لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەرقۆس 17:10-31

مەرقۆس 17:10-31 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

كاتێ ئیشۆع ده‌رده‌چوو به‌ڕێوه‌ بوو، كابرایه‌ک ڕایكرده‌ لای، كڕنۆشی بۆ برد و لێی پرسی: “ڕابیی باش، چی بكه‌م تاكو ژیانی جاویدانی به‌ میرات بگرم؟” ئیشۆع پێی فه‌رموو: “بۆچی به‌ باش ناوم ده‌به‌یت؟ بێجگه‌ له‌ خودا كه‌س باش نییه‌. ڕاسپارده‌كان ده‌زانیت: داوێنپیسی مه‌كه‌، مه‌كوژه‌، مه‌دزه‌، گه‌واهیی درۆ مه‌ده‌، تاڵانی مه‌كه‌، ڕێز له‌ باوک و دایكت بگره‌”. ئه‌ویش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی وت: “ڕابی، له‌ مێردمنداڵییه‌وه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌م پاراستووه‌”. ئیشۆع سه‌یری كرد و خۆشی ویست، پێی فه‌رموو: “شتێكت كه‌مه‌: بڕۆ هه‌موو شتێكت بفرۆشه‌ و بیده‌ هه‌ژاران، گه‌نجینه‌یه‌كت له‌ ئاسماندا ده‌بێت، ئینجا وه‌ره‌ دوام بكه‌وه‌ و خاچه‌كه‌ت هه‌ڵبگره‌”. به‌م قسه‌یه‌ دڵی خورپه‌ی كرد، به‌ دڵته‌نگییه‌وه‌ ڕۆیشت، چونكه‌ سامانێكی زۆری هه‌بوو. ئیشۆع سه‌یری ده‌وروپشتی كرد و به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “چوونه‌ نێوه‌وه‌ی پاشایه‌تیی خودا بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند چه‌ند سه‌خته‌!” قوتابییه‌كان له‌ فه‌رمووده‌كانی سه‌رسام بوون، ئیشۆع دیسان پێی فه‌رموون: “ڕۆڵه‌كانم، چوونه‌ نێو پاشایه‌تیی خودا چه‌ند سه‌خته‌ بۆ ئه‌وانه‌ی پشت به‌ سامان ده‌به‌ستن! ڕۆیشتنی گوریسێک به‌ كونی ده‌رزییه‌ک ئاسانتره‌ له‌وه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندێک بچێته‌ نێو پاشایه‌تیی خودا”. جا زیاتر سه‌رسام بوون و به‌ یه‌كتریان وت: “كه‌واته‌ كێ ده‌توانێت ڕزگاری بێت؟” ئیشۆعیش سه‌یری كردن، فه‌رمووی: “له‌لای مرۆڤ مه‌حاڵه‌، به‌ڵام له‌لای خودا نا، چونكه‌ له‌لای خودا هه‌موو شتێک ده‌بێت”. په‌تڕۆس پێی وت: “ئه‌وه‌تا ئێمه‌ وازمان له‌ هه‌موو شتێک هێناوه‌ و دوات كه‌وتووین”. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: كه‌س نییه‌ ماڵ یان برا یان خوشک یان باوک یان دایک یان منداڵ یان كێڵگه‌ی له‌ پێناوی من و له‌ پێناوی ئینجیل به‌جێهێشتبێت، ئێستا له‌م زه‌مانه‌دا سه‌د ئه‌وه‌نده‌ وه‌رنه‌گرێته‌وه‌ له‌ ماڵ و برا و خوشک و دایک و منداڵ و كێڵگه‌ له‌گه‌ڵ چه‌وسانه‌وه‌، له‌ زه‌مانی داهاتووشدا ژیانی جاویدانی. به‌ڵام زۆر له‌ یه‌كه‌مینه‌كان ده‌بنه‌ دواهه‌مین، دواهه‌مینیش یه‌كه‌مین”.

مەرقۆس 17:10-31 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

کاتێک عیسا خەریک بوو دەڕۆیشت، پیاوێک بە پەلە بەرەو ڕووی هات، کڕنۆشی بۆ برد و لێی پرسی: «مامۆستای باش، چی بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە میرات وەربگرم؟» عیسا پێی فەرموو: «بۆچی بە باش ناوم دەبەیت؟ بێجگە لە خودا کەس باش نییە. ڕاسپاردەکان دەزانیت: ﴿مەکوژە، داوێنپیسی مەکە، مەدزە، شایەتی درۆ مەدە، فێڵ مەکە، ڕێزی دایک و باوکت بگرە.﴾» ئەویش پێی گوت: «مامۆستا، لە منداڵییەوە هەموو ئەم ڕاسپاردانەم بەجێگەیاندووە.» عیسا سەیری کرد و خۆشیویست، پێی فەرموو: «شتێکت کەمە، بڕۆ هەرچیت هەیە هەمووی بفرۆشە و بیدە بە هەژاران، بەمە گەنجینەیەکت لە ئاسماندا دەبێت، ئینجا وەرە دوام بکەوە.» بەم قسەیە دڵی خورپەی کرد، بە دڵتەنگییەوە ڕۆیشت، چونکە سامانێکی زۆری هەبوو. عیسا سەیری دەوروپشتی کرد و بە قوتابییەکانی فەرموو: «چوونە ناو شانشینی خودا بۆ دەوڵەمەند چەند زەحمەتە!» قوتابییەکان لە قسەکانی سەرسام بوون، بەڵام عیسا دیسان پێی فەرموون: «کوڕینە، چوونە ناو شانشینی خودا چەند زەحمەتە! ئاسانترە وشترێک بە کونی دەرزییەکەوە بچێت لەوەی دەوڵەمەندێک بچێتە ناو شانشینی خوداوە.» جا زیاتر سەرسام بوون و بە یەکتریان گوت: «کەواتە کێ دەتوانێت ڕزگاری بێت؟» عیساش سەیری کردن و فەرمووی: «لەلای مرۆڤ مەحاڵە، بەڵام لەلای خودا نا، چونکە لەلای خودا هەموو شتێک دەبێت.» پەترۆس دەستی بە قسە کرد و گوتی: «ئەوەتا ئێمە وازمان لە هەموو شتێک هێناوە و دوات کەوتووین.» عیسا فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: کەس نییە ماڵ، برا، خوشک، دایک، باوک، منداڵ یان کێڵگەی لە پێناوی من و مزگێنییەکەم بەجێهێشتبێت، ئێستا لەم دنیایە سەد ئەوەندە وەرنەگرێتەوە لە ماڵ، برا، خوشک، دایک، منداڵ و کێڵگە لەگەڵ چەوسانەوە، لەو دنیاش ژیانی هەتاهەتایی. بەڵام زۆر لە یەکەمینەکان دەبنە دواهەمین و دواهەمینەکانیش دەبنە یەکەمین.»