لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئاشکراکردن 4:13-18

ئاشکراکردن 4:13-18 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

كڕنۆشیان بۆ ئه‌ژدیهاكه‌ برد، چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌ دڕنده‌كه‌ی دا، كڕنۆشیان بۆ دڕنده‌كه‌ش برد و وتیان: “كێ وه‌ک دڕنده‌كه‌یه‌؟ كێ ده‌توانێت دژی بجه‌نگێت؟” دڕنده‌كه‌ ده‌مێكی پێدرابوو، قسه‌ی گه‌وره‌ و كفری ده‌كرد، هه‌روه‌ها چل و دوو مانگی پێدرابوو كه‌ ده‌سه‌ڵات به‌كاربهێنێت. ئیتر ده‌می كرده‌وه‌ و كفری به‌ خودا كرد و جنێوی به‌ ناوی خودا و نشینگه‌كه‌ی و دانیشتووانی ئاسمان ده‌دا. ڕێگای پێدرابوو له‌ دژی پارساكان بجه‌نگێت و بیانبه‌زێنێت، ده‌سه‌ڵاتیشی پێدرابوو به‌سه‌ر هه‌موو هۆز و زمان و نه‌ته‌وه‌یه‌كدا. هه‌موو دانیشتووانی سه‌ر زه‌ویش كڕنۆشی بۆ ده‌به‌ن ئه‌وانه‌ی ناویان له‌ سیپاره‌ی ژیانی كاوڕه‌كه‌ نه‌نووسراوه‌ كه‌ له‌ دامه‌زراندنی جیهانه‌وه‌ سه‌ربڕاوه‌. ئه‌وه‌ی گوێی هه‌یه‌، با ببیستێت! ئه‌گه‌ر یه‌كێک بۆ ڕاپێچكردن بچێت، ڕاپێچ ده‌كرێت. ئه‌گه‌ر یه‌كێک به‌ شمشێر بكوژێت، به‌ شمشێر ده‌كوژرێت. ئه‌مه‌ بۆ دانبه‌خۆداگرتنی پارساكانه‌. دڕنده‌یه‌كی دیكه‌م بینی له‌ زه‌وییه‌وه‌ ده‌رده‌چوو، دوو قۆچی وه‌ک كاوڕی هه‌بوو، وه‌ک ئه‌ژدیها ده‌دووا. به‌ ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی دڕنده‌ی یه‌كه‌م بۆ ئه‌و په‌یڕه‌و ده‌كات، وا له‌ زه‌وی و دانیشتووانی سه‌ری ده‌كات كڕنۆش بۆ دڕنده‌ی یه‌كه‌م ببه‌ن، كه‌ برینه‌ كوشنده‌كه‌ی ساڕێژ ببوو. په‌رجوی گه‌وره‌ ده‌كات، ته‌نانه‌ت وا ده‌كات له‌به‌رچاوی خه‌ڵک ئاگر له‌ ئاسمانه‌وه‌ بێته‌ خواره‌وه‌ بۆ زه‌وی. هه‌روه‌ها به‌و نیشانانه‌ی كه‌ پێی دراوه‌ له‌ پێناوی دڕنده‌ی یه‌كه‌م بیكات، دانیشتووانی زه‌ویی گومڕا كرد. به‌ خه‌ڵكی سه‌ر زه‌وی ده‌ڵێت په‌یكه‌ر‌ێک بۆ ئه‌و دڕنده‌یه‌ دابمه‌زرێنێت كه‌ به‌ شمشێر بریندار كرا و ژیا. هه‌روه‌ها پێی درابوو هه‌ناسه‌ بداته‌ په‌یكه‌ر‌ی دڕنده‌ی یه‌كه‌م، تاكو وێنه‌ی دڕنده‌كه‌ قسه‌ بكات، وابكات هه‌موو ئه‌وانه‌ی كڕنۆش بۆ وێنه‌ی دڕنده‌كه‌ نابه‌ن بكوژرێن. وای له‌ هه‌مووانیش ده‌كرد، گه‌وره‌ و بچووک، ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژار، ئازاد و كۆیله‌، نیشانه‌یه‌ک له‌سه‌ر ده‌ستی ڕاستیان یان له‌سه‌ر نێوچه‌وانیان دروست بكرێت، تاكو كه‌س نه‌توانێت بكڕێت یان بفرۆشێت، ته‌نها ئه‌وه‌ی نیشانه‌كه‌ی پێوه‌یه‌. نیشانه‌كه‌ش ناوی دڕنده‌كه‌یه‌ یان ژماره‌ی ناوه‌كه‌ی. ئه‌مه‌ داناییه‌كه‌یه‌! ئه‌وه‌ی تێگه‌یشتنی هه‌یه‌ با ژماره‌ی دڕنده‌كه‌ بژمێرێت، چونكه‌ ژماره‌ی مرۆڤه‌، كه‌ ژماره‌كه‌ی شه‌ش سه‌د و شه‌ست و شه‌شه‌.

ئاشکراکردن 4:13-18 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

کڕنۆشیان بۆ ئەژدیهاکە برد، چونکە دەسەڵاتی بە دڕندەکە دابوو، کڕنۆشیان بۆ دڕندەکەش برد و گوتیان: «کێ وەک دڕندەکە وایە؟ کێ دەتوانێت لە دژی بجەنگێت؟» دڕندەکە دەمێکی پێدرابوو، قسەی گەورە و کفری دەکرد، هەروەها چل و دوو مانگی پێدرابوو تاکو دەسەڵات بەکاربهێنێت. ئیتر دەمی کردەوە و کفری بە خودا کرد و جنێوی بە ناوی خودا و نشینگەکەی و دانیشتووانی ئاسمان دەدا. ڕێگەی پێدرابوو لە دژی گەلی پیرۆزی خودا بجەنگێت و بیانبەزێنێت، دەسەڵاتیشی پێدرابوو بەسەر هەموو هۆز و گەل و زمان و نەتەوەیەکدا. هەموو دانیشتووانی سەر زەویش کڕنۆشی بۆ دەبەن، ئەوانەی ناویان لە پەڕتووکی ژیانی بەرخەکەدا نەنووسراوە، ئەو بەرخەی کە لە دامەزراندنی جیهانەوە سەربڕدراوە. ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت. ئەگەر یەکێک بۆ ڕاپێچکردن بچێت، ڕاپێچ دەکرێت. ئەگەر یەکێک بە شمشێر بکوژرێت، بە شمشێر دەکوژرێت. ئەم بانگەوازە بۆ دانبەخۆداگرتن و دڵسۆزی گەلی پیرۆزی خودایە. دڕندەیەکی دیکەم بینی لە زەوییەوە دەهاتە دەرەوە، دوو شاخی وەک بەرخی هەبوو، بەڵام وەک ئەژدیها دەدوا. بە تەواوی دەسەڵاتی دڕندەی یەکەمی بۆ ئەو پەیڕەو دەکرد، وای لە زەوی و دانیشتووانی سەری دەکرد کڕنۆش بۆ دڕندەی یەکەم ببەن، کە برینە کوشندەکەی ساڕێژ ببوو. نیشانەی گەورەی دەکرد، تەنانەت وای دەکرد لەبەرچاوی خەڵک ئاگر لە ئاسمانەوە بێتە خوارەوە بۆ زەوی. هەروەها بەو نیشانانەی کە پێی درابوو لە پێناوی دڕندەی یەکەمدا بیکات، دانیشتووانی سەر زەویی گومڕا دەکرد. فەرمانی بە خەڵکی سەر زەوی دا پەیکەرێک بۆ ئەو دڕندەیە دابمەزرێنن کە بە شمشێر بریندار کرا و بە زیندوویی مایەوە. هەروەها ڕێگەی پێدرابوو هەناسە بداتە پەیکەری دڕندەی یەکەم تاکو پەیکەری دڕندەکە قسە بکات و وا بکات هەموو ئەوانەی کڕنۆش بۆ پەیکەری دڕندەکە نابەن بکوژرێن. وای لە هەمووانیش دەکرد، گەورە و بچووک، دەوڵەمەند و هەژار، ئازاد و کۆیلە، نیشانەیەک لەسەر دەستی ڕاستیان یان لەسەر ناوچەوانیان دروستبکرێت، تاکو کەس نەتوانێت کڕین و فرۆشتن بکات، تەنها ئەوە نەبێت نیشانەکەی پێوەیە. نیشانەکەش ناوی دڕندەکەیە یان ژمارەی ناوەکەی. ئەمە بانگەوازە بۆ دانایی: ئەوەی تێدەگات، با ژمارەی دڕندەکە لێکبداتەوە، چونکە ئەوە ژمارەی مرۆڤە کە ژمارەکەی شەش سەد و شەست و شەشە.