لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئاشکراکردن 1:21-8

ئاشکراکردن 1:21-8 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

پاشان ئاسمانێكی نوێ و زه‌وییه‌كی نوێم بینی، چونكه‌ ئاسمانی یه‌كه‌م و زه‌ویی یه‌كه‌م به‌سه‌رچوون، ئیتر ده‌ریاش نه‌ما. من یوخه‌ننه‌ن، شاره‌ پارسا‌كه‌ش، یروشلایمی نوێم بینی له‌ ئاسمانه‌وه‌ له‌لایه‌ن خوداوه‌ ده‌هاته‌ خواره‌وه‌، وه‌ک بووكێكی ڕازاوه‌ بۆ زاواكه‌ی ئاماده‌كراو. گوێم له‌ ده‌نگێكی مه‌زن بوو له‌ ئاسمانه‌وه‌ فه‌رمووی: “ئه‌وه‌تا نشینگه‌ی خودا له‌گه‌ڵ خه‌ڵک، ئه‌ویش له‌گه‌ڵیان نیشته‌جێ ده‌بێت. ئه‌وانیش ده‌بنه‌ گه‌لی ئه‌و، خودا خۆی له‌گه‌ڵیاندایه‌ و ده‌بێته‌ خوداوه‌ندیان. هه‌موو فرمێسكێكی چاویان ده‌سڕێته‌وه‌، ئیتر مه‌رگ نابێت، خه‌م و هاوار و ئازار نامێنن، چونكه‌ شته‌كانی پێشوو به‌سه‌رچوون”. دانیشتووی سه‌ر ته‌خته‌كه‌ فه‌رمووی: “ئه‌وه‌تا هه‌موو شتێک نوێ دروست ده‌كه‌م!”. هه‌روه‌ها فه‌رمووێ: “بنووسه‌: چونكه‌ ئه‌م وتانه‌ ڕه‌وا و سه‌رڕاستن”. پاشان پێی فه‌رمووم: “ئه‌وا هاته‌ دی! منم ئه‌لف و یێ، سه‌ره‌تا و پایان. له‌ كانیی ئاوی ژیان به‌خۆڕایی ده‌ده‌مه‌ تینوو. ئه‌وه‌ی سه‌ربكه‌وێت، هه‌موو شتێک به‌ میرات بۆ ده‌مێنێته‌وه‌، ده‌بمه‌ خوداوه‌ندی و ئه‌ویش ده‌بێته‌ ڕۆڵه‌م. به‌ڵام ترسنۆكه‌كان و بێباوه‌ڕان و قێزه‌وه‌نان، بكوژان و داوێنپیسان و جادووگه‌ران، بتپه‌رستان و هه‌موو درۆزنان، به‌شیان له‌ ده‌ریاچه‌ی به‌ ئاگر و گۆگرد داگیرساوه‌ كه‌ مه‌رگی دووه‌مه‌”.

ئاشکراکردن 1:21-8 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

پاشان ئاسمانێکی نوێ و زەوییەکی نوێم بینی، چونکە ئاسمانی یەکەم و زەوی یەکەم بەسەرچوون، ئیتر دەریاش نەما. شارە پیرۆزەکەش، ئۆرشەلیمی نوێم بینی لە ئاسمانەوە لەلایەن خوداوە دەهاتە خوارەوە، وەک بووکێکی ڕازاوە بۆ زاواکەی ئامادە کرابێت. گوێم لە دەنگێکی گەورە بوو لە تەختەکەوە فەرمووی: «ئەوەتا نشینگەی خودا لەگەڵ خەڵک، ئەویش لەگەڵیان نیشتەجێ دەبێت. ئەوانیش دەبن بە گەلی ئەو، خودا خۆی لەگەڵیاندایە و دەبێتە خودای ئەوان. ئەویش هەموو فرمێسکێکی چاویان دەسڕێتەوە، ئیتر مردن نابێت، شیوەن و هاوار و ئازار نامێنن، چونکە شتەکانی پێشوو بەسەرچوون.» دانیشتووی سەر تەختەکە فەرمووی: «ئەوەتا هەموو شتێک نوێ دەکەمەوە.» پاشان فەرمووی: «بنووسە، چونکە ئەم وتانە متمانەدار و ڕاستن.» پاشان پێی فەرمووم: «ئەوا هاتە دی. من ئەلف و یێم، سەرەتا و کۆتاییم. لە کانی ئاوی ژیان بەخۆڕایی دەدەمە تینوو. ئەوەی سەربکەوێت ئەوانەی بە میرات بۆ دەمێنێتەوە، دەبمە خودای و ئەویش دەبێتە کوڕم. بەڵام ترسنۆک و بێباوەڕ و قێزەونان، هەروەها بکوژ و داوێنپیس و جادووگەر و بتپەرستان، لەگەڵ هەموو درۆزنان، بەشیان لە دەریاچەی بە ئاگر و گۆگرد داگیرساوە کە مردنی دووەمە.»