لۆقا 2

2
1 له‌و ڕۆژانه‌دا له‌ ئۆگستۆس قه‌یسه‌ڕه‌وه‌ فه‌رمانێک ده‌رچوو، كه‌ هه‌موو جیهان ناونووس بكرێت. 2 ئه‌مه‌ یه‌كه‌م ناونووسین بوو، كاتێ كیرینیۆس فه‌رمانڕه‌وای سوریا بوو. 3 ئیتر هه‌ریه‌كه‌ بۆ ناونووسین ده‌چووه‌ شاری خۆی. 4 یۆسپیش له‌ گلیلا له‌ شاری ناسڕه‌ته‌وه‌ به‌ره‌و ئیهوود سه‌ركه‌وت، بۆ شاره‌كه‌ی داوید كه‌ پێی ده‌ووترێ بێتلخم، چونكه‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ و هۆزی داوید بوو، 5 تاكو له‌گه‌ڵ مه‌ریه‌م ناونووس بكرێن كه‌ ماره‌ی بڕیبوو و سكی هه‌بوو. 6 كاتێک له‌وێ بوون، كاتی منداڵبوونی هات. 7 جا كوڕه‌ نۆبه‌ره‌كه‌ی بوو، قۆنداغی كرد و له‌ ئاخوڕێكدا داینا، چونكه‌ له‌ خانه‌كه‌دا شوێنیان نه‌بوو.
8 له‌و ده‌ڤه‌ره‌ شوان هه‌بوون له‌ ده‌شت ده‌مانه‌وه‌ و شه‌وان ئێشكیان له‌ مێگه‌له‌كه‌یان ده‌گرت. 9 فریشته‌ی په‌روه‌ردگار له‌به‌رده‌میان ڕاوه‌ستا و شكۆی په‌روه‌ردگار له‌ ده‌وریان دره‌وشایه‌وه‌، جا ترسێكی زۆریان لێ نیشت. 10 فریشته‌كه‌ پێی فه‌رموون: “مه‌ترسن! ئه‌وا موژده‌ی خۆشییه‌كی مه‌زنتان ده‌ده‌مێ كه‌ بۆ هه‌موو گه‌له‌: 11 ئه‌مڕۆ له‌ شاری داوید ڕزگاریده‌رێكتان بۆ له‌دایكبوو، مه‌سیحی په‌روه‌ردگاره‌. 12 ئه‌مه‌ش نیشانه‌یه‌ بۆتان: منداڵێكی قۆنداغكراو ده‌بینن له‌نێو ئاخوڕێک دانراوه‌”. 13 له‌ پڕێكدا له‌گه‌ڵ فریشته‌كه‌ كۆمه‌ڵێک له‌شكری ئاسمانی ده‌ركه‌وت و ستایشی خودایان ده‌كرد و ده‌یانفه‌رموو: 14 “شكۆ بۆ خودا له‌ به‌رزایی، له‌سه‌ر زه‌ویش ئاشتی، بۆ خه‌ڵكیش شادی”.
15 كاتێ فریشته‌كان به‌ره‌و ئاسمان به‌جێیان هێشتن، شوانه‌كان به‌ یه‌كتریان وت: “با ئێستا بڕۆینه‌ بێتلخم و ئه‌م شته‌ی ڕوویداوه‌ ببینین كه‌ په‌روه‌ردگار پێی ڕاگه‌یاندین”. 16 خێرا هاتن و مه‌ریه‌م و یۆسپ و ئه‌و منداڵه‌ی له‌ ئاخوڕه‌كه‌دا دانرابوو دۆزییانه‌وه‌. 17 كاتێ بینییان، ئه‌و قسه‌یه‌یان وته‌وه‌ كه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌م منداڵه‌ پێیان وترابوو. 18 هه‌موو ئه‌وانه‌ی گوێیان لێبوو، سه‌ریان سوڕمابوو له‌وه‌ی شوانه‌كان پێیان ده‌ووتن. 19 به‌ڵام مه‌ریه‌م هه‌موو ئه‌م شتانه‌ی هه‌ڵده‌گرت و له‌ دڵی خۆیدا لێكی ده‌دایه‌وه‌. 20 شوانه‌كان گه‌ڕانه‌وه‌ و شكۆی خودایان ده‌كرد و ستایشیان ده‌كرد بۆ هه‌موو ئه‌وه‌ی بیستیان و بینییان، وه‌ک پێیان وترابوو.
21كاتێ هه‌شت ڕۆژ ته‌واو بوو بۆ ئه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌ خروسه‌ی ببڕدرێت، ناوی نرا ئیشۆع، وه‌ک له‌لایه‌ن فریشته‌كه‌ ناونرا، پێش ئه‌وه‌ی به‌ سک بكه‌وێت.
22 كاتێک ڕۆژانی پاكژبوونه‌وه‌ی به‌گوێره‌ی ته‌وراتی مووشێ ته‌واوبوو، بردییانه‌ یروشلایم، تاكو پێشكه‌شی په‌روه‌ردگاری بكه‌ن 23 وه‌ک له‌ ته‌وراتی په‌روه‌ردگار نووسراوه‌: {هه‌موو نێرینه‌یه‌كی نۆبه‌ره‌ ده‌بێته‌ پارسای په‌روه‌ردگار}. 24 بۆ پێشكه‌شكردنی قوربانییه‌كیش، به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی له‌ ته‌وراتی په‌روه‌ردگار وتراوه‌: {جووتێک كوكوختی یان دوو بێچووه‌ كۆتر}.
25 له‌ یروشلایم پیاوێک هه‌بوو ناوی شیمعون بوو، ئه‌م پیاوه‌ خوداناس و له‌خواترس بوو، چاوه‌ڕێی دڵنه‌واییكردنی ئیسڕائیل بوو، ڕووحی پارسای له‌سه‌ر بوو. 26 به‌ ڕووحی پارسا بۆی سرووش هاتبوو كه‌ به‌ر له‌ بینینی مه‌سیحی په‌روه‌ردگار مه‌رگ نابینێت. 27 به‌هۆی ڕووحه‌كه‌وه‌ هاته‌ په‌رستگا. كاتێ دایک و باوكه‌كه‌ ئیشۆعی كوڕیان هێنا ژووره‌وه‌، تاكو به‌گوێره‌ی نه‌ریتی ته‌ورات بۆی بكه‌ن، 28 له‌ باوه‌شی كرد و پیرۆزی خودای كرد و وتی: 29 “ئه‌ی په‌روه‌ردگار، ئێستا به‌گوێره‌ی فه‌رمووده‌كه‌ت به‌نده‌ی خۆت به‌ ئاشتی به‌ڕێبكه‌. 30 ئه‌وا چاوم ڕزگاریی تۆی بینی، 31 ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌م هه‌موو گه‌لان ئاماده‌ت كردووه‌، 32 تا ئاشكراكردنی ڕووناكی بۆ نه‌ته‌وه‌كان و شكۆمه‌ندی بێت بۆ ئیسڕائیلی گه‌لی خۆت”. 33 یۆسپ و دایكی كوڕه‌كه‌ سه‌رسام بوون له‌وه‌ی ده‌رباره‌ی وترا. 34 شیمعون داوای داڕشتی بۆ كردن و به‌ مه‌ریه‌می دایكی وت: “ئا ئه‌مه‌ دانراوه‌ بۆ كه‌وتن و هه‌ستانه‌وه‌ی زۆر كه‌س له‌ ئیسڕائیلدا، ده‌بێته‌ په‌رجوێک دژایه‌تی ده‌كرێت، 35 تۆش شمشێرێک ده‌روونت ده‌بڕێت. تاكو نیازی زۆر دڵان ئاشكرا بێت”.
36 ژنه‌ پێغه‌مبه‌رێک هه‌بوو، یوخه‌ن كچی فه‌نۆئیل له‌ هۆزی ئه‌شیر. زۆر به‌ ساڵدا چووبوو، له‌ كچێنیه‌وه‌ حه‌وت ساڵ له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌ی ژیابوو، 37 ئینجا بێوه‌ژن بوو تاكو هه‌شتا و چوار ساڵی. په‌رستگای به‌جێنه‌ده‌هێشت، به‌ ڕۆژوو و نزاوه‌ شه‌و و ڕۆژ له‌ په‌رستندا بوو. 38 له‌و كاته‌دا ڕاوه‌ستا و ستایشی خوداوه‌ندی كرد، باسی ئه‌وه‌ی بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی كرد كه‌ چاوه‌ڕوانی قوربانیدانی یروشلایم بوون.
39 كه‌ هه‌موو شتێكیان به‌گوێره‌ی ته‌وراتی په‌روه‌ردگار ته‌واو كرد، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ گلیلا، بۆ ناسڕه‌تی شاره‌كه‌ی خۆیان. 40 كوڕه‌كه‌ش به‌ڕووح گه‌شه‌ی ده‌كرد و به‌هێز ده‌بوو، پڕبوو له‌ دانایی، به‌خششی خوداشی له‌سه‌ر بوو.
41 دایک و باوكی هه‌موو ساڵێک له‌ جه‌ژنی په‌سخه‌دا ده‌چوونه‌ یروشلایم. 42 كاتێ بووه‌ دوازده‌ ساڵ، وه‌ک نه‌ریتی جه‌ژن به‌ره‌و یروشلایم سه‌ركه‌وتن. 43 دوای ته‌واوبوونی ڕۆژه‌كان له‌ گه‌ڕانه‌وه‌یاندا ئیشۆع له‌ یروشلایم مایه‌وه‌، یۆسپ و دایكیشی نه‌یانزانی. 44 وایانده‌زانی له‌نێو كاروانه‌كه‌دایه‌، ڕۆژه‌ ڕێیه‌ک ڕۆیشتن، دوای ئه‌وه‌ له‌نێو خزم و ناسیاوه‌كان بۆی گه‌ڕان. 45 كه‌ نه‌یاندۆزییه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ یروشلایم، به‌ دوایدا ده‌گه‌ڕان. 46 دوای سێ ڕۆژ له‌ په‌رستگادا دۆزیانه‌وه‌، له‌ناوه‌ڕاستی ڕابیان دانیشتووه‌، گوێیان لێ ده‌گرێت و پرسیان لێده‌كات. 47 هه‌موو ئه‌وانه‌ی گوێیان لێی ڕاگرتبوو، له‌ تێگه‌یشتن و وه‌ڵامه‌كانی سه‌رسام بوون. 48 كاتێ بینییان واقیان وڕما، ئینجا دایكی پێی فه‌رموو: “ڕۆڵه‌ بۆ وات لێكردین؟ من و باوكت به‌سه‌رگه‌ردانیه‌وه‌ به‌ دواتدا ده‌گه‌ڕاین!” 49 پێی فه‌رموون: “بۆچی به‌دوامدا ده‌گه‌ڕان؟ نه‌تانده‌زانی پێویسته‌ له‌ كاروباری باوكم بم؟” 50 به‌ڵام له‌و قسه‌ی پێی فه‌رموون تێنه‌گه‌یشتن. 51 ئینجا له‌گه‌ڵیان دابه‌زی و هاته‌وه‌ ناسڕه‌ت‌ و گوێڕایه‌ڵیان بوو، دایكیشی هه‌موو شته‌كانی له‌ دڵیدا هه‌ڵده‌گرت. 52 ئیشۆعیش له‌ دانایی و ته‌مه‌ن و به‌خشش، له‌لای خودا و خه‌ڵكی، گه‌شه‌ی ده‌كرد.

S'ha seleccionat:

لۆقا 2: PNTZS

Subratllat

Comparteix

Copia

None

Vols que els teus subratllats es desin a tots els teus dispositius? Registra't o inicia sessió