لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 1:26-75

مەتا 1:26-75 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

كاتێ ئیشۆع هه‌موو ئه‌م فه‌رموودانه‌ی ته‌واو كرد، به‌ قوتابییه‌كانی خۆی فه‌رموو: “ده‌زانن په‌سخه‌ دوو ڕۆژی ماوه‌. ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش ڕاده‌ست ده‌كرێت تاكو له‌خاچ بدرێت”. ئینجا كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانان و پیرانی گه‌ل له‌ كۆشكی كاهینی باڵا كه‌ ناوی قه‌یاپا بوو كۆببوونه‌وه‌، ڕاوێژیان كرد، بۆئه‌وه‌ی به‌ فێڵێک ئیشۆع بگرن و بیكوژن. به‌ڵام وتیان: “نه‌ک له‌ جه‌ژندا، نه‌وه‌ک ئاژاوه‌ بكه‌وێته‌ نێو گه‌ل”. كاتێ ئیشۆع له‌ بتعه‌نیا له‌ ماڵی شیمعونی گول بوو، ژنێک به‌ شووشه‌یه‌كی بۆنی گرانبه‌هاوه‌ بۆ لای هات و بۆنه‌كه‌ی به‌سه‌ریدا ڕژاند كه‌ له‌سه‌ر خوان بوو. كاتێ قوتابییه‌كانی ئه‌مه‌یان بینی، تووڕه‌ بوون و وتیان: “ئه‌م ده‌ست بڵاوییه‌ی بۆ چییه‌؟ ده‌توانرا به‌ نرخێكی گران بفرۆشرایه‌ و بدرایه‌ته‌ هه‌ژاران”. ئیشۆع زانی و پێی فه‌رموون: “بۆچی ژنه‌كه‌ هه‌راسان ده‌كه‌ن؟ ئه‌م شتێكی چاكی بۆ من كرد. هه‌ژاران هه‌میشه‌ له‌لاتانن، به‌ڵام من هه‌میشه‌ له‌لاتان نیم. كاتێ ئه‌و ئه‌م بۆنه‌ی به‌سه‌ر له‌شمدا ڕژاند، بۆ كفنكردنم ئه‌مه‌ی كرد. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: له‌ هه‌موو جیهاندا له‌ هه‌ر كوێ ئه‌م ئینجیله‌ ڕابگه‌یندرێت، باسی ئه‌وه‌ش ده‌كرێت كه‌ ئه‌م ژنه‌ كردوویه‌تی، بۆ یادكردنه‌وه‌ی”. ئینجا یه‌كێک له‌ دوازده‌كه‌ كه‌ ناوی ئیهوودای ئه‌سخه‌ریوتی بوو، بۆ لای كاهینانی باڵا ڕۆیشت، وتی: “چیم ده‌ده‌نێ تاكو ڕاده‌ستی ئێوه‌ی بكه‌م؟” ئه‌وانیش سی دراوی زیویان بۆ كێشا. ئیتر له‌و كاته‌وه‌ بۆ هه‌لێک ده‌گه‌ڕا تاكو ڕاده‌ستی بكات. له‌ یه‌كه‌می جه‌ژنی فه‌تیره‌دا، قوتابییه‌كان هاتنه‌ لای ئیشۆع و پێیان وت: “ده‌ته‌وێ له‌كوێ خواردنی په‌سخه‌ت بۆ ئاماده‌بكه‌ین؟” فه‌رمووی: “بڕۆنه‌ نێو شار، بۆ لای فڵانه‌ كه‌س، پێی بڵێن: ڕابی ده‌فه‌رمووێ، كاتم نزیک بووه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانم له‌لای تۆ په‌سخه‌ ده‌كه‌م”. قوتابییه‌كانیش فه‌رمانی ئیشۆعیان جێبه‌جێ كرد و په‌سخه‌یان ئاماده‌ كرد. كه‌ ئێواره‌ داهات، له‌گه‌ڵ دوازده‌كه‌ پاڵیدایه‌وه‌. كاتێ نانیان ده‌خوارد، فه‌رمووی: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: یه‌كێكتان ڕاده‌ستم ده‌كات”. ئه‌وانیش زۆر خه‌مبار بوون، هه‌ریه‌كه‌ پێیان وت: “په‌روه‌ردگار، ئه‌و كه‌سه‌ منم؟” وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵم ده‌ست ده‌خاته‌ نێو قاپه‌كه‌، ئه‌و ڕاده‌ستم ده‌كات! ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بێت وه‌كو له‌سه‌ری نووسراوه‌ بڕوات، به‌ڵام وه‌ی به‌حاڵ ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ڕاده‌ست ده‌كرێت! باشتر بوو بۆ ئه‌و پیاوه‌ هه‌ر له‌دایک نه‌بووایه‌!”. ئینجا ئیهوودا، ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستی ده‌كات، وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “گه‌وره‌م، ئه‌و كه‌سه‌ منم؟” پێی فه‌رموو: “خۆت وتت”. كه‌ نانیان ده‌خوارد، ئیشۆع نانێكی هه‌ڵگرت، داڕشتیكرد و له‌تیكرد، دایه‌ قوتابییه‌كان و فه‌رمووی: “بگرن، بخۆن، ئه‌مه‌ له‌شی منه‌”. ئینجا جامه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و داڕشتیكرد، پێیدان و فه‌رمووی: “هه‌موو لێی بخۆنه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ خوێنی منه‌، كه‌ بۆ په‌یمانی نوێ له‌پێناوی زۆر كه‌سدا بۆ گوناهبه‌خشین ده‌ڕژێت. پێشتان ده‌ڵێم: له‌مه‌ودوا من له‌م به‌رهه‌مه‌ی مێو ناخۆمه‌وه‌، تا ئه‌و ڕۆژه‌ی له‌ پاشایه‌تیی باوكم به‌ نوێتی له‌گه‌ڵتان ده‌یخۆمه‌وه‌”. ئینجا ستایشیان كرد و بۆ كێوی زه‌یتوون ده‌رچوون. ئینجا ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ئه‌مشه‌و هه‌مووتان گومانم لێده‌كه‌ن، چونكه‌ نووسراوه‌: {له‌ شوانه‌كه‌ ده‌ده‌م، مێگه‌له‌كه‌ په‌رت ده‌بێت} . به‌ڵام دوای هه‌ستانه‌وه‌م، پێشتان ده‌كه‌وم بۆ گلیلا”. په‌تڕۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی وت: “ئه‌گه‌ر هه‌موو گومانت لێ بكه‌ن، من هه‌رگیز گومانت لێ ناكه‌م”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “ڕه‌وات پێ ده‌ڵێم: ئه‌مشه‌و پێش ئه‌وه‌ی كه‌ڵه‌شێر بقوولێنێت، تۆ سێ جار نكۆڵیم لێ ده‌كه‌یت”. په‌تڕۆس پێی وت: “ئه‌گه‌ر ناچاریش بووم له‌‌گه‌ڵت بمرم، نكۆڵیت لێ ناكه‌م!” قوتابییه‌كانیش هه‌موو وایان وت. دوای ئه‌وه‌ ئیشۆع له‌گه‌ڵیان بۆ گوندێک هات پێی ده‌ووترا، گێتسیمه‌ن، به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “لێره‌ دانیشن، تاكو ده‌چمه‌ ئه‌وێ نوێژ ده‌كه‌م”. په‌تڕۆس و دوو كوڕه‌كه‌ی زه‌بدی برد، په‌ژاره‌ و خه‌م دایده‌گرت. پێی فه‌رموون: “زۆر دڵته‌نگم خه‌ریكه‌ بمرم، لێره‌ بمێننه‌وه‌ و بێداربن له‌گه‌ڵم”. كه‌مێک چووه‌ پێش و به‌ ڕوودا چووه‌ سه‌ر زه‌وی، نوێژی ده‌كرد و ده‌یفه‌رموو: “باوكه‌، ئه‌گه‌ر ده‌كرێت ئه‌م جامه‌م له‌سه‌ر تێپه‌ڕێت. به‌ڵام نه‌ک وه‌ک من ده‌مه‌وێت، به‌ڵكو تۆ”. ئینجا هاته‌وه‌ لای قوتابییه‌كان، بینی نووستوون، به‌ په‌تڕۆسی فه‌رموو: “وه‌ها نه‌تانتوانی كاژێرێ بێداربن له‌گه‌ڵم؟ بێداربن و نوێژ بكه‌ن، نه‌وه‌ک بچنه‌ نێو تاقیكردنه‌وه‌. چونكه‌ ڕووح چالاكه‌، به‌ڵام جه‌سته‌ لاوازه‌”. دیسان ڕۆیشته‌وه‌ نوێژی كرد و فه‌رمووی: “باوكه‌! ئه‌گه‌ر ناكرێت ئه‌م جامه‌ له‌سه‌رم تێپه‌ڕێت و هه‌ر ده‌بێت بیخۆمه‌وه‌، با خواستی تۆ بێت. ئینجا هاته‌وه‌ دیسان بینی نووستوون، چونكه‌ چاویان قورس ببوو. ئیتر وازی لێ هێنان و چوو بۆ جاری سێیه‌م نوێژی كرد و هه‌مان شتی وته‌وه‌. دوایی هاته‌ لای قوتابییه‌كانی و پێی فه‌رموون: “ئێستا بنوون و پشوو بده‌ن! ئه‌وه‌تا كاته‌كه‌ نزیک بووه‌وه‌‌ و ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ڕاده‌ستی گوناهباران ده‌كرێت. هه‌ستن با بڕۆین! ئه‌وه‌تا ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستم ده‌كات نزیک بووه‌وه‌!”. هێشتا ئه‌و قسه‌ی ده‌كرد، ئیهوودا هات كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ دوازده‌كه‌، كۆمه‌ڵێكی زۆری له‌گه‌ڵ بوو، به‌ شمشێر و داره‌وه‌ له‌لایه‌ن كاهینانی باڵا و پیرانی گه‌له‌وه‌ نێردرابوون. ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستی كرد نیشانه‌یه‌كی پێدان و وتبووی: “ئه‌وه‌ی ماچی ده‌كه‌م ئه‌وه‌ خۆیه‌تی، بیگرن”. یه‌كسه‌ر هاته‌ لای ئیشۆع و وتی: “سڵاو گه‌وره‌م!”. ئینجا ماچی كرد. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “هاوڕێ، بۆ چی هاتوویت؟” ئینجا هاتنه‌ پێشه‌وه‌ و ئیشۆعیان ده‌ستبه‌سه‌ر كرد و گرتییان. یه‌كێک له‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ ئیشۆعدان، ده‌ستی درێژكرد و شمشێره‌كه‌ی هه‌ڵكێشا، له‌ كۆیله‌یی كاهینی باڵای دا و گوێی بڕی. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “شمشێره‌كه‌ت بگه‌ڕێنه‌وه‌ كێلانه‌كه‌ی، چونكه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی شمشێر هه‌ڵده‌گرن، به‌ شمشێر له‌ناوده‌چن!. وا ده‌زانیت ناتوانم ئێستا داوا له‌ باوكم بكه‌م، زیاتر له‌ دوازده‌ له‌شكر فریشته‌م بۆ بنێرێت؟ ئیتر چۆن سیپاره‌كان دێنه‌ دی، كه‌ ده‌ڵێن به‌و شێوه‌یه‌ پێویسته‌ ڕووبدات؟”. له‌و كاته‌دا ئیشۆع به‌ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ی فه‌رموو: “وه‌ک بۆ گرتنی دزێک به‌ شمشێر و داره‌وه‌ هاتوون بمبه‌ن! هه‌موو ڕۆژێک له‌ په‌رستگا له‌گه‌ڵتان دانیشتبووم خه‌ریكی فێركردن بووم، نه‌تانگرتم. به‌ڵام ئه‌مانه‌ هه‌مووی ڕوویدا بۆ هاتنه‌دیی سیپاره‌كانی پێغه‌مبه‌ران”. ئینجا هه‌موو قوتابییه‌كان به‌جێیان هێشت و هه‌ڵاتن. ئه‌وانه‌ی ئیشۆعیان گرت، بردییانه‌ لای قه‌یاپا كاهینی باڵا، له‌وێ ته‌وراتزانه‌كان و پیران كۆببوونه‌وه‌. په‌تڕۆسیش دووربه‌دوور بۆ ماڵی كاهینی باڵا دوای كه‌وت، ئینجا چووه‌ ژووره‌وه‌ و له‌نێوان ڕاژه‌وانان دانیشت تاكو كۆتاییه‌كه‌ ببینێت. كاهینانی باڵا و هه‌موو سه‌نهه‌دریم به‌دوای گه‌واهییه‌كی درۆدا ده‌گه‌ڕان دژ به‌ ئیشۆع، تاكو به‌ كوشتنی بده‌ن. به‌ڵام هیچیان نه‌دۆزییه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ زۆر گه‌واهیده‌ری درۆزن هاتن. به‌ڵام له‌ كۆتاییدا دووان هاتن، وتیان: “ئه‌مه‌ وتی: ده‌توانم په‌رستگای خودا بڕوخێنم و به‌ سێ ڕۆژ بنیادی بنێمه‌وه‌”. كاهینی باڵا هه‌ستا و پێی وت: “هیچ وه‌ڵام ناده‌یته‌وه‌؟ ئه‌م پیاوانه‌ گه‌واهیی چی له‌سه‌ر تۆ ده‌ده‌ن؟” به‌ڵام ئیشۆع بێده‌نگ بوو. جا كاهینانی باڵا وه‌ڵامی دایه‌وه‌ وپێی وت: “سوێندت ده‌ده‌م به‌ خودای زیندوو، پێمان بڵێ، تۆ مه‌سیحه‌كه‌ی، ڕۆڵه‌ی خودا؟”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “خۆت وتت! منیش پێتان ده‌ڵێم، له‌ ئێستاوه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بینن له‌ لای ڕاستی توانادار داده‌نیشێت و له‌سه‌ر هه‌وری ئاسماندا دێته‌وه‌”. ئینجا كاهینانی باڵا جله‌كانی خۆی دادڕی و وتی: “كفری كرد! ئیتر چ پێویستیمان به‌ گه‌واهیده‌ر هه‌یه‌؟ ئه‌وه‌تا گوێتان له‌ كفره‌كه‌ی بوو! چی ده‌بینن؟” وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و وتیان: “شایانی مه‌رگه‌” ئینجا تفیان له‌ڕووی كرد و مستیان لێدا، هه‌ندێكیش زللـه‌یان لێدا و وتیان: “ئه‌ی مه‌سیح پێشبینی بكه‌، كێ بوو لێیدایت؟”. له‌و كاته‌دا په‌تڕۆس له‌ حه‌وشه‌ی ده‌ره‌وه‌ دانیشتبوو. كه‌نیزه‌یه‌ک هاته‌ لای و وتی: “تۆش له‌گه‌ڵ ئیشۆعی گلیلایی بوویت!”. ئه‌ویش له‌به‌رده‌م هه‌موویان نكۆڵی كرد و وتی: “نازانم چی ده‌ڵێی!” ئینجا ده‌رچووه‌ داڵانه‌كه‌، یه‌كێكی دیكه‌ش بینی و به‌وانه‌ی ئه‌وێی وت: “ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ ئیشۆعی ناسڕه‌تیی بوو!” دیسان به‌ سوێنده‌وه‌ نكۆڵیی لێكرد: “من ئه‌و پیاوه‌ ناناسم!” دوای كه‌مێک ئه‌وانه‌ی له‌وێ ڕاوه‌ستابوون هاتن و به‌ په‌تڕۆسیان وت: “به‌ ڕاستی تۆش له‌وانیت، به‌ زمانته‌وه‌ دیاره‌!” جا ده‌ستیكرد به‌ نه‌فره‌تكردن و سوێندخواردن: “من ئه‌و پیاوه‌ ناناسم!” یه‌كسه‌ر كه‌ڵه‌شێر قوولاندی. ئه‌وسا په‌تڕۆس فه‌رمووده‌كه‌ی ئیشۆعی بیركه‌وته‌وه‌ كه‌ فه‌رمووی: “پێش ئه‌وه‌ی كه‌ڵه‌شێر بقوولێنێت، سێ جار نكۆڵیم لێ ده‌كه‌یت”. ئیتر چووه‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌ كوڵ گریا.

هاوبەشی بکە
مەتا 26 بخوێنەوە

مەتا 1:26-75 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

کاتێک عیسا ئەم وتانەی هەموو تەواو کرد، بە قوتابییەکانی خۆی فەرموو: «دەزانن جەژنی پەسخە دوو ڕۆژی ماوە. کوڕی مرۆڤیش بە گرتن دەدرێت تاکو لە خاچ بدرێت.» ئینجا کاهینانی باڵا و پیرانی گەل لە کۆشکی سەرۆکی کاهینان کە ناوی قەیافا بوو کۆببوونەوە، پێکەوە تەگبیریان دەکرد بۆ ئەوەی بە فێڵێک عیسا بگرن و بیکوژن. گوتیان: «با لە جەژندا نەبێت، نەوەک ئاژاوە بکەوێتە ناو خەڵک.» کاتێک عیسا لە گوندی بێت‌عەنیا لە ماڵی شیمۆنە گول بوو، ژنێک بە بوتڵێکی ئەلەباستەریی بۆنی گرانبەهاوە بۆ لای هات و بۆنەکەی بەسەریدا ڕژاند کە لەسەر خوان بوو. کاتێک قوتابییەکان ئەمەیان بینی، تووڕە بوون و گوتیان: «ئەم دەستبڵاوییەی بۆ چییە؟ دەکرا ئەو بۆنە بە نرخێکی گران بفرۆشرایە و پارەکەی بدرایە بە هەژاران.» عیسا بەمەی زانی و پێی فەرموون: «بۆچی ئەم ژنە بێزار دەکەن؟ شتێکی چاکی بۆ من کرد. هەژاران هەمیشە لەگەڵتانن، بەڵام من هەمیشە لەلاتان نیم. کاتێک ئەو ئەم بۆنەی بەسەر لەشمدا ڕژاند، بۆ ئامادەکردنم بۆ ناشتن ئەمەی کرد. ڕاستیتان پێ دەڵێم: لە هەر شوێنێکی جیهاندا ئەم مزگێنییە ڕابگەیەنرێت، وەک یادکردنەوەیەک باسی ئەوەش دەکرێت کە ئەم ژنە کردوویەتی.» ئینجا یەکێک لە دوازدە قوتابییەکە کە ناوی یەهوزای ئەسخەریوتی بوو، چوو بۆ لای کاهینانی باڵا، گوتی: «چیم دەدەنێ تاکو بیدەمە دەستتان؟» ئەوانیش سی دراوی زیویان بۆ ژمارد. ئیتر لەو کاتەوە یەهوزا بۆ هەلێک دەگەڕا تاکو عیسا بە گرتن بدات. لە یەکەم ڕۆژی جەژنی فەتیرەدا، قوتابییەکان هاتنە لای عیسا و لێیان پرسی: «دەتەوێ لەکوێ ئامادەکاریت بۆ بکەین تاکو نانی پەسخە بخۆیت؟» فەرمووی: «بڕۆنە ناو شار، بۆ لای فڵانە کەس، پێی بڵێن: ”مامۆستا دەفەرموێ، کاتم نزیک بووەتەوە، لەگەڵ قوتابییەکانم لەلای تۆ نانی پەسخە دەخۆم.“» قوتابییەکانیش فەرمانی عیسایان جێبەجێ کرد و نانی پەسخەیان ئامادە کرد. کە ئێوارە داهات، عیسا لەگەڵ دوازدە قوتابییەکە پاڵی دایەوە. کاتێک نانیان دەخوارد، فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: یەکێکتان بە گرتنم دەدات.» ئەوانیش زۆر خەمبار بوون، هەریەکە پێیان گوت: «گەورەم، خۆ ئەو کەسە من نیم؟» وەڵامی دایەوە: «ئەوەی لەگەڵم دەست دەخاتە ناو قاپەکە، ئەو بە گرتنم دەدات. کوڕی مرۆڤ دەبێت وەک ئەوەی لەبارەیەوە نووسراوە بڕوات، بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی کوڕی مرۆڤ بە گرتن دەدات! باشتر بوو بۆ ئەو کەسە هەر لەدایک نەبووایە.» ئینجا یەهوزا، ئەوەی بە گرتنی دەدات، وەڵامی دایەوە: «ڕابی، خۆ ئەو کەسە من نیم؟» پێی فەرموو: «خۆت گوتت.» کاتێک نانیان دەخوارد، عیسا نانێکی هەڵگرت، سوپاسی خودای کرد و لەتی کرد، دایە قوتابییەکان و فەرمووی: «وەریبگرن و بیخۆن، ئەمە جەستەی منە.» ئینجا جامێکی هەڵگرت و سوپاسی خودای کرد، پێیدان و فەرمووی: «هەموو لێی بخۆنەوە، چونکە ئەمە خوێنی منە، خوێنی پەیمانەکەیە کە لە پێناوی خەڵکێکی زۆر بۆ گوناه بەخشین دەڕژێت. پێتان دەڵێم: لەمەودوا ئیتر لەم بەرهەمەی مێو ناخۆمەوە، هەتا ئەو ڕۆژە دێت کە سەر لە نوێ لە شانشینی باوکم لەگەڵتان دەیخۆمەوە.» ئینجا گۆرانیی ڕۆحییان گوت و چوون بۆ دەرەوەی شار بۆ کێوی زەیتوون. ئینجا عیسا پێی فەرموون: «ئەمشەو بەهۆی ئەوەی بەسەرم دێت هەمووتان پشتم تێ دەکەن، چونکە نووسراوە: «﴿لە شوانەکە دەدەم، مەڕی مێگەلەکە پەرت دەبن.﴾ بەڵام دوای هەستانەوەم، پێشتان دەکەوم بۆ جەلیل.» پەترۆس وەڵامی دایەوە: «ئەگەر لەوەی بەسەرت بێت هەموو پشتت لێ بکەن، من قەت پشتت لێ ناکەم.» عیسا پێی فەرموو: «ڕاستیت پێ دەڵێم، ئەمشەو پێش خوێندنی کەڵەشێر، سێ جار نکۆڵی لە ناسینی من دەکەیت.» پەترۆسیش پێی گوت: «تەنانەت ئەگەر پێویست بکات لەگەڵیشت بمرم، هەرگیز نکۆڵیت لێ ناکەم.» هەموو قوتابییەکانی دیکەش وایان گوت. دوای ئەوە عیسا لەگەڵیان بۆ شوێنێک چوو پێی دەگوترا، گەتسیمانی، بە قوتابییەکانی فەرموو: «لێرە دانیشن هەتا دەچمە ئەوێ نوێژ دەکەم.» پەترۆس و دوو کوڕەکەی زەبدی برد و پەژارە و دڵتەنگی دایدەگرت. پێی فەرموون: «زۆر دڵتەنگم خەریکە بمرم، لێرە بمێننەوە و ئێشکم لەگەڵ بگرن.» کەمێک چووە پێش و بەسەر ڕوودا کەوت، نوێژی کرد و فەرمووی: «باوکە، ئەگەر دەکرێت، با ئەم جامەم لێ دوور بخرێتەوە، بەڵام نەک بە خواستی من، بەڵکو بە خواستی تۆ.» ئینجا گەڕایەوە بۆ لای قوتابییەکان، بینی نوستوون، بە پەترۆسی فەرموو: «ئەرێ نەتانتوانی کاتژمێرێک ئێشکم لەگەڵ بگرن؟ ئێشک بگرن و نوێژ بکەن، تاکو نەکەونە ناو تاقیکردنەوەوە. ڕۆح چالاکە، بەڵام جەستە لاوازە.» دیسان چووەوە نوێژی کرد: «باوکە! ئەگەر ناکرێت ئەمە لەسەرم تێبپەڕێت و هەر دەبێت بیخۆمەوە، با خواستی تۆ پەیڕەو بکرێت.» کاتێک کە دووبارە گەڕایەوە، بینی نوستوون، چونکە چاویان قورس ببوو. ئیتر وازی لێ هێنان و چوو بۆ جاری سێیەم نوێژی کرد و هەمان شتی گوتەوە. دوایی هاتەوە لای قوتابییەکان و پێی فەرموون: «هێشتا نوستوون و پشوو دەدەن؟ ئەوەتا کاتەکە نزیک بووەتەوە و کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست گوناهباران. هەستن با بڕۆین! ئەوەتا ئەوەی بە گرتنم دەدات نزیک بووەوە.» هێشتا ئەو قسەی دەکرد، یەهوزا هات، کە یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە، کۆمەڵێکی زۆری لەگەڵ بوو کە بە شمشێر و کوتەکەوە لەلایەن کاهینانی باڵا و پیرانی گەلەوە نێردرابوون. ئەوەی بە گرتنی دەدا نیشانەیەکی پێدابوون، گوتبووی: «ئەوەی ماچی دەکەم ئەوە خۆیەتی، بیگرن.» دەستبەجێ هاتە لای عیسا و گوتی: «سڵاو ڕابی.» ئینجا ماچی کرد. عیساش پێی فەرموو: «هاوڕێ، ئەوەی بۆی هاتووی بیکە.» ئینجا هاتنە پێشەوە و عیسایان دەستبەسەر کرد و گرتییان. لەناکاو یەکێک لەوانەی لەگەڵ عیسادا بوو، دەستی درێژکرد و شمشێرەکەی هەڵکێشا، لە خزمەتکاری سەرۆکی کاهینانی دا و گوێی بڕی. عیسا پێی فەرموو: «شمشێرەکەت بگەڕێنەوە شوێنی خۆی، چونکە هەموو ئەوانەی شمشێر هەڵدەگرن، بە شمشێر دەمرن. ئایا وا دەزانیت ناتوانم بانگی باوکم بکەم و زیاتر لە دوازدە لەشکر فریشتەم بۆ بنێرێت؟ بەڵام ئیتر چۆن نووسراوە پیرۆزەکان دێنە دی، کە دەڵێن بەو شێوەیە پێویستە ڕووبدات؟» لەو کاتەدا عیسا بە خەڵکەکەی فەرموو: «ئایا من کەسێکی یاخیبووم کە بە کوتەک و شمشێرەوە هاتوون بمگرن؟ ڕۆژانە لە حەوشەکانی پەرستگا دانیشتبووم خەریکی فێرکردن بووم، نەتانگرتم. بەڵام ئەمانە هەمووی ڕوویدا بۆ هاتنەدی نووسراوە پیرۆزەکانی پێغەمبەران.» ئینجا هەموو قوتابییەکان بەجێیان هێشت و ڕایانکرد. ئەوانەی عیسایان گرت، بردیانە لای قەیافای سەرۆکی کاهینان، لەوێ مامۆستایانی تەورات و پیران کۆببوونەوە. پەترۆسیش دووربەدوور بۆ حەوشەی ماڵی سەرۆکی کاهینان دوای کەوت، ئینجا چووە ژوورەوە و لەنێو خزمەتکاران دانیشت تاکو دەرئەنجامەکەی ببینێت. کاهینانی باڵا و هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای جولەکە بەدوای شایەتییەکی درۆدا دەگەڕان لەسەر عیسا، تاکو سزای کوشتنی بەسەردا بدەن. بەڵام هیچیان نەدۆزییەوە، هەرچەندە زۆر شایەتی درۆزن هاتن. لە کۆتاییدا دووان هاتن، گوتیان: «ئا ئەمە گوتی: ”دەتوانم پەرستگای خودا بڕووخێنم و بە سێ ڕۆژ بنیادی بنێمەوە.“» جا سەرۆکی کاهینان هەستا و پێی گوت: «هیچ وەڵام نادەیتەوە؟ ئەم پیاوانە چ شایەتییەکت لەسەر دەدەن؟» بەڵام عیسا بێدەنگ بوو. سەرۆکی کاهینانیش پێی گوت: «سوێندت دەدەم بە خودای زیندوو، پێمان بڵێ، ئایا تۆ مەسیحەکەی، کوڕی خودای.» عیسا پێی فەرموو: «خۆت گوتت. منیش پێتان دەڵێم، لە ئێستاوە کوڕی مرۆڤ دەبینن لە دەستەڕاستی خودای توانادار دادەنیشێت و بەسەر هەوری ئاسمانەوە دێتەوە.» ئینجا سەرۆکی کاهینان جلەکانی خۆی دادڕی و گوتی: «کفری کرد! ئیتر چ پێویستیمان بە شایەت هەیە؟ ئەوەتا گوێتان لە کفرەکە بوو. ڕاتان چییە؟» وەڵامیان دایەوە: «شایانی مردنە!» ئینجا تفیان لە ڕووی کرد و مستیان لێدا، هەندێکیش زللەیان لێدا و گوتیان: «ئەی مەسیح، ئەگەر پێغەمبەریت، بزانە کێ بوو لێیدایت؟» لەو کاتەدا پەترۆس لە دەرەوە، لە حەوشەکە دانیشتبوو. کارەکەرێک هاتە لای و گوتی: «تۆش لەگەڵ عیسای جەلیلی بوویت.» ئەویش لەبەردەم هەموویان نکۆڵیی کرد: «نازانم چی دەڵێیت.» ئینجا پەترۆس چووە دەرەوە بۆ ناو داڵانەکە، کارەکەرێکی دیکەش بینی و بەوانەی ئەوێی گوت: «ئەمە لەگەڵ عیسای ناسیرەیی بوو.» دیسان بە سوێندخواردنەوە نکۆڵی لێکرد: «ئەو پیاوە ناناسم!» دوای کەمێک ئەوانەی لەوێ ڕاوەستابوون هاتن و بە پەترۆسیان گوت: «بەڕاستی تۆش لەوانیت، شێوەزارەکەت ئاشکرات دەکات.» جا دەستی کرد بە نەفرەتکردن و سوێندخواردن و گوتی: «ئەو پیاوە ناناسم!» دەستبەجێ کەڵەشێر خوێندی. ئەوسا پەترۆس قسەکانی عیسای بیرکەوتەوە کە فەرمووی: «پێش ئەوەی کەڵەشێر بخوێنێت، سێ جار نکۆڵیم لێ دەکەیت.» ئیتر چووە دەرەوە و بەکوڵ گریا.

هاوبەشی بکە
مەتا 26 بخوێنەوە