پەندەکانی سلێمان 17:10-32
پەندەکانی سلێمان 17:10-32 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
ئەوەی چاوی لە تەمبێکردنە لەسەر ڕێچکەی ژیانە، بەڵام ئەوەی واز لە سەرزەنشت بهێنێت گومڕا دەبێت. ئەوەی ڕق بشارێتەوە لێوەکانی درۆ دەکەن، ئەوەی بوختان بڵاو بکاتەوە گێلە. قسەی زۆر بێ گوناه نابێت، بەڵام ئەوەی زمانی خۆی بگرێت وریایە. زمانی کەسی ڕاستودروست زیوی پوختەکراوە، بەڵام دڵی بەدکاران کەم بەهایە. لێوەکانی کەسی ڕاستودروست ڕابەرایەتی زۆر کەس دەکەن، بەڵام گێلەکان بە تێنەگەیشتوویی دەمرن. بەرەکەتی یەزدان دەوڵەمەندی بەدواوەیە و هیچ زەحمەتێکیش ناخاتە پاڵی. وەک پێکەنینە بۆ گێل بەدکاری کردن، بەڵام دانایی بۆ کەسی تێگەیشتوو. ئەوەی بەدکار لێی دەترسێت، بەسەری دێت، ئەوەی ڕاستودروستانیش ئارەزووی دەکەن، پێیان دەبەخشرێت. وەک تێپەڕبوونی گەردەلوول خراپەکاریش ئاوا نامێنێت، بەڵام کەسی ڕاستودروست هەتاهەتایە جێگیر دەبێت. وەک سرکە بۆ ددان و دووکەڵ بۆ چاو، کەسی تەمبەڵیش بۆ ئەوانەی دەینێرن ئاوایە. لەخواترسی ڕۆژانی ژیانت زیاد دەکات، بەڵام ساڵانی بەدکاران کورت دەبێت. هیوای ڕاستودروستان خۆشییە، بەڵام ئاواتی بەدکاران لەناودەچێت. ڕێگای یەزدان پەناگایە بۆ ئەوانەی ڕێگای ڕاست بگرن، بەڵام لەناوچوونە بۆ ئەوانەی خراپە دەکەن. کەسی ڕاستودروست هەرگیز نالەقێت، بەڵام خراپەکاران لە خاکەکە نیشتەجێ نابن. دەمی کەسی ڕاستودروست دانایی لێ دەڕوێت، بەڵام زمانی درۆودەلەسە دەبڕدرێتەوە. لێوەکانی کەسی ڕاستودروست پەسەندیی دەزانن، بەڵام دەمی بەدکاران درۆودەلەسە.