لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەرقۆس 1:12-44

مەرقۆس 1:12-44 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ده‌ستی پێكرد به‌ په‌ند قسه‌یان بۆ بفه‌رمووێت: “كابرایه‌ک ڕه‌زێكی چاند، ده‌وروپشته‌كه‌ی په‌رژین كرد، گوشێنه‌رێكی ترێی تێدا هه‌ڵكۆڵی و قوللـه‌یه‌كی بنیاد نا. به‌ ڕه‌زه‌وانانی سپارد و گه‌شتی كرد. له‌ وه‌رزی خۆیدا كۆیله‌یه‌كی بۆ ڕه‌زه‌وانه‌كان نارد، تاكو به‌رهه‌می ڕه‌زه‌كه‌ له‌ ڕه‌زه‌وانه‌كان وه‌ربگرێت. ئه‌وانیش بردیان و به‌قامچیان لێ دا و به‌ ده‌ستی به‌تاڵ ناردییانه‌وه‌. دیسان كۆیله‌یه‌كی دیكه‌ی بۆ ناردن، ئه‌میشیان به‌ردباران كرد و سه‌ریان شكاند و سووكایه‌تییان پێ كرد. یه‌كێكی دیكه‌شی نارد، كوشتییان. زۆری دیكه‌ش، له‌ هه‌ندێكیان به‌قامچی دا و هه‌ندێكیان كوشت. یه‌كێكی مابوو، كوڕه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی، له‌ كۆتاییدا ئه‌ویشی بۆ لایان نارد، وتی: ڕێزی كوڕه‌كه‌م ده‌گرن!. به‌ڵام ئه‌و ڕه‌زه‌وانانه‌ به‌ یه‌كتریان وت: ئه‌وه‌تا میراتگر!، با بیكوژین، تاكو ببینه‌ میراتگر!. جا بردیان و كوشتییان و فڕێیاندایه‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕه‌زه‌كه‌. خاوه‌نی ڕه‌زه‌كه‌ چی ده‌كات؟ دێت و ڕه‌زه‌وانه‌كان له‌ناوده‌بات و ڕه‌زه‌كه‌ ده‌داته‌ خه‌ڵكی دیكه‌. ئه‌م نووسراوه‌تان نه‌خوێندۆته‌وه‌: {ئه‌و به‌رده‌ی بنیادنه‌ران ڕه‌تیان كرده‌وه‌، بووه‌ به‌ردی قولینچک. ئه‌مه‌ له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگاره‌وه‌ بوو، له‌به‌رچاومان سه‌یره‌!} ”.؟ ده‌یانویست بیگرن، چونكه‌ زانییان په‌ندكه‌ی له‌سه‌ر ئه‌وان فه‌رموو، به‌ڵام له‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ ترسان، ئیتر وازیان لێ هێنا و ڕۆیشتن. ئینجا هه‌ندێک له‌ په‌ڕیشییه‌كان و هیڕوودسییه‌كانیان نارده‌ لای ئیشۆع، تاكو به‌ وشه‌یه‌كی تووشی بكه‌ن. كاتێ هاتن، پێیان وت: “ڕابی، ده‌زانین تۆ ڕاستگۆیت، گوێ به‌ كه‌س ناده‌یت، چونكه‌ ته‌ماشای ڕووی خه‌ڵک ناكه‌یت، به‌ڵكو به‌ ڕه‌وا ڕێگای خودا فێرده‌كه‌یت. دروسته‌ سه‌رانه‌ بدرێته‌ قه‌یسه‌ڕ یان نا؟ بیده‌ین یان نه‌یده‌ین؟” به‌ڵام ئیشۆع به‌ ڕووپامایی ئه‌وانی زانی و پێی فه‌رموون: “بۆچی تاقیم ده‌كه‌نه‌وه‌؟ دینارێكم بۆ بهێنن با بیبینم”. هێنایان، جا پێی فه‌رموون: “ئه‌م وێنه‌ و نووسینه‌ هی كێیه‌؟” پێیان وت: “قه‌یسه‌ڕ”. ئیشۆعیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “هی قه‌یسه‌ڕ بده‌نه‌ قه‌یسه‌ڕ، هی خوداش بده‌نه‌ خودا”. جا لێی سه‌رسام بوون. زادوقییه‌كان كه‌ ده‌ڵێن هه‌ستانه‌وه‌ نییه‌ هاتنه‌ لای و پرسیان لێكرد و وتیان: “ڕابی، مووشێ بۆی نووسیوین، ئه‌گه‌ر یه‌كێک براكه‌ی به‌ وجاخكوێری مرد و ژنه‌كه‌ی له‌ پاش خۆی به‌جێهێشت، ئه‌وا براژنه‌كه‌ی ده‌خوازێته‌وه‌ و وه‌چه‌ بۆ براكه‌ی ده‌خاته‌وه‌. حه‌وت برا هه‌بوون، یه‌كه‌میان ژنی هێنا و به‌ وجاخكوێری مرد. دووه‌م خواستییه‌وه‌ و به‌ وجاخكوێری مرد، سێیه‌میش ئاوا. هه‌ر حه‌وته‌كه‌ وجاخكوێر بوون، له‌دوای هه‌موویان ژنه‌كه‌ش مرد. كاتێ له‌ هه‌ستانه‌وه‌دا هه‌ڵده‌ستنه‌وه‌، ژنه‌كه‌ بۆ كامیان ده‌بێت؟ چونكه‌ ژنی هه‌ر حه‌وتیان بووه‌”. ئیشۆع وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “ئایا ئێوه‌ گومڕا نین، چونكه‌ نه‌ له‌ سیپاره‌كان ده‌زانن و نه‌ هێزی خودا؟ چونكه‌ كاتێ له‌ مردن هه‌ڵده‌ستێنه‌وه‌، نه‌ ژن ده‌هێنن و نه‌ مێرد ده‌كه‌ن، به‌ڵكو له‌ ئاسماناندا وه‌ک فریشته‌ ده‌بن. به‌ڵام ده‌رباره‌ی مردووان كه‌ هه‌ڵده‌ستێنه‌وه‌، ئایا له‌ سیپاره‌ی مووشێدا نه‌تانخوێندۆته‌وه‌، چۆن له‌ ده‌وه‌نه‌كه‌دا خودا پێی فه‌رموو: {منم خودای ئه‌وڕاهه‌م و خودای ئسخه‌ق و خودای یاقوو؟} ئه‌و خودای مردووان نییه‌، به‌ڵكو خودای زیندووانه‌. ئێوه‌ زۆر گومڕان!” یه‌كێک له‌ ته‌وراتزانه‌كان هات، گوێی لێیان بوو گفتوگۆیان ده‌كرد، بینی ئیشۆع وه‌ڵامێكی باشی دانه‌وه‌، لێی پرسی: “چ ڕاسپارده‌یه‌ک یه‌كه‌می هه‌مووانه‌؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “یه‌كه‌می هه‌موو ڕاسپارده‌كان ئه‌مه‌یه‌: ئه‌ی ئیسڕائیل گوێ بگرن، په‌روه‌ردگار خوداوه‌ندمان یه‌ک په‌روه‌ردگاره‌، جا په‌روه‌ردگار خوداوه‌ندت به‌ هه‌موو دڵ و هه‌موو ده‌روون و هه‌موو بیر و هه‌موو تواناتانه‌وه‌ خۆشبووێ. ئه‌مه‌ یه‌كه‌م ڕاسپارده‌یه.‌ دووه‌میش وه‌ک یه‌كه‌مینه‌ و ئه‌مه‌یه‌: نزیكه‌كه‌ت وه‌ک خۆت خۆشبووێ، هیچ ڕاسپارده‌یه‌ک له‌م دووانه‌ مه‌زنتر نییه‌”. ته‌وراتزانه‌كه‌ش پێی فه‌رموو: “ڕاسته‌ ڕابی، ڕه‌وات فه‌رموو كه‌ یه‌ک خودا هه‌یه‌ و بێجگه‌ له‌و خودای دیكه‌ نییه‌. خۆشویستنی ئه‌ویش به‌ هه‌موو دڵ و به‌ هه‌موو تێگه‌یشتن و به‌ هه‌موو ده‌روون و به‌ هه‌موو تواناوه‌یه‌، هه‌روه‌ها خۆشویستنی نزیک وه‌ک خۆت، له‌ هه‌موو قوربانیی سووتاندن و قوربانییه‌كان باشتره‌”. ئیشۆع بینی به‌ داناییه‌وه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌، پێی فه‌رموو: “له‌ پاشایه‌تی خوداوه‌ دوور نیت”. ئیتر كه‌س نه‌وێرا هیچی دیكه‌ی لێ بپرسێت! كاتێ ئیشۆع له‌ په‌رستگاد ئامۆژگاریی ده‌كرد فه‌رمووی: “ته‌وراتزان چۆن ده‌ڵێن: مه‌سیح ڕۆڵه‌ی داویده‌؟ چونكه‌ داوید خۆی به‌ ڕووحی پارساوه‌ وتی: {په‌روه‌ردگار به‌ په‌روه‌ردگارمی فه‌رموو: له‌ لای ڕاستم دانیشه‌ تاكو دوژمنانت بخه‌مه‌ ژێر پێت} . ئه‌گه‌ر داوید پێی ده‌ڵێ په‌روه‌ردگار، ئیتر چۆن ده‌بێته‌ ڕۆڵه‌ی؟” كۆمه‌ڵه‌ زۆره‌كه‌ش به‌ خۆشییه‌وه‌ گوێیان لێی ده‌گرت. له‌ ئامۆژگاریه‌كه‌یدا فه‌رمووی: “ئاگاداری ته‌وراتزانه‌كان بن، حه‌زده‌كه‌ن به‌ جلی شۆڕ بگه‌ڕێن و له‌ بازاڕدا سڵاویان لێ بكرێت، له‌ كه‌نیشته‌كان ڕیزی پێشه‌وه‌ بگرن و له‌ ڕیزی سه‌ره‌وه‌ی میوانداری بن. ماڵی بێوه‌ژن ده‌خۆن و به‌ئه‌نقه‌ست درێژه‌ به‌ نوێژه‌كانیان ده‌ده‌ن. ئه‌وانه‌ سه‌ختترین سزا وه‌رده‌گرن”. ئیشۆع به‌رامبه‌ر گه‌نجینه‌كه‌ دانیشت و سه‌یری كرد چۆن خه‌ڵكی مس ده‌خه‌نه‌ نێو گه‌نجینه‌كه‌وه‌، زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند زۆریان داده‌نا. بێوه‌ژنێكی هه‌ژار هات و دوو فلسی دانا كه‌ نیو عانه‌یه‌. قوتابییه‌كانی بانگكرد و پێی فه‌رموون: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌م بێوه‌ژنه‌ هه‌ژاره‌، له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌خه‌نه‌ نێو گه‌نجینه‌كه‌ زیاتری دانا. چونكه‌ هه‌موو له‌ زیاده‌ی خۆیان دایان نا، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌ پێویستی خۆی، هه‌رچی هه‌یبوو، هه‌رچی پێی ده‌گوزه‌را داینا”.

مەرقۆس 1:12-44 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

عیسا بە نموونە دەستی کرد بە قسەکردن بۆیان: «کابرایەک ڕەزێکی چاند، پەرژینێکی بە دەوریدا کرد، چاڵێکی بۆ ترێ گوشین تێدا هەڵکەند و قوللەیەکی چاودێری بنیاد نا. بە ڕەزەوانانی سپارد و گەشتی کرد. لە وەرزی خۆیدا خزمەتکارێکی بۆ لای ڕەزەوانەکان نارد، تاکو بەرهەمی ڕەزەکە لە ڕەزەوانەکان وەربگرێت. بەڵام گرتییان و لێیاندا و بە دەستی بەتاڵ ناردییانەوە. دیسان خزمەتکارێکی دیکەی بۆ لایان نارد، سەری ئەمیشیان شکاند و سووکایەتییان پێ کرد. یەکێکی دیکەشی نارد، ئەویشیان کوشت. زۆر خزمەتکاری دیکەشی نارد، لە هەندێکیان دا و هەندێکیان کوشت. «تەنها کوڕە خۆشەویستەکەی مابوو، لە کۆتاییدا ئەویشی بۆ لایان نارد و گوتی: ”ڕێزی کوڕەکەم دەگرن.“ «بەڵام ئەو ڕەزەوانانە بە یەکتریان گوت: ”ئەوەتا میراتگر، با بیکوژین، تاکو ببینە میراتگر.“ ئینجا گرتیان و کوشتیان و فڕێیان دایە دەرەوەی ڕەزەکە. «خاوەنی ڕەزەکە چی دەکات؟ دێت و ئەم ڕەزەوانانە لەناودەبات و ڕەزەکە دەداتە خەڵکی دیکە. ئەم نووسراوە پیرۆزەتان نەخوێندووەتەوە: «﴿ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە، بوو بە گرنگترین بەردی بناغە. ئەمە لەلایەن یەزدانەوە بوو، لەبەرچاومان سەیرە﴾؟» کاهینانی باڵا دەیانویست بیگرن، چونکە زانییان نموونەکەی لەسەر ئەوان فەرموو، بەڵام لە خەڵکەکە ترسان، ئیتر وازیان لێ هێنا و ڕۆیشتن. کاهینانی باڵا هەندێک لە فەریسییەکان و هێرۆدسییەکانیان ناردە لای عیسا، تاکو بە وشەیەکی تووشی بکەن. هاتن و پێیان گوت: «مامۆستا، دەزانین تۆ ڕاستگۆیت و لە کەس سڵ ناکەیتەوە، چونکە تەماشای ڕواڵەتی خەڵک ناکەیت، بەڵکو بە ڕاستی ڕێگای خودا فێر دەکەیت. دروستە سەرانە بدرێتە قەیسەر یان نا؟ بیدەین یان نا؟» بەڵام عیسا بە دووڕوویی ئەوانی زانی و پێی فەرموون: «بۆچی تاقیم دەکەنەوە؟ دینارێکم بۆ بهێنن با بیبینم.» هێنایان و پێی فەرموون: «ئەم وێنە و نووسینە هی کێیە؟» وەڵامیان دایەوە: «هی قەیسەر.» عیساش پێی فەرموون: «هی قەیسەر بدەنە قەیسەر، هی خوداش بدەنە خودا.» ئیتر زۆر پێی سەرسام بوون. سەدوقییەکان، ئەوانەی کە دەڵێن هەستانەوە نییە، هاتنە لای و پرسیاریان لێکرد: «مامۆستا، موسا بۆی نووسیوین، ئەگەر یەکێک براکەی بە وەجاخکوێری مرد و ژنەکەی لەپاش خۆی بەجێهێشت، ئەوا براژنەکەی دەخوازێتەوە و وەچە بۆ براکەی دەخاتەوە. حەوت برا هەبوون، یەکەمیان ژنی هێنا و بە وەجاخکوێری مرد. دووەم خواستییەوە و بە وەجاخکوێری مرد، سێیەمیش ئاوا. هەر حەوتەکە وەجاخکوێر بوون، لەدوای هەموویان ژنەکەش مرد. ئایا لە ڕۆژی زیندووبوونەوەدا دەبێتە ژنی کامیان؟ چونکە ژنی هەر حەوتیان بووە.» عیساش پێی فەرموون: «ئایا ئێوە هەڵە نین، چونکە نە لە نووسراوە پیرۆزەکان دەزانن و نە لە هێزی خودا؟ کاتێک لە مردن هەڵدەستێنرێنەوە، نە ژن دەهێنن و نە مێرد دەکەن، بەڵکو وەک فریشتە لە ئاسمان دەبن. بەڵام دەربارەی مردووان کە هەڵدەستنەوە، ئایا لە پەڕتووکی موسادا نەتانخوێندووەتەوە، چۆن لە دەوەنەکەدا خودا پێی فەرموو: ﴿من خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوبم﴾؟ ئەو خودای مردووان نییە، بەڵکو هی زیندووانە. زۆر بە هەڵەدا چوونە!» یەکێک لە مامۆستایانی تەورات هات، گوێی لە گفتوگۆکەیان بوو، بینی عیسا وەڵامێکی باشی دانەوە، لێی پرسی: «چ ڕاسپاردەیەک لە هەموویان گرنگترە؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «لە هەموویان گرنگتر ئەمەیە: ﴿ئەی ئیسرائیل گوێ بگرن، یەزدانی پەروەردگارمان یەک یەزدانە، جا بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و بە هەموو بیر و بە هەموو تواناتانەوە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێ.﴾ لەدوای ئەویش ئەمەیە، ﴿نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت،﴾ هیچ ڕاسپاردەیەک لەم دوو ڕاسپاردەیە گرنگتر نییە.» مامۆستاکەی تەوراتیش پێی گوت: «ڕاستە مامۆستا، ڕاستت فەرموو کە یەک خودا هەیە و بێجگە لە ئەو هیچ خودایەکی دیکە نییە. خۆشویستنی ئەویش بە هەموو دڵ و بە هەموو تێگەیشتن و بە هەموو تواناوە، هەروەها خۆشویستنی نزیکەکەت وەک خۆت، لە هەموو جۆرە قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوێک باشترە.» عیسا بینی بە داناییەوە وەڵامی دایەوە، پێی فەرموو: «لە پاشایەتی خوداوە دوور نیت.» ئیتر کەس نەیوێرا هیچ پرسیارێکی دیکەی لێ بکات. کاتێک عیسا لە حەوشەکانی پەرستگا خەڵکی فێر دەکرد فەرمووی: «مامۆستایانی تەورات چۆن دەڵێن: ”مەسیح کوڕی داودە“؟ داود خۆی بە سروشی ڕۆحی پیرۆز گوتی: «﴿یەزدان بە خاوەن شکۆی منی فەرموو: ”لە دەستەڕاستم دابنیشە هەتا دوژمنانت دەخەمە ژێر پێت.“﴾ داود خۆی پێی دەڵێ ”خاوەن شکۆ“، ئیتر چۆن دەبێتە کوڕی؟» خەڵکەکە زۆر بە خۆشییەوە گوێیان لێی دەگرت. لە فێرکردنەکەیدا دەیفەرموو: «ئاگاداری مامۆستایانی تەورات بن، حەز دەکەن بە جلی شۆڕەوە بگەڕێن و پێیان خۆشە لە بازاڕدا سڵاویان لێ بکرێت، لە کەنیشتەکان ڕیزی پێشەوە بگرن و لە میوانیشدا لای سەرەوە. ماڵی بێوەژن هەڵدەلووشن و بۆ خۆدەرخستن نوێژەکانیان درێژ دەکەنەوە. ئەمانە سزایان گەورەترە.» عیسا بەرامبەر گەنجینەی پەرستگا دانیشت و سەیری کرد چۆن خەڵکی پارەیان دەخەنە ناو گەنجینەکەوە، زۆرێک لە دەوڵەمەندەکان پارەی زۆریان دادەنا. بێوەژنێکی هەژار هات و دوو فلسی دانا کە نیو عانەیە. قوتابییەکانی بانگکرد و پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، ئەم بێوەژنە هەژارە، لە هەموو ئەوانەی دیکە پارەی زیاتر خستە ناو گەنجینەکە، چونکە هەمووان لە زیادەی خۆیان بەخشییان، بەڵام ئەم بێوەژنە، سەرەڕای هەژارییەکەی هەموو بژێوییەکەی بەخشی.»