات و ده‌خواته‌وه‌، ده‌ڵێن: ئه‌مه‌ كابرایه‌كی بخۆر و مه‌یخۆره‌، هاوڕێی باجگران و گوناهبارانه‌. به‌ڵام دانایی به‌ كرده‌وه‌كانی سه‌لمێندرا”. ئینجا ده‌ستی به‌ سه‌رزه‌نشتكردنی ئه‌و شارانه‌ی كرد كه‌ زۆربه‌ی په‌رجوه‌كانی تیایاندا نواندبوو، چونكه‌ تۆبه‌یان نه‌كردبوو. “وه‌ی به‌حاڵت ئه‌ی كورازین! وه‌ی به‌حاڵت ئه‌ی به‌یتسه‌یده‌ن! چونكه‌ ئه‌و په‌رجوانه‌ی له‌نێو ئێوه‌دا كران، ئه‌گه‌ر له‌ سوور و سه‌یده‌ن بكرایه‌ن، هه‌ر زوو به‌ په‌ڵاس و خۆڵه‌مێشه‌وه‌ تۆبه‌یان ده‌كرد. به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم: له‌ ڕۆژی حوكمداندا باری سووڕ و سه‌یده‌ن له‌ هی ئێوه‌ سوكتر ده‌بێت. تۆش ئه‌ی كپه‌ڕناخوم، بۆ ئاسمان به‌رز ده‌كرێیته‌وه‌؟! بۆ قووڵایی ده‌چیته‌ خواره‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌ سه‌دوومدا ئه‌و په‌رجوانه‌ بكرایه‌ن كه‌ له‌نێو تۆدا كرا، ئه‌وا تاكو ئه‌مڕۆ ده‌مایه‌وه‌. به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم: له‌ ڕۆژی حوكمداندا باری زه‌ویی سه‌دوم له‌ هی تۆ سوكتر ده‌بێت”. له‌و كاته‌دا ئیشۆع فه‌رمووی: “ئه‌ی باوک، سوپاست ده‌كه‌م، په‌روه‌ردگاری ئاسمان و زه‌وی، چونكه‌ ئه‌مانه‌ت له‌ دانا و تێگه‌یشتووان شاردۆته‌وه‌ و بۆ منداڵان ئاشكرات كردووه‌. به‌ڵێ ئه‌ی باوک، چونكه‌ ئه‌مه‌ت له‌به‌رچاو خۆش بوو. له‌ باوكمه‌وه‌ هه‌موو شتێكم دراوه‌تێ، كه‌س ڕۆڵه‌ ناناسێت باوک نه‌بێت، كه‌سیش باوک ناناسێت ته‌نها ڕۆڵه‌ و ئه‌وه‌ نه‌بێ كه‌ ڕۆڵه‌ ده‌یه‌وێ بۆی ئاشكرای بكات. وه‌رن بۆ لام ئه‌ی هه‌موو ماندووان و بارگرانه‌كان، من ده‌تانحه‌سێنمه‌وه‌. نیری من بخه‌نه‌ سه‌ر خۆتان و له‌ منه‌وه‌ فێربن، چونكه‌ دڵنه‌رم و خاكسارم، جا حه‌سانه‌وه‌ش بۆ ده‌روونتان ده‌دۆزنه‌وه‌. چونكه‌ نیره‌كه‌م ئاسانه‌ و باره‌كه‌م سووكه‌”.

هاوبەشی بکە
مەتا 11 بخوێنەوە

مەتا 1:11-30 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

پاش ئەوەی عیسا لە ڕێنمایی دوازدە قوتابییەکەی تەواو بوو، لەوێ ڕۆیشت و چوو بۆ فێرکردن و ڕاگەیاندنی پەیامی خودا لە شارۆچکەکانیان. کاتێک یەحیا لە زینداندا کارەکانی مەسیحی بیست، قوتابییەکانی خۆی ناردە لای، لێیان پرسی: «ئایا تۆی ئەوەی کە دێت، یان چاوەڕێی یەکێکی دیکە بکەین؟» عیساش لە وەڵامدا پێی فەرموون: «بڕۆن، ئەوەی دەیبیستن و دەیبینن بە یەحیای ڕابگەیەنن: کوێر دەبینێت، شەل دەڕوات، گەڕوگول پاک دەبێتەوە، کەڕ دەبیستێت، مردوو هەڵدەستێتەوە و هەژار مزگێنی پێدەدرێت. خۆزگە دەخوازرێ بەوەی گومانم لێ ناکات.» لە کاتێکدا قوتابییەکانی یەحیا دەڕۆیشتن، عیسا ڕووی لە خەڵکەکە کرد و سەبارەت بە یەحیا فەرمووی: «بۆ بینینی چی چوونە چۆڵەوانی؟ قامیشێک کە با دەیجوڵێنێتەوە؟ ئەی بۆ بینینی چی چوون؟ مرۆڤێک کە جلوبەرگی گرانبەهای پۆشیوە؟ نەخێر، ئەوانەی جلوبەرگی گرانبەها دەپۆشن لە کۆشکی پاشاکانن. ئیتر بۆ بینینی چی چوون؟ پێغەمبەرێک؟ بەڵێ، پێتان دەڵێم، لە پێغەمبەریش مەزنتر. یەحیا ئەو کەسەیە کە دەربارەی نووسراوە: «﴿من نێردراوی خۆم لەپێشتەوە دەنێرم، ئەوەی ڕێگات بۆ ئامادە دەکات.﴾ ڕاستیتان پێ دەڵێم: لەنێو ئەوانەی لە ژن لەدایک بوون، کەس لە یەحیای لەئاوهەڵکێش پایەبەرزتر نییە، بەڵام بچووکترینی ئەوەی لە شانشینی ئاسمانە لەو پایەبەرزترە. لە ڕۆژانی یەحیای لەئاوهەڵکێشەوە هەتا ئێستا شانشینی ئاسمان بە هێز تێدەکۆشێت، تێکۆشەرانیش دەستی پێوەدەگرن، چونکە هەموو پێغەمبەران و تەورات، هەتا هاتنی یەحیا پێشبینییان کردووە. ئەگەر دەتانەوێ پەسەندی بکەن، ئەم یەحیایە ئەو ئەلیاسەیە کە خەریکە بێت. ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت! «بەڵام ئەم نەوەیە بە چی بەراورد بکەم؟ لەو منداڵانە دەچن کە لە بازاڕەکاندا دانیشتوون و یەکتری بانگ دەکەن و دەڵێن: «”زوڕنامان بۆ لێدان و هەڵنەپەڕین، شینمان بۆ گێڕان و لە خۆتان نەدا.“ یەحیا هات، نەیدەخوارد و نەیدەخواردەوە، دەڵێن: ”ڕۆحی پیسی تێدایە.“ ئینجا کوڕی مرۆڤ هات، دەخوات و دەخواتەوە، دەڵێن: ”ئەمە کابرایەکی نەوسن و مەیخۆرە، هاوڕێی باجگران و گوناهبارانە.“ بەڵام دانایی ڕاستەقینە لە کردارەکانیەوە دەردەکەوێت.» ئینجا عیسا دەستی کرد بە سەرزەنشتکردنی ئەو شارانە کە زۆربەی پەرجووەکانی تێیاندا ئەنجام دابوو، چونکە تۆبەیان نەکردبوو. «قوڕبەسەرت، ئەی شاری خورازین! قوڕبەسەرت، ئەی بێت‌سەیدا! چونکە ئەو پەرجووانەی لەنێو ئێوەدا کران، ئەگەر لە سور و سەیدا بکرایە، ئەوا هەر زوو خەڵکەکەی بە جلوبەرگی گوش و لەناو خۆڵەمێشدا تۆبەیان دەکرد. بەڵام پێتان دەڵێم: لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا سزای سور و سەیدا سووکتر دەبێت لەوەی بۆ ئێوەیە. تۆش ئەی کەفەرناحوم، ئایا بۆ ئاسمان بەرز دەکرێیتەوە؟ نەخێر، تۆ بۆ جیهانی مردووان دەچیتە خوارەوە، چونکە ئەگەر ئەو پەرجووانەی کە لەنێو تۆدا کرا لە سەدۆمدا بکرابووایە، ئەوا تاکو ئەمڕۆ دەمایەوە. بەڵام پێتان دەڵێم: لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا سزای خاکی سەدۆم لە هی تۆ سووکتر دەبێت.» لەو کاتەدا عیسا فەرمووی: «ئەی باوک سوپاست دەکەم، پەروەردگاری ئاسمان و زەوی، چونکە ئەمانەت لە دانا و تێگەیشتووان شاردووەتەوە و بۆ منداڵانت ئاشکرا کردووە. بەڵێ ئەی باوک، چونکە ئەمەت پێ باش بوو. «باوکم هەموو شتێکی پێ سپاردووم، کەس کوڕەکە ناناسێت باوک نەبێت، کەسیش باوک ناناسێت تەنها کوڕەکە و ئەو کەسانە نەبێت کە کوڕەکە دەیەوێ بۆیانی ئاشکرا بکات. «وەرن بۆ لام ئەی هەموو ماندووان و بارگرانەکان، من دەتانحەسێنمەوە. نیری من بخەنە سەر خۆتان و لە منەوە فێربن، چونکە دڵنەرم و بێفیزم، حەسانەوەش بۆ دەروونتان دەدۆزنەوە، چونکە نیرەکەم گونجاوە و بارم سووکە.»

هاوبەشی بکە
مەتا 11 بخوێنەوە

YouVersion کووکی بەکاردەهێنێت بۆ کەسایەتیکردنی ئەزموونەکەت. بە بەکارهێنانی ماڵپەڕەکەمان، تۆ بەکارهێنانی کووکیەکانمان قبوڵ دەکەیت وەک لە سیاسەتی نهێنیدا باسکراوە