لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

نەحەمیا 1:8-11

نەحەمیا 1:8-11 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئینجا هەموو گەل وەک یەک کەس لە گۆڕەپانەکەی بەردەم دەروازەی ئاودا کۆبوونەوە و بە عەزرای مامۆستای تەوراتیان گوت، پەڕتووکی تەوراتی موسا بهێنێت کە یەزدان فەرمانی پێ کردبوو بۆ ئیسرائیل. ئیتر لە ڕۆژی یەکەمی مانگی حەوت عەزرای کاهینیش پەڕتووکی تەوراتی هێنایە بەردەم کۆمەڵەکە، ژن و پیاو و هەموو ئەوانەی بە تێگەیشتنەوە گوێ دەگرن. لە بەیانییەوە هەتا نیوەڕۆ، لەبەردەم گۆڕەپانەکەی پێش دەروازەی ئاو، بۆ ژن و پیاو و تێگەیشتووان خوێندییەوە، هەموو گەلیش گوێیان بۆ پەڕتووکی تەورات شل کردبوو. عەزرای مامۆستای تەورات لەسەر ئەو دووانگەیە ڕاوەستا کە بۆ ئەو کارە لە دار دروستکرابوو، مەتیسیا و شەمەع و عەنایا و ئوریا و حیلقیا و مەعسێیاهو لەلای ڕاستیەوە ڕاوەستان و لەلای چەپیشییەوە پەدایا و میشائیل و مەلکیا و حاشوم و حەشبەدانا و زەکەریا و مەشولام ڕاوەستان. عەزرا پەڕتووکەکەی لەبەرچاوی هەموو گەل کردەوە، چونکە لە سەرووی هەموو گەلەوە بوو، کە پەڕتووکەکەی کردەوە هەموو گەل هەستانە سەرپێ. عەزرا ستایشی یەزدانی پەروەردگاری گەورەی کرد، هەموو گەلیش دەستیان بەرزکردەوە و وەڵامیان دایەوە: «ئامین! ئامین!» کڕنۆشیان بۆ یەزدان برد و سەریان خستە سەر زەوی. لێڤییەکان کە لە یێشوع، بانی، شێرێڤیا، یامین، عەقوڤ، شەبەتەی، هۆدیا، مەعسێیاهو، قەلیتا، عەزەریا، یۆزاڤاد، حانان و پەلایا پێکهاتبوون، تەوراتیان بۆ گەل ڕوون دەکردەوە و گەلیش لەوێ ڕاوەستابوون. بە ڕوونی پەڕتووکی تەوراتی خودایان خوێندەوە، واتاکەیان لێکدایەوە بۆ ئەوەی گەل لەوە تێبگات کە دەخوێنرایەوە. پاشان نەحەمیا کە پارێزگار بوو لەگەڵ عەزرای کاهین و مامۆستای تەورات و ئەو لێڤییانەی گەلیان تێدەگەیاند بە هەموو گەلی گوت: «ئەمڕۆ ڕۆژێکی پیرۆزە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان، لەبەر ئەوە شیوەن مەگێڕن و مەگریێن.» لەبەر ئەوەی هەموو گەل کاتێک گوێیان لە وشەکانی تەورات بوو، گریابوون. ئینجا نەحەمیا پێی گوتن: «بڕۆن و خواردنی چەور بخۆن و خواردنەوەی شیرین بخۆنەوە و بەشی ئەوانەش بنێرن کە بۆیان ئامادە نەکراوە. ئەمڕۆ پیرۆزە بۆ یەزدانمان، دڵتەنگ مەبن، چونکە خۆشی لە یەزدانەوە هێزتانە.» لێڤییەکانیش هەموو گەلیان هێور دەکردەوە و دەیانگوت: «بێدەنگ بن، چونکە ئەمڕۆ پیرۆزە، دڵتەنگ مەبن.»