پەندەکانی سلێمان 1:3-12
پەندەکانی سلێمان 1:3-12 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
ڕۆڵە، فێرکردنەکەم لەبیر مەکە، فەرمانەکانم لەناو دڵتدا هەڵبگرە، چونکە ڕۆژگاری درێژ و ساڵانی ژیان و ئاشتیت بۆ زیاد دەکات. با خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی لێت جیا نەبنەوە، بە ملتەوە گرێیان بدە، لەسەر پەڕەی دڵت بیاننووسە. ئینجا پەسەندی و نازناوی چاک بەدەستدەهێنیت لەلای خودا و خەڵک. پڕ بەدڵ پشت بە یەزدان ببەستە و بە تێگەیشتوویی خۆت پشت ئەستوور مەبە. لە هەموو ڕێگاکانت بیناسە، ئەویش ڕێچکەکانت ڕاست دەکات. لەبەرچاوی خۆت، خۆت بە دانا مەزانە، لە یەزدان بترسە و لە بەدکاری بەدووربە. دەبێتە تەندروستی بۆ لەشت و خۆراک بۆ ئێسقانەکانت. بە سامانت ڕێزی یەزدان بگرە، بە یەکەمین بەرهەمی هەموو خەرمانەکانت. ئەمبارەکەت پڕ دەبێت هەتا تێری، قەڕابەکەت سەرڕێژ دەبێت لە شەرابی نوێ. ڕۆڵەکەم، بە سووکی تەماشای تەمبێکردنی یەزدان مەکە، ڕقت لە سەرزەنشتی ئەو نەبێتەوە، چونکە ئەوەی یەزدان خۆشیبوێ تەمبێی دەکات و وەک باوکێک بە کوڕ دڵخۆش دەبێت.