مەتا 1:14-17
مەتا 1:14-17 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)
له‌و كاته‌دا هیڕوودسی تیترارک ناوبانگی ئیشۆعی بیست، به پیاوه‌كانی وت: “ئه‌مه یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكاره له‌نێو مردووان‌دا هه‌ستاوه‌ته‌وه! بۆیه هێزی په‌رجو له‌سه‌ر ده‌ستی ده‌كرێت”. چونكه هیڕوودس، له‌به‌ر هیڕوودییای ژنی پیلیپوسی برای، یوخه‌ننه‌نی گرتبوو و په‌لبه‌ستی كردبوو و خستبوویه زیندانه‌وه. چونكه یوخه‌ننه‌ن پێی ده‌فه‌رموو: دروست نییه تۆ بیخوازیت. ئه‌ویش ده‌یویست بیكوژێت، به‌ڵام له خه‌ڵكه‌كه ده‌ترسا، چونكه به پێغه‌مبه‌ریان داده‌نا. جا له جه‌ژنی له‌دایكبوونی هیڕوودس، كچی هیڕوودییا له ناوه‌ڕاستدا سه‌مای كرد و هیڕوودسی دڵخۆش كرد، ئه‌وه‌بوو به سوێنده‌وه به‌ڵێنی پێی دا، چی داوا بكات بیداتێ. كچه‌ش به فیتی دایكی، وتی: “لێره له‌سه‌ر سینییه‌ک سه‌ری یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكارم بده‌رێ”. پاشاش دڵگران بوو، به‌ڵام له‌به‌ر سوێنده‌كان و میوانه‌كان، فه‌رمانی دا بیده‌نێ. ئینجا ناردی و له زیندان سه‌ری یوخه‌ننه‌ن بڕا و سه‌ره‌كه‌ی له‌سه‌ر سینییه‌ک هێنرا و درایه كچه‌كه، ئه‌ویش بردییه لای دایكی. قوتابییه‌كانی هاتن ته‌رمه‌كه‌یان هه‌ڵگرت و ناشتییان. ئینجا هاتن هه‌واڵیان دایه ئیشۆع. كه ئیشۆع ئه‌مه‌ی بیست، به ته‌نها به‌ره‌و شوێنێكی چۆڵ، به كه‌شتیه‌ک ئه‌وێی به‌جێهێشت. كاتێ كۆمه‌ڵانه‌كان بیستیان، له شاره‌كانه‌وه به پیاده دوای كه‌وتن. كاتێ ده‌رچوو، كۆمه‌ڵانێكی زۆری بینی، دڵی پێیان سووتا و نه‌خۆشه‌كانیانی چاككرده‌وه. كاتێ ئێواره داهات، قوتابییه‌كانی هاتنه لای و وتیان: “شوێنه‌كه چۆڵه و كاتیش دره‌نگه. خه‌ڵكه‌كه به‌ڕێكه با بڕۆنه گونده‌كان، خواردن بۆ خۆیان بكڕن”. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “پێویست ناكات بڕۆن. خۆتان شتێكیان بده‌نێ با بیخۆن”. ئه‌وانیش پێیان وت: “لێره له پێنج نان و دوو ماسی زیاترمان نییه”.
مەتا 1:14-17 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
لەو کاتەدا هێرۆدسی ئەنتیپاس کە فەرمانڕەوای جەلیل بوو، ناوبانگی عیسای بیست، بە پیاوەکانی گوت: «ئەمە یەحیای لەئاوهەڵکێشە لەناو مردووان‌دا هەستاوەتەوە، لەبەر ئەوە کاری پەرجوو لەسەر دەستی ئەو دەکرێت.» هێرۆدس، لەبەر هێرۆدیای ژنی فیلیپۆسی برای، یەحیای گرتبوو، پەلبەستی کردبوو و خستبوویە زیندانەوە، چونکە یەحیا پێی دەگوت: «دروست نییە براژنەکەت بخوازیت.» هێرۆدسیش دەیویست یەحیا بکوژێت، بەڵام لە خەڵکەکە دەترسا، چونکە بە پێغەمبەریان دادەنا. لە جەژنی لەدایکبوونی هێرۆدس، کچی هێرۆدیا لە ناوەڕاستی میواناندا سەمای کرد و هێرۆدسی دڵخۆش کرد. ئەویش سوێندی بۆ خوارد و بەڵێنی پێ دا کە حەزی لە چی بێت بیداتێ. کچەش بە فیتی دایکی، گوتی: «لێرە لەسەر سینییەک سەری یەحیای لەئاوهەڵکێشم بدەرێ.» پاشاش دڵگران بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی لەبەردەم میوانەکاندا سوێندی خواردبوو، فەرمانی دا بیدەنێ. ئینجا ناردی و لە زیندان سەری یەحیایان پەڕاند و سەرەکەی لەسەر سینییەک هێنرا و درایە کچەکە، ئەویش بردییە لای دایکی. قوتابییەکانی یەحیا هاتن تەرمەکەیان هەڵگرت و ناشتیان. ئینجا چوون بۆ لای عیسا و هەواڵیان پێدا. کە عیسا ئەمەی بیست، سواری بەلەمێک بوو و بە تەنها چووە شوێنێکی چۆڵ. کاتێک خەڵک بیستیان، لە شارەکانەوە بە پێیان دوای کەوتن. کاتێک عیسا لە بەلەمەکە دابەزی، خەڵکێکی بێشوماری بینی و دڵی پێیان سووتا و نەخۆشەکانی ئەوانی چاککردەوە. کاتێک ئێوارە داهات، قوتابییەکانی هاتنە لای و گوتیان: «ئەم شوێنە چۆڵە و کاتیش درەنگە. خەڵکەکە بەڕێ بکە با بڕۆنە گوندەکان و خواردن بۆ خۆیان بکڕن.» بەڵام عیسا پێی فەرموون: «پێویست ناکات بڕۆن. ئێوە شتێکیان بدەنێ با بیخۆن.» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «لێرە لە پێنج نان و دوو ماسی زیاترمان نییە.»