لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

كردار 22

22
1 “برایان و باوكان، ئێستا گوێ له‌و به‌رگرییه‌ بگرن كه‌ له‌ خۆمی ده‌كه‌م”. 2 كاتێ گوێیان لێبوو به‌ زمانی عیبری قسه‌یان بۆ ده‌كات زیاتر بێده‌نگ بوون. ئه‌ویش وتی: 3 “من جووم، له‌ ته‌رسوسی قیلیقیا له‌دایكبووم، به‌ڵام له‌م شاره‌دا گه‌وره‌ بووم، له‌به‌رده‌ستی گه‌ملیئێل به‌ توندی به‌گوێره‌ی ته‌وراتی باوكانمان فێركراوم. زۆر دڵگه‌رم بووم بۆ خودا، وه‌ک هه‌مووتان ئه‌مڕۆ. 4 تاكو مردن ئه‌م ڕێگایه‌م چه‌وسانده‌وه‌، ژن و پیاوم ده‌گرت و ڕاده‌ستی زیندانم ده‌كردن، 5 وه‌كو كاهینی باڵا و هه‌موو پیران گه‌واهیم بۆ ده‌ده‌ن. په‌یامم بۆ برایانی دره‌مسوق له‌وان وه‌رگرت، چووم تاكو ئه‌وانه‌ی ئه‌وێش به‌ به‌ندكراوی بهێنمه‌ یروشلایم تاكو سزا بدرێن. 6 ئه‌وه‌بوو كاتێ ده‌ڕۆیشتم و له‌ نیوه‌ڕۆدا له‌ دره‌مسوق نزیک ده‌بوومه‌وه‌، له‌ناكاو له‌ ئاسمانه‌وه‌ ڕووناكییه‌كی مه‌زن له‌ ده‌وروبه‌رم دره‌وشایه‌وه‌. 7 كه‌وتمه‌ سه‌ر زه‌وی و گوێم له‌ ده‌نگێک بوو پێی فه‌رمووم: شاوول! شاوول! بۆچی ده‌مچه‌وسێنیته‌وه‌؟ 8 وه‌ڵامم دایه‌وه‌: گه‌وره‌م، تۆ كێی؟ پێی فه‌رمووم: من ئیشۆعی ناسڕه‌تیم، ئه‌وه‌ی تۆ ده‌یچه‌وسێنیته‌وه‌. 9 هاوڵانم ڕووناكییه‌كه‌یان بینی و ترسیان لێ نیشت، به‌ڵام له‌و ده‌نگه‌ تێنه‌گه‌یشتن كه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵم ده‌كرد. 10 وتم: ئه‌ی په‌روه‌ردگار، چی بكه‌م؟ په‌روه‌ردگار پێی فه‌رمووم: هه‌سته‌ بڕۆ دره‌مسوق، له‌وێ هه‌موو ئه‌وه‌ی بۆت دانراوه‌ بیكه‌یت، پێت ده‌ووترێ. 11 جا له‌به‌ر هێزی ڕووناكییه‌كه‌ نه‌مده‌بینی، ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵم بوون ده‌ستیان گرتم و هێنامیانه‌ دره‌مسوق.
12 پیاوێک به‌ ناوی خنه‌نیا، به‌گوێره‌ی ته‌ورات له‌خواترس بوو، هه‌موو جووی ئه‌وێ گه‌واهییان بۆ ده‌دا. 13 هاته‌ لام، وه‌ستا و پێی وتم: شاوولی برام، ببینه‌! یه‌كسه‌ر ئه‌وم بینی. 14 ئینجا وتی: خودای باوكانمان هه‌ڵیبژاردووی تاكو خواستی بزانیت، هه‌روه‌ها بێتاوانه‌كه‌ ببینیت و گوێت له‌ وشه‌ی زاری ئه‌و بێت. 15 چونكه‌ تۆ بۆ هه‌موو خه‌ڵک ده‌بیته‌ گه‌واهیده‌ری ئه‌و، به‌وه‌ی بینیت و بیستت. 16 ئێستا بۆ خۆت دواده‌خه‌یت؟ هه‌سته‌ عه‌ماد بكه‌ و به‌ ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ بانگه‌واز بكه‌ و گوناهه‌كانت بشۆره‌وه‌.
17 ئه‌وه‌بوو كه‌ بۆ یروشلایم گه‌ڕابوومه‌وه‌ و له‌ په‌رستگا نوێژم ده‌كرد، له‌هۆشی خۆم چووم، 18 په‌روه‌ردگارم بینی و پێی فه‌رمووم: خێراكه‌! به‌ په‌له‌ له‌ یروشلایم بڕۆ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ گه‌واهییه‌كه‌ت كه‌ سه‌باره‌ت به‌ منه‌ وه‌ریناگرن. 19 منیش وتم: په‌روه‌ردگار، خۆیان ده‌زانن له‌ هه‌موو كه‌نیشته‌كان ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ تۆ هه‌بوو، ده‌مگرتن و لێم ده‌دان. 20 كاتێ خوێنی ئستیفانۆسی گه‌واهیده‌ری تۆ ڕژا، من ڕاوه‌ستابووم، ڕازی بووم و پارێزگاریم له‌ جلوبه‌رگی بكوژانی ده‌كرد. 21 پێی فه‌رمووم: بڕۆ! بۆ دوور ده‌تنێرم، بۆ نه‌ته‌وه‌كان”.
22 تاكو ئه‌م وشه‌یه‌ گوێیان لێی ده‌گرت، ئینجا ده‌نگیان به‌رز كرده‌وه‌ و وتیان: “له‌سه‌ر ڕووی زه‌وی مه‌یهێڵه‌! چونكه‌ ئه‌مه‌ شایانی ژیان نییه‌!” 23 ئینجا هاواریان كرد و جله‌كانی خۆیان فڕێده‌دا و خۆڵیان به‌ هه‌وادا ده‌كرد. 24 فه‌رمانده‌كه‌ فه‌رمانی دا بۆ سه‌ربازگه‌ ببردرێت و له‌ ژێر قامچی لێی بكۆڵنه‌وه‌، تاكو بزانێت بۆچی ئاوا هاواریان لێی ده‌كرد.
25 كاتێ به‌ستایانه‌وه‌ تاكو به‌ قامچی لێی بده‌ن، پۆڵۆس به‌ سه‌رپه‌له‌كه‌ی وت كه‌ له‌وێ وه‌ستا بوو: “یاساییه‌ بۆتان پێش دادگاییكردنی كه‌سێكی ڕۆمانی به‌ر قامچی بده‌ن؟” 26 كاتێ سه‌رپه‌له‌كه‌ گوێی لێبوو، چووه‌ لای فه‌رمانده‌كه‌، هه‌واڵی پێدا و وتی: “ئه‌وه‌ به‌ته‌مای چیت! ئه‌م پیاوه‌ ڕۆمانییه‌!” 27 فه‌رمانده‌كه‌ش هات و پێی وت: “پێم بڵێ، تۆ ڕۆمانیت؟” وتی: “به‌ڵێ”. 28 فه‌رمانده‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “به‌ پاره‌یه‌كی زۆر ئه‌م هاوڵاتیبوونه‌م وه‌رگرت”. پۆڵۆس وتی: “به‌ڵام من به‌ زگماک هاوڵاتیم”. 29 ئه‌وانه‌ی به‌ته‌مابوون لێی بكۆڵنه‌وه‌ یه‌كسه‌ر لێی دووركه‌وتنه‌وه‌، فه‌رمانده‌كه‌ش كه‌ زانی ڕۆمانییه‌ و وا كۆتی كردووه‌، ترسا.
30 بۆ به‌یانی ویستی به‌ ته‌واوی بزانێت بۆچی جووه‌كان سكاڵای لێده‌كه‌ن، ئازادی كرد و فه‌رمانی دا كاهینانی باڵا و هه‌موو سه‌نهه‌دریم كۆببنه‌وه‌، پۆڵۆسی بانگكرد و له‌به‌رده‌میاندا ڕایگرت.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

كردار 22: PNTZS

بەرچاوکردن

هاوبەشی بکە

لەبەرگرتنەوە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە