لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووه‌م قۆرنتێ 1:12-13

دووه‌م قۆرنتێ 1:12-13 PNTZS

باش نیه‌‌ شانازی بكه‌م‌، جا بۆ بینینی په‌روه‌ردگار و ئاشكراكراوی ئه‌و دێم. مرۆڤێک ده‌ناسم له‌ مه‌سیحدا، پێش چوارده‌ ساڵ بۆ ئاسمانی سێیه‌م ڕفێندرا، ئایا به‌ له‌شه‌وه‌ یاخود بێ له‌ش، نازانم، خودا ده‌زانێت. ده‌زانم ئه‌م مرۆڤه‌ به‌ له‌شه‌وه‌ یاخود بێ له‌ش، نازانم، خودا ده‌زانێت بۆ به‌هه‌شت ڕفێندرا، قسه‌یه‌كی بیست كه‌ ده‌رنابڕدرێت و مرۆڤ نابێت باسی بكات. به‌مه‌ شانازی ده‌كه‌م، به‌ڵام شانازی به‌خۆم ناكه‌م، مه‌گه‌ر به‌ لاوازییه‌كانم. چونكه‌ ئه‌گه‌ر بمه‌وێت شانازی بكه‌م، گێل نابم، چونكه‌ ڕه‌وا ده‌ڵێم، به‌ڵام خۆم ده‌پارێزم نه‌وه‌ک یه‌كێک وا له‌ من بگات زیاتر له‌وه‌ی ده‌مبینن و لێم ده‌بیستن. نه‌وه‌ک به‌ گه‌وره‌یی ئاشكرا كراوان لووتبه‌رز بم، له‌ جه‌سته‌دا دڕكێكم بێ درا، فریشته‌ی شه‌یتان ئازارم ده‌دات، تاكو لووتبه‌رز نه‌بم. بۆ ئه‌مه‌ سێ جار له‌ په‌روه‌ردگار پاڕامه‌وه‌ له‌ كۆڵم بكاته‌وه‌، پێی فه‌رمووم: “به‌خششی منت به‌سه‌، چونكه‌ هێزی من له‌ لاوازی ته‌واو ده‌بێت”. بۆیه‌ به‌وپه‌ڕی شادییه‌وه‌ شانازی به‌ لاوازیم ده‌كه‌م، تاكو هێزی مه‌سیح بێته‌ سه‌رم. بۆیه‌ له‌ پێناوی مه‌سیحدا، به‌ لاوازی و جنێودان و ناخۆشی و چه‌وسانه‌وه‌ و ته‌نگانه‌ دڵخۆش ده‌بم، چونكه‌ هه‌ر كاتێ لاوازبم ئه‌وا به‌هێزم. بوومه‌ گێل و شانازیم كرد، ئێوه‌ ناچارتان كردم! چونكه‌ ده‌بووایه‌ له‌لایه‌ن ئێوه‌وه‌ ستایش بكرێم، چونكه‌ هیچم له‌ په‌یامبه‌ره‌ به‌رزه‌كان كه‌متر نییه‌، هه‌رچه‌نده‌ هیچ نیم. به‌وپه‌ڕی دانبه‌خۆداگرتنه‌وه‌ په‌رجوه‌كانی په‌یامبه‌ر له‌نێوانتاندا ئه‌نجام دراوه‌، به‌ نیشانه‌ و كاری سه‌یر و په‌رجو. چونكه‌ چیتان له‌ وارگه‌كانی دیكه‌ كه‌متره‌، جگه‌ له‌وه‌ی خۆشم بارم گران نه‌كردوون؟ له‌م هه‌ڵه‌یه‌ بمبه‌خشن!