لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 1:102-28

زەبوورەکان 1:102-28 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئه‌ی په‌روه‌ردگار. گوێ‌ له‌ نوێژم بگره‌، با هاوارم بگاته‌ لات. له‌ ڕۆژی ته‌نگانه‌دا ڕووی خۆتم لێ مه‌شاره‌وه‌. له‌و ڕۆژه‌ی كه‌ هاوارت بۆ ده‌كه‌م گوێم بۆ شل بكه‌. زوو وه‌ڵامم بده‌ره‌وه‌. ڕۆژگارم وه‌ک دووكه‌ڵ ڕه‌وییه‌وه‌، ئێسكم وه‌ک پشكۆ گڕیگرتووه‌. دڵم هه‌ڵپرووكاوه‌ وه‌ک گیا و وشک بووه‌ته‌وه‌. نانخواردنم له‌بیر نه‌ماوه‌. له‌ ده‌نگی ناڵه‌م ئێسكم به‌ پێستمه‌وه‌ نووساوه‌. وه‌ک كونده‌په‌پووی بیابانی چۆڵه‌وانیم لێ‌ هاتووه‌. وه‌ک كونده‌به‌بووی كه‌لاوه‌م لێ‌ هاتووه‌. ڕاده‌كشێم و وه‌ک چۆله‌كه‌یه‌كی ته‌نیای سه‌ربانم لێ‌ هاتووه‌. به‌ درێژایی ڕۆژ دوژمنه‌كانم سووكایه‌تیم پێده‌كه‌ن. ئه‌وانه‌ی دژی منن وه‌ک شێتیان لێ‌ هاتووه‌. نه‌فره‌تم لێده‌كه‌ن. بۆیه‌ خۆڵه‌مێش ده‌خۆم وه‌ک نان. فرمێسكم تێكه‌ڵ به‌ خواردنه‌وه‌م بووه‌، له‌به‌ر تووڕه‌یی و قینی تۆ. چونكه‌ هه‌ڵتگرتم و فرێتدام. ڕۆژگارم وه‌ک سێبه‌ری چه‌وته‌. خۆشم وه‌ک گیا وشک ده‌بمه‌وه‌. تۆش ئه‌ی په‌روه‌ردگار تاهه‌تایه‌ له‌سه‌ر ته‌ختی. نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌ یادت ده‌كه‌نه‌وه‌. تۆ هه‌ڵده‌ستیت و به‌زه‌ییت به‌ سیهیۆن دێته‌وه‌، چونكه‌ ماوه‌ی میهره‌بانییه‌، چونكه‌ كاتی هاتووه‌. چونكه‌ به‌نده‌كانت به‌ تاسه‌وه‌ن بۆ به‌رده‌كانی. دڵیان ده‌سووتێ‌ بۆ گڵه‌كه‌ی. نه‌ته‌وه‌كان له‌ ناوی په‌روه‌ردگار ده‌ترسن، هه‌موو پاشاكانی زه‌ویش له‌ شكۆمه‌ندیت. چونكه‌ كه‌ په‌روه‌ردگار سیهیۆنی بنیاد نا، به‌ شكۆمه‌ندیی خۆی ده‌بینرێت. ئاوڕ له‌ نوێژی ناچاره‌كان ده‌داته‌وه‌، نوێژه‌كانیان به‌ كه‌م نازانێت. ئه‌مه‌ بۆ نه‌وه‌ی داهاتوو ده‌نووسرێت، گه‌لێک ئافریده‌ ده‌كرێت كه‌ ستایشی په‌روه‌ردگار ده‌كات. چونكه‌ په‌روه‌ردگار له‌ به‌رزایی پارساگای خۆیه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ خواره‌وه‌. له‌ ئاسمانه‌وه‌ سه‌یری زه‌وی ده‌كات، تا هه‌نیسكی دیله‌كان ببیستێت، ڕاده‌ستكراوانی مه‌رگ ئازاد ده‌كات. تا له‌ سیهیۆن باسی ناوی په‌روه‌ردگار بكرێت، له‌ یروشلایم ستایشی. كاتێ گه‌لان و پاشایه‌تییه‌كان پێكه‌وه‌ بۆ په‌رستنی په‌روه‌ردگار كۆده‌بنه‌وه‌. له‌ ناوه‌ڕاستی ته‌مه‌نم هێزی كزكردم. ڕۆژگاری كورتكردم. ده‌ڵێم: “خودایه‌، له‌ ناوه‌ڕاستی ڕۆژگارم لام مه‌ده‌. ساڵانی تۆ بۆ نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌یه‌. له‌ سه‌ره‌تاوه‌ زه‌ویت دامه‌زراندووه‌. ئاسمانانیش ده‌ستكردی تۆن. ئه‌وان له‌ناوده‌چن، به‌ڵام تۆ ده‌مێنیت. هه‌موو وه‌ک كراس كۆن ده‌بن، وه‌ک پۆشاک ده‌یانگۆڕیت و ده‌گۆڕێن. به‌ڵام تۆ هه‌ر وه‌ک خۆتی. ساڵانی تۆ كۆتایی نایه‌ت. ڕۆڵه‌كانی به‌نده‌كانت نیشته‌جێ‌ ده‌بن و نه‌وه‌كانیان له‌ به‌رده‌مت جێگیر ده‌بن”.

زەبوورەکان 1:102-28 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئەی یەزدان، گوێ لە نوێژم بگرە، با هاوارم بگاتە لات. لە ڕۆژی تەنگانەدا ڕووی خۆتم لێ مەشارەوە، لەو ڕۆژەی کە هاوارت بۆ دەکەم گوێم بۆ شل بکە، زوو وەڵامم بدەوە. ڕۆژگارم وەک دووکەڵ ڕەوییەوە، ئێسکم وەک پشکۆ گڕی گرتووە. هەڵپڕووکاوە، دڵم وشک بووەتەوە، نانخواردنم لەبیر نەماوە. لە دەنگی ناڵەم ئێسکم بە پێستمەوە نووساوە. وەک کوندەپەپووی بیابانم لێهاتووە لە چۆڵەوانیدا، وەک کوندەپەپووی کەلاوەم لێهاتووە. ڕادەکشێم و وەک چۆلەکەیەکی تەنهای سەربانم لێهاتووە. بە درێژایی ڕۆژ دوژمنەکانم سووکایەتیم پێ دەکەن، ئەوانەی لە دژی منن وەک شێتیان لێ هاتووە، نەفرەتم لێدەکەن. بۆیە خۆڵەمێش دەخۆم وەک نان، فرمێسکم تێکەڵ بە خواردنەوەم بووە، لەبەر تووڕەیی زۆری تۆ، چونکە هەڵتگرتم و فڕێتدام. ڕۆژگارم وەک سێبەری خوارە، خۆشم وەک گیا وشک دەبمەوە. تۆش ئەی یەزدان، هەتاهەتایە لەسەر تەختی، نەوە دوای نەوە یادت دەکەنەوە. تۆ هەڵدەستیت و بەزەییت بە سییۆن دێتەوە، چونکە ماوەی میهرەبانییە، کاتی هاتووە. خزمەتکارەکانت بە تاسەوەن بۆ بەردەکانی، دڵیان دەسووتێ بۆ خۆڵەکەی. هەموو نەتەوەکان لە ناوی یەزدان دەترسن، هەموو پاشاکانی زەویش لە شکۆمەندیت، چونکە کە یەزدان سییۆن بنیاد دەنێتەوە، بە شکۆمەندی خۆی دەبینرێت. ئاوڕ لە نوێژی ڕووتوڕەجاڵەکان دەداتەوە، نوێژەکانیان بە کەم نازانێت. ئەمە بۆ نەوەی داهاتوو دەنووسرێت، تاکو ئەو نەوەیە ستایشی یەزدان بکەن، کە هێشتا لەدایک نەبوونە: «یەزدان لە بەرزایی پیرۆزگای خۆیەوە دەڕوانێتە خوارێ، لە ئاسمانەوە سەیری زەوی دەکات، بۆ ئەوەی گوێی لە ناڵەی دیلەکان بێت، ئەوانە ئازاد بکات کە دراونەتە دەست مردن.» جا لە سییۆن ناوی یەزدان ڕادەگەیەنرێت، لە ئۆرشەلیم ستایشی، کاتێک گەلان و پاشایەتییەکان پێکەوە بۆ پەرستنی یەزدان کۆدەبنەوە. لە ناوەڕاستی تەمەنم هێزی کزکردم، ڕۆژگاری کورتکردم. گوتی: «ئەی خودای من، لە ناوەڕاستی ڕۆژگارم لام مەدە، ساڵانی تۆ بۆ نەوە دوای نەوەیە. لە سەرەتاوە بناغەی زەویت دانا، ئاسمانیش دەستکردی تۆیە. ئەوان لەناودەچن، بەڵام تۆ دەمێنیت، هەموو وەک کراس کۆن دەبن، وەک جلوبەرگ دەیانگۆڕیت و فڕێدەدرێن. بەڵام تۆ هەروەک خۆتی، ساڵانی تۆ کۆتایی نایەت. کوڕی خزمەتکارەکانت نیشتەجێ دەبن و نەوەکانیان لەبەردەمت دەچەسپێن.»