پەندەکانی سلێمان 1:29-16
پەندەکانی سلێمان 1:29-16 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
ئەوەی زۆر سەرزەنشت بکرێت و هەر کەللەڕەق بێت، لەناکاو تێکدەشکێت و چارەسەریشی نابێت. کاتێک ڕاستودروستان زۆر بن گەل دڵخۆش دەبێت، کە بەدکار فەرمانڕەوا بێت گەل دەناڵێنێت. ئەوەی حەز لە دانایی بکات باوکی دڵخۆش دەکات، هاوڕێی لەشفرۆشانیش سامان بەفیڕۆ دەدات. پاشا بە دادوەری وڵات ڕادەگرێت، بەڵام ئەوانەی بەدوای پارە بکەون وێرانی دەکەن. ئەو کەسەی لەگەڵ دراوسێکەی زمانلووسی بکات داو لەبەرپێی دەنێتەوە. لە گوناهی پیاوخراپ تەڵە هەیە، بەڵام کەسی ڕاستودروست گۆرانی دەڵێت و دڵخۆش دەبێت. کەسی ڕاستودروست گرنگی بە مافی هەژار دەدات، بەڵام بەدکار ئەو گرنگییە تێناگات. گاڵتەجاڕان شار دەخەنە ئاژاوەوە، بەڵام دانایان تووڕەیی کپ دەکەنەوە. ئەگەر پیاوێکی دانا گێلێک بداتە دادگا، گێلەکە تووڕە بێت یان گاڵتەی پێ بێت ئاشتی نابێت. خوێنڕێژان ڕقیان لە کەسی دروست دەبێتەوە، بەڵام سەرڕاستان ژیانی دەپارێزن. گێل هەرچی تووڕەیی لە دڵدایە دەریدەبڕێت، بەڵام دانا خۆی دەگرێت. ئەگەر فەرمانڕەوایەک گوێ لە قسەی درۆ بگرێت، هەموو خزمەتکارەکانی دەبنە بەدکار. هەژار لەگەڵ زۆردار لەمەدا لە یەکتری دەچن: یەزدان ڕووناکی بە چاوی هەردووکیان دەدات. ئەگەر پاشایەک بە ڕاستی دادوەری هەژاران بکات، تەختەکەی هەتاهەتایە دەچەسپێت. داری تەمبێکردن دانایی دەبەخشێت، بەڵام منداڵ جڵەوی بەربدرێت دایکی خۆی شەرمەزار دەکات. کاتێک بەدکاران گەشە دەکەن گوناه زۆر دەبێت، بەڵام ڕاستودروستان کەوتنیان دەبینن.