لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 14:25-46

مەتا 14:25-46 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

وه‌ هه‌ر وه‌ک پیاوێک گه‌شت بكات، كۆیله‌كانی بانگ ده‌كات و موڵكه‌كه‌ی خۆی ڕاده‌ستیان ده‌كات. پێنج تالنتی دا یه‌كێكیان و ئه‌وی دیكه‌ دوو تالنت و سێیه‌میش یه‌ک تالنت. هه‌ریه‌كه‌ به‌گوێره‌ی توانای خۆی، یه‌كسه‌ریش چووه‌ گه‌شت. ئه‌وه‌ی پێنج تالنته‌كه‌ی وه‌رگرت، ڕۆیشت و بازرگانیی پێ كرد، پێنج تالنتی دیكه‌شی قازانج كرد. به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌وه‌ی دوو تالنته‌كه‌ش، دوو تالنتی دیكه‌ی قازانج كرد. به‌ڵام ئه‌وه‌ی یه‌ک تالنته‌كه‌ی وه‌رگرت، ڕۆیشت و چاڵێكی له‌ زه‌ویدا هه‌ڵكه‌ند و زیوی گه‌وره‌كه‌ی شارده‌وه‌. دوای ماوه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌ی ئه‌و كۆیلانه‌ دێت و لێیان ده‌پرسێته‌وه‌. ئه‌وه‌ی پێنج تالنته‌كه‌ی وه‌رگرت، دێت و پێنج تالنتی دیكه‌ش ده‌هێنێت و ده‌ڵێت: گه‌وره‌م، پێنج تالنتت دامێ، ئه‌وه‌تا پێنج تالنتی دیكه‌م قازانج كردووه‌. گه‌وره‌كه‌ی پێی وت: ئافه‌رم ئه‌ی كۆیله‌ی چاک و ده‌ستپاک! له‌ كه‌م ده‌ستپاک بوویت، زۆرت پێ ده‌سپێرم. وه‌ره‌ ژووره‌وه‌ بۆ خۆشیی گه‌وره‌كه‌ت. ئینجا ئه‌وه‌ی دوو تالنته‌كه‌ هات و وتی: گه‌وره‌م، دوو تالنتت دامێ، ئه‌وه‌تا دوو تالنتی دیكه‌م قازانج كردووه‌. گه‌وره‌كه‌ی پێی وت: ئافه‌رم كۆیله‌ی چاک و ده‌ستپاک! له‌ كه‌م ده‌ستپاک بوویت، زۆرت پێ ده‌سپێرم. وه‌ره‌ ژووره‌وه‌ بۆ خۆشیی گه‌وره‌كه‌ت. ئینجا ئه‌وه‌ی یه‌ک تالنته‌كه‌ی وه‌رگرتبوو هات و وتی: گه‌وره‌م، زانیم تۆ پیاوێكی دڵڕه‌قی، شوێنێک ده‌درویته‌وه‌ كه‌ تۆوت نه‌كردووه‌، له‌ شوێنێک كۆده‌كه‌یته‌وه‌ كه‌ شه‌نه‌بات نه‌كردووه‌. جا ترسام و چووم تالنته‌كه‌تم له‌نێو زه‌ویدا شارده‌وه‌. ئا ئه‌وه‌ ماڵه‌كه‌ته‌. گه‌وره‌كه‌ی وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: ئه‌ی كۆیله‌ی به‌دكار و ته‌مبه‌ڵ! كه‌ زانیت من دروێنه‌ له‌و شوێنه‌ ده‌كه‌م كه‌ تۆوم نه‌كردووه‌، له‌وه‌ كۆده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ شه‌نه‌بام نه‌كردووه‌، ده‌بووایه‌ زیوه‌كه‌مت له‌لای پاره‌گۆره‌وه‌كانت دابنایه‌، له‌ گه‌ڕانه‌وه‌مدا ئه‌وه‌ی هی منه‌ له‌گه‌ڵ سووده‌كه‌ی وه‌رمده‌گرته‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌و تالنته‌ی لێ بسه‌ننه‌وه‌ و بیده‌نه‌ ئه‌وه‌ی ده‌ تالنته‌كه‌ی پێیه‌. چونكه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یبێت، پێی ده‌درێت و زیاد ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نه‌یبێت، ئه‌وه‌ی هه‌شیه‌تی لێی ده‌سه‌نرێته‌وه‌. كۆیله‌ بێ سووده‌كه‌ش فڕێبده‌نه‌ تاریكی ده‌ره‌وه‌، گریان و جیڕه‌ی ددانیش له‌وێ ده‌بێت. كاتێ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ به‌ شكۆی خۆی دێته‌وه‌ و هه‌موو فریشته‌ پارساكانیش له‌گه‌ڵیدان، ئه‌وسا له‌سه‌ر ته‌ختی شكۆی خۆی داده‌نیشێت. هه‌موو گه‌لان له‌به‌رده‌می كۆده‌بنه‌وه‌ و ئه‌ویش له‌ یه‌كتریان جیا ده‌كاته‌وه‌، وه‌ک شوان كاوڕ له‌ بزن جیا ده‌كاته‌وه‌. جا كاوڕه‌كان له‌لای ڕاستی خۆی ڕاده‌گرێت و بزنه‌كانیش له‌لای چه‌پ. ئینجا پاشا به‌وانه‌ی لای ڕاستیه‌وه‌ن ده‌ڵێ: وه‌رن ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوكم داڕشتی پێدان، ببنه‌ میراتگری ئه‌و پاشایه‌تیه‌ كه‌ له‌ دامه‌زراندنی جیهانه‌وه‌ بۆتان ئاماده‌ كراوه‌. چونكه‌ برسی بووم و نانتان دامێ، تینوو بووم ئاوتان دامێ، نامۆ بووم شوێنتان كردمه‌وه‌. ڕووت بووم پۆشته‌تان كردم، نه‌خۆش بووم سه‌رتان لێدام، زیندانی بووم هاتنه‌ لام. ئه‌وسا خوداناسان وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه‌ و ده‌ڵێن: په‌روه‌ردگار، كه‌ی تۆمان به‌ برسیێتی بینیوه‌ و نانمان داویتێ، یان تینوو و ئاومان داویتێ؟ كه‌ی تۆمان به‌ نامۆیی بینیوه‌ و شوێنمان كردوویته‌وه‌، یان به‌ ڕووتی و پۆشته‌مان كردوویت؟ كه‌ی تۆمان به‌ نه‌خۆشی یان زیندانی بینیوه‌ و هاتووین بۆ لات؟ ئینجا پاشا وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێ: ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: هه‌رچییه‌كتان بۆ یه‌كێک له‌م برا بچووكانه‌م كردووه‌، ئه‌وا بۆ منتان كردووه‌. دواتر به‌وانه‌ی له‌لای چه‌پیه‌وه‌ن ده‌ڵێ: لێم دوور بكه‌ونه‌وه‌! ئه‌ی نه‌فره‌تلێكراوان به‌ره‌و ئاگری جاویدانی، ئه‌وه‌ی بۆ ئیبلیس و فریشته‌كانی ئاماده‌ كراوه‌. چونكه‌ برسی بووم نانتان نه‌دامێ، تینوو بووم ئاوتان نه‌دامێ، نامۆ بووم شوێنتان نه‌كردمه‌وه‌، ڕووت بووم بپۆشته‌تان نه‌كردم، نه‌خۆش و زیندانی بووم سه‌رتان لێ نه‌دام. ئه‌وسا ئه‌وانیش وه‌ڵامی ده‌ده‌نه‌وه‌ و ده‌ڵێن: په‌روه‌ردگار، كه‌ی تۆمان به‌ برسیێتی یان تینووێتی یان نامۆ یان ڕووت یان نه‌خۆش یان زیندانی بینیوه‌ و ڕاژه‌مان نه‌كردوویت؟ ئه‌ویش وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێ: ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: هه‌رچییه‌كتان بۆ یه‌كێک له‌م بچووكانه‌ نه‌كردووه‌، بۆ منیشتان نه‌كردووه‌. جا ئه‌وانه‌ بۆ ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی جاویدانی ده‌چن، خوداناسانیش بۆ ژیانێكی جاویدانی”.

هاوبەشی بکە
مەتا 25 بخوێنەوە

مەتا 14:25-46 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

«هەروەها شانشینی ئاسمان وەک پیاوێکە کە پێش گەشتکردنی، کۆیلەکانی بانگ کرد و ماڵ و سامانەکەی خۆی دایە دەستیان. پێنج کیسە زێڕی دایە یەکێکیان و ئەوی دیکە دوو کیسە و سێیەمیش یەک کیسە، هەریەکە بەگوێرەی توانای خۆی. ئینجا چووە گەشت. ئەوەی پێنج کیسە زێڕەکەی وەرگرت، ڕۆیشت و ئیشی پێوە کرد، پێنجی دیکەشی قازانج کرد. بە هەمان شێوە ئەوەی دوو کیسە زێڕەکەش، دووی دیکەی قازانج کرد. بەڵام ئەوەی یەک کیسە زێڕەکەی وەرگرت، ڕۆیشت و چاڵێکی لە زەویدا هەڵکەند و زێڕی گەورەکەی تێدا شاردەوە. «دوای ماوەیەکی زۆر گەورەی ئەو کۆیلانە گەڕایەوە و حیسابی لەگەڵ کردن. ئەوەی پێنج کیسە زێڕەکەی وەرگرتبوو، هات و پێنج کیسەی دیکەشی هێنا و پێی گوت: ”گەورەم تۆ پێنج کیسە زێڕت دامێ، ئەوەتا پێنج کیسە زێڕی دیکەم قازانج کردووە.“ «گەورەکەی پێی گوت: ”ئافەرین، ئەی کۆیلەی چاک و دەستپاک! لە کەم دەستپاک بوویت، زۆرت پێ دەسپێرم. وەرە ژوورەوە بۆ خۆشی گەورەکەت.“ «هەروەها ئەوەی دوو کیسە زێڕەکەی وەرگرتبوو، هات و گوتی: ”گەورەم تۆ دوو کیسە زێڕت دامێ، ئەوەتا دوو کیسە زێڕی دیکەم قازانج کردووە.“ «گەورەکەی پێی گوت: ”ئافەرین، ئەی کۆیلەی چاک و دەستپاک! لە کەم دەستپاک بوویت، زۆرت پێ دەسپێرم. وەرە ژوورەوە بۆ خۆشی گەورەکەت.“ «ئینجا ئەوەی یەک کیسە زێڕەکەی وەرگرتبوو، هات و گوتی: ”گەورەم، زانیم تۆ پیاوێکی دڵڕەقیت، لە شوێنێک کۆدەکەیتەوە کە نەتچاندووە و لە شوێنێکیش دروێنە دەکەیت کە تۆوت نەکردووە. جا ترسام و چووم کیسە زێڕەکەتم لەناو زەویدا شاردەوە. ها ئەوە ماڵەکەتە.“ «گەورەکەی وەڵامی دایەوە: ”ئەی کۆیلەی بەدکار و تەوەزەل! کە زانیت من دروێنە لەو شوێنە دەکەم کە نەمچاندووە، لەوە کۆدەکەمەوە کە تۆوم نەکردووە، دەبووایە زێڕەکەمت لە بانک دابنابووایە، لە گەڕانەوەمدا ئەوەی هی منە لەگەڵ سوودەکەی وەرمدەگرتەوە. «”لەبەر ئەوە ئەو کیسە زێڕەی لێ بسەننەوە و بیدەنە ئەوەی دە کیسە زێڕەکەی پێیە، چونکە ئەوەی هەیەتی، پێی دەدرێت و لێی دەڕژێ، بەڵام ئەوەی نییەتی تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەنرێتەوە. کۆیلە بێ سوودەکەش فڕێبدەنە تاریکی دەرەوە، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت.“ «کاتێک کوڕی مرۆڤ بە شکۆمەندی خۆیەوە دێتەوە و هەموو فریشتەکانیش لەگەڵیدان، لەسەر تەختی شکۆمەندیی خۆی دادەنیشێت. هەموو نەتەوەکان لەبەردەمی کۆدەبنەوە و ئەویش لە یەکتریان جیا دەکاتەوە، وەک چۆن شوان مەڕ لە بزن جیا دەکاتەوە. جا مەڕەکان لەلای ڕاستی خۆی ڕادەگرێت، بەڵام بزنەکان لەلای چەپ. «ئینجا پاشا بەوانەی لای ڕاستیەوەن دەفەرموێ: ”وەرن ئەی ئەوانەی باوکم بەرەکەتی پێدان، ببنە میراتگری ئەو شانشینە کە لە دامەزراندنی جیهانەوە بۆتان ئامادە کراوە، چونکە برسی بووم نانتان دامێ، تینوو بووم ئاوتان دامێ، نامۆ بووم شوێنتان کردمەوە. ڕووت بووم جلتان لەبەرکردم، نەخۆش بووم سەرتان لێدام، زیندانی بووم هاتنە لام.“ «ئەوسا ڕاستودروستان وەڵام دەدەنەوە: ”گەورەم، کەی تۆمان بە برسیێتی بینیوە و نانمان داویتێ، یان تینوو و ئاومان داویتێ؟ کەی تۆمان بە نامۆیی بینیوە و شوێنمان کردوویتەوە، یان بە ڕووتی و جلمان لەبەرکردوویت؟ کەی تۆمان بە نەخۆشی یان زیندانی بینیوە و هاتووین بۆ لات؟“ «ئینجا پاشا وەڵامیان دەداتەوە: ”ڕاستیتان پێ دەڵێم، هەرچییەکتان بۆ یەکێک لەم برا بچووکانەم کردووە، بۆ منتان کردووە.“ «دواتر بەوانەی لەلای چەپیەوەن دەفەرموێ: ”ئەی ئەوانەی کە نەفرەتتان لێکراوە! لێم دوور بکەونەوە و بەرەو ئاگری هەتاهەتایی بڕۆن، ئەوەی بۆ ئیبلیس و فریشتەکانی ئامادە کراوە، چونکە برسی بووم نانتان نەدامێ، تینوو بووم ئاوتان نەدامێ، نامۆ بووم شوێنتان نەکردمەوە، ڕووت بووم جلتان لەبەر نەکردم، نەخۆش و زیندانی بووم سەرتان لێ نەدام.“ «ئەوانیش وەڵام دەدەنەوە: ”گەورەم، کەی تۆمان بە برسیێتی یان تینووێتی یان نامۆیی یان ڕووتی یان نەخۆشی یان زیندانی بینیوە و خزمەتمان نەکردوویت؟“ «ئەویش وەڵامیان دەداتەوە: ”ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەرچییەکتان بۆ یەکێک لەم بچووکانە نەکردووە، بۆ منتان نەکردووە.“ «ئەوانە بۆ سزای هەتاهەتایی دەچن، بەڵام ڕاستودروستان بۆ ژیانی هەتاهەتایی.»

هاوبەشی بکە
مەتا 25 بخوێنەوە