لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ڕۆما 1:8-39

ڕۆما 1:8-39 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

كه‌واته‌ ئێستا تاوانباركردن بۆ ئه‌وانه‌ نییه‌ كه‌ له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدان، ئه‌وانه‌ی به‌پێی جه‌سته‌ ڕه‌فتار ناكه‌ن، به‌ڵكو به‌پێی ڕووح چونكه‌ یاسای ڕووحی ژیان له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا، له‌ یاسای گوناه‌ و مه‌رگ ئازادی كردم. چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌ توانای ته‌وراتدا نه‌بوو، له‌وه‌ی به‌ جه‌سته‌ لاواز بوو، خودا به‌ ناردنی ڕۆڵه‌كه‌ی خۆی له‌ شێوه‌ی جه‌سته‌ی گوناهبار و له‌پێناوی گوناه‌. له‌ جه‌سته‌دا گوناهی تاوانبار كرد، تاكو حوكمی ته‌ورات له‌ ئێمه‌دا بێته‌ دی، كه‌ به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ ڕه‌فتار ناكه‌ین، به‌ڵكو به‌گوێره‌ی ڕووح. چونكه‌ ئه‌وانه‌ی به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ن بایه‌خ به‌ كاروباری جه‌سته‌ ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی به‌گوێره‌ی ڕووحن، بایه‌خ به‌ كاروباری ڕووح ده‌ده‌ن. چونكه‌ بایه‌خی جه‌سته‌ مه‌رگه‌، به‌ڵام بایه‌خی ڕووح ژیان و ئاشتییه‌. بایه‌خی جه‌سته‌ دوژمنایه‌تیی خودایه‌، چونكه‌ ملكه‌چی ته‌وراتی خودا نابێت، چونكه‌ ناتوانێت. جا ئه‌وانه‌ی له‌ جه‌سته‌دان ناتوانن خودا ڕازی بكه‌ن. به‌ڵام ئێوه‌، ئه‌گه‌ر ڕووحی خودا له‌نێوتاندا نیشته‌جێ بێت، ئه‌وا له‌ جه‌سته‌دا نین، به‌ڵكو له‌ ڕووحدان. به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێكیش ڕووحی مه‌سیحی نه‌بێت، ئه‌وا هی مه‌سیح نییه‌. ئه‌گه‌ر مه‌سیح له‌ ئێوه‌دا بێت، ئه‌وا له‌ش به‌هۆی گوناه‌ مردووه‌، به‌ڵام ڕووح به‌هۆی بێتاوانی زیندووه‌. ئه‌گه‌ر ڕووحی ئه‌وه‌ی ئیشۆعی له‌نێو مردووان هه‌ستانده‌وه‌ له‌ ئێوه‌دا نیشته‌جێ بێت، ئه‌وا ئه‌وه‌ی مه‌سیحی له‌نێو مردووان هه‌ستانده‌وه‌ به‌ ڕووحی خۆی كه‌ له‌ ئێوه‌دا نیشته‌جێیه‌ له‌شی مردووشتان زیندوو ده‌كاته‌وه‌. كه‌واته‌ برایان، ئێمه‌ قه‌رزارین به‌ڵام هی جه‌سته‌ نا، تاكو به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ بژین. چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ بژین ده‌مرن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ ڕووح كرداره‌كانی له‌شتان مراند ئه‌وا ده‌ژین. چونكه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ ڕووحی خودا ده‌هاژوورێن، ئه‌وانه‌ ڕۆڵه‌ی خودان. چونكه‌ ڕووحی كۆیله‌ییتان وه‌رنه‌گرتووه‌ بۆ ترس، به‌ڵكو ڕووحی ڕۆڵه‌یێتیتان وه‌رگرتووه‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ هاوار ده‌كه‌ین: “بابه‌! باوكه‌!” ڕووح خۆی گه‌واهیی بۆ ڕووحمان ده‌دات كه‌ ئێمه‌ ڕۆڵه‌ی خوداین. ئه‌گه‌ر ڕۆڵه‌ بین، میراتگریشین، میراتگری خودا و هاومیراتی مه‌سیح، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و ئازار بچێژین، بۆ ئه‌وه‌ی تاكو له‌گه‌ڵ ئه‌و شكۆدار بین. پێم وایه‌ ئازاره‌كانی ئێستا له‌گه‌ڵ شكۆی داهاتوو كه‌ تیاماندا ئاشكرا ده‌كرێت به‌راورد ناكرێت. چونكه‌ ئافریده‌ چاوه‌ڕێ ده‌كات ڕۆڵه‌كانی خودا ئاشكرا بكرێن. چونكه‌ ئافریده‌ بۆ وه‌ڕسبوون ملكه‌چ كرا، نه‌ک به‌ ئاره‌زوو، به‌ڵكو له‌پێناوی ئه‌وه‌ی ملكه‌چی كرد، به‌ هیوای ئه‌وه‌ی ئافریده‌ له‌ كۆیلایه‌تی گه‌نده‌ڵی ئازاد بكرێت به‌ره‌و سه‌ربه‌ستیی شكۆمه‌ندی ڕۆڵه‌كانی خودا. ده‌زانین هه‌موو ئافریده‌ تا ئێستا به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت و ژانیگرتووه‌. نه‌ک ته‌نها ئه‌مه‌، به‌ڵكو ئێمه‌ش كه‌ نۆبه‌ره‌ی ڕووحمان هه‌یه‌، خۆشمان له‌ ناخماندا ده‌ناڵێنین كه‌ به‌ په‌رۆشه‌وه‌‌ چاوه‌ڕێی ڕۆڵه‌یێتین، به‌ قوربانیدانی جه‌سته‌مان. چونكه‌ به‌ هیواوه‌ ڕزگارمان بوو. به‌ڵام هیوای بینراو هیوا نییه‌. چونكه‌ ئه‌وه‌ی ده‌یبینی هیوای چی پێ ده‌خوازیت؟ به‌ڵام ئه‌گه‌ر هیوای شتێک بخوازین كه‌ بینراو نییه‌، ئه‌وا به‌ دانبه‌خۆداگرتنه‌وه‌ چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ین. به‌ هه‌مان شێوه‌ ڕووح له‌ لاوازییه‌كانماندا یارمه‌تیمان ده‌دات. چونكه‌ نازانین پێویسته‌ له‌پێناوی چی نوێژ بكه‌ین، به‌ڵام ڕووح خۆی به‌ ناڵه‌وه‌ داكۆكیمان لێده‌كات به‌ شێوه‌یه‌ک كه‌ باس ناكرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی دڵ ده‌پشكنێت، ده‌زانێت بایه‌خی ڕووح چییه‌، چونكه‌ به‌گوێره‌ی خواستی خودا داكۆكی له‌ پارساكان ده‌كات. ئێمه‌ ده‌زانین كه‌ هه‌موو شته‌كان بێگه‌وه‌ كارده‌كه‌ن بۆ چاكه‌ی ئه‌وانه‌ی خودایان خۆشده‌وێت، ئه‌وانه‌ی به‌گوێره‌ی مه‌به‌ستی ئه‌و بانگكراون. چونكه‌ ئه‌وانه‌ی پێشتر ناسیبوونی، پێشتر دیاری كردن بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک وێنه‌ی ڕۆڵه‌كه‌ی ئه‌ویان لێ بێت، تاكو له‌نێو برایانی زۆردا ئه‌و ببێته‌ نۆبه‌ره‌. ئه‌وانه‌ی پێشتر دیاری كردن بانگیشی كردن، ئه‌وانه‌ی بانگی كردن بێتاوانیشی كردن، ئه‌وانه‌ی بێتاوانی كردن شكۆداریشی كردن. ئیتر چی به‌مه‌ بڵێین؟ ئه‌گه‌ر خودا له‌گه‌ڵمان بێت كێ دژمانه‌؟ ئه‌وه‌ی به‌زه‌‌یی به‌ ڕۆڵه‌كه‌ی خۆی نه‌هاته‌وه‌، به‌ڵكو له‌ پێناوی هه‌موومان به‌ختی كرد، ئیتر چۆن له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو شتێكمان پێ نابه‌خشێت؟ كێ سكاڵا له‌ بژارده‌كانی خودا ده‌كات؟ خودایه‌ ئه‌وه‌ی بێتاوان ده‌كات. كێیه‌ تاوانبار ده‌كات؟ مه‌سیحه‌ كه‌وا مرد، به‌ڵكو هه‌ستاشه‌وه‌، هه‌ر ئه‌ویش له‌لای ڕاستی خودایه‌ و داكۆكیمان لێده‌كات. كێ له‌ خۆشویستنی مه‌سیح جیامان ده‌كاته‌وه‌؟ توندی یان ته‌نگانه‌ یان چه‌وسانه‌وه‌ یان برسیێتی یان ڕووتی یان مه‌ترسی یاخود شمشێر؟ وه‌ک نووسراوه‌: {له‌ پێناوی تۆ به‌ درێژایی ڕۆژ ڕووبه‌ڕووی مه‌رگ ده‌بینه‌وه‌، وه‌ک كاوڕ بۆ سه‌ربڕین داده‌نرێین} . به‌ڵام له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌دا سه‌ركه‌وتنمان مه‌زن ده‌بێت به‌وه‌ی خۆشیویستووین. چونكه‌ دڵنیام نه‌ مه‌رگ و نه‌ ژیان، نه‌ فریشته‌كان و نه‌ سه‌رۆكه‌كان و نه‌ هێزه‌كان، نه‌ شته‌كانی ئێستا و نه‌ شته‌كانی داهاتوو نه‌ به‌رزی و نه‌ قووڵی، نه‌ ئافریده‌ی دیكه‌، ناتوانێت له‌ خۆشویستنی خودا جیامان بكاته‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌ ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمانه‌.

هاوبەشی بکە
ڕۆما 8 بخوێنەوە

ڕۆما 1:8-39 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

کەواتە ئێستا تاوانبارکردن بۆ ئەوانە نییە کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا یەکن، چونکە لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە یاسای ڕۆحی ژیان لە یاسای گوناه و مردن ئازادی کردیت. خودا ئەوەی کرد کە شەریعەت بەهۆی لاوازی سروشتی دنیایی نەیتوانی بیکات: کوڕەکەی خۆی لە شێوەی جەستەی مرۆڤی گوناهبار نارد بۆ ئەوەی ببێتە قوربانی گوناه. لە جەستەی مرۆڤانەدا گوناهی تاوانبار کرد، تاکو داواکارییە دروستەکانی شەریعەتی تەورات لە ئێمەدا بێتە دی، کە بەگوێرەی سروشتی دنیایی ناژین، بەڵکو بەگوێرەی ڕۆحی پیرۆز. ئەوانەی بەگوێرەی سروشتی دنیایی دەژین، بایەخ بە کاروباری سروشتی دنیایی دەدەن، بەڵام ئەوانەی بەگوێرەی ڕۆحی پیرۆز دەژین، بایەخ بە کاروباری ڕۆحی پیرۆز دەدەن. بایەخدان بە سروشتی دنیایی مردنە، بەڵام بایەخدان بە ڕۆحەکە ژیان و ئاشتییە. بایەخدان بە سروشتی دنیایی دوژمنایەتییە لەگەڵ خودا، چونکە ملکەچی شەریعەتی خودا نابێت، لەبەر ئەوەی ناتوانێت. جا ئەوانەی لەژێر کاریگەری سروشتی دنیایین ناتوانن خودا ڕازی بکەن. بەڵام ئێوە، ئەگەر ڕۆحی خودا لەناوتاندا نیشتەجێ بێت، ئەوا لەژێر کاریگەری سروشتی دنیایی نین، بەڵکو لە لەژێر کاریگەری ڕۆحدان. ئەگەر کەسێکیش ڕۆحی مەسیحی نەبێت، ئەوا هی مەسیح نییە. ئەگەر مەسیح لە ئێوەدا بێت، ئەوا جەستە بەهۆی گوناه مردووە، بەڵام ڕۆح بەهۆی ڕاستودروستی زیندووە. ئەگەر ڕۆحی ئەوەی عیسای لەنێو مردووان هەستاندەوە لە ئێوەدا نیشتەجێ بێت، ئەوا ئەوەی مەسیحی لەنێو مردووان هەستاندەوە بە ڕۆحی خۆی کە لە ئێوەدا نیشتەجێیە لەشی مردووشتان زیندوو دەکاتەوە. بۆیە ئەی خوشک و برایان، ئێمە قەرزارین، بەڵام قەرزاری سروشتی دنیایی نین، تاکو بەگوێرەی ئەو بژین. ئەگەر بێتو ئێوە بەگوێرەی سروشتی دنیایی بژین دەمرن، بەڵام ئەگەر بە ڕۆحی پیرۆز کردارەکانی سروشتی دنیاییتان مراند، ئەوا دەژین، چونکە هەموو ئەوانەی ڕۆحی خودا بەڕێوەیان دەبات، ڕۆڵەی خودان. ئێوە ڕۆحی کۆیلەییتان وەرنەگرتووە تاکو بۆ ترس بتانگەڕێنێتەوە، بەڵکو ڕۆحی لەخۆگرتنەوەتان وەرگرتووە، بەهۆیەوە هاوار دەکەین: «بابە! باوکە!» ڕۆحی پیرۆز خۆی شایەتی بۆ ڕۆحمان دەدات کە منداڵی خوداین. ئەگەر منداڵی بین، میراتگریشین، میراتگری خودا و هاومیراتی مەسیح، ئەگەر لە ڕاستیدا لەگەڵ ئەو ئازار بچێژین، بۆ ئەوەیە لەگەڵ ئەو شکۆدار بین. پێم وایە ئازارەکانی ئێستا لەگەڵ شکۆی داهاتوو کە تیاماندا ئاشکرا دەکرێت بەراورد ناکرێت، چونکە بەدیهێنراو بە پەرۆشەوە چاوەڕێ دەکات ڕۆڵەکانی خودا ئاشکرا بکرێن. بەدیهێنراو ملکەچی بێنرخبوون بوو، نەک بە ویستی خۆی، بەڵکو بە ویستی ئەوەی کە ملکەچی کرد، بە هیوای ئەوەی کە خودی بەدیهێنراو لە کۆیلایەتی گەندەڵی ئازاد بکرێت تاکو هاوبەش بێت لە سەربەستی شکۆمەندی منداڵانی خودا. دەزانین هەموو بەدیهێنراوان هەتا ئێستا بەیەکەوە دەناڵێنن و ژانیان گرتووە. تەنها ئەمە نا، بەڵکو ئێمە کە یەکەمین بەرهەمی ڕۆحی پیرۆزمان وەرگرت، لە ناخماندا دەناڵێنین و بە پەرۆشەوە چاوەڕێی لەخۆگرتنەوەین، واتا ڕزگاریی جەستەمان، چونکە بە هیواوە ڕزگارمان بوو. بەڵام هیوای بینراو هیوا نییە. ئەوەی دەیبینی هیوای چی پێ دەخوازیت؟ بەڵام ئەگەر هیوای شتێک بخوازین کە بینراو نییە، ئەوا بە دانبەخۆداگرتنەوە چاوەڕێی دەکەین. بە هەمان شێوە ڕۆحی پیرۆز لە لاوازییەکانماندا یارمەتیمان دەدات. نازانین لە پێناوی چی نوێژ بکەین، بەڵام ڕۆحی پیرۆز خۆی بە ناڵەوە داکۆکیمان لێدەکات بە شێوەیەک کە باس ناکرێت. ئەوەی دڵی مرۆڤ دەپشکنێت، دەزانێت ڕۆحی پیرۆز بایەخ بە چی دەدات، چونکە بەگوێرەی خواستی خودا داکۆکی لە گەلی پیرۆزی خودا دەکات. ئێمە دەزانین خودا لە هەموو شتەکاندا کار دەکات بۆ چاکەی ئەوانەی ئەویان خۆشدەوێت، ئەوانەی بەگوێرەی مەبەستی ئەو بانگکراون، چونکە ئەوانەی پێشتر ناسیبوونی، پێشتر دیاری کردن بۆ ئەوەی وەک وێنەی کوڕەکەی ئەویان لێ بێت، تاکو لەنێو زۆرێک لە خوشک و برایاندا ئەو ببێتە نۆبەرە. ئەوانەی پێشتر دیاری کردن بانگیشی کردن، ئەوانەی بانگی کردن بێتاوانیشی کردن، ئەوانەی بێتاوانی کردن شکۆداریشی کردن. ئیتر چی بەمانە بڵێین؟ ئەگەر خودا لەگەڵمان بێت، کێ دژمانە؟ ئەوەی دەستی بە کوڕەکەی خۆیەوە نەگرت، بەڵکو لە پێناوی هەموومان پێشکەشی کرد، ئیتر چۆن لەگەڵ ئەو هەموو شتێکمان بەخۆڕایی ناداتێ؟ کێ سکاڵا لە هەڵبژێردراوانی خودا دەکات؟ خودایە ئەوەی بێتاوان دەکات. کێیە تاوانبار دەکات؟ کەس نییە. عیسای مەسیحە کە مرد، بەڵکو لەمەش زیاتر هەستێنرایەوە، هەر ئەویش لە دەستەڕاستی خودایە و داکۆکیمان لێدەکات. کێ لە خۆشەویستی مەسیح جیامان دەکاتەوە؟ ناخۆشی یان تەنگانە یان چەوسانەوە یان قاتوقڕی یان ڕووتی یان مەترسی یاخود شمشێر؟ وەک نووسراوە: ﴿لە پێناوی تۆ بە درێژایی ڕۆژ ڕووبەڕووی مردن دەبینەوە، وەک مەڕ بۆ سەربڕین دادەنرێین.﴾ بەڵام لە هەموو ئەمانەدا لە ڕادەبەدەر سەرکەوتووین لە ڕێگەی ئەوەی کە خۆشیویستووین، چونکە دڵنیام نە مردن و نە ژیان، نە فریشتەکان و نە سەرۆکەکان، نە شتەکانی ئێستا و نە شتەکانی داهاتوو، نە هێزەکان، نە بەرزی و نە قووڵی، نە بەدیهێنراوی دیکە، ناتوانێت لە خۆشەویستی خودا جیامان بکاتەوە کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە بۆمان دێت.

هاوبەشی بکە
ڕۆما 8 بخوێنەوە