پەندەکانی سلێمان 13:4-27
پەندەکانی سلێمان 13:4-27 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
دەست بە تەمبێکردنەوە بگرە و دەست شل مەکە، بیپارێزە، چونکە ژیانتە. مەچووە سەر ڕێگەی بەدکاران، بە ڕێگای خراپەکاراندا مەڕۆ. خۆتی لێ لابدە و پێیدا مەڕۆ، لێی دووربکەوە و تێپەڕە، چونکە خەویان لێ ناکەوێت ئەگەر خراپە نەکەن، خەویان دەزڕێت ئەگەر یەکێک نەخەن. نانی خراپە دەخۆن و شەرابی ستەمکاری دەخۆنەوە. ڕێچکەی ڕاستودروستان وەک ڕووناکی بەرەبەیانە، ڕووناکتر و ڕووناکتر دەبێت هەتا دەبێتە ڕۆژی تەواو. بەڵام ڕێگای بەدکاران وەک تاریکستانە، نازانن پێیان لە چی هەڵدەکەوێت. ڕۆڵە، سەرنج بدە وشەکانم، گوێ بۆ قسەکانم شل بکە. لەبەرچاوت دوورنەکەونەوە، لە ناخی دڵت بیانپارێزە، چونکە ژیانن بۆ ئەو کەسەی دەیاندۆزێتەوە، دەرمانە بۆ هەموو لەشی. لە سەرووی هەموو چاودێرییەکەوە دڵت بپارێزە، چونکە دڵ سەرچاوەی ژیانە. خواری لە دەمت داماڵە و چەوتی لە لێوانت دووربخەوە. با چاوەکانت تەماشای پێشت بکەن و پێڵووەکانت ڕێک بۆ بەردەمت بێت. ڕێڕەوی بەرپێت خۆش بکە، هەموو ڕێگاکانت دەچەسپێن. بەلای ڕاست یان چەپدا لامەدە، پێت لە خراپە دووربخەوە.