لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 1:7-29

مەتا 1:7-29 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

“حوكم مه‌ده‌ن تاكو حوكم نه‌درێن. چونكه‌ به‌و حوكمه‌ی ده‌یده‌ن حوكم ده‌درێنه‌وه‌، به‌و پێوانه‌یه‌ی ده‌یپێون، بۆتان ده‌پێورێته‌وه‌. بۆچی پووشی نێو چاوی براكه‌ت ده‌بینیت، به‌ڵام سه‌رنجی كاریته‌كه‌ی نێو چاوی خۆت ناده‌یت؟ یان، چۆن به‌ براكه‌ت ده‌ڵێی: با پووشه‌كه‌ی نێو چاوت ده‌ربهێنم، كه‌چی كاریته‌ له‌نێو چاوی خۆتدایه‌؟ ئه‌ی ڕووپاما، یه‌كه‌مجار كاریته‌كه‌ی نێو چاوی خۆت ده‌ربهێنه‌، ئینجا باش ده‌بینیت بۆ ده‌رهێنانی پووشی نێو چاوی براكه‌ت! پارسا مه‌ده‌نه‌ سه‌گ، مرواریشتان فڕێ مه‌ده‌نه‌ به‌رده‌می به‌راز، نه‌وه‌ک پێشێلیان بكه‌ن و ڕوو وه‌رگێڕن و پارچه‌ پارچه‌تان بكه‌ن. داوا بكه‌ن، پێتان ده‌درێت. بگه‌ڕێن، ده‌دۆزنه‌وه‌. له‌ده‌رگابده‌ن، لێتان ده‌كرێته‌وه‌. چونكه‌ هه‌ر كه‌سێک داوا بكات، وه‌رده‌گرێت. ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێت، ده‌دۆزێته‌وه‌. ئه‌وه‌ش له‌ده‌رگابدات، لێی ده‌كرێته‌وه‌. ئه‌گینا كێ له‌ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر ڕۆڵه‌كه‌ی داوای نانی لێبكات، به‌ردی ده‌داتێ؟ یان داوای ماسیی لێبكات، ماری ده‌داتێ؟ جا كه‌ ئێوه‌ی به‌دكار ده‌زانن دیاریی باش به‌ ڕۆڵه‌كانتان بده‌ن، ئایا باوكتان كه‌ له‌ ئاسماناندایه‌ چه‌ند شتی باشتر ده‌داته‌ ئه‌وانه‌ی داوای لێده‌كه‌ن! كه‌واته‌ له‌ هه‌ر شتێكدا ئاوا بۆ خه‌ڵک بكه‌ن كه‌ ده‌تانه‌وێ بۆتان بكرێت، چونكه‌ ئه‌مه‌یه‌ ته‌ورات و پێغه‌مبه‌ران. له‌ ده‌رگای ته‌سک بڕۆنه‌ ژووره‌وه‌، چونكه‌ ده‌رگایه‌كی به‌رین و ڕێگایه‌كی پانه‌ ئه‌وه‌ی به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌بات، زۆرن ئه‌وانه‌ی پێیدا ده‌چنه‌ ژووره‌وه‌. چه‌ند ته‌سكه‌ ده‌رگا و ته‌نگه‌ ئه‌و ڕێگایه‌ی به‌ره‌و ژیان ده‌بات، كه‌م كه‌سیش ده‌یدۆزێته‌وه‌. ئاگادار بن له‌ پێغه‌مبه‌رانی درۆزن، كه‌ له‌ پێستی به‌رخدا بۆ لاتان دێن، به‌ڵام له‌نێوه‌وه‌ گورگی دڕنده‌ن! به‌ به‌رهه‌میان ده‌یانناسن. ئایا ترێ له‌ دڕک ده‌ڕنن؟ یان هه‌نجیر له‌ چقڵ؟ به‌م شێوه‌یه‌ هه‌ر دره‌ختێكی باش به‌رهه‌می باش دروست ده‌كات، دره‌ختی خراپیش به‌رهه‌می خراپ دروست ده‌كات. دره‌ختی چاک ناتوانێت به‌رهه‌می خراپ دروست بكات و دره‌ختی خراپیش ناتوانێت به‌رهه‌می باش دروست بكات. هه‌ر دره‌ختێک به‌رهه‌می باش دروست نه‌كات ده‌بڕدرێته‌وه‌ و فڕێ ده‌درێته‌ نێو ئاگر. كه‌واته‌ به‌ به‌رهه‌میان ده‌یانناسن. نه‌ک هه‌ر كه‌سێک پێم بڵێت: په‌روه‌ردگار، په‌روه‌ردگار! ده‌چێته‌ نێو پاشایه‌تیی ئاسمانانه‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی به‌ خواستی باوكم ده‌كات كه‌ له‌ ئاسماناندایه‌. زۆر كه‌س له‌و ڕۆژه‌دا پێم ده‌ڵێن: په‌روه‌ردگار، په‌روه‌ردگار، ئایا به‌ ناوی تۆوه‌ پێشبینیمان نه‌كرد؟ به‌ ناوی تۆوه‌ ڕووحی گڵاومان ده‌رنه‌كرد؟ به‌ ناوی تۆوه‌ په‌رجوی زۆرمان نه‌كرد؟ ئینجا منیش پێیان ڕاده‌گه‌یه‌نم: هه‌رگیز ئێوه‌م نه‌ناسیوه‌. لێم دوور بكه‌ونه‌وه‌، ئه‌ی خراپه‌كاران! جا هه‌ر كه‌سێک گوێی له‌م وتانه‌م بێت و په‌یڕه‌وی بكات، وه‌ک پیاوێكی دانا وایه‌ كه‌ خانووه‌كه‌ی له‌سه‌ر به‌رد بنیاد نابێت. باران باری و لافاو هه‌ستا و ڕه‌شه‌با هه‌ڵیكرد و له‌و خانووه‌ی دا، به‌ڵام نه‌ڕووخا، چونكه‌ له‌سه‌ر به‌رد بنیاد نرابوو. هه‌ر كه‌سێكیش گوێی له‌م وتانه‌م بێت و په‌یڕه‌وی نه‌كات، وه‌ک پیاوێكی نه‌زان وایه‌ خانووه‌كه‌ی له‌سه‌ر لم بنیاد نابێت. باران باری و لافاو هه‌ستا و ڕه‌شه‌با هه‌ڵیكرد و له‌و خانووه‌ی دا و ڕووخا، ڕووخانه‌كه‌شی مه‌زن بوو”. كاتێ ئیشۆع ئه‌م فه‌رموودانه‌ی ته‌واو كرد، كۆمه‌ڵانه‌كه‌ له‌ فێركردنه‌كه‌ی سه‌رسام بوون، چونكه‌ وه‌ک ده‌سه‌ڵاتدارێک فێری ده‌كردن، نه‌ک وه‌كو ته‌وراتزانان.

هاوبەشی بکە
مەتا 7 بخوێنەوە

مەتا 1:7-29 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

«خەڵکی تاوانبار مەکەن تاکو خودا تاوانبارتان نەکات، چونکە بەو شێوەیەی خەڵک تاوانبار دەکەن خودا تاوانبارتان دەکات، بەو پێوانەیەی ئێوە بۆ خەڵک دەیپێون، خودا بۆتان دەپێوێتەوە. «بۆچی سەرنج لە پووشی ناو چاوی براکەت دەدەیت، بەڵام ئاگات لە کاریتەکەی ناو چاوی خۆت نییە؟ یان، چۆن بە براکەت دەڵێی: ”ڕێم بدە با پووشەکەی ناو چاوت دەربهێنم،“ لەکاتێکدا کاریتەیەک لەناو چاوی خۆتدایە؟ ئەی دووڕوو، یەکەم جار کاریتەکەی ناو چاوی خۆت دەربهێنە، ئینجا باش دەبینیت بۆ دەرهێنانی پووشەکەی ناو چاوی براکەت. «شتی پیرۆز مەدەن بە سەگ، مرواریشتان فڕێمەدەنە بەردەمی بەراز، نەوەک پێشێلیان بکەن و هەڵبگەڕێنەوە و پارچەپارچەتان بکەن. «داوا بکەن، پێتان دەدرێت. بگەڕێن، دەدۆزنەوە. لە دەرگا بدەن، لێتان دەکرێتەوە، چونکە هەرکەسێک داوا بکات، وەردەگرێت. ئەوەی بگەڕێت، دەدۆزێتەوە. ئەوەش لە دەرگا دەدات، لێی دەکرێتەوە. «کێ لە ئێوە ئەگەر کوڕەکەی داوای نانی لێ بکات، بەردی دەداتێ؟ یان داوای ماسی لێ بکات، ماری دەداتێ؟ جا ئێوە کە خراپن، بزانن شتی باش بدەنە منداڵەکانتان، باوکتان لە ئاسمان چەند زیاتر شتی باش دەداتە ئەوانەی داوای لێدەکەن! چۆن دەتانەوێ خەڵکی هەڵسوکەوتتان لەگەڵ بکەن، ئێوەش بەو شێوەیە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکەن، چونکە ئەمەیە پوختەی تەورات و پەیامی پێغەمبەران. «لە دەرگای تەنگەوە بچنە ژوورەوە، چونکە ئەو دەرگایە پانە و ئەو ڕێگایە بەرینە کە بەرەو لەناوچوون دەچێت و زۆرن ئەوانەی پێیدا دەچنە ژوورەوە. بەڵام تەسکە دەرگا و تەنگە ئەو ڕێگایەی بەرەو ژیان دەچێت، کەم کەسیش دەیدۆزێتەوە. «ئاگاداری پێغەمبەرانی درۆزن بن کە لە پێستی مەڕدا بۆ لاتان دێن، بەڵام لەناوەوە گورگی دڕندەن. بە بەرهەمیان دەیانناسنەوە. ئایا ترێ لە دڕک دەکرێتەوە یان هەنجیر لە چقڵ؟ بەم شێوەیە هەموو دارێکی باش بەری باش دەدات، داری خراپیش بەری خراپ. داری چاک ناتوانێت بەری خراپ بدات و داری خراپیش ناتوانێت بەری باش بدات. هەر دارێک بەری باش نەدات دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگر. کەواتە بە بەرهەمیان دەیانناسنەوە. «نەک هەرکەسێک پێم بڵێت: ”پەروەردگارم، پەروەردگارم!“ دەچێتە ناو شانشینی ئاسمان، بەڵکو ئەوەی خواستی باوکم ئەنجام دەدات کە لە ئاسمانە. لەو ڕۆژەدا، زۆر کەس پێم دەڵێن: ”پەروەردگارم، پەروەردگارم! ئایا بە ناوی تۆوە پەیامی خودامان ڕانەگەیاند، بە ناوی تۆوە ڕۆحی پیسمان دەرنەکرد، بە ناوی تۆوە پەرجووی زۆرمان نەکرد؟“ ئینجا منیش پێیان ڕادەگەیەنم: ”قەت ئێوەم نەناسیوە. لێم دوور بکەونەوە، ئەی بەدکاران!“ «لەبەر ئەوە هەرکەسێک گوێی لەم وتانەم بێت و پەیڕەوی بکات، وەک پیاوێکی دانا وایە کە خانووەکەی لەسەر بەرد دروستکردبێت. باران باری و لافاو هەستا و ڕەشەبا هەڵیکرد و لە خانووەکەی دا، بەڵام نەڕووخا، چونکە لەسەر بەرد دروستکرابوو. هەرکەسێکیش گوێی لەم وتانەم بێت و پەیڕەوی نەکات، وەک پیاوێکی گێل وایە خانووەکەی لەسەر لم دروستکردبێت. باران باری و لافاو هەستا و ڕەشەبا هەڵیکرد و لەو خانووەی دا و ڕووخاندی، ڕووخاندنەکەشی گەورە بوو.» کاتێک عیسا ئەم وتانەی تەواو کرد، خەڵکەکە لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون، چونکە وەک دەسەڵاتدارێک فێری دەکردن، نەک وەکو مامۆستایانی تەورات.

هاوبەشی بکە
مەتا 7 بخوێنەوە