لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یه‌كه‌م قۆرنتێ 7

7
1 سه‌باره‌ت به‌و شتانه‌ی كه‌ ده‌رباه‌ری بۆمتان نووسی: باشه‌ بۆ پیاو ژن نه‌هێنێت. 2 به‌ڵام له‌به‌ر داوێنپیسی، با هه‌ر پیاوێك ژنی خۆی هه‌بێت و هه‌ر ژنێك مێردی خۆی هه‌بێت. 3 مێرد له‌سه‌ریه‌تی ئه‌ركی مافی ژنه‌كه‌ی به‌جێ بگه‌یه‌نێت، هه‌روه‌ها ژنیش بۆ مێرد. 4 ژن ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر له‌شی خۆیدا نییه‌، به‌ڵكو بۆ مێرده‌، مێردیش ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر له‌شی خۆیدا نییه‌، به‌ڵكو بۆ ژنه‌. 5 خۆتان له‌ یه‌كتری بێبه‌ش مه‌كه‌ن، مه‌گه‌ر به‌ ڕێككه‌وتن بۆ ماوه‌یه‌ك تاكو بۆ ڕۆژوو و نوێژ ده‌ستبه‌تاڵ بن، دواتر له‌گه‌ڵ یه‌كتری جووت بنه‌وه‌، نه‌وه‌ك به‌هۆی خۆڕانه‌گرتنتانه‌وه‌ شه‌یتان تاقیتان بكاته‌وه‌. 6 به‌ڵام ئه‌مه‌ی ده‌یڵێم، وه‌ك ڕێگادانه‌ نه‌ك فه‌رمان. 7 هیوادارم هه‌موو خه‌ڵك وه‌ك من بن، به‌ڵام هه‌ریه‌كه‌ له‌لایه‌ن خوداوه‌ به‌هره‌ی خۆی هه‌یه‌، هی یه‌كێك ئاوایه‌ و ئه‌وه‌ی دیكه‌ش ئاوا.
8 به‌ڵام ئه‌وانه‌ی هاوسه‌رگیرییان نه‌كردووه‌ و بێوه‌ژنانیش، پێیان ده‌ڵێم: بۆیان باشه‌ ئه‌گه‌ر وه‌ك من بمێننه‌وه‌. 9 به‌ڵام ئه‌گه‌ر خۆیان ڕانه‌گرت، با هاوسه‌رگیری بكه‌ن، چونكه‌ هاوسه‌رگیری له‌ گڕگرتن باشتره‌. 10 به‌ڵام بۆ هاوسه‌ران، ڕایانده‌سپێرم، من نیم به‌ڵكو په‌روه‌ردگاره‌: با ژن له‌ مێرده‌كه‌ی جیا نه‌بێته‌وه‌، 11 ئه‌گه‌ریش لێی جیابووه‌وه‌، با بێ مێرد بمێنێته‌وه‌ یان مێرده‌كه‌ی ئاشت بكاته‌وه‌. مێردیش با له‌ ژنه‌كه‌ی جیا نه‌بێته‌وه‌. 12 ئه‌وانی دیكه‌، من پێیان ده‌ڵێم نه‌ك په‌روه‌ردگار: ئه‌گه‌ر برایه‌ك ژنێكی بێباوه‌ڕی هه‌بوو، ژنه‌كه‌ش ڕازی بوو له‌گه‌ڵیدا بژیێت، با لێی جیا نه‌بێته‌وه‌. 13 ئه‌گه‌ر ژنیش مێردێكی بێباوه‌ڕی هه‌بوو، مێرده‌كه‌ ڕازی بوو له‌گه‌ڵیدا بژیێت، با لێی جیا نه‌بێته‌وه‌. 14 چونكه‌ مێرده‌ بێباوه‌ڕه‌كه‌ له‌ ژندا پارسایه‌ و ژنی بێباوه‌ڕ له‌ پیاودا پارسایه‌، ئه‌گینا منداڵتان گڵاون، به‌ڵام ئێستا پارسا‌ن. 15 به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێباوه‌ڕه‌كه‌ خۆی جیا كرده‌وه‌، با جیا بێته‌وه‌. له‌ باری ئاوادا براكه‌ یان خوشكه‌كه‌ نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو خودا بۆ ئاشتی بانگی كردووین. 16 چونكه‌ ئه‌ی ژن، چۆن ده‌زانی ئاخۆ مێرده‌كه‌ت ڕزگاری ده‌بێت؟ یان ئه‌ی مێرد، چۆن ده‌زانی ئاخۆ ژنه‌كه‌ت ڕزگاری ده‌بێت؟ 17 له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، با هه‌ر یه‌كێك به‌ پێی به‌شكردنی په‌روه‌ردگار، وه‌ك خودا بانگی كردووه‌، ئاوا بگوزه‌رێنێت. منیش له‌ هه‌موو وارگه‌كان ئاوا فه‌رمان ده‌ده‌م. 18 ئه‌وه‌ی به‌ خروسه‌بڕاوی بانگكراوه‌، با نه‌بێته‌وه‌ خروسه‌نه‌بڕاو. ئه‌وه‌ش به‌ خروسه‌نه‌بڕاوی بانگكراوه‌، با خروسه‌بڕان نه‌كات. 19 خروسه‌بڕان هیچ نییه‌، خروسه‌ نه‌بڕینیش هیچ نییه‌، به‌ڵكو پاراستنی ڕاسپارده‌كانی خودا. 20 با هه‌ر یه‌كێك له‌و بانگه‌وازییه‌دا بمێنێته‌وه‌ كه‌ تیایدابووه‌ كاتێ خودا بانگی كردووه‌. 21 ئه‌گه‌ر به‌ كۆیله‌یی بانگكرایت؟ گوێی مه‌ده‌رێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر توانیت ئازاد بیت، بیكه‌. 22 چونكه‌ ئه‌وه‌ی كۆیله‌ بووه‌ و له‌ په‌روه‌ردگار بانگكراوه‌، ده‌بێته‌ ئازادی په‌روه‌ردگار. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی ئازاد بووه‌ و بانگكراوه‌ ده‌بێته‌ كۆیله‌ی مه‌سیح. 23 چونكه‌ ئێوه‌ به‌ نرخێك كڕاون، مه‌بنه‌ كۆیله‌ی خه‌ڵک. 24 برایان، هه‌ر یه‌كێك له‌ چیدا بانگكراوه‌، با له‌گه‌ڵ خودا له‌مه‌دا بمێنێته‌وه‌.
25 ده‌رباره‌ی كچان و كوڕان، فه‌رمانێكی په‌روه‌ردگارم نییه‌، به‌ڵام بۆچوونێك ده‌ده‌م وه‌ك یه‌كێك په‌روه‌ردگار به‌زه‌یی پێدا هاتبێته‌وه‌ كه‌وا جێی متمانه‌ بێت. 26 وابزانم، له‌به‌ر ئه‌م ته‌نگانه‌یه‌ی ئێستا، باشه‌ بۆ مرۆڤ ئاوا بمێنێته‌وه‌. 27 ئایا تۆ به‌ ژنه‌وه‌ به‌ستراویته‌وه‌؟ داوای جیا بوونه‌وه‌ مه‌كه‌. ئایا تۆ به‌ ژن نه‌به‌ستراویته‌وه‌؟ داوای ژن مه‌كه‌. 28 به‌ڵام ئه‌گه‌ر ژن بهێنیت هه‌ڵه‌ت نه‌كردووه‌، ئه‌گه‌ر پاكیزه‌ش مێرد بكات هه‌ڵه‌ی نه‌كردووه‌. به‌ڵام ئه‌وانه‌ له‌م ژیانه‌ تووشی ماندووێتی ده‌بن، جا من ده‌مه‌وێ تووشتان نه‌كه‌م. 29 خوشكان، برایان، ئه‌مه‌ ده‌ڵێم: له‌ئێستاوه‌ كاته‌كه‌ كورت كراوه‌ته‌وه‌، تاكو ئه‌وه‌ی ژنی هه‌یه‌ وه‌ك نه‌یبێت، 30 ئه‌وانه‌ی ده‌گریێن وه‌ك نه‌گریێن، ئه‌وانه‌ی شادن وه‌ك شاد نه‌بن، ئه‌وانه‌ی ده‌كڕن وه‌ك موڵكیان نه‌بێت، 31 ئه‌وانه‌ی جیهان به‌كارده‌هێنن وه‌ك هه‌ر به‌كاری نه‌هێنن، چونكه‌ وێنه‌ی ئه‌م جیهانه‌ ڕووه‌و نه‌مانه‌. 32 جا ده‌مه‌وێ ئێوه‌ بێ خه‌م بن. ئه‌وه‌ی ژنی نه‌هێناوه‌ بایه‌خ به‌ كاروباری په‌روه‌ردگار ده‌دات، چۆن په‌روه‌ردگار ڕازی بكات. 33 به‌ڵام هاوسه‌ردار بایه‌خ به‌ كاروباری جیهان ده‌دات، چۆن ژنه‌كه‌ی ڕازی بكات، 34 جیاوازی هه‌یه‌ نێوان ژنی بێ مێرد و پاكیزه‌: چونكه‌ پاكیزه‌ گرنگی به‌ كاروباری په‌روه‌ردگار ده‌دات، تاكو له‌ش و ڕووحی پارسا بێت. به‌ڵام شووكردوو بایه‌خ به‌ كاروباری جیهان ده‌دات، چۆن مێرده‌كه‌ی ڕازی بكات.
35 ئه‌مه‌ بۆ چاكه‌تان ده‌ڵێم، نه‌ك تووشی كۆتێكتان بكه‌م، به‌ڵكو بۆ ڕێز و ته‌رخانكراوییه‌ بۆ په‌روه‌ردگار، بێ په‌شێوی. 36 به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێك بیر ده‌كاته‌وه‌ كه‌ نه‌شیاوی ده‌كات له‌گه‌ڵ پاكیزه‌كه‌ی و ئه‌گه‌ر كاتی به‌سه‌رچوو بێت، پێویست بوو ئاواش بێت، چۆنی حه‌ز لێیه‌ با بیكات و گوناه‌ ناكات، با ببنه‌ هاوسه‌ر. 37 به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ دڵه‌وه‌ بڕیاری دابێت و ناچار نه‌بێت، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتی له‌سه‌ر خواستی خۆی هه‌بێت، ئه‌و بڕیاره‌ش كه‌ له‌ دڵه‌وه‌ داویه‌تی بۆ هێشتنه‌وه‌ی پاكیزه‌كه‌ی خۆی، ئه‌وا چاك ده‌كات. 38 كه‌واته‌، ئه‌وه‌ی پاكیزه‌كه‌ی به‌ مێرد ده‌دات، چاك ده‌كات، ئه‌وه‌ش كه‌ به‌ مێرد نادات، چاكتر ده‌كات. 39 ژن به‌ستراوه‌یه‌ تاكو مێرده‌كه‌ی زیندووه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر مێرده‌كه‌ی مرد، ئه‌وا ئازاده‌ ئه‌وه‌ی بیه‌وێ شووی پێ بكاته‌وه‌، ته‌نها له‌ په‌روه‌ردگار. 40 به‌ڵام به‌ بۆچوونی من، به‌خته‌وه‌رتره‌ ئه‌گه‌ر ئاوا بمێنێته‌وه‌ وا بزانم منیش ڕووحی خودام هه‌یه‌.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

یه‌كه‌م قۆرنتێ 7: PNTZS

بەرچاوکردن

هاوبەشی بکە

لەبەرگرتنەوە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە