لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

كردار 1

1
1 به‌ڕێز تیئۆپیلا، له‌ سیپاره‌ی یه‌كه‌ممدا ده‌رباره‌ی هه‌موو ئه‌وه‌ی ئیشۆع ده‌ستی پێكرد بیكات و فێری بكات نووسیومه‌، 2 تاكو ئه‌و ڕۆژه‌ی تیایدا به‌رزبووه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی به‌ ڕووحی پارسا ئه‌و په‌یامبه‌رانه‌ی ڕاسپارد كه‌ هه‌ڵیبژاردن. 3 دوای ئازار چێژتنی به‌ به‌ڵگه‌ی زۆر به‌ زیندوویی خۆی پیشاندان، له‌ ماوه‌ی چل ڕۆژدا بۆیان ده‌ركه‌وت و سه‌باره‌ت به‌ پاشایه‌تیی خودا بۆیان دوا. 4 كاتێ له‌گه‌ڵیان كۆبووه‌وه‌، ڕایسپاردن كه‌ “یروشلایم به‌جێ مه‌هێڵن، به‌ڵكو چاوه‌ڕێی به‌ڵێنه‌كه‌ی باوک بكه‌ن كه‌ له‌ منه‌وه‌ بیستتان. 5 چونكه‌ یوخه‌ننه‌ن به‌ ئاو عه‌مادی كرد، به‌ڵام ئێوه‌ پاش چه‌ند ڕۆژێكی كه‌م به‌ ڕووحی پارسا عه‌ماد ده‌كرێن”. 6 ئه‌وانه‌ی پێكه‌وه‌ كۆببوونه‌وه‌ لێیان پرسی و وتیان: “په‌روه‌ردگار، ئایا له‌م كاته‌دا پاشایه‌تی بۆ ئیسڕائیل ده‌گه‌ڕێنیته‌وه‌؟” 7 پێی فه‌رموون: “بۆتان نییه‌ ئه‌و كات و سه‌رده‌مانه‌ بزانن كه‌ باوک به‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆی دایناون. 8 به‌ڵام كاتێ ڕووحی پارساتان دێته‌ سه‌ر هێزێک وه‌رده‌گرن، بۆ من ده‌بنه‌ گه‌واهیده‌ر، له‌ یروشلایم و هه‌موو ئیهوود و شمرن، تاكو ئه‌وپه‌ڕی زه‌وی”.
9 كه‌ ئه‌مه‌ی فه‌رموو و ئه‌وانیش ته‌ماشایان ده‌كرد، به‌رزبووه‌وه‌. هه‌ورێک له‌به‌رچاویان شاردییه‌وه‌. 10 كاتێ ئه‌و ده‌ڕۆیی، ئه‌وان سه‌رنجیان له‌ ئاسماندا بوو، دوو پیاو به‌ جلی سپییه‌وه‌ له‌لایانه‌وه‌ ڕاوه‌ستاون. 11 وتیان: “گلیلاییه‌كان، چیتانه‌ ڕاوه‌ستاون سه‌یری ئاسمان ده‌كه‌ن؟ ئه‌م ئیشۆعه‌، كه‌ له‌نێوانتاندا بۆ ئاسمان به‌رزبووه‌وه‌، چۆن بینیتان ده‌چووه‌ ئاسمان، ئاواش دێته‌وه‌”. 12 ئینجا له‌و كێوه‌ی پێی ده‌ووترا كێوی زه‌یتوون گه‌ڕانه‌وه‌ یروشلایم كه‌ به‌قه‌د ڕێكردنێكی شه‌ممه‌ له‌ یروشلایم نزیک بوو. 13 كاتێ چوونه‌ ژووره‌وه‌، چوونه‌ ژووره‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌ كه‌ تیایدا ده‌مانه‌وه‌، په‌تڕۆس و یاقوو و یوخه‌ننه‌ن و ئه‌ندراوس و پیلیپوس و تۆما، به‌رتولمه‌ی و مه‌تته‌ی و یاقووی كوڕی خه‌لپه‌ی، شیمعونی دڵگه‌رم و ئیهوودای برای یاقوو. 14 هه‌موو به‌ یه‌ک دڵ به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر نوێژكردن و نزا، له‌گه‌ڵ ژنه‌كان و مه‌ریه‌می دایكی ئیشۆع و برایانی.
15 ڕۆژێكیان په‌تڕۆس له‌نێوان قوتابیاندا ڕاوه‌ستا كه‌ نزیكه‌ی سه‌د و بیست برا ده‌بوون، وتی: 16 “برایان، ده‌بووایه‌ سیپاره‌كه‌ بێته‌ دی، كه‌ پێشتر ده‌رباه‌ری ئیهوودا، ڕووحی پارسا به‌ زمانی داوید فه‌رموویه‌تی، كه‌ بووه‌ ڕێبه‌ر بۆ ئه‌وانه‌ی ئیشۆعیان ده‌ستگیر كرد. 17 له‌ ئێمه‌ ده‌ژمێردرا و له‌م ڕاژه‌یه‌دا به‌شی هه‌بوو. 18 به‌ پاداشتی سته‌م كێڵگه‌یه‌كی كڕی، به‌ڵام به‌ده‌مدا كه‌وت و له‌ناوه‌ڕاسته‌وه‌ شه‌قبوو، هه‌موو هه‌ناوی هاته‌ ده‌ره‌وه‌. 19 هه‌موو دانیشتووانی یروشلایم به‌مه‌یان زانی، ته‌نانه‌ت له‌ زمانی خۆیان ئه‌و كێڵگه‌یان ناونا، “حه‌قلد دمما”، واتا: “كێڵگه‌ی خوێن”. 20 چونكه‌ له‌ سیپاره‌ی په‌سنیه‌كاندا نووسراوه‌: {ماڵی كاول بێت و كه‌س تیایدا نیشته‌جێ نه‌بێت}. هه‌روه‌ها: {با یه‌كێكی دیكه‌ ئه‌ركه‌كه‌ی ئه‌و وه‌ربگرێت}. 21 كه‌واته‌ پێویسته‌ ئه‌و پیاوانه‌ی یاوه‌رمان بوون، به‌ درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ی ئیشۆعی په‌روه‌ردگار هاته‌ نێومان و ده‌رچوو، 22 له‌ عه‌مادكردنه‌كه‌ی یوخه‌ننه‌نه‌وه‌ تاكو ئه‌و ڕۆژه‌ی لێمان به‌رزبووه‌وه‌، یه‌كێک له‌وان له‌گه‌ڵمان ببێته‌ گه‌واهیده‌ری هه‌ستانه‌وه‌كه‌ی”. 23 جا دووانیان هێنایه‌ پێشه‌وه‌: یۆسپ كه‌ به‌ به‌ڕشه‌ببا ناوده‌برا و نازناوی یوستوس بوو، له‌گه‌ڵ مه‌تیاس. 24 نوێژیان كرد و وتیان: “ئه‌ی په‌روه‌ردگار، تۆ دڵی هه‌مووان ده‌زانیت، بۆمان ده‌ربخه‌ له‌م دووانه‌ كامه‌یانت هه‌ڵبژاردووه‌، 25 تاكو شوێنی ئه‌و ڕاژه‌ و په‌یامبه‌رێتییه‌ بگرێته‌وه‌، كه‌ ئیهوودا لێی لادا، تاكو بچێته‌ شوێنی خۆی”. 26 ئینجا تیروپشكیان بۆ كردن و تیروپشكه‌كه‌ مه‌تیاسی گرته‌وه‌، له‌گه‌ڵ یازده‌ په‌یامبه‌ره‌كه‌ ژمێردرا.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

كردار 1: PNTZS

بەرچاوکردن

هاوبەشی بکە

لەبەرگرتنەوە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە