لۆقا 5

5
1 له‌و كاته‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌ پاڵه‌په‌ستۆیان ده‌كرد تاكو گوێ له‌ وشه‌ی خودا بگرن، ئه‌و له‌لای ده‌ریای گینیسه‌ڕ ڕاوه‌ستابوو، 2 دوو كه‌شتیی له‌ كه‌ناری ده‌ریاكه‌ بینی، ماسیگران لێیان ده‌رچووبوون و تۆڕه‌كانیان ده‌شوشت. 3 چووه‌ نێو یه‌كێک له‌ كه‌شتیه‌كان، كه‌ هی شیمعون بوو، داوای لێكرد كه‌مێک له‌ وشكایی دووری بخاته‌وه‌، ئینجا دانیشت و له‌نێو كه‌شتیه‌كه‌وه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی ئامۆژگاری ده‌كرد. 4 كاتێ فه‌رمووده‌كانی ته‌واو كرد به‌ شیمعونی فه‌رموو: “دووریبخه‌ره‌وه‌ بۆ قووڵایی و تۆڕه‌كانتان بۆ ڕاوكردن فڕێبده‌ن”. 5 شیمعون وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی وت: “ڕابی، به‌ درێژایی شه‌و ماندووبووین و هیچمان نه‌گرت. به‌ڵام له‌به‌ر فه‌رمووده‌ی تۆ، تۆڕه‌كان فڕێده‌ده‌م”. 6 كاتێ ئه‌مه‌یان كرد ماسییه‌كی زۆر زۆریان گرت، تۆڕه‌كانیان خه‌ریک بوو ده‌دڕا. 7 جا ئاماژه‌یان بۆ هاوكارانی نێو كه‌شتیه‌كه‌ی دیكه‌ كرد، تاكو بێن و یارمه‌تییان بده‌ن، جا هاتن و هه‌ردوو كه‌شتیه‌كه‌یان پڕكرد، تا وایلێهات خه‌ریک بوو نوقوم ببن. 8 شیمعون په‌تڕۆس كه‌ ئه‌مه‌ی بینی و له‌به‌رده‌م چۆكی ئیشۆعدا كه‌وت و وتی: “په‌روه‌ردگار له‌ كه‌شتیه‌كه‌م ده‌رچۆ‌، چونكه‌ من مرۆڤێكی گوناهبارم!” 9 چونكه‌ خۆی و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون سه‌رسام بوون له‌م ماسی گرتنه‌ی هه‌ڵیانگرته‌وه‌، 10 یاقوو و یوخه‌ننه‌نی كوڕه‌كانی زه‌بدیش، هاوبه‌شی شیمعون بوون. ئیشۆع به‌ شیمعونی فه‌رموو: “مه‌ترسه‌! له‌مه‌وپاش خه‌ڵک ڕاو ده‌كه‌یت!” 11 دوای ئه‌وه‌ی كه‌شتیه‌كانیان هێنا وشكایی، هه‌موو شتێكیان به‌جێهێشت و دوای كه‌وتن.
12 جا له‌ یه‌كێک له‌ شاره‌كان بوو، پیاوێكی پڕ له‌ گولی هه‌بوو، كه‌ ئیشۆعی بینی به‌ ڕوودا كه‌وت و لێی پاڕایه‌وه‌ و وتی: “گه‌وره‌م، ئه‌گه‌ر بته‌وێت، ده‌توانی پێگه‌ردم بكه‌یته‌وه‌”. 13 جا ده‌ستی درێژكرد و ده‌ستی لێدا، فه‌رمووی: “ده‌مه‌وێت، بێگه‌ردببه‌وه‌!”. یه‌كسه‌ر گولییه‌كه‌ی لێبووه‌وه‌. 14 ڕایسپارد به‌ كه‌س نه‌ڵێت، به‌ڵكو “بڕۆ خۆت پیشانی كاهین بده‌، بۆ بێگه‌ربوونه‌وه‌كه‌ت ئه‌و قوربانییه‌ی مووشێ فه‌رمانی كردووه‌ بیكه‌، وه‌ک گه‌واهییه‌ک بۆیان”. 15 به‌ڵام هه‌واڵی زیاتر بڵاو ده‌بووه‌وه‌، جا كۆمه‌ڵانێک كۆبوونه‌وه‌ تاكو گوێبگرن و نه‌خۆشییه‌كانیان چاكبێته‌وه‌. 16 به‌ڵام ئه‌و دوورده‌كه‌وته‌وه‌ بۆ ده‌شتوده‌ر و نوێژی ده‌كرد.
17 ڕۆژێكیان ئامۆژگاریی ده‌كرد، په‌ڕیشی و ته‌وراتزانه‌كانیش كه‌ له‌ هه‌موو گونده‌كانی گلیلا و ئیهوود و یروشلایمه‌وه‌ هاتبوون دانیشتبوون، هێزی په‌روه‌ردگاریش چاكیده‌كردنه‌وه‌. 18 چه‌ند پیاوێک هاتن ئیفلیجێكیان به‌ جێگه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌ڵگرتبوو و ده‌یانویست بیهێننه‌ ژووره‌وه‌ و له‌به‌رده‌می دایبنێن. 19 كاتێ له‌به‌ر كۆمه‌ڵه‌كه‌ ڕێیان نه‌بوو بیبه‌نه‌ ژووره‌وه‌، سه‌ركه‌وتنه‌ سه‌ربان و به‌ جێگه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ نێوان خشته‌كاندا بۆ به‌رده‌م ئیشۆع شۆڕیان كرده‌وه‌ ناوه‌ڕاست. 20 كاتێ باوه‌ڕی ئه‌وانی بینی، فه‌رمووی: “كابرا، گوناهه‌كانت به‌خشران”. 21 ته‌وراتزان و په‌ڕیشییه‌كان بیریان ده‌كرده‌وه‌ و ده‌یانووت: “ئه‌مه‌ كێیه‌ كفر ده‌كات؟ بێجگه‌ له‌ خودا كێ ده‌توانێت گوناه‌ ببه‌خشێت؟” 22 ئیشۆعیش هه‌ستی به‌‌ هزریانی كرد، وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و فه‌رمووی: “له‌ دڵتاندا بیری چی ده‌كه‌نه‌وه‌؟
23 كامیان ئاسانتره‌؟ بووترێت: گوناهه‌كانت به‌خشران، یان بووترێت: هه‌سته‌ و ڕێ بكه‌؟ 24 به‌ڵام تاكو بزانن ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وی ده‌سه‌ڵاتی گوناه‌ به‌خشینی هه‌یه”، به‌ ئیفلیجه‌كه‌ی فه‌رموو: “پێت ده‌ڵێم: هه‌سته‌، جێگه‌كه‌ت هه‌ڵگره‌ و بڕۆ ماڵه‌وه‌!”. 25 یه‌كسه‌ر له‌به‌رده‌میان هه‌ستا، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری ڕاكشابوو هه‌ڵیگرت و چۆوه‌ ماڵی خۆی، خوداشی شكۆدار ده‌كرد. 26 هه‌موویان سامگرتوو بوون و خودایان شكۆدار ده‌كرد، پڕبوون له‌ ترس و وتیان: “ئه‌مڕۆ شتی سه‌یرمان بینی!”.
27 دوای ئه‌مه‌ ده‌رچوو، باجگرێكی بینی ناوی لیوی بوو، له‌ شوێنی باجگری دانیشتبوو، پێی فه‌رموو: “دوام بكه‌وه‌”. 28 ئه‌ویش هه‌موو شتێكی به‌جێهێشت، هه‌ستا و دوای كه‌وت. 29 لیوی له‌ ماڵی خۆیدا میواندارییه‌كی گه‌وره‌ی بۆ كرد، زۆر له‌ باجگران و خه‌ڵكی دیكه‌ له‌گه‌ڵیان له‌سه‌ر خوان بوون. 30 جا په‌ڕیشی و ته‌وراتزانه‌كانیان بۆڵه‌بۆڵیان له‌سه‌ر قوتابییه‌كانی كرد و ده‌یانووت: “بۆچی له‌گه‌ڵ باجگر و گوناهباران ده‌خۆن و ده‌خۆنه‌وه‌؟” 31 ئیشۆعیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “له‌شساغ پێویستی به‌ پزیشک نییه‌، به‌ڵكو نه‌خۆش. 32 نه‌هاتووم بێتاوانان بانگ بكه‌م، به‌ڵكو گوناهباران بۆ تۆبه‌كردن”.
33 ئینجا پێیان وت: “بۆچی قوتابییه‌كانی یوخه‌ننه‌ن زۆر ڕۆژوو ده‌گرن و نزا ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها قوتابیه‌كانی په‌ڕیشییه‌كان، به‌ڵام قوتابیه‌كانی تۆ ده‌خۆن و ده‌خۆنه‌وه‌؟”. 34 پێی فه‌رموون: “ئایا ده‌توانن وا بكه‌ن شاییگێڕان به‌ڕۆژوو بن، كاتێ زاوا له‌گه‌ڵیانه‌؟ 35 به‌ڵام ڕۆژانێک دێت كه‌ زاوایان له‌نێوانیان به‌رز ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌وسا له‌و ڕۆژانه‌دا به‌ڕۆژوو ده‌بن”. 36 هه‌روه‌ها په‌ندێكی بۆ هێنانه‌وه‌: “كه‌س په‌ڕۆیه‌كی نوێ ناكاته‌ پینه‌ بۆ كونی جلێكی كۆن، چونكه‌ نوێیه‌كه‌ ده‌دڕێت و كۆنه‌كه‌ش ناگونجێت له‌گه‌ڵ پینه‌ نوێیه‌كه‌. 37 كه‌سیش مه‌یی نوێ ناكاته‌ نێو مه‌شكه‌ی كۆنه‌وه‌، نه‌وه‌ک مه‌یه‌ نوێیه‌كه‌ مه‌شكه‌كه‌ بدڕێنێت و بڕژێت، مه‌شكه‌كه‌ش له‌ناوبچێت. 38 به‌ڵكو مه‌یی نوێ ده‌كرێته‌ مه‌شكه‌ی نوێوه‌، جا هه‌مووی پارێزراو ده‌بێت. 39 كه‌سیش نییه‌ مه‌یی كۆن بخواته‌وه‌ و ئاره‌زووی نوێ بكات، چونكه‌ ده‌ڵێت: كۆنه‌كه‌ خۆشتره‌”.

S'ha seleccionat:

لۆقا 5: PNTZS

Subratllat

Comparteix

Copia

None

Vols que els teus subratllats es desin a tots els teus dispositius? Registra't o inicia sessió