لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەرقۆس 22:15-39

مەرقۆس 22:15-39 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئینجا بردیانه‌ شوێنی گاغولتا، واتا “كاسه‌سه‌ر”. مه‌یی تێكه‌ڵكراو به‌ موڕیان پێ دا بیخواته‌وه‌، به‌ڵام نه‌یخوارده‌وه‌. كاتێ له‌خاچیاندا، كراسه‌كه‌یان دابه‌شكرد، تیروپشكیان له‌سه‌ركرد، هه‌ریه‌كه‌یان چی به‌رده‌كه‌وێت. كاژێر سێ بوو له‌خاچیاندا، ناونیشانی تاوانه‌كه‌شی نووسرابوو: “پاشای جوو”. دوو دزیشیان له‌گه‌ڵی له‌خاچدا، یه‌كێک له‌لای ڕاستی و یه‌كێک له‌لای چه‌پی. سیپاره‌كه‌‌ هاته‌ دی كه‌ ده‌ڵێت: {له‌ ڕیزی تاوانباران دانرا} . ئه‌وانه‌ی به‌وێدا تێده‌په‌ڕین، جنێویان پێی ده‌دا و سه‌ریان باده‌دا، ده‌یانووت: “ها! ئه‌ی ڕوخێنه‌ری په‌رستگا و بنیادنه‌ره‌وه‌ی به‌ سێ ڕۆژ، خۆت ڕزگار بكه‌ و له‌ خاچه‌كه‌ دابه‌زه‌!”. به‌ هه‌مان شێوه‌ كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان گاڵته‌یان ده‌كرد و به‌ یه‌كتریان ده‌ووت: “خه‌ڵكی ڕزگار كرد، به‌ڵام ناتوانێ خۆی ڕزگار بكات! با ئێستا مه‌سیحی پاشای ئیسڕائیل له‌ خاچه‌كه‌ دابه‌زێت، تاكو ببینین و باوه‌ڕ بهێنین!”. ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵی له‌خاچدران تانه‌یان لێ ده‌دا. كاتێ بووه‌ كاژێری شه‌ش، تاكو كاژێری نۆ تاریكایی به‌سه‌ر هه‌موو زه‌وییه‌وه‌ بوو. له‌ كاژێری نۆ، ئیشۆع به‌ ده‌نگێكی مه‌زن هاواری كرد: “ئیلۆی، ئیلۆی، له‌ما شه‌به‌قته‌نی؟” واتا، خودایه‌، خودایه‌، بۆ به‌جێت هێشتم؟ هه‌ندێک له‌ ئاماده‌بووان كه‌ گوێیان لێبوو، وتیان: “ئه‌وه‌تا بانگی ئیلییا ده‌كات”. یه‌كێک ڕایكرد و هه‌وریه‌كی له‌ سركه‌ هه‌ڵكێشا و به‌سه‌ر قامیشێكه‌وه‌ پێی دا، وتی: “لێگه‌ڕێن با ببینین ئیلییا دێت دایبگرێت!” ئیشۆعیش به‌ ده‌نگێكی مه‌زن هاواریكرد و ڕووحی سپارد. په‌رده‌ی په‌رستگاش له‌ سه‌ره‌وه‌ تاكو خواره‌وه‌ شه‌قبوو و بووه‌ دووله‌ت. ئه‌و سه‌رپه‌له‌ی به‌رامبه‌ر ئیشۆع ڕاوه‌ستابوو، گوێی له‌ هاواری بوو و بینی چۆن ڕووحی سپارد، وتی: “به‌ ڕاستی ئه‌م مرۆڤه‌ ڕۆڵه‌ی خودا بوو!”

مەرقۆس 22:15-39 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئینجا عیسایان بردە شوێنێک کە پێی دەگوترا گولگۆسا، واتا «شوێنی کاسەسەر». شەرابی تێکەڵ بە موڕیان پێدا، بەڵام نەیخواردەوە. لە خاچیان دا و جلەکانیان دابەش کرد، تیروپشکیان لەسەر کرد، بۆ ئەوەی بزانن هەریەکەیان چی بەردەکەوێت. کاتێک لە خاچیان دا کاتژمێر نۆی بەیانی بوو، ناونیشانی تاوانەکەشی نووسرابوو: پاشای جولەکە. دوو دزیشیان لەگەڵی لە خاچ دا، یەکێک لەلای ڕاستی و ئەوەی دیکەش لەلای چەپی. [ نووسراوە پیرۆزەکە هاتە دی کە دەڵێت: ﴿لەگەڵ یاخیبووان ژمێردرا.﴾] ئەوانەی بەوێدا تێدەپەڕین، جنێویان پێی دەدا و سەریان بادەدا و دەیانگوت: «ها! ئەی ڕووخێنەری پەرستگا و بنیادنەرەوەی لە سێ ڕۆژدا، خۆت ڕزگار بکە و لە خاچەکە دابەزە.» بە هەمان شێوە کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات گاڵتەیان دەکرد و بە یەکتریان دەگوت: «خەڵکی دیکەی ڕزگار کرد، بەڵام ناتوانێ خۆی ڕزگار بکات! با ئێستا مەسیحی پاشای ئیسرائیل لە خاچەکە دابەزێت، تاکو ببینین و باوەڕ بهێنین.» ئەوانەش کە لەگەڵی لە خاچ دەدران قسەیان پێ دەگوت. کە بووە کاتژمێر دوازدە تاریکی باڵی بەسەر هەموو زەویدا کێشا هەتا کاتژمێر سێ. لە کاتژمێر سێ، عیسا بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «﴿ئێلی، ئێلی، لەما شەبەقتانی؟﴾» کە بە واتای ﴿خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟﴾ دێت. کاتێک هەندێک لەوانەی لەوێ ڕاوەستابوون گوێیان لێی بوو، گوتیان: «ئەوە بانگی ئەلیاس دەکات.» یەکێک ڕایکرد و ئیسفەنجێکی لە سرکە هەڵکێشا و بەسەر قامیشێکەوە پێیدا تاکو بیخواتەوە و گوتی: «لێگەڕێن، با بزانین ئەلیاس دێت دایبگرێت؟» عیساش بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد و گیانی سپارد. پەردەی پەرستگاش لە سەرەوە هەتا خوارەوە شەق بوو و بوو بە دوو پارچەوە. ئەو سەرپەلەی بەرامبەر عیسا ڕاوەستابوو، گوێی لە هاواری بوو و بینی چۆن گیانی سپارد، گوتی: «بەڕاستی ئەم کەسە کوڕی خودا بوو!»