لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ڕۆما 1:11-36

ڕۆما 1:11-36 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

جا ده‌ڵێم: ئایا خودا گه‌له‌كه‌ی خۆی ڕه‌تكرده‌وه‌؟ حاشا! چونكه‌ منیش ئیسڕائیلیم، له‌ نه‌وه‌ی ئه‌وڕاهه‌م له‌ هۆزی بنیامین. خودا گه‌له‌كه‌ی خۆی كه‌ پێشتر ناسیویه‌تی ڕه‌تی نه‌كرده‌وه‌. ئایا نازانن نووسراوه‌كه‌ ده‌رباره‌ی ئیلییا چی ده‌فه‌رمووێ؟ چۆن له‌لای خودا دژی ئیسڕائیل ده‌پاڕێته‌وه‌: {ئه‌ی په‌روه‌ردگار، پێغه‌مبه‌ره‌كانی تۆیان كوشتووه‌، قوربانگا‌كانی تۆیان وێران كردووه‌. من به‌ ته‌نها ماومه‌ته‌وه‌، ئه‌وانیش به‌دوامدا ده‌گه‌ڕێن تا بمكوژن!} . به‌ڵام سرووش چی وه‌ڵامی داداته‌وه‌؟ {حه‌وت هه‌زار پیاوم بۆ خۆم هێشتۆته‌وه‌، ئه‌وانه‌ی چۆكیان بۆ به‌عل نه‌چه‌ماندۆته‌وه‌} . له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستاش، پاشماوه‌یه‌ک هه‌یه‌ به‌ به‌خشش هه‌ڵبژێردراون. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ به‌خشش بێت، ئیتر به‌ كردار نییه‌. ئه‌گینا ئیتر به‌خشش به‌خشش نییه‌، ئه‌گه‌ریش به‌ كرادار بێت ئه‌وا ئیتر به‌ كردار نیه‌، ئه‌گینا ئیتر كردار كردار نیه‌. كه‌واته‌ چی؟ ئه‌وه‌ی ئیسڕائیل هه‌وڵی بۆ ده‌دا ده‌ستی نه‌كه‌وت، به‌ڵكو هه‌ڵبژێردراوان ده‌ستیان كه‌وت، ئه‌وانی دیكه‌ش دڵڕه‌ق بوون، وه‌ک نووسراوه‌: {خودا ڕووحی خه‌وتاندنی داونه‌تێ، چاوی داونه‌تێ پێی نه‌بینن وگوێی داونه‌تێ پێی نه‌بیستن، تاكو ئه‌مڕۆش} . داویدیش ده‌ڵێت: {خوانه‌كه‌یان ببێته‌ داو و ته‌ڵه‌، كۆسپ و سزا بۆیان. چاویان تاریک بێت تاكو نه‌بینن، هه‌میشه‌ پشتیان چه‌ماوه‌ بێت} . جا ده‌ڵێم: ئایا ساتمه‌یان كرد تاكو بكه‌ون؟ حاشا! به‌ڵكو به‌ گوناهی ئه‌وان ڕزگاری بۆ نه‌ته‌وه‌كان هاته‌ كایه‌وه‌، بۆ وروژاندنی ئیره‌ییان. جا ئه‌گه‌ر گوناهی ئه‌وان ده‌وڵه‌مه‌ندی بێت بۆ جیهان و دۆڕاندنیان ده‌وڵه‌مه‌ندی بێت بۆ نه‌ته‌وه‌كان، ئاخۆ ته‌واوه‌تییان ده‌بێت چه‌ند بێت؟ ئه‌ی نه‌ته‌وه‌كان وا پێتان ده‌ڵێم: كه‌ په‌یامبه‌رم بۆ نه‌ته‌وه‌كان، شكۆداری ڕاژه‌كه‌م ده‌كه‌م، تاكو ئیره‌یی هاوڕه‌چه‌ڵه‌كه‌كانم هه‌ڵبستێنم و هه‌ندێكیان ڕزگار بكه‌م. چونكه‌ ئه‌گه‌ر ڕه‌تكردنه‌وه‌یان ئاشتبوونه‌وه‌ی جیهان بێت‌، ئه‌ی په‌سه‌ندكردنیان چی ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ژیانه‌وه‌ی مردووان نه‌بێت؟ ئه‌گه‌ر یه‌كه‌م نان پارسا بێت، ئه‌وا هه‌ویره‌كه‌ش! ئه‌گه‌ر ڕه‌گه‌كه‌ پارسا بێت، ئه‌وا لقه‌كانیش! به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ندێک لق بڕانه‌وه‌، تۆش له‌ داره‌كه‌ موتوربه‌ كرایت كه‌ زه‌یتوونێكی كێویت و به‌مه‌ له‌ ڕه‌گ و شیری زه‌یتوونه‌كه‌ به‌شدار بوویت، شانازی به‌سه‌ر لقه‌كانه‌وه‌ مه‌كه‌. ئه‌گه‌ر شانازی ده‌كه‌یت، بزانه‌ كه‌ تۆ ڕه‌گه‌كه‌ هه‌ڵناگریت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ هه‌ڵت ده‌گرێت! ئیتر ده‌ڵێی: “لقه‌كان بڕانه‌وه‌ تاكو من موتوربه‌ بكرێم”. باشه‌! ئه‌وان له‌به‌ر بێباوه‌ڕی بڕانه‌وه‌، تۆش به‌ باوه‌ڕ جێگیر بوویت. له‌خۆبایی مه‌به‌، به‌ڵكو بترسه‌! چونكه‌ ئه‌گه‌ر خودا به‌زه‌یی به‌ لقه‌ سروشتییه‌كان نه‌یه‌ته‌وه‌، ئه‌وا به‌زه‌یی به‌ تۆش نایه‌ته‌وه‌! ئه‌مه‌یه‌ نیانی و توندی خودا: توندی بۆ ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ كه‌وتن، به‌ڵام نیانی بۆ تۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌ نیانییه‌كه‌ی جێگیر بیت، ئه‌گینا تۆش ده‌بڕدرێیته‌وه‌. ئه‌وانیش ئه‌گه‌ر له‌ بێباوه‌ڕی جێگیر نه‌بن موتوربه‌ ده‌كرێنه‌وه‌، چونكه‌ خودا ده‌توانێت موتوربه‌یان بكاته‌وه‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر تۆ به‌گوێره‌ی سروشت له‌ دارزه‌یتوونێكی كێوی بڕابیته‌وه‌ و به‌ پێچه‌وانه‌ی سروشت له‌ دارزه‌یتوونێكی چاک موتوربه‌ كرای، ئاخۆ چه‌ند زیاتر ئه‌وانه‌ی به‌گوێره‌ی سروشت له‌ دارزه‌یتوونه‌كه‌ی خۆیان موتوربه‌ ده‌كرێن؟ برایان، من نامه‌وێت ئه‌م نهێنییه‌ نه‌زانن، نه‌وه‌ک خۆتان به‌ دانا بزانن: كه‌للـه‌ڕه‌قی به‌شێک له‌ ئیسڕائیلی گرته‌وه‌ تاكو ته‌واوی نه‌ته‌وه‌كان بێنه‌ ناوه‌وه‌. به‌م شێوه‌یه‌ هه‌موو ئیسڕائیل ڕزگاری ده‌بێت، وه‌ک نووسراوه‌: {ڕزگاریده‌ر له‌ سهیۆنه‌وه‌ دێت، خوانه‌ناسی له‌ یاقوو ده‌گێڕێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش په‌یمانه‌كه‌مه‌ بۆ ئه‌وان، كاتێ گوناهه‌كانیان داده‌ماڵم} . به‌گوێره‌ی ئینجیل له‌ پێناوی ئێوه‌دا دوژمنن، به‌ڵام به‌گوێره‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ پێناوی باوكاندا خۆشه‌ویستن، چونكه‌ به‌خشینه‌كانی خودا و بانگكردنه‌كه‌ی بێ په‌شیمانییه‌. چونكه‌ وه‌ک ئێوه‌ جارێک گوێڕایه‌ڵی خودا نه‌بوون، به‌ڵام ئێستا به‌ هۆی یاخیبوونی ئه‌وان به‌ر به‌زه‌یی كه‌وتن، ئه‌وانیش ئێستا گوێڕایه‌ڵ نین، تاكو به‌و به‌زه‌ییه‌ی بۆ ئێوه‌ بوو ئه‌وانیش به‌ر به‌زه‌یی بكه‌ون. چونكه‌ خودا هه‌مووانی به‌ یاخیبووندا به‌ندكرد، تاكو به‌زه‌یی به‌ هه‌موواندا بێته‌وه‌. ئای له‌ قووڵی ده‌وڵه‌مه‌ندی و دانایی و زانستی خودا! چه‌نده‌ مه‌حاڵه‌ پشكنینی حوكمه‌كانی، چه‌ند دووره‌ ڕێگاكانی له‌ گه‌ڕان! {چونكه‌ كێ بیری په‌روه‌ردگاری زانی؟ یان كێ بووه‌ ڕاوێژكاری؟ یان كێ شتێكی پێ به‌خشیوه‌ تاكو خه‌ڵات بكرێت؟} چونكه‌ هه‌موو شته‌كان له‌ ئه‌وه‌ و به‌ ئه‌وه‌ و بۆ ئه‌وه‌. تاهه‌تایه‌ شكۆمه‌ندی بۆ ئه‌وه‌! ئامین.

هاوبەشی بکە
ڕۆما 11 بخوێنەوە

ڕۆما 1:11-36 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

لێرەدا دەپرسم: ئایا خودا گەلەکەی خۆی ڕەتکردەوە؟ نەخێر! منیش ئیسرائیلیم، لە نەوەی ئیبراهیم لە هۆزی بنیامین. خودا گەلەکەی خۆی کە پێشتر ناسیویەتی ڕەتی نەکردەوە. ئایا نازانن نووسراوە پیرۆزەکە لەبارەی ئەلیاس چی دەفەرموێ؟ چۆن لەلای خودا لە دژی ئیسرائیل دەپاڕێتەوە: ﴿ئەی یەزدان، پێغەمبەرەکانی تۆیان کوشتووە، قوربانگاکانی تۆیان وێران کردووە. من بە تەنها ماومەتەوە، ئەوانیش بەدوامدا دەگەڕێن هەتا بمکوژن.﴾ بەڵام خودا چۆن وەڵامی دایەوە؟ ﴿حەوت هەزار پیاوم بۆ خۆم هێشتووەتەوە، ئەوانەی چۆکیان بۆ بەعل نەچەماندووەتەوە.﴾ لەم سەردەمەی ئێستاش، پاشماوەیەک هەیە بە نیعمەت هەڵبژێردراون. بەڵام ئەگەر بە نیعمەت بێت، ئیتر بە کردار نییە. ئەگینا ئیتر نیعمەت نیعمەت نییە. کەواتە چی؟ ئەوەی ئیسرائیل هەوڵی بۆ دەدا دەستی نەکەوت، بەڵکو هەڵبژێردراوان دەستیان کەوت، ئەوانی دیکەش دڵڕەق بوون، وەک نووسراوە: ﴿خودا ڕۆحی خەوی قووڵی داونەتێ، چاوی داونەتێ پێی نەبینن و گوێی داونەتێ پێی نەبیستن، تاکو ئەمڕۆش.﴾ داودیش دەڵێت: ﴿با خوانەکەیان ببێتە داو و تەڵە، کۆسپ و سزا بۆیان. با بەرچاویان تاریک بێت تاکو نەبینن، هەمیشە پشتیان چەماوە بێت.﴾ دیسان دەپرسم: ئایا جولەکەکان ساتمەیان کرد تاکو بکەون و هەڵنەستنەوە؟ حاشا! بەڵکو بە گوناهی ئەوان ڕزگاری بۆ نەتەوەکان هاتە کایەوە، تاکو ببێتە مایەی وروژاندنی ئیرەیی گەلی ئیسرائیل. جا ئەگەر گوناهی ئەوان دەوڵەمەندی بێت بۆ جیهان و دۆڕاندنیان دەوڵەمەندی بێت بۆ نەتەوەکان، ئاخۆ دەبێت گەڕانەوەیان بە تەواوەتی چ دەوڵەمەندییەک لەگەڵ خۆی بهێنێت؟ ئەی نەتەوەکان، قسەتان بۆ دەکەم: شانازی بە خزمەتەکەمەوە دەکەم، چونکە نێردراوم بۆ نەتەوەکان، تاکو ئیرەیی هاوڕەچەڵەکەکانم بجوڵێنم و هەندێکیان ڕزگار بکەم، چونکە ئەگەر ڕەتکردنەوەیان ئاشتبوونەوەی جیهان بێت، ئەی پەسەندکردنیان چی دەبێت، ئەگەر ژیانەوەی مردووان نەبێت؟ ئەگەر یەکەمین بەرهەمی هەویرەکە کە پێشکەش کرابێت پیرۆزە، ئەوا هەموو هەویرەکەش پیرۆزە. ئەگەر ڕەگەکە پیرۆز بێت، ئەوا لقەکانیش. بەڵام ئەگەر هەندێک لق بڕانەوە، تۆش لە دارەکە موتوربە کرایت کە زەیتوونێکی کێویت و بەمە لە ڕەگ و شیری زەیتوونەکە بەشدار بوویت، شانازی بەسەر لقەکانەوە مەکە. ئەگەر شانازی دەکەیت، بزانە کە تۆ ڕەگەکە هەڵناگریت، بەڵکو ئەوە هەڵتدەگرێت. ئیتر دەڵێی: «لقەکان بڕانەوە تاکو من موتوربە بکرێم.» ڕاستە. ئەوان لەبەر بێباوەڕی بڕانەوە، تۆش بە باوەڕ جێگیر بوویت. لەخۆبایی مەبە، بەڵکو بترسە، چونکە ئەگەر خودا بەزەیی بە لقە سروشتییەکاندا نەیەتەوە، ئەوا بەزەیی بە تۆشدا نایەتەوە. لەبەر ئەوە نەرمونیانی و توندی خودا لەبەرچاو بگرە: توندی بۆ ئەوانەیە کە کەوتن، بەڵام نەرمونیانی بۆ تۆیە ئەگەر لە نەرمونیانییەکەی جێگیر بیت، ئەگینا تۆش دەبڕدرێیتەوە. ئەوانیش ئەگەر لە بێباوەڕی جێگیر نەبن موتوربە دەکرێنەوە، چونکە خودا دەتوانێت موتوربەیان بکاتەوە. ئەگەر تۆ بەگوێرەی سروشت لە دار زەیتوونێکی کێوی بڕابیتەوە و بە پێچەوانەی سروشت لە دار زەیتوونێکی چاک موتوربە کرایت، ئاخۆ چەند زیاتر ئەوانەی بەگوێرەی سروشت لە دار زەیتوونەکەی خۆیان موتوربە دەکرێن. ئەی خوشک و برایان، نامەوێت ئەم نهێنییە نەزانن، نەوەک خۆتان بە دانا بزانن: کەللەڕەقی بەشێک لە ئیسرائیلی گرتەوە هەتا تەواوی نەتەوەکان بێنە ناوەوە. بەم شێوەیە هەموو ئیسرائیل ڕزگاری دەبێت، وەک نووسراوە: ﴿ڕزگارکەر لە سییۆنەوە دێت، خوانەناسی لە یاقوب دووردەخاتەوە. ئەمەش پەیمانی منە لەگەڵ ئەوان کاتێک گوناهەکانیان دادەماڵم.﴾ بەگوێرەی پەیامی ئینجیل لە پێناوی ئێوەدا دوژمنن، بەڵام بەگوێرەی هەڵبژاردن لە پێناوی باوکاندا خۆشەویستن، چونکە بەخشینەکانی خودا و بانگکردنەکەی بێ پەشیمانییە. هەروەک چۆن ئێوە پێشتر گوێڕایەڵی خودا نەبوون، بەڵام ئێستا بەهۆی گوێڕایەڵ نەبوونی ئەوان ئێوە بەر بەزەیی کەوتن، ئەوانیش ئێستا گوێڕایەڵ نین، تاکو بەو بەزەییەی بۆ ئێوە بوو ئەوانیش بەر بەزەیی بکەون. خودا هەمووانی لە گوێڕایەڵنەبووندا بەندکرد، تاکو بەزەیی بە هەموواندا بێتەوە. ئای لە قووڵی دەوڵەمەندی و دانایی و زانیاری خودا! حوکمەکانی لە سەرووی تێگەیشتنەوەیە و ڕێگاکانی لە سەرووی وردبوونەوەیە. ﴿کێ بیری یەزدانی زانی؟ یان کێ بووە ڕاوێژکاری؟﴾ ﴿کێ شتێکی پێ بەخشیوە تاکو پێی بدرێتەوە؟﴾ چونکە هەموو شتەکان لە ئەوە و بەهۆی ئەوە و بۆ ئەوە. هەتاهەتایە شکۆمەندی بۆ ئەوە! ئامین.

هاوبەشی بکە
ڕۆما 11 بخوێنەوە