زەبوورەکان 1:27-14
زەبوورەکان 1:27-14 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)
په‌روه‌ردگار ڕووناكی و ڕزگاری منه، له كێ بترسم؟ په‌روه‌ردگار قه‌ڵای ژیانی منه، له كێ بتۆقم؟ كاتێ به‌دكاران لێم نزیک ببنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی گۆشتم بخۆن، كاتێ دوژمننان و ناحه‌زانم په‌لامارم بده‌ن، ساتمه ده‌كه‌ن و ده‌كه‌ون. ئه‌گه‌ر له‌شكرێكیش ده‌ورم بدات، دڵم ناترسێت. ئه‌گه‌ر جه‌نگ به‌رپا بكه‌ن دژم، ئه‌و كاته‌ش هه‌ر ئاسووده ده‌بم. یه‌ک شتم له په‌روه‌ردگار ده‌وێت، ئه‌وه‌ی لێ داوا ده‌كه‌م: كه هه‌موو ڕۆژانی ژیانم له ماڵی په‌روه‌ردگار نیشته‌جێبم، تا ته‌ماشای جوانی په‌روه‌ردگار بكه‌م و له په‌رستگاكه‌ی ورد ببمه‌وه. چونكه له ڕۆژی به‌ڵا، له ژێر سێبه‌ری خۆی ده‌مشارێته‌وه. به په‌رده‌ی نشینگه‌كه‌ی دامده‌پۆشێت. بۆ سه‌ر تاشه‌به‌ردێک بڵندم ده‌كاته‌وه. ئێستاش سه‌رفرازم به‌سه‌ر دوژمنانی ده‌وروبه‌رم، له‌نێو نشینگه‌كه‌یدا به ده‌نگ هه‌ڵبڕین و خۆشییه‌وه قوربانی پێشكه‌ش ده‌كه‌م، گۆرانی و په‌سنی بۆ په‌روه‌ردگار ده‌ڵێم. گوێت له ده‌نگم بێ ئه‌ی په‌روه‌ردگار كاتێ بانگت ده‌كه‌م. له‌گه‌ڵم میهره‌بان به و وه‌ڵامم بده‌ره‌وه. دڵم پێت ده‌ڵێت: “خۆت فه‌رمووته: ڕووی من داوا بكه‌ن”. داوای ڕووی تۆ ده‌كه‌م ئه‌ی په‌روه‌ردگار. ڕووی خۆتم لێ مه‌شاره‌وه. به‌نده‌ی خۆت به تووڕه‌ییت مه‌گه‌ڕێنه‌وه. یارمه‌تیده‌ری من بوویت ئه‌ی خودای ڕزگاریده‌رم، ڕه‌تم مه‌كه‌وه و جێم مه‌هێله. باوک و دایكم وازم لێبهێنن، په‌روه‌ردگار ده‌مگرێته خۆی. ئه‌ی په‌روه‌ردگار ڕێگای خۆتم فێر بكه، بۆ ڕێبازێكی ڕاست ڕێنماییم بكه، له‌به‌ر دوژمنه‌كانم. به ویستی ناحه‌زه‌كانم مه‌مسپێره، چونكه گه‌واهیده‌رانی درۆ لێم ڕاست بوونه‌ته‌وه، هه‌ناسه‌ی زۆردارییان لێ ده‌رده‌چێ. من هێشتا باوه‌ڕم هه‌یه كه له زه‌ویی زیندوواندا چاكه‌ی په‌روه‌ردگار ده‌بینم. چاوه‌ڕێی په‌روه‌ردگار به. با دڵت توند و به‌هێز بێت، چاوه‌ڕێی په‌روه‌ردگار به.
زەبوورەکان 1:27-14 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)
یەزدان ڕووناکی و ڕزگاریی منە، لە کێ بترسم؟ یەزدان قەڵای ژیانی منە، لە کێ بتۆقم؟ کاتێک بەدکاران لێم نزیک بنەوە بۆ ئەوەی گۆشتم بخۆن، کاتێک دوژمنان و ناحەزانم پەلامارم بدەن، ساتمە دەکەن و دەکەون. ئەگەر لەشکرێکیش دەورم بدات، دڵم ناترسێت. ئەگەر جەنگ بەرپا بکەن دژم، ئەو کاتەش هەر دڵنیا دەبم. داوای یەک شت لە یەزدان دەکەم، ئەوەی بەدوایدا دەگەڕێم: کە هەموو ڕۆژانی ژیانم لە ماڵی یەزدان نیشتەجێ بم، تاکو تەماشای جوانی یەزدان بکەم و لە پەرستگاکەی ورد ببمەوە. لەبەر ئەوەی لە ڕۆژی بەڵا، لەژێر سێبەری خۆی دەمشارێتەوە، بە پڵاسی نشینگەکەی دامدەپۆشێت. بۆ سەر تاشەبەردێک بڵندم دەکاتەوە. ئێستاش سەرفرازم بەسەر دوژمنانی دەوروبەرم، لەناو نشینگەکەیدا بە هاوار و خۆشییەوە قوربانی پێشکەش دەکەم، سروود بۆ یەزدان دەڵێم و مۆسیقا دەژەنم. ئەی یەزدان، گوێت لە دەنگم بێ کاتێک لێت دەپاڕێمەوە، لەگەڵم میهرەبان بە و وەڵامم بدەوە. سەبارەت بە تۆ دڵم دەڵێت: «ڕووت لەو بکە!» ئەی یەزدان، ڕووم لە تۆ دەکەم. ڕووی خۆتم لێ مەشارەوە، خزمەتکاری خۆت لە کاتی تووڕەییت مەگەڕێنەوە، تۆ یارمەتیدەری من بوویت. ئەی خودای ڕزگارکەرم، ڕەتم مەکەرەوە و جێم مەهێڵە. تەنانەت دایک و باوکیشم وازم لێ بهێنن، یەزدان دەمگرێتە خۆی. ئەی یەزدان، ڕێگای خۆتم فێر بکە، بۆ ڕێگای ڕاست ڕێنماییم بکە، لەبەر دوژمنەکانم. بە ویستی ناحەزەکانم مەمسپێرە، چونکە شایەتی درۆ لێم ڕاست بوونەتەوە، هەناسەی زۆردارییان لێ دێتە دەرەوە. من هێشتا باوەڕم بەوە هەیە، کە لە خاکی زیندووان چاکەی یەزدان دەبینم. چاوەڕێی یەزدان بە، خۆت ئازا بکە و دڵت بەهێز بکە، چاوەڕێی یەزدان بە.