لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 1:31-24

زەبوورەکان 1:31-24 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئه‌ی په‌روه‌ردگار من په‌نام برده‌ به‌ر تۆ، با تاهه‌تایه‌ شه‌رمه‌زار نه‌بم. به‌ دادپه‌روه‌ریی خۆت ده‌ربازم بكه‌. گوێت بۆم شل بكه‌. خێرا فریام بكه‌وه‌. ببه‌ به‌و تاشه‌به‌رده‌ی په‌نای بۆ ده‌به‌م، به‌و قه‌ڵا سه‌خته‌ بۆ ڕزگار كردنم. چونكه‌ تاشه‌به‌رد و قه‌ڵای منی. له‌پێناوی ناوی خۆت ڕابه‌رایه‌تی و ڕێنماییم بكه‌. له‌و ته‌ڵه‌یه‌ی بۆم نراوه‌ته‌وه‌ ئازادم بكه‌، چونكه‌ تۆ په‌ناگای منی. ڕووحم به‌ ده‌ستی تۆ ده‌سپێرم. ئه‌ی په‌روه‌ردگار خوداوه‌ندی ڕه‌وا، تۆ منت كڕییه‌وه‌. ڕقم له‌وانه‌ ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ده‌ست به‌ بتی ناڕه‌وا ده‌گرن. به‌ڵام من پشتم به‌ په‌روه‌ردگار به‌ستووه‌. به‌ میهره‌بانیی تۆ شاد و دڵخۆش ده‌بم، چونكه‌ نه‌هامه‌تیی منت دیووه‌ و له‌ ته‌نگانه‌دا گیانی منت ناسیوه‌، نه‌تخستوومه‌ته‌ به‌ر ده‌ستی دوژمنان، به‌ڵكو له‌سه‌ر شوێنێكی فراوان ڕاتگرتووم. ئه‌ی په‌روه‌ردگار له‌گه‌ڵم میهره‌بان به‌ چونكه‌ له‌ ته‌نگانه‌دام. چاوه‌كانم كزبوون له‌ خه‌فه‌تان. ڕووح و له‌شم له‌ خه‌مان. ژیانم به‌ خه‌م و خه‌فه‌ت فه‌وتاوه‌، ساڵانی ته‌مه‌نم به‌ ئاخ هه‌ڵكێشان. له‌به‌ر ده‌رد و به‌ڵا‌ هێزم لێ‌ بڕاوه‌ و ئێسقانه‌كانم پووكاونه‌ته‌وه‌. له‌لای دوژمنه‌كانم بوومه‌ته‌ شووره‌یی و به‌ ته‌واوی بوومه‌ته‌ شه‌رمه‌زاری لای هاوسێكانم، بوومه‌ته‌ مایه‌ی ترس بۆ ئاشناكانم. ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌مبینن، لێم هه‌ڵدێن. له‌ بیر كراوم وه‌ک ئه‌وه‌ی مردبم. وه‌ک قاپێكی شكاوم به‌سه‌ر هاتووه‌. چونكه‌ گوێم له‌ چپه‌چپی زۆركه‌س بووه‌. ترس له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ ده‌وری داوم، هه‌موو پێكه‌وه‌ پیلان له‌ دژم ده‌گێڕن، بیر له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ ژیانم له‌ناو ببه‌ن. به‌ڵام ئه‌ی په‌روه‌ردگار من پشتم به‌ تۆ به‌ستووه‌. ده‌ڵێم: “تۆ خوداوه‌ندی منیت”. ڕۆژگارم له‌نێو ده‌ستی تۆدایه‌. له‌ ده‌ستی دوژمنانم و ئه‌وانه‌ی قاوم ده‌ده‌ن ده‌ربازم بكه‌. با ڕوخسارت به‌سه‌ر به‌نده‌كه‌تدا بدره‌وشێته‌وه‌. به‌ میهره‌بانیی خۆت ڕزگارم بكه‌. با شه‌رمه‌زار نه‌بم ئه‌ی په‌روه‌ردگار، چونكه‌ هاوار بۆ تۆ ده‌كه‌م، با به‌دكاران شه‌رمه‌زار بن. له‌نێو دۆڵی بێبن خامۆش بن. با زمانه‌ درۆزنه‌كانیان لاڵ بێت، كه‌ به‌ فیز و وشه‌ی ناشرینه‌وه‌، سووكایه‌تی به‌ له‌خواترسان ده‌كه‌ن. چاكه‌ت چه‌ند مه‌زنه‌، كه‌ هه‌ڵتگرتووه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی ترسی تۆیان له‌ دڵ دایه‌، ئه‌وه‌ی به‌ به‌رچاوی ئاده‌میزادانه‌وه‌، به‌وانه‌ی ده‌به‌خشیت كه‌ په‌نات بۆ ده‌هێنن. له‌نێو په‌رده‌ی ڕووی خۆت ده‌یانشاریته‌وه‌، له‌ پیلانه‌كانی خه‌ڵكی، له‌ ژێر سێبه‌ری خۆت ده‌یانپارێزیت، له‌ زمانی سكاڵاكاران. پیرۆزه‌ په‌روه‌ردگار، چونكه‌ میهره‌بانیه‌ سه‌ر سووڕهێنه‌ره‌كه‌ی خۆی نیشاندام، كاتێ له‌ شارێكی ئابڵوقه‌دار بووم. له‌ كاتی سه‌ره‌رگه‌ردانیم وتم: “له‌ به‌ر چاوت نه‌ماوم” به‌ڵام تۆ گوێت له‌ ده‌نگی پاڕانه‌وه‌م گرت، كه‌ هاوارم بۆت هێنا. په‌روه‌ردگارتان خۆشبووێت ئه‌ی هه‌موو خۆشه‌ویستانی. په‌روه‌ردگار سه‌رڕاسته‌كان ده‌پارێزێت، به‌ڵام به‌ ته‌واوی سزای لووتبه‌رزه‌كان ده‌دات. ئازابن و دڵتان به‌ هێز بكه‌ن، ئه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانی په‌روه‌ردگارن.

زەبوورەکان 1:31-24 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئەی یەزدان، من پەنا دەبەمە بەر تۆ، با هەرگیز شەرمەزار نەبم، بە ڕاستودروستی خۆت دەربازم بکە. گوێت بۆم شل بکە، بە زوویی فریام بکەوە، ببە بەو تاشەبەردەی پەنای بۆ دەبەم، بەو قەڵا سەختە بۆ ڕزگارکردنم. لەبەر ئەوەی تاشەبەرد و قەڵای منی، لە پێناوی ناوی خۆت ڕابەرایەتی و ڕێنماییم بکە. لەو تەڵەیەی بۆم نراوەتەوە ئازادم بکە، چونکە تۆ پەناگای منی. ڕۆحی خۆم بە دەستی تۆ دەسپێرم، ئەی یەزدان، خودای ڕاستی، بمکڕەوە. من ڕقم لەوانە دەبێتەوە کە دەست بە بتی پووچەوە دەگرن، من متمانەم بە یەزدان هەیە. من بە خۆشەویستی نەگۆڕی تۆ شاد و دڵخۆش دەبم، چونکە تۆ دەردی منت بینیوە و لە تەنگانەدا گیانی منت ناسیوە. نەتخستوومەتە بەردەستی دوژمنان، بەڵکو لەسەر شوێنێکی فراوان ڕاتگرتووم. ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە، چونکە لە تەنگانەدام. چاوەکانم کزبوون لە خەفەتان، ڕۆح و لەشم لە خەمان. ژیانم بە خەم و خەفەت فەوتاوە، ساڵانی تەمەنم بە ئاخ هەڵکێشان، لەبەر دەرد و بەڵا هێزم لێ بڕاوە، ئێسقانەکانم پووکاونەتەوە. بەهۆی دوژمنەکانمەوە، بە تەواوی بوومەتە مایەی شەرمەزاری لای دراوسێکانم، بوومەتە مایەی ترس بۆ ئاشناکانم، ئەوانەی لە شەقامدا دەمبینن، لێم دوور دەکەونەوە. لەبیرکراوم وەک ئەوەی مردبم، وەک قاپێکی شکاوم بەسەرهاتووە. گوێم لە چپەچپی زۆر کەس بووە، «لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە!» هەموو پێکەوە پیلان لە دژم دەگێڕن، بیر لەوە دەکەنەوە ژیانم لەناو ببەن. بەڵام ئەی یەزدان، من پشتم بە تۆ بەستووە، دەڵێم: «تۆ خودای منیت.» ڕۆژگارم لەناو دەستی تۆدایە، لە دەستی دوژمنان و ئەوانەی ڕاوم دەنێن دەربازم بکە. با ڕوخسارت بەسەر خزمەتکاری خۆتدا بدرەوشێتەوە، بە خۆشەویستی نەگۆڕی خۆت ڕزگارم بکە. با شەرمەزار نەبم ئەی یەزدان، چونکە هاوار بۆ تۆ دەهێنم، با بەدکاران شەرمەزار بن، لەناو جیهانی مردووان خامۆش بن. با زمانە درۆزنەکانیان لاڵ بێت، چونکە بە فیز و وشەی ناشیرینەوە سووکایەتی بە سەرڕاستان دەکەن. چاکەت چەند مەزنە، کە هەڵتگرتووە بۆ ئەوانەی ترسی تۆیان لە دڵدایە، ئەوەی بە بەرچاوی خەڵکەوە، بەوانەی دەبەخشیت کە پەنات بۆ دەهێنن. لە پەنای خۆت دەیانشاریتەوە، لە پیلانەکانی خەڵکی، لەژێر سێبەری خۆت دەیانپارێزیت، لە زمانی سکاڵاکەران. ستایش بۆ یەزدان، چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕە سەرسوڕهێنەرەکەی خۆی نیشاندام، کاتێک لە شارێکی ئابڵوقەدراو بووم. لە کاتی سەرلێشێوانم گوتم: «لەبەرچاوت نەماوم!» بەڵام تۆ گوێت لە دەنگی پاڕانەوەم گرت، کە هاوارم بۆت هێنا. ئەی هەموو خۆشەویستانی، یەزدانتان خۆشبوێت! یەزدان دڵسۆزەکان دەپارێزێت، بەڵام بە تەواوی سزای لووتبەرزەکان دەدات. ئازابن و دڵتان بەهێز بکەن، ئەی هەموو ئەوانەی هیواتان بە یەزدان هەیە.