YouVersion Logo
Search Icon

لۆقا 10

10
عیسا حەفتا و دوو قوتابی دەنێرێت
1پاش ئەمە مەسیحی خاوەن شکۆ حەفتا و دوو کەسی دیکەی دەستنیشان کرد، لەپێش خۆی دوو دوو ناردنی بۆ هەر شار و جێگایەک کە بەتەمابوو بۆی بچێت. 2جا پێی فەرموون: «دروێنە زۆرە، بەڵام سەپان#10‏:2 سەپان: پاڵە، وەرزێر، ئەو کەسەی دەغڵ و دان دەدروێتەوە. کەمە. لەبەر ئەوە داوا لە خاوەنی دروێنە بکەن تاکو سەپان بۆ دروێنەکەی بنێرێت. 3بڕۆن! ئەوا من وەک بەرخ بۆ ناو گورگتان دەنێرم. 4نە کیسەی پارە و نە توورەکە و نە پێڵاو هەڵمەگرن، لە ڕێگاش سڵاو لە کەس مەکەن.
5«چوونە هەر ماڵێکیش، یەکەم جار بڵێن: ”ئاشتی بۆ ئەم ماڵە بێت،“ 6ئەگەر پیاوی ئاشتی لەوێ بێت، ئەوا ئاشتیتان دەچێتە سەری، ئەگینا بۆ خۆتان دەگەڕێتەوە. 7لەو ماڵە بمێننەوە و لەوەی هەیانە بخۆن و بخۆنەوە، چونکە کرێکار شایانی کرێی خۆیەتی. ماڵە و ماڵیش مەکەن.
8«چوونە هەر شارێک و پێشوازییان لێکردن، ئەوەی لەبەردەمتانی دادەنێن بیخۆن، 9ئەو نەخۆشانەی تێیدایە چاکیان بکەنەوە و پێیان بڵێن: ”پاشایەتی خودا لێتان نزیک بووەتەوە.“ 10بەڵام ئەگەر چوونە شارۆچکەیەک و پێشوازییان لێ نەکردن، بڕۆنە سەر شەقامەکانی و بڵێن: 11”تەنانەت تۆزی شارۆچکەکەتان کە بە پێمانەوە نووساوە بۆتانی دەتەکێنین، بەڵام ئەمە بزانن: پاشایەتی خودا لێتان نزیک بووەتەوە.“ 12پێتان دەڵێم: لەو ڕۆژەدا#10‏:12 ڕۆژی لێپرسینەوە.‏ سەدۆم سزای سووکتری دەبێت لەوەی ئەو شارۆچکەیە.
13«قوڕبەسەرت، ئەی شاری خورازین! قوڕبەسەرت، ئەی بێت‌سەیدا! چونکە ئەو پەرجووانەی#10‏:13 پەرجوو: موعجیزە.‏ لەنێو ئێوەدا کران، ئەگەر لە سور و سەیدا بکرایە، ئەوا هەر زوو خەڵکەکەی بە جلوبەرگی گوش#10‏:13 لە کاتی ماتەمگێڕان و تۆبەکردندا جلوبەرگی لە گوش دروستکراویان لەبەرکردووە کە ئەزیەتی پێستیانی داوە.‏ و لەناو خۆڵەمێشدا دادەنیشتن و تۆبەیان دەکرد. 14بەڵام لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا، سزای سور و سەیدا لە هی ئێوە سووکتر دەبێت. 15تۆش ئەی کەفەرناحوم، ئایا بۆ ئاسمان بەرز دەکرێیتەوە؟ نەخێر، تۆ بۆ جیهانی مردووان#10‏:15 یۆنانی: هادیس‏: بڕوانە پەراوێزی مەتا 11‏:23‏‏.‏ دەچیتە خوارەوە.
16«ئەوەی گوێتان لێ بگرێت، گوێ لە من دەگرێت، ئەوەی ڕەتتان دەکاتەوە من ڕەت دەکاتەوە. ئەوەش من ڕەت دەکاتەوە، ئەوە ڕەت دەکاتەوە کە منی ناردووە.»
گەڕانەوەی حەفتا و دوو قوتابی
17حەفتا و دوو نێردراوەکە بە شادییەوە گەڕانەوە و گوتیان: «گەورەم، تەنانەت ڕۆحی پیسیش بە ناوی تۆوە ملکەچمانن.»
18ئەویش پێی فەرموون: «شەیتانم بینی وەک بروسکە لە ئاسمانەوە دەکەوت. 19ئەوەتا دەسەڵاتم پێتان داوە پێ بە مار و دووپشک و هەموو هێزی دوژمندا بنێن، هیچ شتێکیش زیانتان پێناگەیەنێت. 20بەڵام بەمە دڵخۆش مەبن کە ڕۆحە پیسەکان ملکەچتانن، بەڵکو دڵخۆش بن کە ناوتان لە ئاسماندا نووسراوە.»
21لەو کاتەدا عیسا بە ڕۆحی پیرۆز شادمان بوو و فەرمووی: «ئەی باوک سوپاست دەکەم، پەروەردگاری ئاسمان و زەوی، چونکە ئەمانەت لە دانا و تێگەیشتووان شاردووەتەوە و بۆ منداڵانت ئاشکرا کردووە. بەڵێ ئەی باوک، چونکە ئەمەت پێ باش بوو!
22«باوکم هەموو شتێکی پێ سپاردووم، کەس نازانێت کوڕەکە#10‏:22 کاتێک عیسا باسی (باوک) دەکات مەبەستی لە خودایە و کاتێکیش باسی (کوڕەکە) دەکات مەبەستی لە خودی خۆیەتی.‏ کێیە باوک نەبێت، یان باوک کێیە کوڕەکە و ئەوانە نەبێت کە کوڕەکە دەیەوێ بۆیانی ئاشکرا بکات.»
23ئینجا ئاوڕی لە قوتابییەکانی دایەوە و بە تەنها بەوانی فەرموو: «خۆزگە دەخوازرێت بەو چاوانەی ئەوە دەبینێت کە ئێوە دەیبینن، 24چونکە پێتان دەڵێم، زۆر پێغەمبەر و پاشا ویستیان ئەوە ببینن کە ئێوە دەیبینن، بەڵام نەیانبینی، ئەوەش ببیستن کە ئێوە دەیبیستن، بەڵام نەیانبیست.»
نموونەی سامیرەییە چاکەکە
25تەوراتناسێک هەستا بۆ ئەوەی عیسا تاقی بکاتەوە و گوتی: «مامۆستا چی بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە میرات وەربگرم؟»
26ئەویش پێی فەرموو: «لە تەوراتدا چی نووسراوە؟ چۆن دەیخوێنیتەوە؟»
27وەڵامی دایەوە: «﴿بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و بە هەموو توانا و هەموو بیرتانەوە یەزدانی پەروەردگاری خۆتان خۆشبوێت،﴾#10‏:27 دواوتار 6‏:5‏‏ هەروەها ﴿نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.﴾#10‏:27 لێڤییەکان 19‏:18‏‏»
28عیسا پێی فەرموو: «وەڵامەکەت ڕاستە، ئەمە بکە، ژیانی هەتاهەتایی بەدەستدەهێنیت.»
29بەڵام تەوراتناسەکە ویستی پاکانە بۆ خۆی بکات، بە عیسای گوت: «نزیکەکەم کێیە؟»
30عیسا وەڵامی دایەوە: «پیاوێک لە ئۆرشەلیمەوە بۆ ئەریحا#10‏:30 ئەریحا نزیکەی 32کم لە ئۆرشەلیمەوە دوورە، نزیکەی 1000م لە سەرووی ئاستی دەریا لە ئۆرشەلیم نزمترە و ڕێگای شاخاوییە، بۆ جەردە و ڕێگران گونجاوە.‏ دەچوو، کەوتە دەست جەردە، ڕووتیان کردەوە و برینداریان کرد، ئینجا بە نیوەمردوویی بەجێیان هێشت و ڕۆیشتن. 31وا ڕێککەوت کاهینێک بەو ڕێگایەدا دەڕۆیشت، کاتێک ئەوی بینی لەو بەرەوە تێپەڕی. 32هەروەها کابرایەکی لێڤیش#10‏:32 تیرەیەکی جولەکە بوون، ئەرکی خزمەتکردنی پەرستگایان لە ئەستۆ بوو.‏ بە هەمان شێوە گەیشتە شوێنەکە، هات و سەیری کرد و لەو بەرەوە تێپەڕی. 33بەڵام سامیرەییەکی#10‏:33 سامیرە شارێکە لە ناوەڕاستی ئیسرائیل. سامیرەییەکان لە ڕێگای ژنهێنانەوە لەگەڵ نەتەوەکان تێکەڵ ببوون، لەلای گەلی جولەکە گڵاو بوون و وەکو نەتەوە ناجولەکەکان هەژمارد دەکران.‏ ڕێبوار هاتە سەری، بینی و دڵی پێی سووتا، 34لێی چووە پێش و ڕۆن و شەرابی بەسەر برینەکاندا کرد و پێچایەوە، سواری وڵاخەکەی خۆی کرد و بردییە خانێک و چاودێری کرد. 35ڕۆژی پاشتر دوو دیناری دەرهێنا و دایە خانچییەکە و گوتی: ”چاودێری بکە و هەرچی زیاترت خەرجکرد، کە گەڕامەوە دەتدەمەوە.“
36«کام لەم سێ کەسە بە نزیک دەزانیت بۆ ئەو پیاوەی کە کەوتە دەست جەردەکان؟»
37تەوراتناسەکە گوتی: «ئەوەی بەزەیی پێیدا هاتەوە.»
عیساش پێی فەرموو: «تۆش بڕۆ و بەو شێوەیە بکە.»
لە ماڵی مریەم و مەرسا
38کاتێک عیسا و قوتابییەکانی بەرەو ئۆرشەلیم دەچوون، عیسا لایدا گوندێک، ژنێک لە ماڵەکەی خۆی پێشوازی لێکرد ناوی مەرسا بوو. 39خوشکێکی هەبوو ناوی مریەم بوو، لەبەرپێی مەسیح دانیشت و گوێی لە فەرمایشتەکانی دەگرت. 40بەڵام مەرسا لەبەر زۆری خزمەتکردن شڵەژا بوو، ڕاوەستا و گوتی: «گەورەم، باکت نییە خوشکم بە تەنها بەجێی هێشتووم و خزمەت دەکەم؟ پێی بفەرموو با یارمەتیم بدات.»
41مەسیح وەڵامی دایەوە: «مەرسا، مەرسا، تۆ خەم لە زۆر شت دەخۆیت و ناڕەحەتیت. 42بەڵام یەک شت پێویستە، مریەم شتە باشەکەی هەڵبژاردووە کە لێی ناسەنرێتەوە.»

Currently Selected:

لۆقا 10: KSS

Highlight

Share

Copy

None

Want to have your highlights saved across all your devices? Sign up or sign in