مەرقۆس 1:2-22
مەرقۆس 1:2-22 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)
پاش چه‌ند ڕۆژێک هاته‌وه نێو كپه‌ڕناخوم، جا بیسترا كه له ماڵه‌وه‌یه. یه‌كسه‌ر خه‌ڵكێكی زۆر كۆبوونه‌وه، به شێوه‌یه‌ک له‌به‌ر ده‌رگاش شوێن نه‌ما. ئه‌ویش به وشه‌كه بۆیان ده‌دووا. ئیفلیجێكیان هێنایه لای، به چوار كه‌س هه‌ڵیانگرتبوو. به‌ڵام له‌به‌ر خه‌ڵكه‌كه نه‌یانتوانی بیبه‌نه لای. جا سه‌ربانی ئه‌و شوێنه‌یان هه‌ڵگرت كه ئه‌وی لێ‌بوو، كونێكیان كرده‌وه و نوێنه‌كه‌یان شۆڕكرده‌وه كه ئیفلیجه‌كه‌ی له‌سه‌ر بوو. كاتێ ئیشۆع باوه‌ڕیانی بینی، به ئیفلیجه‌كه‌ی فه‌رموو: “ڕۆڵه، گوناهه‌كانت به‌خشران”. هه‌ندێک ته‌وراتزانیش له‌وێ دانیشتبوون، له دڵی خۆیاندا بیریان ده‌كرده‌وه: “بۆچی ئه‌مه ئاوا به‌كفر ده‌دوێت؟ بێجگه له خودا كێ ده‌توانێت گوناه ببه‌خشێت؟” یه‌كسه‌ر ئیشۆع به ڕووحی خۆی زانی له دڵی خۆیاندا ئاوا بیر ده‌كه‌نه‌وه، پێی فه‌رموون: “بۆچی له دڵتان‌دا بیری وا ده‌كه‌نه‌وه؟ كامیان ئاسانتره، به ئیفلیجه‌كه بڵێی: گوناهه‌كانت به‌خشران، یان بڵێی: هه‌سته، نوێنه‌كه‌ت هه‌ڵگره و ڕێ بكه؟ به‌ڵام تاكو بزانن، ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وی ده‌سه‌ڵاتی گوناه به‌خشینی هه‌یه”. به ئیفلیجه‌كه‌ی فه‌رموو: “پێت ده‌ڵێم: هه‌سته، نوێنه‌كه‌ت هه‌ڵگره و بڕۆ ماڵه‌وه!”. ئه‌ویش یه‌كسه‌ر هه‌ستا و نوێنه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و له‌به‌رچاوی هه‌موویان چووه ده‌ره‌وه. به شێوه‌یه‌ک هه‌موو سه‌رسام بوون و شكۆمه‌ندیی خودایان كرد، وتیان: “هه‌رگیز وه‌كو ئه‌مه‌مان نه‌بینیوه!”. دیسان ده‌رچووه سه‌ر كه‌ناری ده‌ریا، كۆمه‌ڵانه‌كه هه‌موو لێی كۆبوونه‌وه و ئه‌ویش فێری ده‌كردن. كاتێ به‌ڕێوه بوو، لیوی كوڕی خه‌لپه‌یی بینی له شوێنی باجگری دانیشتبوو، پێی فه‌رموو: “دوام كه‌وه”. ئه‌ویش هه‌ستا و دوای كه‌وت. كاتێ له ماڵی ئه‌و دانیشتبوو، زۆر له باجگران و گوناهباران له‌گه‌ڵ ئیشۆع و قوتابییه‌كانی له‌سه‌ر خوان بوون، چونكه زۆر بوون و دوای كه‌وتبوون. كاتێ ته‌وراتزان و په‌ڕیشییه‌كان بینییان وا له‌گه‌ڵ گوناهبار و باجگران نان ده‌خوات، به قوتابییه‌كانیان وت: “ئه‌وه چیه‌تی له‌گه‌ڵ باجگر و گوناهباران نان ده‌خوات؟” كه ئیشۆع گوێی لێ‌بوو، پێی فه‌رموون: “له‌شساغ پێویستی به پزیشک نییه، به‌ڵكو نه‌خۆش. نه‌هاتووم بێگوناهان بانگ بكه‌م بۆ تۆبه‌كردن، به‌ڵكو گوناهباران”. قوتابییه‌كانی یوخه‌ننه‌ن و په‌ڕیشییه‌كان به‌ڕۆژوو بوون، هاتنه لای و پێیان وت: “بۆچی قوتابییه‌كانی یوخه‌ننه‌ن و په‌ڕیشییه‌كان به‌ڕۆژوو ده‌بن، به‌ڵام قوتابییه‌كانی تۆ به‌ڕۆژوو نابن؟” ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “ئایا شاییگێڕان ده‌توانن به‌ڕۆژوو بن كاتێ زاوا له‌گه‌ڵیاندایه؟ تاكو زاوا له‌گه‌ڵیان بێت ناتوانن به‌ڕۆژوو بن. به‌ڵام ڕۆژانێک دێت كه زاوا له‌نێوانیان به‌رز ده‌كرێته‌وه، ئه‌وسا له‌و ڕۆژانه‌دا به‌ڕۆژوو ده‌بن. كه‌س كراسی كۆن به په‌ڕۆی نوێ پینه ناكات، چونكه پینه نوێیه‌كه له كراسه كۆنه‌كه ڕاده‌كێشێت و دڕاوه‌كه خراپتر ده‌بێت. كه‌سیش مه‌یی نوێ ناكاته نێو مه‌شكه‌ی كۆنه‌وه، نه‌وه‌ک مه‌یه‌كه مه‌شه‌كه‌كه بدڕێنێت، مه‌یه‌كه ده‌ڕژێت و مه‌شكه‌كه‌ش بێ كه‌ڵک ده‌بێت. به‌ڵكو مه‌یی نوێ ده‌كرێته نێو مه‌شكه‌ی نوێوه”.
مەرقۆس 1:2-22 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
پاش چەند ڕۆژێک عیسا هاتەوە بۆ کەفەرناحوم، جا بیسترا کە لە ماڵەوەیە. خەڵکێکی زۆر کۆبوونەوە، بە شێوەیەک لە بەردەرگاش شوێن نەمابوو، ئەویش دەستی کرد بە باسکردنی پەیامی خودای بۆیان. لەو کاتەدا کابرایەکی ئیفلیجیان هێنایە لای، بە چوار کەس هەڵیانگرتبوو. بەڵام بەهۆی زۆری خەڵکەکەوە نەیانتوانی لێی نزیک ببنەوە. جا کونێکی گەورەیان کردە سەربانی ئەو شوێنەی کە عیسای لێ‌بوو و نوێنەکەیان شۆڕکردەوە کە پیاوە ئیفلیجەکەی لەسەر بوو. کاتێک عیسا باوەڕی ئەوانی بینی، بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «کوڕم، گوناهەکانت بەخشران.» هەندێک لە مامۆستایانی تەورات کە لەوێ دانیشتبوون، لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «بۆچی ئەمە بەم شێوەیە دەدوێت؟ کفر دەکات! بێجگە لە خودا کێ دەتوانێت گوناه ببەخشێت؟» دەستبەجێ عیسا لە ڕۆحییەوە زانی کە ئەوان لە دڵی خۆیاندا بەو جۆرە بیر دەکەنەوە، پێی فەرموون: «بۆچی لە دڵتان‌دا بیر لەم شتانە دەکەنەوە؟ کامیان ئاسانترە، بە ئیفلیجەکە بگوترێت: ”گوناهەکانت بەخشران،“ یان بگوترێت: ”هەستە، نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆ“؟ بەڵام بۆ ئەوەی بزانن کوڕی مرۆڤ لەسەر زەوی دەسەڵاتی گوناهبەخشینی هەیە،…» بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «پێت دەڵێم: هەستە، نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆرەوە ماڵەوە.» ئەویش یەکسەر هەستا و نوێنەکەی هەڵگرت و لەبەرچاوی هەموویان چووە دەرەوە. بە شێوەیەک هەموو سەرسام بوون و ستایشی خودایان کرد و گوتیان: «هەرگیز شتی وامان نەبینیوە!» دیسان عیسا چووە سەر کەناری دەریاچەکە، خەڵکەکە هەموو لێی کۆبوونەوە و ئەویش دەستی کرد بە فێرکردنیان. لە کاتی ڕۆیشتنیدا، لێڤی کوڕی حەلفی بینی لە شوێنی باجگری دانیشتبوو، پێی فەرموو: «دوام بکەوە.» ئەویش هەستا و دوای کەوت. لە کاتێکدا عیسا لە ماڵی لێڤی دانیشتبوو، زۆر لە باجگران و گوناهباران لەگەڵ عیسا و قوتابییەکانی لەسەر خوان بوون، چونکە ژمارەی ئەوانە زۆر بوو کە دوای کەوتبوون. مامۆستایانی تەورات کە فەریسی بوون، کاتێک بینییان عیسا وا لەگەڵ گوناهبار و باجگران نان دەخوات، بە قوتابییەکانی ئەویان گوت: «بۆچی لەگەڵ باجگر و گوناهباران نان دەخوات؟» کە عیسا گوێی لەمە بوو، پێی فەرموون: «لەشساغ پێویستی بە پزیشک نییە، بەڵکو نەخۆش. نەهاتووم ڕاستودروستان بانگهێشت بکەم، بەڵکو گوناهباران.» کاتێک قوتابییەکانی یەحیا و فەریسییەکان بەڕۆژوو بوون، چەند کەسێک هاتنە لای عیسا و لێیان پرسی: «بۆچی قوتابییەکانی یەحیا و قوتابی فەریسییەکان بەڕۆژوو دەبن، بەڵام قوتابییەکانی تۆ بەڕۆژوو نابن؟» عیساش پێی فەرموون: «ئایا بانگهێشتکراوانی زەماوەند دەتوانن بەڕۆژوو بن کاتێک زاوا لەگەڵیاندایە؟ هەتا زاوا لەگەڵیاندا بێت ناتوانن بەڕۆژوو بن. بەڵام ڕۆژێک دێت کە زاوایان لێ دوور دەخرێتەوە، ئەوسا لەو ڕۆژەدا بەڕۆژوو دەبن. «کەس کراسی کۆن بە پەڕۆیەک کە نەچووبێتە ئاو پینە ناکات، چونکە پینە نوێیەکە لە کراسە کۆنەکە ڕادەکێشێت و دڕاوییەکە خراپتر دەبێت. کەسیش شەرابی نوێ ناکاتە ناو مەشکەی کۆنەوە، ئەگینا شەرابەکە مەشکەکە دەدڕێنێت، شەرابەکە دەڕژێت و مەشکەکەش لەناودەچێت. بەڵکو شەرابی نوێ دەکرێتە ناو مەشکەی نوێوە.»