مەتا 29:24-44
مەتا 29:24-44 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)
یه‌كسه‌ر دوای ته‌نگانه‌ی ئه‌و ڕۆژانه، خۆر تاریک ده‌بێت، مانگ ڕووناكییه‌كه‌ی نادات، ئه‌ستێره‌كان له ئاسمان ده‌كه‌ون، هێزه‌كانی ئاسمانان ده‌هه‌ژێن. له‌و كاته نیشانه‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له ئاسماندا ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وسا هه‌موو هۆزه‌كانی زه‌وی شیوه‌ن ده‌گێڕن، ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بینن به‌سه‌ر هه‌وری ئاسماندا به هێز و شكۆیه‌كی مه‌زنه‌وه دێت. فریشته‌كانی به كه‌ڕه‌نایه‌كی مه‌زنه‌وه ده‌نێرێ، بژارده‌كانی له چوار باكه كۆده‌كه‌نه‌وه، له‌مسه‌ری ئاسمانانه‌وه تا ئه‌وسه‌ری. له دارهه‌نجیره‌وه په‌ند وه‌رگرن: كاتێ لقه‌كانی نه‌رم بوون و گه‌ڵایان كرد، ده‌زانن هاوین نزیكه. به هه‌مان شێوه، ئێوه‌ش كه هه‌موو ئه‌م شتانه‌تان بینی، بزانن نزیكه و له‌به‌رده‌رگایه. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌م نه‌وه‌یه به‌سه‌رناچێت تاكو ئه‌مانه هه‌مووی ده‌بێت. ئاسمان و زه‌وی به‌سه‌رده‌چن، به‌ڵام وشه‌كانم به‌سه‌رناچن. ئه‌و ڕۆژ و كاته كه‌س نایزانێت، ته‌نانه‌ت فریشته‌كانی ئاسمانانیش، ته‌نها باوكم نه‌بێ. ڕۆژانی نووخ چۆن بوو، هاتنه‌وه‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش ئاوا ده‌بێت. چونكه وه‌ک له ڕۆژانی پێش لافاوه‌كه ده‌یانخوارد و ده‌یانخوارده‌وه، ژنیان ده‌هێنا و مێردیان ده‌كرد، هه‌تا ئه‌و ڕۆژه‌ی نووخ چووه نێو كه‌شتییه‌كه، نه‌یانزانی تاكو لافاوه‌كه هات و هه‌مووی برد. هاتنه‌وه‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش ئاوا ده‌بێت. له‌و كاته‌دا دوو كه‌س له كێڵگه ده‌بن، یه‌كیان ده‌بردرێت و ئه‌وی دیكه به‌جێ ده‌هێڵدرێ. دوو ژن ده‌ستاڕ ده‌گێڕن، یه‌كیان ده‌بردرێت و ئه‌وی دیكه به‌جێ ده‌هێڵدرێ. كه‌واته بێ‌دار بن، چونكه نازانن له چ كاتێكدا په‌روه‌ردگارتان دێته‌وه. ئه‌مه‌ش بزانن: ئه‌گه‌ر خاوه‌ن ماڵ بزانێت له چ به‌تڵێكدا دز دێته سه‌ری، بێ‌دار ده‌بێت و نایه‌ڵێت ماڵه‌كه‌ی ببڕدرێت. بۆیه ئێوه‌ش ئاماده بن، چونكه ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له كاتێكدا دێته‌وه كه بیری لێ ناكه‌نه‌وه.
مەتا 29:24-44 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)
«دەستبەجێ دوای تەنگانەی ئەو ڕۆژانە، «﴿خۆر تاریک دەبێت، مانگ ڕووناکییەکەی نادات، ئەستێرەکان لە ئاسمان دەکەون، تەنی ئاسمانی دەهەژێن.﴾ «لەو کاتە نیشانەی کوڕی مرۆڤ لە ئاسماندا دەردەکەوێت، ئەوسا هەموو نەتەوەکانی زەوی شیوەن دەگێڕن، کاتێک کوڕی مرۆڤ دەبینن بەسەر هەوری ئاسمانەوە بە هێز و شکۆیەکی مەزنەوە دێت. فریشتەکانی بە کەڕەنایەکی دەنگ بەرزەوە دەنێرێت، لە ئاراستەی هەر چوار بایەکە، لەم سەری ئاسمانەوە هەتا ئەو سەری، هەڵبژێردراوانی خودا کۆدەکەنەوە. «پەند لە دار هەنجیر وەربگرن: کاتێک لقەکانی نەرم بوون و گەڵایان کرد، دەزانن هاوین نزیکە. بە هەمان شێوە، کاتێک ئێوەش هەموو ئەم شتانە دەبینن، بزانن کە نزیکە و لە بەردەرگایە. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەم نەوەیە بەسەرناچێت، هەتا هەموو ئەمانە نەیەنە دی. ئاسمان و زەوی بەسەردەچن، بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن. «سەبارەت بەو ڕۆژ و کاتە کەس نایزانێت، نە فریشتەکانی ئاسمان و نە کوڕەکە، تەنها باوک نەبێت. ڕۆژانی نوح چۆن بوو، کاتی هاتنەوەی کوڕی مرۆڤیش ئاوا دەبێت. وەک چۆن لە ڕۆژانی پێش لافاوەکە دەیانخوارد و دەیانخواردەوە، ژنیان دەهێنا و مێردیان دەکرد، هەتا ئەو ڕۆژەی نوح چووە ناو کەشتییەکە، کەس نەیدەزانی چی ڕوودەدات، هەتا لافاوەکە هات و هەمووی برد. هاتنەوەی کوڕی مرۆڤیش ئاوا دەبێت. لەو کاتەدا دوو پیاو لە کێڵگە دەبن، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت. دوو ژن دەستاڕ دەگێڕن، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت. «لەبەر ئەوە ئێشک بگرن، چونکە نازانن لە چ ڕۆژێکدا مەسیحی خاوەن شکۆتان دێتەوە. بەڵام ئەوەش بزانن: ئەگەر گەورەی ماڵ بزانێت لە چ کاتێکدا دز دێتە سەری، ئێشک دەگرێت و نایەڵێت ماڵەکەی ببڕدرێت. کەواتە ئێوەش ئامادە بن، چونکە کوڕی مرۆڤ لە کاتێکدا دێتەوە کە بیری لێ ناکەنەوە.