یۆحەنا 5
5
چاککردنەوەی نەخۆشێک لەلای حەوزی بێتحەسدا
1پاش ماوەیەک لە کاتی جەژنێکی جولەکەدا، عیسا چوو بۆ ئۆرشەلیم. 2لە ئۆرشەلیم لەلای دەروازەی مەڕ حەوزێک هەبوو بە عیبری پێیان دەگوت بێتحەسدا، بە دەوریدا پێنج ڕێڕەوی سەر داپۆشراو هەبوو کە هەردوو لایان بە کۆڵەکە گیرابوون. 3لەوێ خەڵکێکی زۆر ڕاکشابوون، نەخۆش و کوێر و شەل و گۆج، [چاوەڕێی جوڵانی ئاوەکە بوون، 4چونکە هەندێک جار فریشتەیەکی یەزدان دادەبەزی بۆ ناو حەوزەکە و ئاوەکەی دەجوڵاند، جا ئەوەی یەکەم کەس دەچووە ناو حەوزەکەوە، هەر نەخۆشییەکی هەبووایە چاک دەبووەوە.] 5کابرایەک لەوێ بوو کە سی و هەشت ساڵ نەخۆش بوو. 6کاتێک عیسا ئەم کابرایەی بینی پاڵکەوتووە و زانی ماوەیەکی زۆرە وایە، پێی فەرموو: «دەتەوێ چاکبیتەوە؟»
7نەخۆشەکە وەڵامی دایەوە: «گەورەم، کاتێک ئاوەکە دەجوڵێت، کەسم نییە بمخاتە ناو حەوزەکەوە. هەروەها کاتێکیش هەوڵ دەدەم بڕۆم، یەکێکی دیکە پێش من دەچێتە ناوی.»
8عیساش پێی فەرموو: «هەستە! نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆ!» 9دەستبەجێ کابرا چاک بووەوە، نوێنەکەی هەڵگرت و ڕۆیشت.
ئەو ڕۆژەش شەممە بوو، 10لەبەر ئەوە ڕابەرانی جولەکە بە کابرای چاکبووەوەیان گوت: «شەممەیە و دروست نییە نوێنەکەت هەڵگریت.»
11کابرا وەڵامی دانەوە: «ئەوەی چاکیکردمەوە پێی فەرمووم: ”نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆ.“»
12لێیان پرسی: «ئەو پیاوە کێیە کە پێی گوتی: ”هەڵیبگرە و بڕۆ“؟»
13بەڵام کابرای چاک بووەوە نەیدەزانی کێیە، چونکە عیسا لەناو ئەو خەڵکەی لەوێ بوون بە نهێنی دوور کەوتەوە.
14دوای ئەوە عیسا ئەوی لە پەرستگا بینییەوە و پێی فەرموو: «ئەوەتا چاکبوویتەوە. ئیتر گوناه مەکە، نەوەک خراپترت بەسەربێت.» 15کابراش چوو و بە ڕابەرانی جولەکەی گوت کە عیسا بووە چاکیکردووەتەوە.
دەسەڵاتی مەسیح
16لەبەر ئەوەی کە عیسا ئەم کارانەی لە ڕۆژی شەممەدا دەکرد، ڕابەرانی جولەکە دەستیان کرد بە چەوساندنەوەی. 17بەڵام عیسا لە بەرامبەردا فەرمووی: «هەتا ئێستا باوکم کار دەکات، منیش کار دەکەم.» 18لەبەر ئەم هۆیە جولەکەکان زیاتر هەوڵیان دەدا بیکوژن، چونکە تەنها شەممەی نەدەشکاند#5:18 یەکێک لە ڕاسپاردە گرنگەکانی جولەکە ئەوەیە کە لە ڕۆژی شەممە کردنی هەموو کارێک قەدەغەیە.، بەڵکو دەیگوت کە خودا باوکیەتی، خۆی لەگەڵ خودا یەکسان دەکرد.
19لەبەر ئەوە عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: کوڕەکە ناتوانێت لە خۆیەوە هیچ شتێک بکات ئەوە نەبێت کە دەیبینێت باوک دەیکات، چونکە هەرچی باوک دەیکات، کوڕەکەش دەیکات. 20باوک کوڕی خۆی خۆشدەوێت و هەموو ئەوەی پیشان دەدات کە دەیکات، کاری لەمانەش مەزنتری پیشان دەدات، تاکو سەرسام بن. 21وەک چۆن باوک مردووان هەڵدەستێنێتەوە و زیندوو دەکاتەوە، کوڕەکەش ئەوەی بیەوێت زیندووی دەکاتەوە. 22هەروەها باوک کەس حوکم نادات، بەڵکو هەموو حوکمدانی داوەتە دەست کوڕەکە، 23تاکو هەموو ڕێزی کوڕەکە بگرن وەک چۆن ڕێزی باوک دەگرن. ئەوەی ڕێزی کوڕەکە نەگرێ، ڕێزی باوکیش ناگرێ کە ناردوویەتی.
لە مردنەوە بەرەو ژیان
24«ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی گوێ لە وشەکەم بگرێت و باوەڕ بهێنێت بەوەی ناردوومی ژیانی هەتاهەتایی دەبێت و حوکم نادرێت، بەڵکو لە مردنەوە بۆ ژیان گواستراوەتەوە. 25ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: کاتێک دێت کە ئێستایە، کاتێک مردووان دەنگی کوڕی خودا دەبیستن، گوێگرانیش زیندوو دەبنەوە، 26چونکە وەک باوک ژیانی لە خۆیدا هەیە، بە کوڕەکەشی داوە ژیانی لە خۆیدا هەبێت.#5:26 ژیانی لە خۆیدا هەیە: خۆی سەرچاوەی ژیانی خۆیەتی. 27دەسەڵاتی حوکمدانیشی داوەتێ، چونکە ئەو کوڕی مرۆڤە.
28«لەمە سەرسام مەبن، چونکە کاتێک دێت هەموو ئەوانەی لەناو گۆڕدان دەنگی دەبیستن و 29دێنە دەرەوە، ئەوانەی کرداری چاکیان کردووە هەڵدەستنەوە بۆ ئەوەی بژین، بەڵام ئەوانەی کرداری خراپیان کردووە هەڵدەستنەوە بۆ ئەوەی حوکم بدرێن. 30لە خۆمەوە ناتوانم هیچ بکەم. وەک دەبیستم حوکم دەدەم، حوکمدانەکەشم دادپەروەرانەیە، چونکە داوای خواستی خۆم ناکەم، بەڵکو خواستی ئەوەی ناردوومی.
شایەتی باوک بۆ کوڕی خۆی
31«ئەگەر خۆم شایەتی بۆ خۆم بدەم شایەتییەکەم ڕاست نییە. 32یەکێکی دیکە شایەتیم بۆ دەدات، منیش دەزانم ئەو شایەتییەی بۆ منی دەدات ڕاستە.
33«نێردراوتان ناردە لای یەحیا، ئەویش شایەتی بۆ ڕاستی دا. 34من شایەتی مرۆڤ وەرناگرم، ئەمانەش دەڵێم تاکو ئێوە ڕزگاربن. 35ئەو چرایەکی هەڵگیرساو و بریسکەدار بوو، دەتانویست ماوەیەک بە ڕووناکییەکەی دڵخۆش بن.
36«بەڵام من شایەتییەکم هەیە لەوەی یەحیا گرنگترە، چونکە ئەو کارانەی باوکم پێیداوم تەواوی بکەم، ئەم کارانە خۆیان شایەتیم بۆ دەدەن کە باوکم منی ناردووە. 37باوکیشم کە ناردوومی، خۆی شایەتیم بۆ دەدات. ئێوە هەرگیز دەنگیتان نەبیستووە و ڕواڵەتیتان نەبینیوە، 38فەرمایشتەکەشی لە دڵی ئێوەدا نامێنێتەوە، چونکە ئەوەی ئەو ناردوویەتی ئێوە باوەڕی پێ ناکەن. 39نووسراوە پیرۆزەکان#5:39 پەیمانی کۆن. دەپشکنن، چونکە وا دەزانن ژیانی هەتاهەتایی بۆ ئێوە تێدایە. ئەم نووسراوانەش شایەتیم بۆ دەدەن، 40بەڵام ناتانەوێ بێنە لام تاکو ژیانتان هەبێت.
41«من شکۆ لە خەڵک وەرناگرم. 42بەڵام ئێوەم ناسی کە خۆشەویستی خوداتان لە دڵدا نییە. 43بە ناوی باوکمەوە هاتووم، پێشوازیم لێ ناکەن، بەڵام ئەگەر یەکێکی دیکە بە ناوی خۆیەوە بێت، پێشوازی لێدەکەن. 44چۆن دەتوانن باوەڕ بهێنن ئەگەر شکۆمەندی لە یەکتری وەربگرن و داوای ئەو شکۆمەندییە نەکەن کە لە تاکە خوداوەیە؟
45«وا مەزانن من لەلای باوک سکاڵاتان لێ دەکەم. یەکێک هەیە سکاڵاتان لێ بکات، کە موسایە، ئەوەی هیواتان پێیەتی. 46ئەگەر باوەڕتان بە موسا بکردایە، باوەڕتان بە منیش دەکرد، چونکە لەبارەی منەوە نووسیویەتی. 47ئەگەر باوەڕیش بە نووسراوی ئەو نەکەن، چۆن باوەڕ بە وتەکانی من دەکەن؟»
S'ha seleccionat:
یۆحەنا 5: KSS
Subratllat
Comparteix
Copia
Vols que els teus subratllats es desin a tots els teus dispositius? Registra't o inicia sessió
کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™
مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ Biblica, Inc.
بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™
Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc.
Used with permission. All rights reserved worldwide.