لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 3:24-51

مەتا 3:24-51 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

كاتێ له‌سه‌ر كێوی زه‌یتوون دانیشتبوو، قوتابییه‌كان به‌ته‌نها هاتنه‌ لای و وتیان: “پێمان بفه‌رموو كه‌ی ئه‌مانه‌ ده‌بێت؟ نیشانه‌ی هاتنه‌وه‌ت و به‌سه‌رچوونی ڕۆژگار چییه‌؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “ئاگاداربن! كه‌س گومڕاتان نه‌كات. چونكه‌ زۆر كه‌س به‌ ناوی منه‌وه‌ دێن و ده‌ڵێن: من مه‌سیحم! زۆر كه‌سیش گومڕا ده‌كه‌ن. جه‌نگ و هه‌واڵی جه‌نگیش ده‌بیستن، وریابن، مه‌تۆقن. چونكه‌ ده‌بێت هه‌موو ئه‌مانه‌ ڕووبده‌ن، به‌ڵام هێشتا پایان نییه‌. چونكه‌ نه‌ته‌وه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ ڕاست ده‌بێته‌وه‌ و پاشایه‌تی له‌ پاشایه‌تی، برسیێتی و بوومه‌له‌رزه‌ش له‌ شوێنی جیاجیا ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌مانه‌ هه‌مووی سه‌ره‌تای ژانه‌كانن‌. ئینجا بۆ چه‌وسانه‌وه‌ ڕاده‌ستتان ده‌كه‌ن و ده‌تانكوژن، هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان له‌پێناوی ناوی من ڕقیان لێتان ده‌بێته‌وه‌. ئه‌و كاته‌ زۆركه‌س ساتمه‌ده‌كه‌ن و یه‌كتری ڕاده‌ست ده‌كه‌ن و ڕقیان له‌ یه‌كتر ده‌بێته‌وه‌. زۆر پێغه‌مبه‌ری درۆزن ده‌رده‌كه‌ون، زۆركه‌س گومڕا ده‌كه‌ن. له‌به‌ر زۆربوونی تاوان، خۆشویستنی زۆركه‌س سارد ده‌بێته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی تا پایان دانبه‌خۆیدا بگرێت، ڕزگاری ده‌بێت. ئه‌م ئینجیلی پاشایه‌تییه‌ش له‌ هه‌موو جیهاندا ڕاده‌گه‌یه‌نرێت، وه‌ک گه‌واهییه‌ک بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان، ئینجا پایانه‌كه‌ دێت. بۆیه‌ كاتێ ده‌بینن گڵاویی وێرانی له‌ شوێنی پارسادا ڕاوه‌ستاوه‌، ئه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ر دانیئیل باسی كردووه‌ ـ با خوێنه‌ر تێبگات ـ ئینجا با ئه‌وانه‌ی له‌ ئیهووددان بۆ چیاكان هه‌ڵبێن، ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ربانه‌ با نه‌یه‌ته‌ خواره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شتێک له‌ ماڵه‌وه‌ ببات. ئه‌وه‌ش له‌ كێڵگه‌دایه‌ با نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ دواوه‌ بۆئه‌وه‌ی جله‌كه‌ی ببات. له‌و ڕۆژانه‌دا وه‌ی به‌حاڵی دووگیان و شیرده‌ران! نوێژ بكه‌ن با هه‌ڵاتنتان له‌ زستان یان له‌ شه‌ممه‌دا نه‌بێت. چونكه‌ له‌وكاتدا ته‌نگانه‌یه‌كی مه‌زن ڕووده‌دات، كه‌ له‌ سه‌ره‌تای جیهانه‌وه‌ تا ئێستا ئاوا نه‌بووه‌ و نابێت. ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕۆژانه‌ كورت نه‌كرابوونایه‌وه‌، كه‌س ڕزگاری نه‌ده‌بوو. به‌ڵام له‌ پێناوی بژارده‌كان، ئه‌و ڕۆژانه‌ كورت ده‌كرێنه‌وه‌. ئه‌وسا ئه‌گه‌ر یه‌كێک پێی وتن: ئه‌وه‌تا مه‌سیح لێره‌یه‌! یان: ئه‌وه‌تا له‌وێیه‌! باوه‌ڕ مه‌كه‌ن. چونكه‌ مه‌سیحانی درۆزن و پێغه‌مبه‌رانی درۆزن ده‌رده‌كه‌ون، نیشانه‌ی مه‌زن و په‌رجو ده‌كه‌ن، تا ئه‌گه‌ر بكرێ ته‌نانه‌ت بژارده‌كانیش گومڕا ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌تا پێشوه‌خت پێم وتن. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر پێیان وتن: ئه‌وه‌تا له‌ چۆڵه‌وانییه‌! ده‌رنه‌چن، ئه‌وه‌تا له‌ ژووره‌كانی ناوه‌وه‌یه‌! باوه‌ڕ مه‌كه‌ن. چونكه‌ چۆن بروسكه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاته‌وه‌ ده‌رده‌چێت و تاكو خۆرئاوا ده‌دره‌وشێته‌وه‌، هاتنه‌وه‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش ئاوا ده‌بێت. لاک له‌كوێ بێت، داڵ له‌وێ كۆده‌بێته‌وه‌. یه‌كسه‌ر دوای ته‌نگانه‌ی ئه‌و ڕۆژانه‌، خۆر تاریک ده‌بێت، مانگ ڕووناكییه‌كه‌ی نادات، ئه‌ستێره‌كان له‌ ئاسمان ده‌كه‌ون، هێزه‌كانی ئاسمانان ده‌هه‌ژێن. له‌و كاته‌ نیشانه‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌ ئاسماندا ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وسا هه‌موو هۆزه‌كانی زه‌وی شیوه‌ن ده‌گێڕن، ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بینن به‌سه‌ر هه‌وری ئاسماندا به‌ هێز و شكۆیه‌كی مه‌زنه‌وه‌ دێت. فریشته‌كانی به‌ كه‌ڕه‌نایه‌كی مه‌زنه‌وه‌ ده‌نێرێ، بژارده‌كانی له‌ چوار باكه‌ كۆده‌كه‌نه‌وه‌، له‌مسه‌ری ئاسمانانه‌وه‌ تا ئه‌وسه‌ری. له‌ دارهه‌نجیره‌وه‌ په‌ند وه‌رگرن: كاتێ لقه‌كانی نه‌رم بوون و گه‌ڵایان كرد، ده‌زانن هاوین نزیكه‌. به‌ هه‌مان شێوه‌، ئێوه‌ش كه‌ هه‌موو ئه‌م شتانه‌تان بینی، بزانن نزیكه‌ و له‌به‌رده‌رگایه‌. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌م نه‌وه‌یه‌ به‌سه‌رناچێت تاكو ئه‌مانه‌ هه‌مووی ده‌بێت. ئاسمان و زه‌وی به‌سه‌رده‌چن، به‌ڵام وشه‌كانم به‌سه‌رناچن. ئه‌و ڕۆژ و كاته‌ كه‌س نایزانێت، ته‌نانه‌ت فریشته‌كانی ئاسمانانیش، ته‌نها باوكم نه‌بێ. ڕۆژانی نووخ چۆن بوو، هاتنه‌وه‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش ئاوا ده‌بێت. چونكه‌ وه‌ک له‌ ڕۆژانی پێش لافاوه‌كه‌ ده‌یانخوارد و ده‌یانخوارده‌وه‌، ژنیان ده‌هێنا و مێردیان ده‌كرد، هه‌تا ئه‌و ڕۆژه‌ی نووخ چووه‌ نێو كه‌شتییه‌كه‌، نه‌یانزانی تاكو لافاوه‌كه‌ هات و هه‌مووی برد. هاتنه‌وه‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش ئاوا ده‌بێت. له‌و كاته‌دا دوو كه‌س له‌ كێڵگه‌ ده‌بن، یه‌كیان ده‌بردرێت و ئه‌وی دیكه‌ به‌جێ ده‌هێڵدرێ. دوو ژن ده‌ستاڕ ده‌گێڕن، یه‌كیان ده‌بردرێت و ئه‌وی دیكه‌ به‌جێ ده‌هێڵدرێ. كه‌واته‌ بێدار بن، چونكه‌ نازانن له‌ چ كاتێكدا په‌روه‌ردگارتان دێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش بزانن: ئه‌گه‌ر خاوه‌ن ماڵ بزانێت له‌ چ به‌تڵێكدا دز دێته‌ سه‌ری، بێدار ده‌بێت و نایه‌ڵێت ماڵه‌كه‌ی ببڕدرێت. بۆیه‌ ئێوه‌ش ئاماده‌ بن، چونكه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌ كاتێكدا دێته‌وه‌ كه‌ بیری لێ ناكه‌نه‌وه‌. كه‌واته‌ كێیه‌ ئه‌و كۆیله‌ ده‌ستپاک و دانایه‌ی گه‌وره‌كه‌ی له‌سه‌ر ڕاژه‌وانانی خۆی دایناوه‌، تاكو له‌ كاتی خۆیدا خواردنیان بداتێ؟ به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌و كۆیله‌یه‌ كاتێ گه‌وره‌كه‌ی دێته‌وه‌ ده‌بینێت ئاوا ده‌كات! ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: به‌سه‌ر هه‌موو ماڵه‌كه‌یدا دایده‌نێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و كۆیله‌ خراپه‌ له‌ دڵی خۆیدا بڵێ: گه‌وره‌كه‌م دواده‌كه‌وێت، ئینجا ده‌ستبكات به‌ لێدانی كۆیله‌ هاوكاره‌كانی و له‌گه‌ڵ سه‌رخۆشان بخوات و بخواته‌وه‌. ئه‌وسا گه‌وره‌ی ئه‌و كۆیله‌یه‌ له‌ ڕۆژێكدا دێته‌وه‌ كه‌ مه‌زه‌نده‌ی ناكات و له‌ كاژێرێک كه‌ نایزانێت. ئینجا پارچه‌ پارچه‌ی ده‌كات و به‌شی له‌گه‌ڵ ڕووپاماكاندا داده‌نێت، گریان و جیڕه‌ی ددانیش له‌وێدا ده‌بێت.

هاوبەشی بکە
مەتا 24 بخوێنەوە

مەتا 3:24-51 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

کاتێک لەسەر کێوی زەیتوون دانیشتبوو، قوتابییەکان بە تەنها هاتنە لای و گوتیان: «پێمان بفەرموو کەی ئەمە ڕوودەدات؟ هەروەها نیشانەی هاتنەوەت و کۆتایی زەمان چییە؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «ئاگاداربن، کەس چەواشەتان نەکات، چونکە زۆر کەس بە ناوی منەوە دێن و دەڵێن ”من مەسیحەکەم،“ زۆر کەسیش چەواشە دەکەن. جەنگ و هەواڵی جەنگیش دەبیستن، وریابن مەتۆقن، چونکە دەبێت ئەمە ڕووبدات، بەڵام هێشتا کۆتایی نییە. نەتەوە لە نەتەوە ڕاست دەبێتەوە و شانشین لە شانشین، قاتوقڕی و بوومەلەرزەش لە شوێنی جیاجیا دەبێت. بەڵام ئەمانە هەمووی سەرەتای ژانەکانن. «ئینجا بۆ چەوسانەوە بە گرتنتان دەدەن و دەتانکوژن، هەموو نەتەوەکان لەبەر ناوی من ڕقیان لێتان دەبێتەوە. ئەو کاتە زۆر کەس واز لە باوەڕەکەیان دەهێنن و یەکتری بە گرتن دەدەن و ڕقیان لە یەکتری دەبێتەوە. زۆر پێغەمبەری درۆزن دەردەکەون، زۆر کەس چەواشە دەکەن. لەبەر زۆربوونی خراپە، خۆشەویستی زۆر کەس سارد دەبێتەوە. بەڵام ئەوەی هەتا کۆتایی دانبەخۆیدا بگرێت، ڕزگاری دەبێت. ئەم مزگێنی پاشایەتییەش لە هەموو جیهاندا ڕادەگەیەنرێت، وەک شایەتییەک بۆ هەموو نەتەوەکان، ئینجا کۆتاییەکە دێت. «لەبەر ئەوە کاتێک دەبینن ﴿قێزەونی وێرانکەر﴾ لە شوێنی پیرۆزدا ڕاوەستاوە، ئەوەی پێغەمبەر دانیال باسی کردووە (با خوێنەر تێبگات)، ئینجا با ئەوانەی لە یەهودیان بەرەو چیاکان ڕابکەن، ئەوەی لە سەربانە با نەیەتە خوارەوە تاکو شتەکانی لە ماڵەوە ببات. هەروەها ئەوەی لە کێڵگەیە با نەگەڕێتەوە تاکو جلەکەی ببات. لەو ڕۆژانەدا قوڕبەسەر دووگیان و شیردەر! نوێژ بکەن با هەڵاتنتان لە زستان یان لە شەممەدا نەبێت، چونکە لەو کاتەدا تەنگانەیەکی وا گەورە ڕوودەدات کە لە سەرەتای جیهانەوە هەتا ئێستا ئاوا نەبووە و نابێت. «ئەگەر ئەو ڕۆژانە کەم نەکرابوونایەوە، کەس ڕزگاری نەدەبوو. بەڵام لە پێناوی ئەوانەی هەڵبژێردراون، ئەو ڕۆژانە کەم دەکرێنەوە. ئەگەر ئەو کاتە یەکێک پێی گوتن: ”ئەوەتا مەسیح لێرەیە!“ یان: ”ئەوەتا لەوێیە!“ باوەڕ مەکەن، چونکە چەند مەسیحێکی درۆزن و پێغەمبەرانی درۆزن دەردەکەون، نیشانەی گەورە و پەرجوو دەکەن، بە شێوەیەک ئەگەر بکرێت تەنانەت هەڵبژێردراوانیش چەواشە دەکەن. ئەوەتا پێشوەخت پێم گوتن. «لەبەر ئەوە ئەگەر پێیان گوتن: ”ئەوەتا لە چۆڵەوانییە!“ مەڕۆن، یان ”ئەوەتا لە ژوورەوەیە!“ باوەڕ مەکەن، چونکە وەک چۆن هەورەتریشقە دێت و ڕووناکی دەدات لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا، هاتنەوەی کوڕی مرۆڤیش ئاوا دەبێت. کەلاک لەکوێ بێت، داڵ لەوێ کۆدەبێتەوە. «دەستبەجێ دوای تەنگانەی ئەو ڕۆژانە، «﴿خۆر تاریک دەبێت، مانگ ڕووناکییەکەی نادات، ئەستێرەکان لە ئاسمان دەکەون، تەنی ئاسمانی دەهەژێن.﴾ «لەو کاتە نیشانەی کوڕی مرۆڤ لە ئاسماندا دەردەکەوێت، ئەوسا هەموو نەتەوەکانی زەوی شیوەن دەگێڕن، کاتێک کوڕی مرۆڤ دەبینن بەسەر هەوری ئاسمانەوە بە هێز و شکۆیەکی مەزنەوە دێت. فریشتەکانی بە کەڕەنایەکی دەنگ بەرزەوە دەنێرێت، لە ئاراستەی هەر چوار بایەکە، لەم سەری ئاسمانەوە هەتا ئەو سەری، هەڵبژێردراوانی خودا کۆدەکەنەوە. «پەند لە دار هەنجیر وەربگرن: کاتێک لقەکانی نەرم بوون و گەڵایان کرد، دەزانن هاوین نزیکە. بە هەمان شێوە، کاتێک ئێوەش هەموو ئەم شتانە دەبینن، بزانن کە نزیکە و لە بەردەرگایە. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەم نەوەیە بەسەرناچێت، هەتا هەموو ئەمانە نەیەنە دی. ئاسمان و زەوی بەسەردەچن، بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن. «سەبارەت بەو ڕۆژ و کاتە کەس نایزانێت، نە فریشتەکانی ئاسمان و نە کوڕەکە، تەنها باوک نەبێت. ڕۆژانی نوح چۆن بوو، کاتی هاتنەوەی کوڕی مرۆڤیش ئاوا دەبێت. وەک چۆن لە ڕۆژانی پێش لافاوەکە دەیانخوارد و دەیانخواردەوە، ژنیان دەهێنا و مێردیان دەکرد، هەتا ئەو ڕۆژەی نوح چووە ناو کەشتییەکە، کەس نەیدەزانی چی ڕوودەدات، هەتا لافاوەکە هات و هەمووی برد. هاتنەوەی کوڕی مرۆڤیش ئاوا دەبێت. لەو کاتەدا دوو پیاو لە کێڵگە دەبن، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت. دوو ژن دەستاڕ دەگێڕن، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت. «لەبەر ئەوە ئێشک بگرن، چونکە نازانن لە چ ڕۆژێکدا مەسیحی خاوەن شکۆتان دێتەوە. بەڵام ئەوەش بزانن: ئەگەر گەورەی ماڵ بزانێت لە چ کاتێکدا دز دێتە سەری، ئێشک دەگرێت و نایەڵێت ماڵەکەی ببڕدرێت. کەواتە ئێوەش ئامادە بن، چونکە کوڕی مرۆڤ لە کاتێکدا دێتەوە کە بیری لێ ناکەنەوە. «کەواتە ئەو کۆیلە دڵسۆز و ژیرە کێیە کە گەورەکەی کردوویەتی بە لێپرسراوی خزمەتکارەکانی دیکەی تاکو لە کاتی خۆیدا خواردنیان بداتێ؟ خۆزگە دەخوازرێت بەو کۆیلەیە کاتێک گەورەکەی دێتەوە دەبینێت ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکات. ڕاستیتان پێ دەڵێم: بەسەر هەموو ماڵەکەیەوە دایدەنێت. بەڵام وای دابنێ کە ئەو کۆیلەیە خراپە و لە دڵی خۆیدا دەڵێ: ”گەورەکەم دوادەکەوێت،“ بەو هۆیەوە دەست دەکات بە لێدانی کۆیلە هاوکارەکانی و لەگەڵ سەرخۆشان دەخوات و دەخواتەوە. ئیتر گەورەی ئەو کۆیلەیە لە ڕۆژێکدا دێتەوە کە چاوەڕێی ناکات و لە کاتژمێرێک کە نایزانێت. ئەوسا پارچەپارچەی دەکات و بەشی لەگەڵ دووڕوواندا دادەنێت، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت.

هاوبەشی بکە
مەتا 24 بخوێنەوە