سەرژمێری 21:22-31
سەرژمێری 21:22-31 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
بەلعامیش بەیانی هەستا و ماکەرەکەی کورتان کرد و لەگەڵ پیاوە گەورەکانی مۆئاب بەڕێکەوت. بەڵام کاتێک بەڕێکەوت تووڕەیی خودا جۆشا، ئینجا فریشتەی یەزدان لەسەر ڕێگا بۆی وەستا، هەتا بەربەرەکانێی بکات. لەو کاتەی بەلعام سواری ماکەرەکەی ببوو و هەردوو خزمەتکارەکەشی لەگەڵی بوون. کە ماکەرەکە فریشتەی یەزدانی بینی لەسەر ڕێگاکە وەستاوە و شمشێرەکەی هەڵکێشاوە و بە دەستیەوەیە، ماکەرەکە لە ڕێگاکە لایدا و دایەوە ناو کێڵگە، بەلعامیش لە ماکەرەکەی دا هەتا بیگەڕێنێتەوە سەر ڕێگاکە. ئینجا فریشتەی یەزدان لە ڕێچکەیەکی باریکدا لەنێوان دوو ڕەزدا وەستا کە لەملا و ئەولا دیواری هەبوو، کاتێک ماکەرەکە فریشتەی یەزدانی بینی ملی دا بە دیوارەکە و پێی بەلعام بەر دیوارەکە کەوت. ئینجا دیسان لە ماکەرەکەی دایەوە. دواتر فریشتەی یەزدان پێشیان کەوتەوە و لە شوێنێکی تەنگەبەر وەستا کە هیچ ڕێگا نەبوو بۆ سووڕانەوە، نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپدا. کە ماکەرەکە فریشتەی یەزدانی بینی، لەژێر بەلعامدا خۆی کێشایەوە، تووڕەیی بەلعام جۆشا و بە گۆچانەکەی لە ماکەرەکەی دا، ئینجا یەزدان دەمی ماکەرەکەی کردەوە و بە بەلعامی گوت: «چیم لێکردوویت کە سێ جار لێت دام؟» بەلعامیش بە ماکەرەکەی گوت: «لەبەر ئەوەی سووکایەتیم پێ دەکەیت، ئەگەر شمشێرم لە دەست بووایە ئێستا دەمکوشتیت.» ماکەرەکەش بە بەلعامی گوت: «باشە من ماکەرەکەی تۆ نیم کە لەو کاتەوەی هەی سوارم دەبیت هەتا ئەمڕۆ، ئایا من لێڕاهاتووم وات لێ بکەم؟» ئەویش گوتی: «نا.» ئینجا یەزدان چاوی بەلعامی کردەوە و فریشتەی یەزدانی بینی لەسەر ڕێگاکە وەستاوە و شمشێری هەڵکێشاوە و بە دەستیەوەیە، جا بەسەر ڕوویدا کەوت و کڕنۆشی برد.