لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 1:10-18

زەبوورەکان 1:10-18 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئه‌ی په‌روه‌ردگار، بۆچی له‌ دووره‌وه‌ وه‌ستاویت؟ بۆچی له‌ كاتی ته‌نگانه‌ خۆت ده‌شاریته‌وه‌؟ به‌دكاران له‌ لووتبه‌رزییان ڕاوی هه‌ژار ده‌كه‌ن. گرفتاری ئه‌و پیلانه‌یان ده‌كه‌ن كه‌ بۆیان داده‌نێن. چونكه‌ به‌دكار شانازی به‌ هه‌وه‌سه‌كانی دڵییه‌وه‌ ده‌كات، مرۆڤی چاوبرسی كفر ده‌كات و سووكایه‌تی به‌ په‌روه‌ردگار ده‌كات. به‌دكار له‌ لووتبه‌رزی خۆی ده‌ڵێ: “خودا سزام نادات”. هه‌موو بیر كردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌: “خودا نییه‌”. هه‌میشه‌ ڕێگاكانی سه‌ركه‌وتووه‌. له‌ حوكمه‌كانی خودا ناگات. دوژمنه‌كانی خۆی به‌ هیچ ده‌زانێت. له‌ دڵی خۆیدا وتی: “ناهه‌ژێم. سه‌رده‌م به‌ سه‌رده‌م بێ گرفتم”. ده‌می پڕه‌ له‌ نه‌فره‌ت و فێڵ و سته‌م. به‌ڵا‌ و گوناه له‌بن زمانیه‌تی. له‌ نزیكی گونده‌كان بۆسه‌ داده‌نێت، له‌ شاراوه‌دا بێتاوان ده‌كوژێت. وه‌ک شێر خۆی مات ده‌كات، خۆی مات ده‌كا بۆ ڕفاندنی به‌سته‌زمان. به‌ ڕاكێشانی بۆ نێو داوه‌كانی به‌سته‌زمان ده‌ڕفێنێت. به‌سته‌زمانه‌كان وردوخاش ده‌كات، ده‌ڕوخێن، ده‌كه‌ونه‌ ژێر هێزی ئه‌وه‌وه‌. له‌ دڵی خۆیدا وتی: “خودا ئاگای لێ‌ نییه‌. چاوی خۆی نوقاندوه‌ و هه‌رگیز نامبینێت”. ڕاپه‌ڕه‌ ئه‌ی په‌روه‌ردگار! خودایه‌ ده‌ستت به‌رز بكه‌وه‌، به‌سته‌زمانه‌كان له‌بیر مه‌كه‌. چۆن ده‌بێت مرۆڤی به‌دكار سووكایه‌تی به‌ خودا بكات؟ بۆچی له‌ دڵی خۆیدا بڵێت: “خودا سزام نادات؟” به‌ڵام تۆ خودایه‌، ئازار و ته‌نگانه ده‌بینیت و لێت‌ دیاره‌ و كاردانه‌وه‌ت هه‌یه‌. به‌سته‌زمانه‌كان خۆیان داوه‌ته‌ ده‌ستی تۆ. تۆش یارمه‌تیده‌ری هه‌تیویت. بازووی به‌دكار و خراپه‌كار بشكێنه‌. ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر خراپه‌ شاراوه‌كانیش لێی بپێچه‌وه‌. په‌روه‌ردگار پاشایه‌ تاهه‌تایه‌. نه‌ته‌وه‌كان له‌ زه‌ویه‌كه‌ی له‌ناوچوون. ئه‌ی په‌روه‌ردگار. تۆ گوێ‌ له‌ ئاهی دڵنه‌رمه‌كان ده‌گریت. دڵیان جێگیر ده‌كه‌یت و گوێ‌ لێیان ده‌گریت. بۆ مافی هه‌تیو و زۆرلێكراو، تاكو مرۆڤ كه‌ له‌سه‌ر زه‌وییه‌ له‌مه‌ولا نه‌یانترسێنێت.

زەبوورەکان 1:10-18 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئەی یەزدان، بۆچی لە دوورەوە وەستاویت؟ بۆچی لە کاتی تەنگانە خۆت دەشاریتەوە؟ بەدکاران لە لووتبەرزییان ڕاوی هەژار دەکەن، گرفتاری ئەو پیلانەیان دەکەن کە بۆیان دادەنێن. کەسی بەدکار شانازی بە ئارەزووە خراپەکانی دڵییەوە دەکات، داوای بەرەکەت بۆ چاوبرسی دەکات و کفر بە یەزدان دەکات. بەدکار لە لووتبەرزی خۆی باکی بە یەزدان نییە، هەموو بیرکردنەوەی ئەوەیە کە: «خودا نییە.» هەمیشە ڕێگاکانی سەرکەوتووە، لە حوکمەکانی خودا ناگات، ناحەزەکانی خۆی بە هیچ دەزانێت. لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «هیچ شتێک ناملەقێنێت، هەموو کاتێک دڵخۆش دەبم و هەرگیز تووشی بەڵا نابم.» دەمی پڕە لە نەفرەت و درۆ و هەڕەشە، بەڵا و گوناه لەبن زمانیەتی. لە نزیکی گوندەکان بۆسە دادەنێت، خۆی دەشارێتەوە بۆ کوشتنی بێتاوانان. وەک شێر خۆی مات دەکات، خۆی مات دەکات بۆ گرتنی بەستەزمانان، بەستەزمانان گرفتاری ئەو داوە دەکات کە بۆی ناونەتەوە و ڕاپێچیان دەکات. نێچیرەکانی وردوخاش دەکات، دەڕووخێن، دەکەونە ژێر هێزی ئەوەوە. لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «خودا ئاگای لێ نییە، چاوی خۆی نوقاندووە و هەرگیز نامبینێت.» ئەی یەزدان، ڕاپەڕە! ئەی خودایە، دەستت بەرز بکەرەوە، ستەملێکراوان لەبیر مەکە. چۆن دەبێت کەسی بەدکار کفر بە خودا بکات؟ بۆچی لە دڵی خۆیدا بڵێت: «خودا لێم ناپێچێتەوە؟» بەڵام تۆ ئەی خودایە، ئازار و تەنگانە دەبینیت، لێت دیارە و کاردانەوەت هەیە، ستەملێکراوان خۆیان داوەتە دەستی تۆ، تۆش هەمیشە یارمەتیدەری هەتیوانیت. بازووی بەدکاران و خراپەکاران بشکێنە، تەنانەت لەسەر ئەو خراپانەش لێیان بپێچەوە کە نابینرێن. یەزدان پاشایە هەتاهەتایە، نەتەوەکان لە خاکەکەی لەناودەچن. ئەی یەزدان، تۆ گوێ لە داواکاری ستەملێکراوان دەگریت، دڵیان دەچەسپێنی و گوێیان لێ دەگریت، بۆ پارێزگاری لە هەتیوان و زۆرلێکراوان، تاکو لەمەولا مرۆڤی سەر زەوی نەیان ترسێنێت.