لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 1:2-12

مەتا 1:2-12 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

دوای له‌دایكبوونی ئیشۆع له‌ بێتلخمی ئیهوود، له‌ سه‌رده‌می هیڕوودسی پاشا، هه‌ندێک مۆغ له‌ خۆرهه‌ڵاته‌وه‌ هاتنه‌ یروشلایم، وتیان: “كوا ئه‌و له‌دایكبووه‌ی پاشای جووه‌كان؟ ئێمه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاته‌وه‌ ئه‌ستێره‌ی ئه‌ومان بینیوه‌، هاتووین كڕنۆشی بۆ ببه‌ین”. كاتێ هیڕوودس پاشا ئه‌مه‌ی بیست، شڵه‌ژا و هه‌موو یروشلایم له‌گه‌ڵی شڵه‌ژان. هه‌موو كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانانی گه‌لی كۆكرده‌وه‌، لێی پرسین: “مه‌سیح له‌كوێ له‌دایک ده‌بێت؟” پێیان وت: “له‌ بێتلخمی ئیهوود، چونكه‌ پێغه‌مبه‌رێک ئاوای نووسیوه‌: {تۆش ئه‌ی بێتلخمی زه‌ویی ئيهوودا بچووكترینی نێوان سه‌رۆكه‌كانی ئيهوودا نیت، چونكه‌ تیاتدا دادوه‌رێک ده‌رده‌كه‌وێت، شوانایه‌تیی گه‌لی ئیسڕائیلم ده‌كات} ”. جا هیڕوودس به‌ نهێنی مۆغه‌كانی بانگكرد و له‌باره‌ی كاتی ده‌ركه‌وتنی ئه‌ستێره‌كه‌ لێی زانین. ئینجا بۆ بێتلخمی ناردن و وتی: “بڕۆن و به‌ وردی به‌دوای كوڕه‌كه‌دا بگه‌ڕێن. كاتێ دۆزیتانه‌وه‌ هه‌واڵم بده‌نێ، تا منیش بێم و كڕنۆشی بۆ ببه‌م”. كاتێ گوێبیستی پاشا بوون، ڕۆیشتن، ئه‌ستێره‌كه‌ی له‌ خۆرهه‌ڵات بینیبوویان، پێشیان كه‌وت تاكو له‌سه‌ر ئه‌و شوێنه‌ی كوڕه‌كه‌ی لێبوو ڕاوه‌ستا. كاتێ ئه‌ستێره‌كه‌یان بینی خۆشیه‌كی زۆر مه‌زنیان كرد، هاتن بۆ ماڵه‌كه‌، كوڕه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ مه‌ریه‌می دایكی بینی، دانه‌وین و كڕنۆشیان بۆ برد، ئینجا گه‌نجینه‌كانیان كرده‌وه‌، زێڕ و بخوور و موڕیان به‌ دیاری پێشكه‌ش كرد. ئینجا كه‌ له‌ خه‌وندا سرووشیان بۆ هات‌ كه‌ نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ لای هیڕوودس، به‌ ڕێگایه‌كی دیكه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ وڵاتی خۆیان.

هاوبەشی بکە
مەتا 2 بخوێنەوە

مەتا 1:2-12 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

لەدوای لەدایکبوونی عیسا لە بێت‌لەحمی یەهودیا، لە سەردەمی هێرۆدسی پاشا، هەندێک مۆغ لە ڕۆژهەڵاتەوە هاتنە ئۆرشەلیم، پرسییان: «پاشای لەدایکبووی جولەکە لەکوێیە‏؟ لە ڕۆژهەڵاتەوە ئەستێرەی ئەومان بینی، هاتووین کڕنۆشی بۆ ببەین.» کاتێک هێرۆدسی پاشا ئەمەی بیست، پەشۆکا و هەموو خەڵکی ئۆرشەلیم لەگەڵی پەشۆکان. هەموو کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەوراتی گەلی کۆکردەوە، لێی پرسین: «مەسیح لەکوێ لە دایک دەبێت؟» وەڵامیان دایەوە: «لە بێت‌لەحمی یەهودیا، چونکە لە ڕێی پێغەمبەرەکەوە ئاوا نووسراوە: «﴿بەڵام تۆ ئەی بێت‌لەحمی خاکی یەهودا، کەمتر نیت لە شارۆچکەکانی دیکەی یەهودا، چونکە لە تۆوە فەرمانڕەوایەک دەردەکەوێت، شوانایەتی گەلی ئیسرائیلم دەکات.﴾» دوای ئەمە هێرۆدس بە نهێنی مۆغەکانی بانگکرد و لەبارەی کاتی دەرکەوتنی ئەستێرەکە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کردن. ئینجا بۆ بێت‌لەحمی ناردن و پێی گوتن: «بڕۆن و بە وردی بەدوای منداڵەکەدا بگەڕێن. کاتێک دۆزیتانەوە هەواڵم بدەنێ، تاکو منیش بێم و کڕنۆشی بۆ ببەم.» لەدوای ئەوەی گوێبیستی پاشا بوون، ڕۆیشتن، هەمان ئەو ئەستێرەیەی کە لە ڕۆژهەڵات بینیبوویان، پێشیان کەوت و هات و لەسەر ئەو شوێنە ڕاوەستا کە منداڵەکەی لێبوو. کاتێک ئەستێرەکەیان بینی، زۆر شادمان بوون، چوونە ماڵەکە، منداڵەکەیان لەگەڵ مریەمی دایکی بینی، دانەوینەوە و کڕنۆشیان بۆ برد و سندوقی گەنجینەکانیان کردەوە، زێڕ و بخوور و موڕیان بە دیاری پێشکەش کرد. ئینجا خودا لە خەوندا مۆغەکانی ئاگادار کردەوە کە نەگەڕێنەوە لای هێرۆدس، ئەوانیش بە ڕێگایەکی دیکەدا گەڕانەوە وڵاتی خۆیان.

هاوبەشی بکە
مەتا 2 بخوێنەوە