مەتا 1:5-48
مەتا 1:5-48 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)
كاتێ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ی بینی، چووه سه‌ر چیاكه، كه دانیشت، قوتابییه‌كانی لێی هاتنه پێشه‌وه، زاری كرده‌وه، فێری كردن و فه‌رمووی: “به‌خته‌وه‌ری بۆ هه‌ژاران له‌ڕووح، چونكه پاشایه‌تیی ئاسمانان هی ئه‌وانه. به‌خته‌وه‌ری بۆ په‌ژاره‌داران، چونكه دڵنه‌وایی ده‌كرێن. به‌خته‌وه‌ری بۆ دڵنه‌رمه‌كان، چونكه ده‌بن به میراتگری زه‌ویه‌كه. به‌خته‌وه‌ری بۆ برسی و تینووه‌كان بۆ خوداناسی، چونكه تێر ده‌كرێن. به‌خته‌وه‌ری بۆ به‌زه‌ییداران، چونكه به‌ر به‌زه‌یی ده‌كه‌ون. به‌خته‌وه‌ری بۆ دڵپاكه‌كان، چونكه خودا ده‌بینن. به‌خته‌وه‌ری بۆ دروستگه‌رانی ئاشتی، چونكه به ڕۆڵه‌كانی خودا ناوده‌برێن. به‌خته‌وه‌ری بۆ قاودراوان له پێناوی خوداناسی، چونكه پاشایه‌تیی ئاسمان هی ئه‌وانه. به‌خته‌وه‌ری بۆ ئێوه، ئه‌گه‌ر سووكایه‌تیتان پێبكه‌ن و قاوتان بده‌ن، له‌پێناوی من به درۆ هه‌ر قسه‌یه‌كی به‌دتان پێ بڵێن. دڵخۆش و شادمان بن، چونكه پاداشتتان گه‌وره‌یه له ئاسمانان. چونكه هه‌ر وه‌هاش پێغه‌مبه‌رانیان پێش ئێوه قاوداوه. ئێوه‌ن خوێی زه‌وی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خوێ سوێرییه‌كه‌ی نه‌ما، به چی سوێر ده‌كرێته‌وه؟ ئیتر به‌كه‌ڵكی هیچ نایه‌ت، ته‌نها فڕێبدرێته ده‌ره‌وه و خه‌ڵكی پێشێلی بكه‌ن. ئێوه‌ن ڕووناكیی جیهان، شارێک له‌سه‌ر شاخ دامه‌زرابێت ناشاردرێته‌وه. چراش هه‌ڵناكرێت تا بیخه‌نه ژێر ته‌شته‌وه، به‌ڵكو له‌سه‌ر چرادان دایده‌نێن تا ڕووناكی بداته هه‌موو ئه‌وانه‌ی له ماڵه‌كه‌دان. با ئێوه‌ش ئاوا ڕووناكیتان بۆ خه‌ڵک بدره‌وشێته‌وه، تاكو كرده‌وه باشه‌كانتان ببینن و شكۆمه‌ندیی باوكتان بكه‌ن وا له ئاسماناندایه. وا بیر نه‌كه‌نه‌وه من هاتووم ته‌ورات یان پێغه‌مبه‌ران پووچه‌ڵ بكه‌مه‌وه، نه‌هاتووم بۆ پووچه‌ڵكردنه‌وه، به‌ڵكو بۆ ته‌واوكردن. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: تا زه‌وی و ئاسمان له‌ناوده‌چن، پیتێک یان خاڵێكی ته‌ورات له‌ناوناچێت، تاكو هه‌مووی دێته دی. بۆیه هه‌ركه‌سێک بچووكترینی ئه‌م ڕاسپاردانه بشكێنێت و ئاواش فێر بكات، له پاشایه‌تیی ئاسمانان‌دا به بچووكترین ناوده‌بردرێت. به‌ڵام هه‌ركه‌سێک په‌یڕه‌وی بكات و فێر بكات، له پاشایه‌تیی ئاسمانان‌دا به مه‌زن ناوده‌بردرێت. من پێتان ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر خوداناسیتان له ته‌وراتزانان و په‌ڕیشییه‌كان زیاتر نه‌بێت، هه‌رگیز ناچنه نێو پاشایه‌تیی ئاسمانانه‌وه. بیستووتانه به پێشینان وتراوه: {مه‌كوژه} ، ئه‌وه‌ی بكوژێت شایانی حوكم به‌سه‌ردانه. به‌ڵام من پێتان ده‌ڵێم: هه‌ركه‌سێ به‌بێ هۆ له براكه‌ی تووڕه بێت، شایانی حوكم به‌سه‌ردانه. ئه‌وه‌ی به براكه‌ی ده‌ڵێ “بێ مێشک”، شایانی سه‌نهه‌دریمه، ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت “گێله”، شایانی ئاگری دۆزه‌خه. بۆیه ئه‌گه‌ر قوربانیت بۆ سه‌ربڕگه هێنا و له‌وێ بیرت كه‌وته‌وه كه براكه‌ت شتێكی له‌سه‌رته‌وه هه‌یه، له‌وێ له‌به‌رده‌م سه‌ربڕگه‌دا قوربانییه‌كه‌ت به‌جێ بهێڵه و بڕۆ یه‌كه‌مجار براكه‌ت ئاشت بكه‌وه، ئینجا وه‌ره و قوربانییه‌كه‌ت بكه. خێرا له‌گه‌ڵ نه‌یاره‌كه‌ت ئاشتبه‌وه له‌و كاته‌ی له‌گه‌ڵته و به‌ڕێگاوه‌ن، نه‌وه‌ک نه‌یاره‌كه‌ت بتداته ده‌ست دادوه‌ر و دادوه‌ریش بتداته ده‌ست پۆلیس و فڕێ بدرێیته زیندان. ڕه‌وات پێ ده‌ڵێم: له‌وێ ده‌رناچیت تا دوایین فلس نه‌ده‌یته‌وه. بیستووتانه به پێشینان وتراوه: {داوێنپیسی مه‌كه} . به‌ڵام من پێتان ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی به هه‌وه‌سه‌وه بڕوانێته ژنێک، ئه‌وا له دڵی خۆیدا داوێنپیسیی له‌گه‌ڵ كردووه. ئه‌گه‌ر چاوی ڕاستت بۆت بووه كۆسپ، ده‌ریبهێنه و فڕێی بده. چونكه باشتره بۆت ئه‌ندامێكت له‌ناوبچێت، له‌وه‌ی هه‌موو له‌شت بخرێته دۆزه‌خه‌وه. ئه‌گه‌ر ده‌ستی ڕاستت بۆت بووه كۆسپ، بیبڕه‌وه و فڕێی بده، چونكه باشتره بۆت ئه‌ندامێكت له‌ناوبچێت، له‌وه‌ی هه‌موو له‌شت بخرێته دۆزه‌خه‌وه. دیسان وتراوه: {ئه‌وه‌ی ژنه‌كه‌ی ته‌ڵاق بدات، با ته‌ڵاقنامه‌یی بداته ده‌ست} . به‌ڵام من پێتان ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی بێ هۆی داوێنپیسی ژنه‌كه‌ی ته‌ڵاق بدات، وای لێده‌كات داوێنپیسی بكات. ئه‌وه‌ش ته‌ڵاقدراوێک بهێنێت، ئه‌وا داوێنپیسی ده‌كات. دیسان بیستووتانه كه به پێشینان وتراوه: {سوێنده‌كانت مه‌شكێنه، به‌ڵكو سوێنده‌كانت بۆ په‌روه‌ردگار به‌ره‌سه‌ر} ، به‌ڵام من پێتان ده‌ڵێم: هه‌رگیز سوێند مه‌خۆن، نه به ئاسمان، چونكه ته‌ختی خودایه، نه به زه‌وی، چونكه پێدانانیه‌تی، نه به یروشلایم، چونكه شاری پاشا مه‌زنه‌كه‌یه. سوێند به‌سه‌ری خۆت مه‌خۆ، چونكه نا‌توانیت تاڵێكی سپی یان ڕه‌ش بكه‌یت. با قسه‌تان: به‌ڵێ بۆ به‌ڵێ و نه‌خێر بۆ نه‌خێر بێت، له‌وه زیاتر له به‌دكاره‌وه‌یه. بیستووتانه وتراوه: {چاو به چاو، ددان به ددان} . به‌ڵام من پێتان ده‌ڵێم: به‌ره‌نگاریی به‌دكار مه‌كه‌ن، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی له ڕوومه‌تی ڕاستی دایت، لایه‌كه‌ی دیكه‌شی بۆ ڕاگره، ئه‌وه‌ی ویستی بتداته دادگا و كراسه‌كه‌ت لێ بستێنێت، پۆشاكه‌كه‌شتی بده‌رێ. ئه‌وه‌ی یه‌ک میل بێگاری پێ كردیت، دووانی له‌گه‌ڵ بڕۆ. ئه‌وه‌ی داوای لێ كردیت بیده‌رێ. ئه‌وه‌ی شتێكی لێت خواست مه‌یگه‌ڕێنه‌وه. بیستووتانه وتراوه: {نزیكه‌كه‌ت خۆشبووێ، ڕقت له دوژمنت بێته‌وه} . به‌ڵام من پێتان ده‌ڵێم: دوژمنه‌كانتان خۆشبووێ، نه‌فره‌تكارانتان داڕشت بكه‌ن، چاكه بكه‌ن بۆ ناحه‌زانتان، نوێژ بكه‌ن له‌پێناوی ئه‌وانه‌ی خراپه‌تان بۆ ده‌كه‌ن و قاوتان ده‌ده‌ن، تا ببنه ڕۆڵه‌ی ئه‌و باوكه‌تان كه له ئاسماناندایه، ئه‌و خۆری به‌سه‌ر به‌دكاران و پیاوچاكاندا هه‌ڵدێنێ و باران به‌سه‌ر خوداناسان و سه‌ته‌مكاراندا ده‌بارێنێت. چونكه ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌وانه‌تان خۆشبووێ كه ئێوه‌یان خۆشده‌وێت، چ پاداشتێكتان هه‌یه؟ ئایا باجگرانیش وا ناكه‌ن؟ ئه‌گه‌ر سڵاوتان ته‌نها له‌برایانتان كرد، چ چاكه‌یه‌كتان كردووه؟ ئایا باجگرانیش وا ناكه‌ن؟ بۆیه ئێوه ته‌واو بن، وه‌ک ئه‌و باوكه‌تان وا له‌ئاسماناندایه ته‌واوه”.
مەتا 1:5-48 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)
کاتێک عیسا خەڵکەکەی بینی، چووە سەر چیا، ئینجا دانیشت و قوتابییەکانی هاتنە لای، دەستی کرد بە فێرکردنیان و فەرمووی: «خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە بە ڕۆح هەژارن، چونکە شانشینی ئاسمان بۆ ئەوانە. خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە ماتەمدارن، چونکە دڵنەوایی دەکرێن. خۆزگە دەخوازرێت بە دڵنەرمەکان، چونکە زەوییان بە میراتیی بۆ دەمێنێتەوە. خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە برسی و تینوون بۆ ڕاستودروستی، چونکە تێر دەکرێن. خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە دڵیان پڕ لە بەزەییە، چونکە بەر بەزەیی دەکەون. خۆزگە دەخوازرێت بە دڵپاکەکان، چونکە خودا دەبینن. خۆزگە دەخوازرێت بە ئاشتیخوازان، چونکە بە ڕۆڵەی خودا ناودەبردرێن. خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی لە پێناوی ڕاستودروستی دەچەوسێنرێنەوە، چونکە شانشینی ئاسمان بۆ ئەوانە. «خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کاتێک خەڵکی جنێوتان پێدەدەن و دەتانچەوسێننەوە، لەبەر من هەموو جۆرە بوختانێکتان بۆ هەڵدەبەستن. دڵخۆش و شادمان بن، لەبەر ئەوەی لە ئاسمان پاداشتتان گەورەیە، چونکە پێش ئێوە پێغەمبەرانیشیان ئاوا چەوساندووەتەوە. «ئێوە خوێی زەوین، بەڵام ئەگەر خوێ سوێرییەکەی نەما، چۆن تامە سوێرەکەی بۆ دەگەڕێندرێتەوە؟ ئیتر بەکەڵکی هیچ نایەت، ئەوە نەبێ فڕێبدرێتە دەرەوە و خەڵکی پێشێلی بکەن. «ئێوە ڕووناکی جیهانن، شارێک لەسەر شاخ دروستکرابێت ناتوانرێت بشاردرێتەوە. هەروەها خەڵکی چرا هەڵناکەن تاکو بیخەنە ژێر تەشتەوە، بەڵکو لەسەر چرادان دایدەنێن بۆ ئەوەی ڕووناکی بداتە هەموو ئەوانەی لە ماڵەکەدان. بە هەمان شێوە، با ئێوەش ڕووناکیتان بۆ خەڵک بدرەوشێتەوە، تاکو کردارە باشەکانتان ببینن و ستایشی باوکتان بکەن کە لە ئاسمانە. «وا بیر نەکەنەوە من هاتووم تەورات یان نووسراوی پێغەمبەران بسڕمەوە، نەهاتووم بۆ سڕینەوەیان، بەڵکو هاتووم بۆ تەواوکردنیان. ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەتا زەوی و ئاسمان لەئارادا بێت، پیتێک یان خاڵێک لە تەورات لەناو ناچێت، هەتا هەمووی دێتە دی. بۆیە ئەوەی بچووکترینی ئەم ڕاسپاردانە بشکێنێت و خەڵکیش ئاوا فێر بکات، لە شانشینی ئاسمان بە بچووکترین ناودەبردرێت. بەڵام ئەوەی پەیڕەویان بکات و خەڵکی فێر بکات، لە شانشینی ئاسمان بە مەزن ناودەبردرێت. ئیتر پێتان دەڵێم: ئەگەر ڕاستودروستیتان لە مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان زیاتر نەبێت، هەرگیز ناچنە ناو شانشینی ئاسمانەوە. «بیستووتانە بە پێشینان گوتراوە: ﴿مەکوژن﴾ و ”ئەوەی بکوژێت شایانی حوکم بەسەردادان دەبێت.“ بەڵام من پێتان دەڵێم ئەوەی لە خوشکی یان براکەی تووڕە بێ، دەبێ حوکم بدرێت. ئەوەی بە براکەی بڵێ ”هیچوپووچ،“ دەبێت بدرێتە ئەنجومەنی باڵای جولەکە، ئەوەش بڵێت ”گێلە“، دەبێت بخرێتە ناو ئاگری دۆزەخەوە. «لەبەر ئەوە ئەگەر قوربانیت بۆ قوربانگا هێنا و لەوێ بیرت کەوتەوە کە خوشکت یان برات شتێکی بەسەرتەوە هەیە، لەوێ لەبەردەم قوربانگا قوربانییەکەت بەجێبهێڵە و بڕۆ یەکەم جار خوشکت یان برات ئاشت بکەرەوە، ئینجا وەرە و قوربانییەکەت بکە. «خێرا لەگەڵ ڕکابەرەکەت ئاشت بەرەوە لەو کاتەی لەگەڵتە و بە ڕێگاوەن بۆ دادگا، نەوەک ڕکابەرەکەت بتداتە دەست دادوەر و دادوەریش بتداتە دەست پۆلیس و فڕێبدرێیتە بەندیخانە. ڕاستیت پێ دەڵێم: لەوێ دەرناچی هەتا دوایین فلس نەدەیتەوە. «بیستووتانە گوتراوە: ﴿داوێنپیسی مەکەن.﴾ بەڵام من پێتان دەڵێم: ئەوەی بە هەوەسبازییەوە سەیری ئافرەتێک بکات، ئەوا لە دڵی خۆیدا داوێنپیسی لەگەڵ کردووە. ئەگەر چاوی ڕاستت تووشی گوناهی کردیت، دەریبهێنە و فڕێیبدە. بۆ تۆ باشترە ئەندامێکت لەدەست بچێت، لەوەی هەموو لەشت فڕێبدرێتە ناو دۆزەخ. ئەگەر دەستی ڕاستت تووشی گوناهی کردیت، بیبڕەوە و فڕێیبدە. بۆ تۆ باشترە ئەندامێکت لەدەست بچێت، لەوەی هەموو لەشت بچێتە دۆزەخەوە. «دیسان گوتراوە: ﴿ئەوەی ژنەکەی تەڵاق بدات، با تەڵاقنامەی بداتە دەست.﴾ بەڵام من پێتان دەڵێم: ئەوەی بەبێ هۆی داوێنپیسی ژنەکەی خۆی تەڵاق بدات، وای لێدەکات داوێنپیسی بکات. ئەوەش تەڵاقدراوێک بهێنێت، ئەوا داوێنپیسی دەکات. «دیسان بیستووتانە کە بە پێشینان گوتراوە: ﴿سوێندەکانت مەشکێنە، بەڵکو سوێندەکانت بۆ یەزدان بەرەسەر.﴾ بەڵام من پێتان دەڵێم: هەرگیز سوێند مەخۆن، نە بە ئاسمان، لەبەر ئەوەی تەختی شاهانەی خودایە، نە بە زەوی، لەبەر ئەوەی تەختەپێیەتی، نە بە ئۆرشەلیم، لەبەر ئەوەی شاری پاشای پایەبەرزە. سوێند بە سەری خۆت مەخۆ، چونکە نا‌توانیت تاڵە مووێکی سپی یان ڕەش بکەیت. با قسەتان ”بەڵێ“ بۆ ”بەڵێ“ و ”نەخێر“ بۆ ”نەخێر“ بێت، لەمە بترازێت لە شەیتانەوەیە. «بیستووتانە گوتراوە: ﴿چاو بە چاو، ددان بە ددان.﴾ بەڵام من پێتان دەڵێم: بەربەرەکانێی خراپەکار مەکەن، بەڵکو ئەوەی لە ڕوومەتی ڕاستی دایت، لایەکەی دیکەشی بۆ شل بکە، ئەوەی ویستی بتداتە دادگا و کراسەکەت لێ بستێنێت، چاکەتەکەشتی بدەرێ. ئەوەی یەک میل بێگاری پێ کردیت، دووانی لەگەڵ بڕۆ. ئەوەی داوای شتێکی لێکردیت بیدەرێ. ئەوەی داوای قەرزی لێکردیت پشتی تێمەکە. «بیستووتانە گوتراوە: ﴿نزیکەکەت خۆشبوێت،﴾ ”ڕقت لە دوژمنت بێتەوە.“ بەڵام من پێتان دەڵێم: دوژمنەکانتان خۆشبوێ، نوێژ بکەن بۆ ئەوانەی دەتانچەوسێننەوە، تاکو ببنە ڕۆڵەی ئەو باوکەتان کە لە ئاسمانە، ئەو خۆری خۆی بەسەر چاک و خراپ‌دا هەڵدێنێت و باران بەسەر پیاوچاک و زۆرداریشدا دەبارێنێت. ئەگەر هەر ئەوانەتان خۆشبوێ کە ئێوەیان خۆشدەوێت، چ پاداشتێک وەردەگرن؟ ئایا باجگرانیش ئەمە ناکەن؟ ئەگەر سڵاوتان تەنها لە ناسیاوەکانتان کرد، چی زیاترتان کردووە؟ ئایا بتپەرستانیش ئەمە ناکەن؟ بۆیە ئێوە کامڵ و تەواو بن، هەروەک باوکی ئاسمانیتان کامڵ و تەواوە.