لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 1:9-10

زەبوورەکان 1:9-10 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

به‌ هه‌موو دڵه‌وه‌ سوپاسی په‌روه‌ردگار ده‌كه‌م. باسی هه‌موو كاره‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانت ده‌كه‌م. به‌ تۆوه‌ شاد و دڵخۆش ده‌بم. په‌سنی بۆ ناوت ده‌ڵێم ئه‌ی هه‌ره‌به‌رز. كاتێ دوژمنه‌كانم به‌ره‌و پاش هه‌ڵدێن، له‌ به‌ر ڕووی تۆ دا ده‌كه‌ون و له‌ناوده‌چن، چونكه‌ تۆ دادپه‌روه‌رانه‌ دادوه‌ریت بۆ كردووم، تۆ له‌سه‌ر ته‌ختی خۆت دانیشتووی، دادوه‌رێكی دادپه‌روه‌ریت. نه‌ته‌وه‌كانت سه‌رزه‌نشت كردووه‌. به‌دكارانت له‌ناوبردووه‌. تاهه‌تایه‌ و تا جاویدانی ناویانت سڕیوه‌ته‌وه‌. دوژمنان تاهه‌تایه‌ ڕووخان. شارانت وێران كرد. خودی یادیشیان له‌ناوده‌چێت. به‌ڵام په‌روه‌ردگار تاهه‌تایه‌ داده‌نیشێت. ته‌ختی خۆی بۆ دادوه‌ری جێگیر كردووه‌، به‌ دادپه‌روه‌ری دادوه‌ریی جیهان ده‌كات. به‌ ڕه‌وا فه‌رمانڕه‌وایی گه‌لان ده‌كات. په‌روه‌ردگار په‌ناگای سته‌ملێكراوه‌. په‌ناگایه له‌ كاتی ته‌نگانه‌. ئه‌وانه‌ی ناوی تۆ ده‌ناسن پشتت پێده‌به‌ستن، چونكه‌ ئه‌ی په‌روه‌ردگار، واز له‌وانه‌ت نه‌هێنا كه‌ دوای تۆ ده‌گه‌ڕێن.

زەبوورەکان 1:9-10 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئەی یەزدان، بە هەموو دڵەوە ستایشت دەکەم، هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ڕادەگەیەنم. بە تۆوە شاد و دڵخۆش دەبم، ئەی هەرەبەرز، گۆرانی ستایش بۆ ناوی تۆ دەڵێم. کاتێک دوژمنەکانم بەرەو پاش هەڵدێن، لەبەردەمی تۆدا دەکەون و لەناودەچن، چونکە دادپەروەرانە دادوەریت بۆ کردووم، دادوەرێکی ڕاستودروستی لەسەر تەختی خۆت دانیشتووی. تۆ نەتەوەکانت سەرزەنشت کردووە و بەدکارانت لەناوبردووە، هەتاهەتایە ناویانت سڕیوەتەوە. دوژمنانت تووشی لەناوچوونی بێ کۆتایی کردووە، شارەکانیانت وێران کردووە، تەنانەت بیرەوەریشیان نامێنێت. بەڵام یەزدان هەتاهەتایە دادەنیشێت، تەختی خۆی بۆ دادوەری دامەزراندووە. بە ڕاستودروستی دادوەری جیهان دەکات، بە دادپەروەری گەلان حوکم دەدات. یەزدان پەناگای زۆرلێکراوانە، قەڵایە لە کاتی تەنگانەدا. ئەوانەی بە ناوی تۆ ئاشنان پشتت پێ دەبەستن، چونکە ئەی یەزدان، قەت تۆ وازت لەوانە نەهێناوە کە حەز دەکەن لە تۆ نزیک ببنەوە.